هونەرمەندی بە ئەزموونی بواری شانۆ و درامای کوردی (سەعدون یونس) چەندیین ساڵ خزمەتی بەرەوتی شانۆ و درامای کوردیی کردووە، ماوەی نزیکەی (15) ساڵە لەوڵاتی ئەڵمانیا ژیان بەسەر دەبات، ماوەی چەند رۆژێکە بەسەردانێک گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان، لەمیانەی دیمانەیەکی تایبەتدا بۆ خوێنەرانی هەفتەنامەی “هونەری هەولێر” هاتە ئاخاوتن و وەڵامی چەند پرسێکی تایبەت بەکارەکانی داهاتووی و هەروەها چەند پرۆژەیەک، کە بەنیازە لەو سەردانەی دا بە ئەنجامیان بگەینێت.
– لەپارساڵەوە چەند جارێک سەردانی کوردستانت کردووە، ئایا ئەو سەردان کردنەوانەت بۆ مەبستی کار و پرۆژەی هونەرییە یاخوود تەنها سەردانێکی ئاساییە ؟
سەعدون : “هاتنەوەکەم هەردوو تەوەر لە خۆی دەگرێت، واتە سەردانی کردنەکەم بۆ بینینی دۆست و ئازیزانمە، هەروەها چەند پرۆژەیەکی هونەریشم لەبەردەستە، دەمەوێ لەو سەردانانەم بیانگەینمە بواری جێ بەجێکردنەوە، بەڵام هەنگاوەکان بۆ ئەم کارە هونەریانە لە کوردستان تۆزێک بەسستی دەرۆنە پێشەوە، ئەوەش هۆکارەکەی ئەوەیە تائێستا دەزاگایەکی تایبەت بەبەرهەمی دراما و فیلم دروست نەبووە، تا ئەو دەزگایەش دروست نەبێ ئاستی بەرهەم هێنان و هەروەها دراما و فیلمی کوردیی ناچێتە پێشەوە”.
– ئەو پرۆژانەی باسی لێوەدەکەیت خۆی لەچی گرتووە ؟
سەعدون :”لەوانە دامەزراندنی سەنتەرێک بۆ درامای کوردیی، نەمگوت دەزگا چونکە دەزگا ناوێکی گەورەیە پێویستە لە ئاست ئەو ناوە بێت، بەڵام ویستم ناوی بنێم سەنتەر بۆ ئەوەی ناوێکی بچووک و کاری گەورەی لێ بەرهەم بێنین، گفتوگۆی زۆرباشمان لەمبارەیەوە ئەنجامداوە بەتایبەتی لەگەڵ لایەنی پەیوەندی دار بەڵێنی زۆرباشم وەرگرتووە و چاوەڕێی هەنگاوەکانی پراکتیک دەکەم”.
– ئەی پرۆژەی بەرهەمە درامییەکانت بوو بەچی ؟
سەعدون : “بەرهەمە دراماییەکان ئەوانەی کەئێستا لەبەردەستم دایەو خەریکم دەیخەمە بواری جێ بەجێکردنەوە، لەوانە (گوڵی سوور)، هەروەها بەرهەمێکی یکەم لەبەر دەست دایە بەناوی (وڵاتەکەم)”.
– زۆربەی هونەرمەندان لە ئێستادا پلانی ئەوەیان لەبەردەست دایە، بەیەکجاری بگەڕێنەوە بۆ کوردستان، تۆش دوای (15) ساڵ دووری نەگەیشتویتە ئەو بڕیاڕە ؟
سەعدون : “ئەو بڕیارە پێویستی بەزەمینە هەیە، ئەگەر ئەو زەمینە سازییە نەبێت، قەناعەت ناکەم ئەوانەی بڕیارشیان داوە بگەڕێنەوە بۆ کوردستان بەتەواوی جێگیر بن و بمێننەوە، ئەگەرنا من لەوانەیە لەبەیانیەوە ئەو بڕیاڕە لەلای خۆمەوە بدەم، بەڵام بێمەوە لێرە چی بکەم؟! بێمەوە لە وەزارتێک یاخوود لە بەڕێوەبەرایەتیەک دابنیشم و مانگ بژمێرین هیچی تر !! من وەک خۆم ئامادەییم نیە بەو شێوەیە بگەڕێمەوە، لەکاتێکدا من ئێستا لەوڵاتی ئەڵمانیا ژیانێکی زۆر رێک و جوانم هەیە، بەڵام من ئامادەم بێمەوە بەسەردان چ کارێک باشە جوانە بەسوودە بەرهەمی بهێنم لە کوردستان، نەک بۆ رۆژ ژماردن و دانیشتن !”.
