ھونەرمەندی کۆمیدکار (حەمکۆ) پێش چەند رۆژێک لە وڵاتی بەریتانیا رەگەزنامەی ئەو وڵاتەی پێدرا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە “ھەولێر”ـی راگەیاند : “من وەکو (حەمکۆ) یەکێک لە خەونەکانم ئەوە بوو لە ژێر کاتژمێرەکەی “بیگبن” وێنەیەک بگرم، خەونم بە وڵاتی بەریتانیاوە دەبینی، بە شێوەیەکی گشتی ھەموو مرۆڤێک خەونی ھەیە ئاواتی ھەیە بەڵام ئەگەر بێت و مرۆڤ باوەڕی بەخۆی بێت و ئارام بگرێت دەتوانێ بگاتە ئاوات و خەونەکانی”.
گوتیشی : “چەند رۆژێکە زۆربەی ئاواتەکانم ھاتە دی، ئەو چاوەڕوانیەی کە ساڵانێکە ھەبووە پێی گەیشتم، سوپاس بۆ خوای گەورە چەند رۆژێکە بە جۆرێکی دیکە دەژیم و نائومێدی نەماوە لە ژیانم، ئێستاکە ھەست دەکەم ئەو ماندوو بوونەی چەند ساڵە دەیچێژم بە فیرۆ نەچووە”.
دەربارەی وەرگرتنی رەگەزنامەی وڵاتی بەریتانیا (حەمکۆ) گوتی : “رۆژی پێنج شەممەی رابردوو ٢٦/ ١/ ٢٠١٢ خۆشترین رۆژی ژیانم بوو، لەو رۆژەدا وڵاتێکی دیکە وڵاتێکی پڕ لە دیمکوراسی رەگەزنامەی خۆی پێدام و منی کرد بە ھاوڵاتی خۆی، دوای (٩) ساڵ ژیانم لە تاراوگەو چاوەڕوانی توانیم لەو رۆژەدا رەگەزنامەی وڵاتی بەریتانیام وەرگرت و ھەموو مافێکی ھاوڵاتی بوونیان پێدام، لە سوێند خواردنەکەم لە کاتی وەرگرتنی رەگەزنامەکەم ئەوەی گرنگ بوو پێیان گوتم تۆ وەک ھاوڵاتیەک مافی ئەوەت ھەیە لێرە بژیت و قسەی خۆت بکەی و ئازادی لە چۆنیەتی ژیان بەسەر بردن و چۆنیەتی قسە کردن بەرامبەر وەرگتنی مافەکانی خۆت”.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا (حەمکۆ) ئەوەشی گوت : “من لە ئێستادا وەک ھاوڵاتیەکی بەریتانی دەمەوێ خزمەتی وڵاتی خۆم بکەم، خزمەتی کوردستان و جەماوەرە بەرێزەکەم بکەم، کە ساڵانێک زۆرە من بێدەنگم و چاوەڕێی بەرھەمی تازە لە (حەمکۆ) دەکەن، لەئەمڕۆوە لە رێگەی رۆژنامەی “ھەولێر”ـەوە رایدەگەینم کە دەست بەکارە ھونەرییەکانم دەکەمەوە، دەست بە کۆمیدیا دەکەمەوە، بە جەماوەرکەم دەڵێم ئێوە زۆر چاوەڕێ بوون، منیش زۆر چاوەڕێ بووم، بەڵام لە ئێستادا چاوەڕوانی کۆتایی پێھاتووە چاوەڕوان بن دێمەوە کوردستان و کاری زۆر جوان دەکەم”.
دەربارەی کاتی ھاتنەوەی بۆ کوردستان و ئەنجامدانی کارە ھونەریەکانی ێ کاتێکی داناوە؟ لەوەڵامدا گوتی : “سەعات سفرم داناوە ھەربزانن لەناکاو ھاتمەوەو لە ھەولێر رایدەگەینم چی دەکەم و چیم ئامادەکردووە، بەڵام دڵنیا بن ھەگبەی (حەمکۆ) پڕە لەکاری تازەو چاوەڕوانبن لە سەعاتی سفر دێمەوە”.
دەربارەی رێکەوتی لەگەڵ کەنالێکی تەلفزیۆنی بۆ ئەنجامدانی کاری کۆمیدیا و فلیمی تەلەفزیۆنی (حمکۆ) گوتی : “لەلایەن کەناڵە تەلەفزیۆنەکانەوە پەیوەندیم پێوە کراوە، بەڵام وەڵامی من تەنیا ئەوەیە دەبێ (حەمکۆ) ئازاد بکەن لەکار کردن، واتە بە ویستی کەس کار ناکەم بەڵکو بەو ئەزموونە تازەیەی کە لە دەرەوەی وڵات ماوەی (٩) ساڵە بەدەستم ھێناوە کاری پێدەکەم و بەبێ ئەوەی کەس بریندار بکەم، بەڵکو بە زمانی کۆمیدیا کارێکی زۆر تازە دەھێنمە بوون، جا ھەر تەلەفزیۆنێک توانی ئەو گرەوە لەگەڵ من بباتەوە منیش لەگەڵی رێکدەوم”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا