مەسعودی مەلا ھەمزە: دوای ئەوەی لە ماوەکانی رابردوو ٤٤ تێکستی کوردی لە پارچەکانی کوردستان گەیشتە دەست لیژنەی پێشبڕکێی تێکستی کوردی، لە ئێستادا قۆناغی ھەڵسەنگاندن و سەرکەوتووانی ئەم پێشبڕکێیە دیاری کراون و بڕیارە لە ٢٩/٤/٢٠١٢ لەمەراسیمی دەستپێکردنی فێستیڤاڵی ئامەد خەڵات بەسەر سەرکەوتووان دابەش دەکرێ.
بەگوێرەی راپۆرتی راگەیاندنی لیژنەی دادوەری تێکستەکان ھاتووە کە دوای ئەوەی لەسەرجەم کوردستان ٤٤ تێکستی شانۆیی نێردرا بۆ لیژنەکە کە ٢٣یان لە باشووری کوردستان و ٢١ تێکست لە باکووری کوردستان ، دوای خوێندنەوەو ھەڵسەنگاندنی تێکستەکان ٥ تێکست دیاری کراون بۆ ئەوەی خەڵات وەرگرن.
لە بەشێکی تری راپۆرتەکەدا ھاتووە کە لیژنەی دادوەران ٥ خەڵات دەبەخشێ کە ٣ لەو خەڵاتانە دیاری مادین و ٢ خەڵاتی ھاندانیش ھەن دەبەخشرێنە تێکستەکانز
لەکۆتابەشی راپۆرتەکەدا ھاتووە کە ئەو تێکستانەی ململانێی ئەو پێنج خەڵاتە دەکەن بریتین لە”ھێڤی ئازادیە، دوژەھا دانتی، سەمای مێشک، وەک قەقنەس دەسووتێم، خەونەکانی جەنگاوەرێک”، بەڵام چۆنیەتی پلەی ئەو تێکستانەو خەڵاتەکان دیاری نەکراوە.