سەدیق سەعید ڕواندزی
پەند و گێڕانەوە و داستانە میللی و فۆلکلۆرییەکان، کە بە ئەدەبی سەر زارەکی دەناسرێن، گەنجینەیەکی میللی و نەتەوەیی گرنگی ھەر نەتەوەیەکن، وەک بەشێک لە فەرھەنگ و کولتوور. مێژووی سەرھەڵدانی ئەو ڕەگەزە ئەدەبییانە، مێژووێکی کۆنە و لە ڕووی دەرکەوتنیانەوە، دەکەونە پێش ژانرەکانی دیکەی ئەدەب، وەک تێکستی نووسراو. ئەو پەند و ئیدیۆمانە، ڕەنگدانەوەی ژیانی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی سادە و ساکاری مرۆڤەکان بووە، بە تایبەتیش لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا. ئەو ڕەگەزانە، وەک دەرکەوتەیەکی ھزری و زمانەوانی، بەرەنجامی تێڕوانین و لێکدانەوەی ھزریی مرۆڤەکان بووە، بۆ ژیان و دیاردەکانی دەوروبەریان.
بە دەربڕینێکی تر، دەشێ لە پەراوێزی ئەو ڕەگەزانەی ئەدەبی زارەکییەوە، ئاستی تێڕوانین و ھوشیاری کۆمەڵگە ببینین. زۆر جار ناوەڕۆکی ئەو پەندانە، دیوێکی بابەتییان ھەیە، کە گوزارشت لە دیاردە و نەریتێک دەکەن، کە ڕەنگە لەگەڵ پێشکەوتنەکانی ئێستای کۆمەڵگەی کوردی نەگونجێت، بەڵام لە ھەڵومەرجێکی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی، وەک ئاماژەیەکی زمانەوانی و بابەتی بە کارھاتووە. بۆ نموونە پەندێکی کوردی ھەیە دەڵێ:_ ( پیاوی شەرمن شانەیەک دێنێ، ژنی شەرمن شارێک دێنێ ) ئەگەر سەیری ناوەڕۆکی ئەو پەندە بکەین، دەبینین شەرم وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی، کە پاڵنەرێکە بۆ شکاندن و پەراوێزخستنی کەسیەتی مرۆڤ، بە دوو تێڕوانینی دژ بە یەک بە مرۆڤ دەبەستێتەوە. بەو پێیەی ڕێنوێنی ژن دەکات شەرمن بێت، پیاویش بوێر و بێ شەرم. لە کاتێکدا ھەردووکییان وەک یەک مرۆڤن.
لێرەدا، نامانەوێت لە بارەی ئەو پەند و ئیدیۆمانە بە گشتی بدوێین، بەڵکو دەمانەوێت وەک خوێنەرێک و ھاوکات وەک ڕواندزییەکیش، چەند سەرنجێک لە بارەی وتارەکەی ھاوڕێی نووسەرم (یاسین برایم) بە ناوی ( ئیدیۆم لە ڕواندزی َ و دەوربەری و چەند سەرنجێک) کە دەربارەی کتێبی (ئیدیۆم لە ڕواندزێ و دەوروبەری) لە ماڵپەڕی سەنگینی دەنگەکان بڵاویکردۆتەوە، دەرببڕین. نووسەر گەرچی لە بەشێکی زۆری نووسینەکەیدا، سەرنج و تێبینییەکانی خۆی لە بارەی چەند ھەڵەیەکی کتێبەکە خستۆتە ڕوو، بەڵام نووسینەکەی ئەویش لە زۆر شوێندا پێویستی بە ڕاستکردنەوەیە. چونکە ئەویش بە ھەڵە، لێکدانەوەی بۆ زۆر ئیدیۆم و پەند و ھاوکات شڕۆڤەی ئەدەبی و کۆمەڵایەتیش کردووە، کە نەدەبوو بە سەریدا تێ بپەڕن، بە تایبەتیش کە باش دەزانم، چەند گرنگی بە فەرھەنگ و سەرمایەی کولتووری و ڕۆشنبیری شاری ڕواندز دەدات. لێرەدا بە کورتی ئاماژەیان پێ دەدەین:_
یەکەم:_ ئەدەبی سەر زارەکی یان نووسراو؟!
