عەباس جەمیل جێماو
ئەوەی لەمۆنۆدرامای سەلمە* بەدیکرا سێ تەوەر لەیەک دەقدا ، (ھەڵەبجە، ئەنفال، کۆچی گەنجان)، دوو جوگرافیا و زمانی جیاواز، دوو کارەکتەر، رۆژئاوایی و رۆژھەڵاتی (کوردی و ئینگلیزی)، کە دەرھێنەر زۆر بەجورئەتەوە توانیوێتی ئەو رێچکەیە بشکێنێ لەیەک کڕۆک و دوو فۆرمدا، کە خۆی لەخۆیدا لادانێکی ھونەری دەگمەنە لە ئێستادا، کە دەکرێ بەبازدان بەرەو خوڵقاندنی فۆڕمێکی نوێ لەشانۆدا ئاماژەی پێ بکرێت. بەبەشداری دوو کچە ئەکتەری خاوەن ئەزموون، یەکیان کورد بوو کە بەئیحساسێکی زۆر پر نمایشی دەکرد، ھەروەھا ئەوی دیکەیان کچێکی فەرەنسی خاوەن سەلیقەی بەرزی نواندن کە بەنەرمی مامەڵەی لەتەک موفرەدەکانی شانۆییەکە دەکرد لەچوارچێوەی جوڵە درامیکییەکانی.
مۆنۆدراما بەیەکێک لە ھونەرە درامییەکان ناودەبرێت لەچوارچێوەی شانۆی ئەزمونگەری، ھاوکات قورسترینیانە، بەبەرجەستەکردنی یەک کارەکتەر بۆ گێرانەوەی رووداوەکانی نێو دەقەکە، کە بەرپرسە لەگەیاندنی ئەو پەیامەی کە لەدەقەکەدا بەرجەستەی دەکات ھاوشانی رەگەزەکانی تری شانۆییەکە، ھاوکات رەگەزێکی بنەرەتیە بۆ جڵەوگیری روداو و کەشە درامیەکە، جیاوازی کەسایەتی بەرجەستەکاریش تێیدا بەردەوام لەگۆرانکاریدایە، چ لەرووی جوڵەوە بێت یان دەربڕینەکان کەپەیوەستە بەجۆرەھای جوڵەی درامی لەبازنەی گۆڕینی ھەست و بیرو بۆچوون و ھەڵچوون، چ بەروکەش یان لەرووی دەروونیەوە لەنێوان لاوازی و بەھێزی، ئومێد بێھیوایی، بێدەنگی و ناڵەو گریان پێکەنین، ھتد.
بۆیە مۆنۆدراما پێویستی بەکارەکتەری خاوەن ئەزموونی فراوان و لیاقەیەکی بەرز و دینامیکی ھەیە لەجۆڵەدا ھەروەھا تواناسازی لەجۆرەھای دەنگ و دەربڕنی.
سەلمە دەیەوێت لەم شانۆییە تراجیدییەدا چیرۆکی روداوگەلێک بگێڕێتەوە کەمێژووەکەی دەگەرێتەوە بۆ نێو بازنەی ستەمی پرۆسەی ئەنفال، لە نووسینی د.دڵشاد مستەفا و سینۆگرافیا و دەرھێنانی نەژاد نەجم، کە تێیدا دەیان ھەزار کەسی سڤیل لەژن و مناڵ و پیر و گەنجی گەلی کورد بە جۆرەھای ئامرازەکانی ئەشکەنجەدان و بەدرندانەترین شێوە ئەشکەنجەدران و دواتر زیندە بەچاڵکردنیان، ھەروەھا کارەساتی ھەڵەبجە و کۆچی گەنجان.
لێرەدا دەرھێنەر ھەوڵیداوە بەسوود وەرگرتن لە تێکەڵکردنی کلتوور و کەلەپووری رۆژھەڵاتی بە شانۆی نوێ بەچەند جووڵەیەکی بوێرانە نموونەی چەند کەرەستەیەکی ھێمایی و وێنەی جۆراوجۆری شانۆیی لە پانتاییەکەدا کە دواتر باسی لێوە دەکەین، کە ئەویش ھەنگاوی بەرەو چوونە نێو بازنەی پۆست مۆدێرنەیە لەچوارچێوەی ستایلێک یان فۆڕمێکی نوێ لەشانۆ.