– ئەزموونی چەند ساڵەی هەندەران چی لە (سەعدون یونس) گۆڕی یاخوود بە شێوەیەکی دیکە ئەگەر بپرسم، چ ئیزافەیەکی خستە سەر ئەزموونی هونەرییت ؟
سەعدون : “هەندەران فێری سەبرگرتن و چاودێری کردنی چەندیین بابەتی گرنگی کردم، هەروەها فێری ئەوەی کردم چۆن یەکتر قەبوڵ بکەین، هەروەها فێری ئەوەی کردم چۆن ئەوەی هەمە دەری ببڕم و بە ئازادی رای خۆم دەرببڕم، بەڵام ئازادییەکی بە ئەدەبانە نەک ئازادییەکی بەرڵایانە، بۆ ئەزموونی هونەرەکەشم ماویەک لە دائیرەی رۆشنبیری و کەللتوور وەک کامیرەمان و دەرهێنەر کارم کرد سوودێکی باشی هەبوو بۆ من”.
– تۆ ماوەی (15) ساڵە لە هەندەرانی، بۆچی لەو ماویەدا بەرهەمێکی درامی یاخوود بەرهەمێک ئەگەر بە شێوەی فلیمیش بێت کارت بۆ نەکرد و بەرهەمت نەبوو ؟
سەعدون : “حەزم لێبوو چەندیین جاریش بیرم لێدەکردەوە و پلانیشم بۆی هەبوو، بەڵام نەبوونی ئەکتەر و پێداویستی درامی و فیلم و کادیری باش بۆ ئەوەی لەگەڵ هەست و ناخی تۆدا بگونجی، بەڵام ئەوانەش نەبوونە مایەی ئەوەی کە من هیچ بەرهەمێکم نەبێ، لەوانە جارێکیان لە شاری یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید داوایان لێکردم فلیمێکی دیکۆمێنتیان بۆ بەرهەم بهێنم، هەرچەند لە تەلەفۆن هەندێک بەڵێن و کۆمەڵێک شتیان باس کرد، ئەوەبوو من فلیمەکەم هەر بۆ بەرهەم هێنان، هەروەها لەشاری کۆپن هاگن لەوڵاتی دانیمارک فلیمێکم بۆ بەرهەم هێنان، بەڵام راستەیەک هەیە دەمێکە من ئاماژەم بۆ کردووە، هونەر موڵکی میللەتە میللەت لە کوێ بێت هونەرەکەشت لەوێیە، بۆ نموونە ئەوە باس دەکەم، گروپێک لە هانۆڤەر نمایشێکی شانۆییان هەبوو داوایان لێکردم سەرپەرشتی کارەکەیان بۆ بکەم، یەکێک لە ئەکتەرەکان خوشکی بەرێز (خەرمان هیرانی) بەشداریی کردبوو، ماوەیەکی زۆر خەریکی کاری ئامادەکردنی ئەو کارە بووین، کەچی لە رۆژی نمایشەکە تەنها (20) کەس ئامادەی سەیرکردنی نمایشەکە بوون، لەو بیستەش بە ژمار (12) کەس خاو خێزانەکەی خۆم بوون، چونکە میلەتی ئێمە لە کوردستانە کەواتە هونەریش لە کوردستانە، بۆیە دەبێ ئێمەی هونەرمەندان بیر لەوە بکەینەوە کاری هونەری لەکوردستان بەرهەم بهێنین بیبەین بۆ دەروەی وڵات بەڵام ناتوانین هونەر لەهەندەران بەرهەم بهێنین و بیهێنینەوە بۆ کوردستان !”.