بە بڕوای من، پەند و ئیدیۆمەکان کە دەچنە خانەی ئەدەبی سەر زارەکییەوە، بەشێکن لەو دەربڕینە میللی و کۆمەڵایەتییە زۆر جەماوەرییانەی، کە مێژووێکی یەکجار درێژیان ھەیە. ئەم ئیدیۆم و پەندانە، وەک دەربڕینی زارەکی بە کارھاتوون، نەک وەک دەقی نووسراو. بە دەربڕینێکی تر، ڕەنگە ئەو پەندانە لە سەردەمێک بە کاربرابن، کە ھێشتا خوێندەواری و نووسین لە ئاستێکی پێشکەوتوو نەبووە، بە تایبەتیش کە ژینگەی زمانی و کۆمەڵایەتی ئەو دەربڕینانە، پەیوەست بووە بە ژینگەی گوند، بۆیە وەکو نووسین نەخراونەتە ڕوو. بێگومان ھەر زمانێکیش نەبووە نووسین، ناتوانرێت ڕێسای گرامەریی و نووسینی بۆ دابنرێت، چونکە زمانی نووسین، پێکھاتەی ھونەری و ڕەھەندی زمانەوانی تایبەتی خۆی ھەیە و جیاوازە لە زمانی گۆکردن. زۆر جار وشەیەک لە گۆکردن بە جۆرێک دەردەبڕدرێت، کە ناتوانرێت وەک بەشێک لە ڕێنووس بکرێتە زمانی نووسین و بە فەرمی بەکاری بێنیت. بۆ نموونە:_ لە ڕواندز، بە زۆری ناوی (حەسەن) دەکرێتە (حەسۆ) ناوی (محەمەد) دەکرێتە (حەمۆ)، سلێمانییەکان دەیکەنە (حەمە) ، سەرنج بدەن (حەمە) لە کوێ و (حەمۆ) لە کوێ؟ ئەوەی سلێمانییەکان، چەند مۆزیکیتر، ئستاتیکی تر، بە چێّژتر و ھونەریترە و چەند خۆش و ئاسانیش گۆ دەکرێت. کەواتا ناکرێت ئەوانەی دەکرێنە (حەسۆ) و (حەمۆ) لە نووسینیشدا بە ھەمان شێوە بنووسرێن. بۆیە بە بڕوای من، ئیدیۆمەکان بە لێکدراوی یاخود بە جیا بنووسرێن، ھیچ لە ڕووی زمانەوانییەوە ناگۆڕێت. ئەوەی گرنگە ئاماژە مانایی و واتاییەکانی ئیدیۆم و پەندەکانە. وەک:_
وەجاغ کوێر ________________ وەجاغکوێر
لاق تیرۆک ___________________لاقتیرۆک
کەپ زوڕنا_________________ کەپزوڕنا
پێ ڕەش__________________پێڕەش
بە بڕوای نووسەری وتارەکە، ئەم وشانە و زۆری تریش، نابێ بە جیا بنووسرێن، بەڵکو دەبێ بە لێکدراوی بنووسرێن. بەڵام لە ڕاستیدا، ئەوەی لە کتێبەکەدا نووسراوە، ڕێزمانیتر و ڕاستترە لەوەی ئەو دەیڵێت. چونکە ئەم وشانە، ھەموویان دوو واتاو دوو مانای جیاوازیان ھەیە. بۆیە بە جیا بنووسرێن دروستترە. دەکرێ لێرەدا زیاتر ڕوونی بکەینەوە.
وجاغ______بنەچە / کوێر_________ نییەتی .
کەپ______لووت/ زووڕنا____________درێژ.
پێَ_______پێ/ڕەش___________بێ ودم، بێ خێر.
ڕدێن______ڕیش/جوو___________ ڕیشی جووەکان.
قون_______قون/فرە________گەورە.
پێ_______پێ/ پان_________گەورە و زل.
کدو_______کولەکە/شامی_______ گەورە .
حەفت________ژمارە حەفت/ ڕوح______ڕوح.
شیر_________خواردنەوە/پیس_______خراپ بوو.
ئەگەر سەرنج لە ھەر یەک لەم وشانە بدەین، دەبینین مانای سەربەخۆیان ھەیە و ھیچ پەیوەندییەکییان بە یەکترییەوە نییە. کەواتا دەبێ بە جیا بنووسرێن. بۆیە دانەرانی کتێبەکە لە نووسینی ئەم وشانە بە جیا، ھیچ ھەڵە یەکییان نەکردووە، بەڵکو لایەنە گرامەریەکەیان ڕەچاو کردووە.
دووەم:_ڕاستکردنەوە، پەندەکان.
مامۆستا یاسین لە وتارەکەیدا ، نموونەی چەند پەندێکی ھێناوەتەوە گوایا لە کتێبەکە بە ھەڵە نووسراون و ئەو ڕاستیکردوونەتەوە. بەڵام بە پێچەوانەوە ئەوەی کتێبەکە ڕاستە و ئەو بەشێوەیەکی دیکە لێکدانەوە و شڕۆڤەی بۆ کردوون . بۆ نموونە:_
پ/١٠ نووسەر وشەی (نەنگی) بە شەرم لێکداوەتەوە، بەڵام لە شڕۆڤەکردنی پەندەکەدا، بە مانای نوقسانی ھاتووە، واتا ماناکەی ھیچ ھەڵەیەکی تێدا نییە و دانەرانی کتێبەکە ڕاستییان نووسیوە.
پ/٢٠ پەندەکە دەڵێت:_( مەیمون لە خۆی نەبوو خوریکەشی لێھات) مامۆستا یاسین پەندەکەی کردۆتە ( مەیمون بە خۆ نەبوو خوریکەشی لێ ھاتبوو ) ئەم پەندە، لە ڕاستیدا بۆ ئەو دۆخە بە کاردێت کە کەسێک چەند گرفت و ناخۆشییەکی ھەبێت، یەکێکی تریشی بۆ زیاد بێت. لە ڕواندز زۆرجار دەگوترێت:_( کەسێک ھەفت دەردی لێ بوو، پۆزیشی ھاتە دەر، گوتی یاخوە بە خێر بێی سێوێ لاسۆر) بۆیە (خوریکەی لێھات) ڕاستەکەیە (نەک لێھاتبوو) چونکە وەک وتمان، دەلالەتە لەوەی کە دوای چەند ناخۆشی و گرفتێک، یەکێکی دیکەشی دێتە سەر. بۆیە ئەوەی لە کتێبەکەدا نووسراوە ڕاستە.
پ/٥٤ ھەر کامێکییان بێت ئاساییە.
پ/٦٦ نووسیویەتی:_( ڕاستییەکەی میراتە نەک زەوی لەحلی خانێ) بەڵام زەویش بەشێکە لە میرات و ھیچ ھەڵەیەک لە پەندەکە نییە، کە دانەرانی کتێبەکە نووسیویانە.
پ ٩٤/ (ئەوەی گەڕا دڕا) لە لێکدانەوەی ئەو پەندەدا، مامۆستا یاسین دەنووسێت:_( ناوەڕۆکەکەی تەنھا بۆ کچ بە کاردێت، چونکە کە کچ زۆر گەڕا پەردەی کچێنی لە دەست دەدا) بێگومان ئەمە ھەڵەیە. ناوەڕۆکی ئەو پەندە نەک تەنھا بۆ ڕەگەزی مێ، بەڵکو بۆ ڕەگەزی نێریش بە کار دێت! چونکە ناوەڕۆکی پەندەکە، بەو مانایە دێت ھەر کەسێک زۆر بگەڕێت، قسە زۆر دەکات و قسەی لێ دەردەھێنرێت و ناتوانێت نھێنییەکان بپارێزێت.
پ/٩٧ مامۆستا یاسین نووسیویەتی:_( کەوتت بە ھیچ شتێک ڕازی نین، ڕستەی لە نێو دوو بژاردەدا بە ھیچ ڕازی نین زیادە) گەلێک لە نووسەرانی ئێمە، بە ھەڵە دائەچن و بۆچوونییان وایە ھەندێک وشە و دەستەواژە لە زمانی کوردی ھاوشێوە و زیادەن. بەڵام بڕوام وایە، ھیچ شتێک لە زمانی کوردی زیاد و ھاوکات بێ واتاش نییە. ئەم دوو گوزارشتە کە دانەرانی کتێبەکە نووسیویانە،بابەتی و ڕاستە و لە جێی خۆی دایە. بە ھیچ ڕازی نین، واتا بەیەک دنیا شت ڕازی نین، بەڵام لە نێوان دواندا، بە مانای ئەوە دێت تەنھا لەو نێوەندەدا بە ھیچ ڕازی نین، نەک ھەمووی. دواتریش ئەو لێکدانەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ پەندەکە ( نە بە خوێ ڕازییە، نە بە خوێ و ژوورێ) دوو بژاردەکە (خوێ) و ئەویتریان ( خوێ و ژوورێیە) لەو دووانە بە ھیچ کامیان ڕازی نییە.
