ئاراس نووری ئەحمەد تەها : لەو کاتەوەی شاری سلێمانی درووست کراوە، مەڵبەند و سەرچاوەی رۆشنبیری بووە، ئەم سەرچاوەیە وەك چۆن دیجلە، فورات، نیل سەرچاوەکەیان ناگوێزرێنەوە بۆ دەڤەرێکی تر، ئاواش رۆشنبیری ، تایبەتمەندی، بە گشتی کلتووری ئەم شارە ناگوێزرێنەوە، بەڵکو ئەم سەرچاوەیە لە سلێمانییەوە باڵی ئەکێشێت بە سەر هەموو کوردستاندا و خۆشی هەمیشە لە داهێناندایە.
جا ئێمە ئەگەر وەک نموونە هەر لە درووست بوونی ئەم شارەوە، نالی، سالم و مەحوی، شیخ مارفی نۆدێ، مەولانا خالیدی نەقشبەندی، حهپسهخانی نهقیب و چەندەهای تر بهێنینەوە، لەهیچ دەڤەرێکی تری کوردستان و لەو کاتانەدا کەسانێکی تری وەک ئەمان باخی ئەدەب و ڕۆشینبیری کوردی نەڕازانۆتەوە، هەر ئەمانەش بوونەتە هەوێن بۆ دەڤەرەکانی تر ، ئەو ڕێچکە ئەدیب و شاعیرانەی دوای ئەمان هاتن ئەو راستیە ئەسەلمێنن ئیتر لە پیرەمێرد، گۆران، کامەران، شیخ نووری شێخ ساڵح، هەردی، کاکەی فەلاح وە تا ئەگاتە سەر ئەم نەوە نوێیەی هەمیشە لە داهێناندان.
جگە لەوەش هەمیشە رێژەی ژنان لەم شارەدا لە پێش هەموو ناوچەکانی تری کوردستانەوە بوون و ئەو ژمارە زۆرەی خوێندەوار و رۆشنبیری ژن وەك سەرەتا و چەندایەتی و چۆنایەتی، وەك ئەو قوتابخانانەی تایبەت بوون بە کچان و ژنانی ئەم شارەوە، ئەوە دەسەلمێنن کە بوارێکی شایستە بۆ ژنان رەخساوە بۆ زانست و پێشکەوتن، هەوڵەکانی حەپسەخانی نەقیب و فاتمە محیدین و گوزیدە خان نموونەیەکی بەرچاون کە لەساڵی ١٩٢٥ ی زاینەوە قوتابخانەی کچان کراوەتەوە و ژمارەیەکی زۆر روویان تێکردووە.
ئەم شارە هەر لە سەرەتاوە شاری هونەری رەسەنیش بووە، هەر لە گۆرانی و مۆسیقاوە، تا شێوەکاری و شانۆ، هەر لە دەروێش عەبدوڵا، رەشۆل، دایکی جەمال، نازدار و ئەسمەر فەرهاد، برایم حەزینەوە، تا دەگاتە شەماڵ سایب ، برایمی خەیات ، ولیەم یوحەننا، رەفیق چالاک، حەمەساڵح دیلان، مەحموود تۆفیق شلک. شانۆ بۆیەکەم جار لە هەموو کوردستاندا هەر لەم شارەدا هاتۆتە ئاراوە و هەر لەم شارەشدا بەرچاوترین داهێنانی بەخۆیەوە دیوە، چونکە مێژووی شانۆی کوردی زۆر نوێ یە، چاوخشاندنێکی خێرا بەم چەمکەدا سەلمێنەری بۆچوونەکەمانە.
یەکەم زانکۆ لە هەموو کوردستاندا یەکەمجار لە سلێمانی به خوێنی گهشی شههیداکانمان کرایەوە و بووە چەقێکی تیشكبەخش بە هەموو ناوچەکەدا و هەزارەها زانا و بلیمەتی بەرهەم هێنا و رووناکی و وزەیەکی بەرچاویان خستە واری ژیانەوە و بووژانەوەیەکی بەرفراوانیان لە فەرهەنگ و شارستانێتیدا بەدی هێنا.
لە بواری شۆڕشگێڕی و سیاسەتی بەرەنگاربوونەوەی دوژمنیشدا، هەمیشە سلێمانی پێشەنگی ئەو خەباتە بووە و لەوەتی سلێمانی لە سەردەمی بابانەکانەوە دروست بووە، هەمیشە مەکۆی سەربەخۆیی و ئازادی بووە، خۆ ئەگەر سیاسەتی دووبەرەکی و خۆخۆری میرەکانی بابان رێگر نەبوایە ئەوا دەمێك بوو کوردستان لە سلێمانیەوە بۆ بە دەوڵەت بوون سەرچاوەی گرتبوو، نموونەی دوانزەسوارەی مەریوان و نەبەردەکانی هەمەوەند و جافەکانی ئەم دەڤەرە لاپەڕە پڕشنگدارەکانی مێژووی کوردیان رازاندۆتەوە.
خۆ دەیەها دۆکیمەنتی مێژووی ئەم بۆچوونەمان ئەسەلمێنێت بۆ نموونە کە شێخ رەزای تاڵەبانی ئەفەرموێت:
لە بیرم دێت سلێمانی کە دارولموڵکی بابان بوو
نە مەحکوومی عەجەم نە سوخرەکێشی ئالی عوسمان بوو
باشترین گەواهی دانە کە ئەم شارە دەوڵەتێکی سەربەخۆ بووە هەر لە کاتی بابانەکانەوە، ملی بۆ هیچ داگیرکەرێک دانەنەواندووە.