لێرەدا ئەوەی لە سەلمە بەدی دەکرێت بەمۆنۆدراما ناوی ھاتووە، کە دەکرێ بڵێن مۆنۆدراما نیەو ھاوکات مۆنۆدراماشە، چۆن..!؟
لەیەک شانۆ و لەیەک دەقدا کەدابەش بووەتە سەر دوو پانتایی جیا، دوو نمایشمان بینی، کە دەرھێنەر زۆر بەوردی کاری تێدا کردووە و ھاوکات ھەوڵیداوە رێسای مۆنۆدراماش نەشکێنێ، بەواتای دوو جوگرافیای جیا، دوو سینۆگرافیای جیا دوو موفرەدەی جیاواز، کەدەکرێت بەیەک نمایش ناوببرێت، ھەروەھا بێ ئەوەی ئەکتەر بەر ئەکتەر بکەوێت، کە ئەمە بۆ خۆی تەوژمێکی نوێ یان روونتر ستایلێکی تازەیە لەناو مۆنۆدرامادا، کە دەکرێ ئەم ھەنگاوە ببێتە فۆڕمێکی نوێ لەوچوارچێوەیەدا و زیاتر موناقەشە بکرێت لەناو شانۆکاراندا و پاشان بچەسپێندرێت، یان ئەگەر لەناو مۆنۆدراماشدا نەبێت جۆرێک لەتایبەتمەندی سەربەخۆیی خۆی وەربگرێت و بخزیتە ناو بوارەکە لەسەر رێچکە ئەکادیمییەکەی. کە دەکرێ بڵێین شایانی ئەوەیە ناوێک وەربگرێ و رێسایەکی تایبەتی ھەبێت، نمونەی ئەو کارانەی کە لەپێشدا و چۆن کەوتنە سەر رێچکە ئەکادیمییەکەی لەناو جیھانی شانۆدا، نموونە شانۆی داستانی بریخت یان ئۆدینی باربا یان بیتەر بروک، کەچۆن کار لەسەر کلتوورە جیاوازەکان دەکات، ھەروەھا ئێمە چۆن شانۆی کلاسیکمان ھەیە ھەروەھا ھێمایی، کە پێی دەوترێت قوتاپخانە یان ستایل ھتد، کەھەموو ئەمانە پاش ھەوڵە کردەنییەکان ھاتوونەتە بوون.
وەک پێشتر باسمان کرد مۆنۆدراما بۆخۆی شانۆی ئەزمونگەرییە، بەواتای ئەوەی شانۆکاران دەتوانن لەئەنجامی ئەزمونەکانیان کاری لەمشێوە بەرھەم بێنن لەچوارچێوە ئەکادیمییەکەدا.
ھەروەھا وەک گوتمان لەیەک دەقدا دوو نمایشمان بینی، دوو سینۆگرافیا دوو پانتایی دوو زمانی جیای تێدا بەدی کرا، دەرھێنەر بەم ستایلەی توانی لەیەک کاتدا ئاراستەی چاوی بینەر بۆ ھەردوو نمایشەکە بەلکێش بکات و کۆنتاکتی لەگەڵدا بکات، وەک ئەوەی یەک نمایش ببینی بێ ئەوەی تووشی ناڕەحەتیان بکات،
بۆیە ئەکرێ بڵێین ئەمە بۆ خۆی فۆرمێکی تازەیە بەڵام بێناوە، کە دەکرێ لەیەک کاتدا بەمۆنۆدراما ناوی بەرین و مۆنۆدراماش نیە، یان بڵێین دیۆدرامایە و دیۆدراماش نیە.
ئەوەی لای من زۆر جێی سەرنج بوو کەبەدیم کرد لەم شانۆییەدا، دەرھێنەر زۆر بەسەلیقەو ھۆشمەندییەوە توانیبووی لە رێی ئەکتەرەوە سینۆگۆافیا درووست بکات و ئاڕاستەکان تەوزیف بکات لەبەرگێکی نوێ و سەرنجراکێشدا.