پ/ ١٠٤ ئەوەی دانەرانی کتێبەکە نووسیویانە ڕاستە، چونکە ئەم پەندە وەزن و قافیەی شیعری نییە، بۆ زانیاریی نووسەر.
پ/١٤٣ لەم پەندەدا، نووسەر وشەی (قاتۆر) ی بۆ ئەندامی زاوزێی ژن بەکار ھێناوە، کە ئەمە ھەڵەیە و تەنھا بۆ پیاو بە کاردێت. لەلای ئێمە و لە میانەی ئەو پەندەدا، قاتۆر نا، وشەیەکی دیکە دەگوترێت. وەک ڕێزێک لە جەستەی مێ و ئادابێکی گشتی و کۆمەڵایەتیش، نامەوێ ئاماژەی پێ بدەم.
پ/١٧٠ (در مێشە لە گوش ھەرەنیشی) ئەمە پەندە ڕاستەکەیە، کە دانەرانی کتێبەکە نووسیویانە و ھیچ ھەڵەیەکی بابەتی و زمانەوانی نییە. کەچی نووسەر بە ھەڵەیەی دەزانێت ، بۆیە پەندەکەی بە کێش و سەروا ڕاستکردۆتەوە (مێشێ _ھەرەنیشێ) بێًگومان پەند و ئیدیۆمەکان شیعر و چوارینە نین، تا کێش و سەروایان ھەبێت، بەڵکو دەربڕینێکی زارەکین. ھەمووشمان دەزانین لە دەربڕینی زارەکی، گوتن گرنگە نەک ڕێکخستنی زمانەوانی و شیعری.
پ/٢١٣ مامۆستا یاسین لە شڕۆڤەکردنی ئەو پەندەدا، نووسیویەتی:_( میسرییەکان کارکەر و کاسب بوون) بۆیە ناوی ئەوان بە خەڵکی گوندێک دەگوترا، وەک ھێمایەک کە خەڵکی گوندەکە زۆر کاسبن. بە داخەوە نووسەر، ڕاستی ئەم ئیدیۆمەی وەکو خۆی نەنووسیوە. چونکە ڕاستییەکەی ئەوەیە کە میسرییەکان، قرچۆک، پوول پەرست و ڕەزیلن، نەک وەک ئەوەی ئەو نووسیویەتی زۆر کارکەر و کاسبن. بۆیە ئێستاش لە ڕواندز، میسری بۆ کەسانێکی ڕەزیل، کە دەستییان لە پارە بەر نابێت بە کاردێت. بەڵام مەرج نییە ئەمە بۆ خەڵکی ئەو گوندە ڕاست و لە جێی خۆی بێت. چونکە خەڵکی ئەو گوندە، بە کەسانی ( بە سەر و بەر، ئیداری، پاک و خاوێن و خودا پەرستی بێ غەڵوغەش و ڕاستەقینە، کاسب کە نانی نێو چەوانی خۆیان دەخۆن، ڕێزدار و بێ فیز) و چەندان خەسڵەتی کۆمەڵایەیەتیانەی دیکەی جوان، ناسراون.
پ/٢١٦ نووسەر ڕەخنەی لە دانەرانی کتێبەکە گرتووە، کە نووسیویانە ( قەزوان خورادن)، بە بڕوای ئەو ئەمە ھەڵەیە چونکە قەزوان دەکرۆژرێت ناخورێت. بەڵام ئەوەی ئەویش نووسیویەتی ھەڵەیە، چونکە قەزوان لە دەمدا دەشکێنرێت ئەوکات دەخورێت، واتا ناکرۆژرێت. ئەوەی دەکرۆژرێت جۆرە قەزوانێکە (بنەوشووکەی) پێ دەڵێن.
پ/٢٢٩ ئەوەی لە کتێبەکە نووسراوە، ڕاستەکەیە و ئەوەی نووسەر نووسیویەتی ھەڵەیە. چونکە پەندەکە بەم شێوەیە:_( فەقیر لۆ فەقیرە با ھەر برنج بە شیری بخوات) نەک (برنج بە شیرا) وەک ئەوەی مامۆستا یاسین نووسیویەتی. چونکە ئەو خۆی پسپۆڕی زمانی کوردییە، دەبوو ئاگاداری ئەوە بێت (شیرە) نەک (شیرا).