زۆر بە ڕەوای ئەزانم کە تێکۆشانی باوکی بەڕێزم ( نووری ئەحمەد تاها) بهێنمەوە بیری نەتەوەکەم، کە چۆن هەوڵی ئەدا شۆڕشێکی کەلتووریی نەتەوەییانە هەڵگیرسێنێت و، زۆر سەرکەوتووانە کۆمەڵێك دەستەواژەی کوردانەی خستە ناو کەڵچەری نەتەوەکەمەوە، لای هەموو بە ئەمەکێک ئاشکرایە کە وشەگەلی رۆژباش، بەیانیت باش، ئەم کاتەت باش و زۆر دەستەواژەی تر لەڵایەن ئەم نەمرەوە هاتە ناو ئاخافتنی کۆمەڵگاوە، جگە لە ئازایەتی چاو نەترسی و خۆنەویستن لە پێناوی کوردایەتیدا، هەر ئەم زاتە بوو کە مەردانە وازی لە پلە وپایەی سوپای عیراق هێناو، دەربەدەری و زیندان و کوێرەوەری ژیانی لە پێناوی نەتەوەکەیدا هەڵبژارد و تا ئەو چرکەیەی کۆچی دوایی تیا کرد، هەموو هەڵوێستێکی بوونە نموونە بۆ نەوە دوای نەوەی ئەم کوردە.
هەر کاتێک رژێمەکانی دوژمن بە کورد بەرەنگاری ئازادی و چارەنووسی کورد و کوردستان بوونەتەوە، ئەم شارە دەسپێشخەر بووە لە بەرپەرچدانەوەیدا، شەڕی بەردەرکی سەرا و رۆژی شەشی ئەیلول و خۆپیشاندانی نەبڕاوەی ئەم شارە مێژووی کۆن و نوێ ئەیسەلمێنێت.
ئەوە ئاسایی و سەرزارەکی نەبوو رژێمە یەک لە دوای یەکەکانی دوژمن بە کورد هەمیشە ئەیانووت سلێمانی سەری مارەکەیە. کوردپەروەرانی هەر چوار پارچەی کوردستانیش بە شاری هەڵمەت و قوربانی ئەیانناساند و بە ئێستاشەوە هەر هەمان پێناسەیە.
ئەو پێناسەیەی سەرەوەم بۆ ئەوە بوو، وا هەست نەکرێت کە بەندە وەك شارپەرستێك ئەم باسەم دەست داوەتێ، نەخێر ئەگەر خەڵکی ئەم شارەش نەبم ئەوا هەر هەمان هەستم هەیە، هەمان هەستیشم بۆ هەموو دەڤەرێکی کوردستان هەیە، ئیتر هەر لە مەهاباد ، ئامەد ، دەرسیم ، رەواندز و ئامێدی، رانیەوە بۆ هەموو دیاردەیەکی تیشکدار لە هەر شارێکی تری کوردستان. بەڵام لەگەڵ هەموو سۆز و نەوازشێکم بۆ ئەو مەبەستە، شاری سلێمانی، مەڵبەند و هەوێنی هەموو ڕاپەڕینەکان بووە و چاونەترسانە ئەنجامیان داوە.
جا کە دەڵێین لە هەموو داهێنانەکانی شارستانیەتیدا توانای بنیاتنانی هەیە، هەر هەمان تواناش بە پێچەوانەوە بە ئاسانی بەکار دەهێنێت دژی هەر دەسەڵاتێك کە بیەوێت ئەم شارە پەراوێز بخات و گۆشەگیری بکات، کە ئەمەش جۆرێکە لە بێ ئەمەکی و نمەکسوێری دژی ئەم شارەی کە روونمان کردەوە لە چ رەوشێکدا بووە . ئەمڕۆ لای هەموو توێژ و چینێکی ئەم شارە بەرچاوترین پاشاگەردانی بەدی ئەکرێت، بەتایبەتی لە چاو شارانی تری کوردستاندا، کە دەبوو هەموو ئاوەدانی و لاکردنەوەیەک وەک هەنگاوی یەکەم لە سلێمانیەوە دەست پێبکات.
من خۆم بە رۆڵەیەکی بە ئەمەکی هەموو کوردستان ئەزانم و ، مەبەستم لە کەمکردنەوەی هیچ شار و شارۆچکەیەکی کوردستان نیە و خواست و ئارەزوومە هەموو کوردستان لەوپەڕی ئاوەدانیدا بێت. بەڵام هەموو رۆڵەیەکی دڵسۆزی کورد، لەهەر جێگایەکی کوردستان بێت، ئەبێت وەفای بەرامبەر ئەم شارەی ناوی سلێمانیە وشك نەکات و، بە چاوێکی کوردانەوە بڕوانێتە ئەو ستەمەی ئەمڕۆ سەپێندراوە بە سەریا. دوژمن چۆن دەیویست پەراوێزی بخات، ئەمڕۆ بە ناوی دۆستایەتییەوە، پلانی دوژمنەکانی دژی ئەم شارە جێبەجێ ئەکرێت، کە دەڵێم: ئەمڕۆ، ناچارم سبەینێش بخەمە بیر، ئەگەر کوردستان وەك نموونەی پۆلێک تێی بڕوانین، ئەوا لە هەموو پۆلێکدا جیاوازی تاك بەدی دەکرێت و هەمێشە تاکی پێشکەوتوو نابێت سەرکوت بکرێت، بۆ ئەوەی زیان بە هەموو پۆلەکە نەگات. لەم ڕوانگەیەوە پشتگوێ خستنی سلێمانی زیان پێگەیاندنی گشت کوردستانە، جا کە سەرچاوە ناگوێزرێتەوە با هەوڵی لێڵ کردنی نەدرێت.
ئەگەر سلێمانی سەریشی لێ بکرێتەوە، رەگ و ریشەی ئەوەندە بە هێزە چەندەها سەری نوێی لی دەبێتەوە.