– ئەی ئێستاکە ئاستی درامی کوردیی چۆن هەڵدەسنگینی ؟
سەعدون : “من وای دەبینم درامای کوردیی تووشی کاراست بووە، چونکە من ئەو جەماوەرە دەبینم خۆزگە بەساڵانی هەشتاکان دەخوازێت، بەتایبەتی من باسی شاری هەولێر دەکەم، بەڵام وای دەبینم ئەو میلەتەی ئێمە تا بچەوسێتەوە زیاتر داهێنان دەکات، چونکە لەسەر دەمی رژێمی بەعسدا لە ژێر ئەو ستەم و زوڵمە دەژیا ئینجا هونەرمەندەکانمان بیریان لەکاری جوانتر و پر لەداهێنان دەکردەوە، کەچی ئێستا ئەو هەموو ئازادییە هەیە، ئینجا کاری باش نابینین، منیش ئەو هۆکارە بۆ ئەوە دەگەڕێنمەوە هەموو شتێکمان بۆ خزمەتی سیاسەتە هونەرمان رۆشنبیریمان ئەوانە هەر هەمووی تێکەڵ بەسیاسەت بووە بۆیە ئەو رەوشە وای لێهاتووە”.
– واتە بەرای تۆ سەردەمی پێشوو بەباشتر دەزانی بۆ هەبوونی درامای کوردی ؟
سەعدون : “بەڵی سەردەمی هەشتاکان، تاگەیشتە پێش راپەڕین قۆناغی درامای کوردیی لە ئاسێتکی باشتر بوو، بەبەراورد لەگەڵ دوای راپەرین و تا دەگاتە ئەمڕۆ”.
– ئێستاکە چەند کەناڵێکی ئاسمانی دروست بووە لە کوردستان، پێت وانیە ئەو کەناڵانەش ئەرکیان ئەوەیە بیر لەبەرهەم هێنانی درامای کوردیی بکەنەوە ؟
سەعدون : “من لەگەڵ ئەوەم هەرچەند کەناڵ زۆر دەبێ با زۆر بێ، کێشە نیە پێویستە ئەو کەناڵانە بەتایبەتی ئەوانەی بەناوی کەناڵی هونەرییەوە دێنە سەرپێ ئەگەر بیر لە بەرهەم هێنانی کارێکی درامی بکەنەوە وابزانم خراپ نیە، بەڵام ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ میزاجی ئەو کەسەی کە بەڕێوەبەری تەلفزیۆنەکەیە، من نازانم دیسان دەگەڕێمەوە بۆ وەڵامەکەی پێشووم، پێویستمان بەدەزگایەکی بەرهەم هێنی درامی هەیە، چونکە پێویستە کارەکان دابەش بکرێت و هەرکەسێک خەریکی بواری خۆی بێت باشترە”.
– هەبوونی ئەو هەموو دراما تورکی و بیانیەی لە کەناڵەکان نیشان دەدرێت، تا چەند کاریگەری هەیە بۆ نەبوونی بەرهەمی درامی کوردیی؟
سەعدون : “من پێم وایە هەبوونی ئەو دراما بیانی و تورکیانە دەبێ ببێتە هاندەرێک، بۆ ئەوەی ئێمەش بیر لەکاری جوانتر و پر داهێنان بکەینەوە، چونکە دەبێ ئێمەش وەک ئەو وڵاتانە دەبێ بزانین دراما چ رۆڵێکی هەیە لە واقیعی ژیانی کۆمەڵگا، بۆ نموونە تورکیا چووە ناو عەربستان و سەرجەم کەناڵە عەرەبییەکان ئەوە هاتە ناو ئێمەش، ئەوەی کە نەی توانی بە رێگای دیکە بێتە ناو عەرەب و ناو وڵاتی ئێمەش ئێستا بەئاسانی بە دراما و بە هونەر هاتە ناو ئێمە، من کاتێک سەیری ئەو دراما تورکیانە دەکەم هەستم کردووە لایەنی هونەرییان ئەوەندە بەهێز نیە، بەڵکو تەنها بە شێوەیەکی بازرگانی کارەکەیان کردووە، پێم وایە هونەرمەندی کورد لەلایەنی هونەری توانای زۆر باشتری ،بەڵام هەڵبژاردنی جۆری بابەتەکانیان زۆر گونجاوە بەتایبەتی بابەتی کۆمەڵایەتی،بۆیە بەرای من پێویستە بیر لەوە بکەینەوە ئێمەش بە زمانی هونەر بە زمانی دراما بچینە ناو میلەتانی دەوروبەر، چونکە ئێمەش خاوەنی کەلتورێکی تایبەت بە خۆمانین و ئەگەر دەرفەت هەبێ”.