پ /٢٨٢ پەندەکە دەڵێت:_(قالب مێشی دەنگ گامێش) نووسەر ئەمەی بە ھەڵە زانیوە و نووسیویەتی:_( لە قالبی مێشە لە دەنگێ گامێشە) بەڵام ئەوەی دانەرانی کتێبەکە نووسیویانە تەواوە، ئەمە لەلایەک، لەلایەکی ترەوە، ناوەڕۆکی ئەو دوو پەندە جیان لە یەکتری ( لە قالبی مێشە لە سەری گامێشە) بۆ منداڵێک بە کاردێت کە جەستەی بچووکە بەڵام سەری گەورەیە، ھەرچی دەربڕینی ( قالب مێشی دەنگ گامێشە) ئەمەیان ئاماژەیەکی تر دەگەیەنێت. مانای وایە (منداڵەکە بچووکە بەڵام دەنگی گەورەیە) واتا ئاماژەکە پەیوەندی بە دەنگەوە ھەیە نەک
سەر.
پ/٣١٢ پەندەکە بەم شێوەیە:_( ئەگەر خەسوو لە بووکێ بە ھەنجت بی، پێی دەڵێت قونا لەبەر ھەویری دینی و ئەبا) بەو مانایەی ژن کە دەستی بە ھەویر بوو، نابێ کارێکی تر بکات.
پ/٣٩٦ مامۆستا یاسین لە یارەی ئەو پەندەوە، نووسیویەتی کە دووبارەیە و ھەمان ئەو پەندەیە، کە لە ژمارە ٢٩٥ ھاتووە. لەڕاستیدا، مامۆستا یاسین بە ھەڵە لەناوەڕۆکی ئەو دوو پەندە گەیشتووە. ئەمانە ناوەڕۆکەکەیان لە ڕووی واتاییەوە جیاوازە لە یەکتری. بۆیە دانەرانی کتێبەکە ھەڵەیان نەکردووە. لێرەدا بۆ بەرچاو ڕوونی خوێنەر، ھەر دوو پەندەکە دەنووسین:
پ/٢٩٥ (کردییە گێڕێ ئۆمەرە کۆری)
پ/٣٩٦( بووە گێڕێ ئۆمەرە کۆری)
ئەمانە بۆچی لە یەکتری جیاوازن؟ لە پەندی یەکەمدا، کەسانێک کارێکی ڕاست و دروست دەکەن، کەسێک لەو لاوەتر دێت کارەکەیان تێک دەدات، بەڵام لە پەندی دووەمدا، کارەکە ھەر لەنێو خۆیانەوە تێک دەدرێت، واتا بکەر لە دەرەوەی خۆیان نییە. بۆیە ئەم دوو پەندە، لە ڕووی ئاماژەیی و واتایەوە، جیاوازن لە یەکتری. تۆبڵێی دانەرانی کتێبەکە، ھەڵەی ھێندە سەیر بکەن؟ بێگومان نەخێر، ئەوان وەکو خۆیان دوو پەندی جیاوازییان کۆکردۆتەوەو نووسیوە.
پ/٤١٧ ( دەڵێی عەرووسە) لە لێکدانەوەی ئەو پەندە، ھاوڕێم مامۆستا یاسین دەیبەستێتەوە بە ھاتنی عروسەکان و شەڕی یەکەمی جیھانی. بەڵام ڕاستییەکەی، وەک ئەوەی دانەرانی کتێبەکە نووسیویانە بە مانای کەشخەیی و سۆر سپی و جوانی دێت. ئەمەیان ڕاستەکە و دروستەکەیە. ڕووسەکان یەکجار جوان و ناوازەن، بە تایبەتیش ئافرەتەکانییان. تەنانەت ئێستاش ئەو دەربڕینە لە ڕواندز ھەر ماوە و بەکار دێت و ئەگەر کەسێک سۆر و سپی و ناسک بێت، پێی دەڵێن دەرێی عەروسە.
پ/٤٩٢ نووسەر ئەو پەندەی کە دەڵێت:_(کلی لە چاوێ مرۆیا کاتۆ) بە ھەڵە دائەنێت و بە بڕوای ئەو، دەبێ بەم شێوەیە بێت:_( کلی لە چاوێ مردیا کاتۆ) ڕاستییەکەی، ئەوەی کتێبەکە ڕاستە و ئەوەی ئەو نووسیویەتی ھەڵەیە. مەبەست لە ناوەڕۆکی ئەو پەندە ئەوەیە، کە کەسانێک ئەوەندە زۆرزان و بە بلحاتن، کل لە چاوی کەسەکان دەکەنەوە بەبێ ئەوەی کەسەکە ھەستیشی پێ بکات. وەک ئەو پەندەی کە دەڵێت ( بەزی لە قێچێ کاتۆ) یاخود (کورتانی لۆ مێشێ ئەدروی) ئایا کێچ بە خۆی ھەیە تا بەزیشی ھەبێـت؟ مێشیش کورتانی بۆ دەبێت؟ نابێ ئەوەمان بیر بچێت زۆر جار بەشێک لە پیاوەکانیش کل لە چاویان دەکەن.