کاتێک دەڵێین ئەم شانۆییە دەچێتە قاڵبی دیۆدراماوە، راستە دیودرامایە لەبەر ئەوەی دوو ئەکتەری تێدا بەرجەستەیە، ھاوکات دیۆدراماش نیە چونکە دوو فەزای جیاوازی ھەیە لەیەک کاتدا، ھەروەھا دەکرێ بڵێین مۆنۆدرامایە، بەڵێ مۆنۆدرامایە چونکە دوو فەزای جیاوازی لەخۆگرتبوو، لەگەلڕ ئەوەشدا مۆنۆدراماش نیە، چونکە دوو ئەکتەری تێدا دەبینرا.
ئەمەیە مەبەستی ئێمە لەم نووسینەدا کە دەمانەوێت پەنجە لەسەر وردەکاری روئیاو ھەنگاوەکانی دەرھێنەرو مامەڵەکردنی لەگەڵ ورد و درشتی کەرەسە و موفرەدە بەکارھاتووەکانی نێو شانۆییەکە دابنێین، ھەروەھا پەیوەستکردنی بینەری جدی بەکارەکەوەو نەتوانێ خۆی لەو فەزایە گێل بکات و ناچاریان بکات قسەیان ھەبێت.
ھاوکات لەھەمووشی گرنگتر خاڵێکە کەجێی سەرنجی رەخنەگر بێت، ھەست ناکرێت تێیدا دەرھێنەر دەستی بۆ شانۆیی تەقلید بردبێت، بەواتای سەڵمە ناچێتە قاڵبی شانۆی تەقلیدەوە، بەڵام ھێماگەری تێدا بووە، کار لەسەر وێنە کرابوو (وێنەی شانۆیی)، گێڕانەوە بوو بەڵام کردەی شانۆیی تێدابوو، ھەمووی حیواربەندی نەبوو، بۆیە ئەم ھەنگاوانە پێمان دەڵێن فۆڕمەکە جیاوازە.
دواتر لێرە نواندن جیاوازبوو لە شانۆکانی تر کە رۆژانە لێرەو لەوێ و پێشتر دەمانبینی لەکوردستان یان عێراق، لێرە نواندن ئیشی لەسەر ئیحساس دەکرد، زۆرترین ئیحساسی ناوەوە، لەگەڵ ئەوەشدا جەستە کاری جیاوازتری کرد، ھاوکات سینۆگرافیا و فەزای نمایش کاری گرنگتری کرد.
بۆیە دەکرێ بڵێین ئەم ئیشە خۆی جیاواز پیشان دەدات لە فۆڕمی مۆنۆدراما یاخۆد وەک شانۆییەکی ئاسایی یان دیۆدراما، چونکە شوێن بڕیاری دەدا، ھەر لەرووی شوێنیشەوە تەوزیفی رۆڵی ئەکتەر دەکرا، ھەروەھا بەرجەستەکردنی چیرۆکەکە.
لە سەلمەدا سێ ھێما بەدی کرا لەناو شانۆییەکەدا، کە لەسەر زەوی کێشرابوون، ئەویش ھێمای چوارگۆشەو بازنە و سێگۆشە، کە ھەریەکەیان لەرووی زانستی دەروونناسیدا بۆ خۆی گوزارشتی تایبەت ھەڵدەگرێ، ھەروەھا چوار داری وشکەوەبوو و پۆستاڵێک و سێوێک و گوریسێک و ھەندی کەرەستەی تر وەک جل و جانتاو ھتد، دیکۆرێکی سادەو پڕ مانا لەسەر زەوی بوو، جیاواز لەنمایشەکانی تر دەردەکەوت، کە دیکۆرێکی زەبەلاحی ھەبێت.
………………………………………..
*مۆنۆدرامای سەلمە، بەرھەمی گروپی شانۆی ھەوارە لە کەرکوک، بە ھەردوو زمانی کوردی و ئینگلیزی لەچەند شارێکی ھەرێمی کوردستان نمایشکرا.
دوایین نمایشی لە کەرکوک بوو لە ١٨/٢/٢٠٢٤ لەسەر قەڵا.
بەبەشداری دوو ئەکتەری کچ، ھەوار فارس لەکەرکوک و ئۆرێللی ئێمپرت لەوڵاتی فەرەنسا.
Discussion about this post