– واتە بەرای تۆ دراما کوردییەکانمان تا ئێستا وەک پێویست کاری بۆ ناوەرۆکی بابەتە کۆمەڵایتیەکانی خۆمان نەکردووە ؟
سەعدون : “ئەو رۆژە شتێکی خوێندەوە ئافرەتی کورد دوو دڵی هەیە، منیش دەڵێم هەموو مرۆڤێکی کورد دوو رووی هەیە، رووێک یاخوود ژیانێک کە هەموومان لەگەڵ یەکترین و دەیبینین، ژیانێک یاخوود رووەکەی دیکەمان ئەوەیە کە شاردومانەتەوە لەناخی خۆمان و لەناو ماڵەکانی خۆمان حەشارمانداوە، ئەگەر بێت و ئەو لایەنانە یاخوود ئەو دیوە شاراوانە هەڵیبدەینەوە گیرو گرفتەکانی خۆمان باس بکەین بروابکەن زۆر پێًش کەوتوو دەبین، دراما کانیشمان زۆر جوان و سەرنج راکیش و جەماوەری دەبێ”.
– ئەی رەوشی شانۆیی کوردی لە چ ئاستێکدایە، بەتایبەتی لە ئێستادا دەگوترێ شانۆی کوردی لە قەیران دایە ؟
سەعدون : “بەرای من شانۆی کوردیی لە ئێستادا بێ خاوەنە، ئیتر ئەو بێ خاوەنییە هەموو تەوەرەکانی تایبەت بە شانۆ دەگرێتەوە، وەک (دەق، هۆڵ، دەرهێنەر)ـوو کۆمەڵێک پێداویستی دیکەش، بەداخەوە نەدەبوو وابوایە !!”.
– ئەی تۆ هیچ هەوڵێک یاخوود هیچ بەرهەمێکی شانۆییت لەبەردەستدا نیە ؟
سەعدون : “لە ئێستا هیچ پلانێکم نیە، بەڵام ئەو سەنتەرەی بڕیارم داوە دایبمەزرێنم بۆ دراما، هەروەک لەسەرەتا ئاماژەم بۆ کرد، بەنیازم بەشێکی بۆ شانۆ دابین بکەم و بایەخ بدەین بەشانۆ”.
– لە پلانت دانیە یەکێک لە بەرهەمەکانت جارێکی دیکە بەو شێوازە پێشەکەوتووەی ئێستاکە بەرهەم بهێنی ؟
سەعدون : “بەنیازم یەکێک لەو بەرهەمانە بەشێوازێکی تازە بەرهەم بهێنینەوە، کاری زۆر باشم بۆ کردووە ئەویش درامای (هەبوو نەبوو)ـە، خۆم و سەرجەم ئەکتەرەکانیش دیسان دەوری تێدا دەبینینەوە، (3) ئەڵقەی تەواو بووە، سەرەتا هەموو ئەکتەرە سەرکەیەکان ئەڵقەیەک رۆڵ دەبینن و بریتیە لە (15) ئەڵقە، پاشان لە کۆتایی دا (رەجەب) لە سەعات و نیوێک بەتەواوی پێش کەش دەکرێت، لەدوای ئەم کارە بەنیازم کار بۆ چەند بەرهەمێکی دیکەشم بکەم”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا
Abdulgafar1981@yahoo.com