پ٥٣٧/ ئەوەی دانەرانی کتێبەکە نووسیویانە ڕاستە. پەندەکە بەم شێوەیەیە:_(خۆ مارێ ئەحمەد قەدۆی نییە) بەم شێوەیە لەلایەن خەڵکی ڕواندز بەکار دێت و لە سەر زاریانە، چونکە کەس نازانێت ئەم پیاوە خەڵکی موسڵ بووە. بۆیە ناگوترێت:_(خۆ ئەحمەد قەدۆی موسڵێ نیم) وەک ئەوەی مامۆستا یاسین نووسیویەتی.
پ/٥٣٧ لەم پەندەدا، نووسەر بە شێوەیەکی ڕەھا ئەوە دەرە بڕێت کە وشەی (قەدۆ) لە ڕواندز بە ھیچ شێوەیەک بەکار نایەت. بەڵام بۆ زانیاری نووسەر و خوێنەرانیش، زۆرجار ڕواندزییەکان لە خۆشەویستی ناوی ژنانەی (قەدری) دەکەنە ( قەدۆ). وەک چۆن ئامینە دەکەنە (ئامۆ) ، ڕابی دەکەنە (ڕابۆ) ، مریەم دەکەنە (مرۆ) ، گولیزار دەکەنە (گولێ) ، فاتم دەکەنە (فاتێ) و زولەیخا دەکەنە (زولێ) ، عائیشە دەکەنە (عەیشێ) ، خەجیج دەکەنە (خەجێ) ، بەھییە دەکەنە (بەھێ)، فەخرییە دەکەنە ( فەخۆ) ، نەجیبە دەکەنە (نەجۆ) بەم شێوەیەش قەدری دەکەنە (قەدۆ). لێرەدا ئێمە کارمان بە ناوەڕۆک و لێکدانەوەی پەندەکە نییە، بەڵکو مەبەستمان بۆچوونەکەی نووسەرە، کە نووسیویەتی قەدۆ لە ڕواندز بە کار نایەت.
پ/٥٤٠ نووسیویەتی:_( کەریان پێ گاو بانگیشییان لێ ڕاھاوێشت) نووسەر وێرای ئەوەی وشەی ( لێ ڕاھێشت) ی کردۆتە ( لێ ڕاھاوێشت) کە لە ڕووی ڕێزمانییەوە لەنگە و دروست نییە، ھاوکات ناوەڕۆکی پەندەکەشی بە ھەڵە نووسیوە. چونکە پەندەکە بەم شێوەیە:_( کەریان پێ گاو بانگیشیان پێ ڕاھێشت) ئەمە بەو مانایە دێت، کە کەسانێک کارێکی خراپ بە کەسێک دەکەن و دواتریش دەیخەنە ئەستۆی کەسەکە خۆی و خۆیانی لێ بێ بەری دەکەن.
پ/٥٧٤ ھیچ ھەڵە لەو پەندە نییە، کە دانەرانی کتێبەکە نووسیویانە.(کونە فرە) واتا ترسنۆک، قوون فرە.
پ /٨٠٩ وەک باسمان کرد ئەدەبی زارەکی چونکە زارەکییە، ئەوا ناتوانین کۆنسێپتێکی گرامەری بۆ دابنێین، بە داخەوە ئەم تێگەیشتنە، بۆتە ھۆکاری ئەوەی یاسین برایم لە زۆر شوێندا ھەڵە لە نووسینەکەی بکات. وەک ئەو پەندەی کەدەڵێت ( دوور و قۆڵە). نووسەر قۆڵی بە قۆڵی باسک لێکداوەتەوە، بەڵام لەم ڕستەیەدا واتاکەی تەواوە. چونکە وشەکە بە مانای (قۆرە) دێت واتا قووڵایی. بۆیە دانەرانی کتێبەکە ھەڵە نین لە نووسینی وشەکە.
پ/ ٨٥٧ ئەوەی لە کتێبەکەدا ھاتووە، واتا ( نانی ئیڵەڵایی نییە) ڕاستە و ئەوەی مامۆستا یاسین دەیڵێت (نانی ئیلاھی) ھەڵەیە. چونکە لە پەندەکە، وشەکە (ئیڵەڵایە) نەک (ئیلاھی).
