پێشکەشە بە باوکم،
لە یادی 2 ساڵ تێپەڕبوون بەسەر مەرگیدا لە 29-01-2010
مانگی یەکی 2012
دیارە دەتزانی دەبمە تاریکستان
بۆیە لە مانەوەمدا ،
بوویت بە ئاسمانێک ئەستێرە …
********
بە نوور.. کە دەستومەچەکی بێدەنگیت بوو ،
ڕەزوباخێکی هێندە قەشەنگت لە مندا چێ کرد…
من و (سەرگەنکێ)* ،
دەبێ تا ئەبەد خەریکی بەراوردکاری بین!
ئێستا بەهاران (کانی ژاژی)** لە جیاتی گەڵاوگوڵ
هەر ڕاز و ڕەونەقی تیا دەپشکوێ !
ڕۆحی منیش
مناڵێکی پڕ مەیل
بۆ چوونەوە ژێر دار سێوهەرمێکەی تۆ …
********
مادام نەتتوانی لەگەڵ خۆتا بمبەی
بانگهێشتت نەکردم بە دواچرکەتدا دووبەدوو
خۆمان بکەین بەناو تەمی نەهاتنەوەدا…
من ناو ئەم دارستانە پەژموردە و بێسرتەیەی زەمەنی خۆم
لەگەڵ ئەو هەموو سکێچانەدا دەبڕم
کە لێرە جێت هێشتن …
********
کێ توانی هێندەی تۆ بەگەرمادا ڕەت بێ و
دواین لوغزی بەهار بە دیار پێگەینی بەرسیلەوە
لە کتێبی فەرامۆشکراوی سروشتا بخوێنێتەوە؟
کام ڕێگای زستان هەبوو
تۆ شارەزای نەبیت؟
نیوەی تۆ بە کڕێوەدا تێپەڕی و
زەقیات هەرگیز بە میهرەبانیت نەوێرا ..
لەتینوێتیم بۆ ئاوی کانیاوێکی
وەهمە ڕەنگاڵەیەکانی بەختەوەری ،
ئارامیت لە بەفری دیکە بۆ دەتواندمەوە و
بە بێڵی حیکمەتی خۆت ؛
جۆگەلەی خوڕەی ئۆخژنت هەڵدەبەست بۆ ناو ڕامانم…
ڕەونەقی ساڵ چەند دورەدەستیش بوایە ،
کاتێک لە بەستێنە ساردەکانی داپۆشراو بە بەفری نائومێدی
وەرزەکان تێکڕا ،
ڕێگایەکیان شک نەدەبرد..
تۆ.. هەمیشە پڕ بووی لەو ڕێگایانەی
دەچونەوە سەرنازکێشانی چرۆ
لەسەروەختی پشکوتنا !
********
لەبەینی سەوزەگیا و تۆدا
مەگەر بەس خودا خۆی بزانێ
چ پەیوەندیەکی قووڵی خۆشەویستی هەبوو !
ئێستا ئیتر نامە نهێنیەکانتان
با.. بە ئاشکرا دەیانخوێنێتەوە
لە سیمای قەرسیلی مێرگ و
ڕەنگی زەردهەڵگەڕاوی قەدپاڵەکانا !
********
ئاوەدانی بووی بۆ دەشتودەر ،
ئاودەنگی بووی بۆ تەنیایی با!
خۆزگە لێرە دەبووی
تا بتبینیایە لە گەڵای دارگوێزەکانەوە
هاوینان چۆن چیرۆکی تۆ چۆڕاوگە دەبەستێ و
دڵۆپ دڵۆپ دەتکێتە ناو
تاسەی من و
بێسرتەیی سێبەر و
ڕامانی نیوەڕۆی ڕەزوباخەوە !!
********
ڕەنجت چاوساغی بۆ ئاو دەکرد
لەناو بەینی تاوێرەکانەوە هەڵقوڵێ و
هەڵە زەقەکانی سروشت بەنەرمی بکوژێنێتەوە…
هەنگ و گوڵ و دارەکان
لە پێشوازی ئاودا و لەو قاقڕە
سیانەی ستایشی تۆن …
********
تۆ لە خۆوە نەبویتە سەرۆکی ساماڵ
شار موئامەرەیەک بوو لە جوانی و
تۆ هەمیشە پاڵێوراوێکی براوەی کەژوکێو
وەزیرێکی چستوچالاکی جۆگەلە ،
لە حوکومەتی ئاو …
لادێ دەنگدەرت بوو ،
بۆ ئاشتکردنەوەی تەزینی من ؛
لە گەڵ هەتاو !
********
لەناو شەقامە قەرەباڵغەکانی قسەدا
کەم دەبینرای ..
بەڵام لە زەردەخەنەوە ،
بەردەوام دەرگەت خستبوە سەرگازی پشت …
من لەوێوە چوومە ژورەوە
بۆیە ئەمێستا گوندێک لە ناخما دەردەوشێتەوە و
منداڵەوردکەی ڕۆحم ،
لە دژی پەرتەوازەیی دوبارەم …
خەریکن بەردەوردە بگرنە جامی ئەو ئوتومبێلانەی
تایەکانیان پێکهاتوە لە سروشتی نەوەستاوی ژیان و
شوشەکانیان لە بەڵێنی رەنگاڵەیی و
درۆی گوڵبەدەم !
…………………………………………………………………………………………………………………………………………………………………..
سەرگەنکێ * : شوێنێکە دەکەوێتە سەرووی گوندی (گەنکێ) و بەرامبەر هاوینەهەواری ( سەرسیر) ە لە ناوچەی شارباژێڕ ، لەو شوێنەدا باوکم تەمەنێکی زۆری لە کاری کشتوکاڵی و ڕەزوباخدا بەسەر برد .
کانی ژاژی ** : ناوی ئەو ڕەزوباخەیە کە لە سەرگەنکێ ، باوکم بەتەمەنێکی زۆری خۆی بنیادی نا ، هاوکات هەر لەو شوێنەدا بە ڕەنجی خۆی بیروئاوێکی تیادا دروست کرد .