هەروەکو ماوەیەک لەمەوبەر بڵاوکرایەوە سەیوان سەعیدیان بەهاوکارى ستافێک خەریکى کارکردنە بۆ بەنەتەوەیی کردنى سێوى مێخەکڕێژ. ئەو پرۆژەیە بە هاوکارى و سپۆنسەرى سەرمایەدارانى کورد بەڕێوەدەچێ. شیرین ئامێدى وەکو سەفیری ئاشتى ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ کارکردنى وەکو سپۆنسەرى گشتى ئەو پرۆژەیە.
لەمبارەیەوە سەیوان سەعیدیان گوتى: زیاتر لە شەش مانگە خەریکى ئامادەکارى ئەو پرۆژەیەم و تا ئێستا سەردانى زۆربەى شارو شارۆچکەکانى هەموو هەرێمى کوردستانم کردووە. یەکێک لە ئاستەنگیەکانى سەرەکى ئەو پرۆژەیە دۆزینەوەى سپۆنسەر بۆ بەرهەمەکە بوو. ئێستاش خاتوو شیرین ئامێدى وەکوو سەفیرى ئاشتى ئەرکى سپۆنسەرى هەموو ئەو شارانە گرتۆتە ئەستۆ کە بێ سپۆنسەرن. زۆر جێگاى خۆشحاڵیمە کە ژنێکى کورد هەستى بە گرینگى ئەو پرۆژەیە کردوە و لە پێناو ئاشتى و خۆشەویستى نیشتمانمان هاوهەنگاومانە.
هەروەها شیرین ئامێدى سەبارەت بەو کارەى وەکو سەفیری ئاشتى گوتى: دڵخۆشم بەوەى وەکو دایکێکى کورد و وەکو خوشکێکى ئەو میللەتە هاوشانى ئەو ستافە بم تا ئەو پرۆژەیە بە شێوەیەکى باش ئەنجام بدرێ. وەکو خۆتان دەزانن ماوەى دوو ساڵە خەریکى ئەوەین کە خێزانى ئاشتیخواز پێکبهێنین. هەرچەندە سەرتاسەرى کوردستان ئاشتیخوازە، بەڵام ئەو پرۆژەیە دەتوانێت دینامیزمێکى باش و یارمەتیدەرى ئەو لاینە بێت. دروشمەکانى ئاشتى جەخت لەوە دەکاتەوە کە بنەڕەتى ژیان ئاشتی و خۆشەویستى و پێکەوە ژیانە. منیش ئەمڕۆ هاوشانى ئەو خوشک و برایانەم کە ئەو پرۆژەیە گەورەیە لەدەستیاندایە و لە سەرانسەرى کوردستان بەڕێوەى دەبەن. بۆ ئەو پرۆژەیەش من خۆم بە خزمەتکارى ئەو میللەتە دەزانم تا وەکو دایکێکى ئاشتیخواز بۆ ساڵێکى تر بتوانم زیاتر هاوکار و یارمەتیدەرى ئەو پرۆژەیە لە ئاستێکى بەرزتردابم. بە تایبەت ئەو پرۆژەیەى سەیوان کە 5000 سێوى میخەکڕیژ وەکوو هێماى پێنج هەزار شەهید لە هەڵەبجەوە بۆ هیرۆشیما دەگوازێتەوە.
جێی ئاماژەیە پرۆژەى بەنەتەوەیی کردنى سێوى مێخەکڕێژ بڕیارە لە 14/2/2010دا لە زیاتر لە 50 شار و شارۆچکەى کوردستان ئەنجامبدرێ و سێ بەشی سەرەکیش لەخۆ دەگرێ، کە بریتین لە: نمایشکردنى کورتە فیلمێک بەناوى “ئەو سێوەى دڵی من بوو”. کردنەوەى پێشانگایەکى فۆتۆگرافی. مێخەکڕێژکردنى هەزارەها سێو لە لایەن کوڕان و کچانى کوردەوە.
مەسعودى مەلا هەمزە