پ/٨٧٩ ئەم پەندە ھیچ ھەڵەیەکی تێدانییە، لە ڕووی ھەڵەی زمان و ڕێنووسەوە، نازانم بۆچی مامۆستا یاسین بە ھەڵەی داناوە؟
سێیەم/ پیتی (س) و (ێ).
لەم وتارەیدا، ھاوڕێم مامۆستا یاسین بە شێوەیەک دەنووسێت، بە داخەوە وەک ئەوەی ئاگاداری شێوەزاری ڕواندزییان نەبێت. بێگومان ئەو یەکێکە لەو کەسە خەمخۆرانەی شار، کە لە بواری مێژوویی و ڕۆژنامەوانی و فەرھەنگی، گرنگییەکی زۆر بە شاری ڕواندز لە ھەموو ڕووێکەوە دەدات. بۆیە بڕوام وایە پەلەی کردووە لەم وتارەیدا دەنا نەدەکەوتە ئەو ھەڵانەوە. بۆ نموونە نووسیویەتی:_( ڕواندزییەکان وشەی سەگ بە کار ناھێنن) بەڵام بە پێچەوانەوە، ڕواندزییەکان، دەیان و سەدان جار، بە گاڵتە یا کاتی تووڕەیی بێت، بە یەکتری دەڵێن (سەگی سەگباب) ئەمە لەلایەک، لەلایەکی ترەوە، بە بڕوای نووسەر ھەندێک وشە دەبێ بە (س) بنووسرێن و نەکرێنە (ێ). لە ڕوانگەی فەرھەنگی و گرنگیدان بە زمانی ستاندار، ڕایەکی دروست و لە جێی خۆیە، بەلام بەشێکی زۆری ئەم وشانە، لە ڕووی گۆکردنەوە بە پیتی (ێ) جوانتر دێنەوە لە ڕووی زمان و دەربڕینەوە نەک بە پیتی (س)، وەک: (ێاڵح/ ێدیق/ێباح/ ێادق/ ێندوق/ ێەوەفان/ ێدقی/ ێافیە/ ێۆفی/ ێاروخ / ێۆندە/ ێوتفە/ قەێد/ ێەڵیب) و زۆر وشەی تریش. بۆیە ئەوە نییە زمانی کوردی پێویستی بە پیتی (ێ) نەبێت. تەنانەت ئەگەر (سدیق) و(ساڵح) گۆ بکەیت، زۆر بە ئاسانی لەنگیی زمانەوانی ھەست پێ دەکەیت. بۆیە ناتوانرێت ھەموو پیتێکی (ێ) بکەیتە (س) وەک ئەوەی ئەو نووسیویەتی.
چوارەم:_ناونیشانی بەرگ.
ڕەخنەیەکی دیکەی نووسەر لە کتێبەکە ئەوەیە، کە نابێ ناونیشانی بەرگ بە جیایی بنووسرێت، بەڵکو دەبێ ناونیشانەکە ڕستەیی بێت. با ڕوونتری بکەینەوە. ناونیشانی کتێبەکە بەم شێوەیەیە:_
ئیدیۆم لە
ڕواندزێ
و دەوروبەری
بە بڕوی نووسەر دەبوو ( ڕواندزێ_ و) بەیەکەوە بوونایە بەم شێوەیە:
ڕواندزێ و دەوروبەری
بێگومان بەرگی ھەر کتێبێک، بەشێکە لە کاری ھونەرکاریی و دیزایین. ڕووپەڕی بەرگ، چەند جوانکاری وھونەرکاریی تێدا بێت، ئەوەندەش دەبێتە جێی سەرنجی خوێنەران. نووسینی سەربەرگی پێشەوەی کتێبەکە، نە لە ڕووی نووسینەوە، نە لە ڕووی ھونەرییەوە، ھیچ ھەڵە نییە. ناونیشانی ھەر کتێبێک، بە چ فۆنتێک، بە چ زمانێکی کوردی کیبۆرد، بە چ شێوەیەک دەنووسرێت، زۆر ئاساییە. چونکە نووسینی سەر بەرگ، بەشێک نییە لە پەڕەگرافی نووسین تاکو لە ڕووی ڕێزمانییەوە تێک بەستنەوەی بۆ بکرێت. بە دەربڕینێکی تر، ئەگەر ناونیشانی سەربەرگەکە بووە بەشێک لە پەڕەگرافی نووسین و لە پشتەوە و پێشەوەی ڕستەی دیکە ھەبوو، ئەوا نابێ بەم شێوەیە بنووسرێت:_
ئیدیۆم لە
ڕواندزێ
ودەوربەری
چونکە ئەو کات ڕێسای نووسین و بینای ھونەری و زمانەوانی دەق دەشێوێت. بەڵکو دەبێت بەم شێوەیە ( ئیدیۆم لە ڕواندزێ و دەوروبەری) بنووسرێت. بۆیە نووسینی سەر بەرگەکە، ھیچ ھەڵەیەکی تێدا نییە.
پێنجەم:_چۆنییەتی ڕێکخستنی پەندەکان.
نووسەر بۆچوونی وایە، کە دەبوو دانەرانی کتێبەکە پەند و ئیدیۆمەکانییان بە شێوەی (ئەبجەدی) پیت لە دوای پیت دابنایە نەک ھەڕەمەکییانە. بە بڕوای ئەو، تا پەندێک دەدۆزیتەوەدەبێ ھەموو کتێبەکە بگەڕێیت. بێگومان لێرەدا بۆ بەرچاو ڕوونی نووسەری وتارەکە و خوێنەرانیش، گرنگە ئەوە باس بکەم کە نووسین و دانانی پەندەکان، نابێ بە شێوەی ئەبجەدی بێت. ئیدیۆم و پەندەکان، فەرھەنگی زمانەوانی و وشەیی نین تاکو بەو شێوەیە ڕێک بخرێن، بەڵکو بەشێکن لە ئەدەبی سەر زارەکی کە کۆنەکراونەتەوە نەنووسراون. بۆیە ئەمە نەک ھەر ناچێتە خانەی ھەڵەوە، بەڵکو ئەو شێوازەی ئەوان نووسیویانە ڕاستە. گریمان ئەگەر ئەوان ئەو کارەیان نەکردایە، ئەو کاتیش ھەروەھا بە پەرش و بڵاویی و نا فەرھەنگییەوە ئیدیۆمەکان نەدەھاتن؟ بۆیە دەبێت ستاییشی ئەو بەڕێزانە بکرێت، کە کات و وزەی خۆیان بۆ دانان و ڕێکخستنەوەی ئەو پەندانە تەرخان کردووە و لە فەوتان پاراستوویانە.
شەشەم:_ ھەڵەی تایپ و نووسین.
بە داخەوە ھەڵەی تایپ و نووسین، ڤایرۆسێکی کوشندەی نێو دنیای نووسین و بڵاوکردنەوەی ئێمەن. زۆر بە دەگمەن ڕێکدەکەوێت خوێنەر کتێبێک بخوێنێتەوە، ھەڵەی تێدا نەبێت. تەنانەت من خۆم وەک خوێنەرێک کتێبم خوێندۆتەوە، ھەشت کەس بەرلە چاپکردنی خوێندوویەتییانەوە کەچی دەیان ھەڵەشی تێدابووە. نە نووسینەکانی من، نە ھی ھیچ نووسەرێکیش، خاڵی نیین لە ھەڵەی خاڵبەندی و تایپ و چاپ. بۆیە ئەم بابەتە بە بڕوای من (ھەرچەندە نەگونجاویشە) لەوە دەرچووە وەک شتێکی ناوازە و ھەڵە بیبینین. بەڵکو بۆتە بەشێک لە ڕۆتینی نووسین. نووسەر ئەگەر چی ڕەخنەی ئەوە لە دانەرانی کتێبەکە دەگرێت کە ھەڵەی چاپ و ڕێنووسییان ھەیە، بەڵام ھەر خۆشی لە نووسینەکەی خۆیدا، ھەڵەی کردووە، کە ئاماژەیان پێ دەدەین:_
ھەڵە ڕاستکردنەوە
درا دڕا
جەنگی یەکەمی جیھانی یەکەم جەنگی یەکەمی جیھانی
کۆشتار کوشتار
قاڵە قالە
ڕاھاوێشت ڕاھێشت
بەلۆرە بالۆرە
چۆندە ێۆندە
سەرەووە سەرەوە
دەستنیان کردووە دەست نیشان کردووە.
ھەڵەی چاپ، بە ئاسانی بەرزەفت ناکرێت و سات وایە چەندین جار پێداچوونەوە بۆ کتێبێک دەکەیت، کەچی ھەڵەشی ھەر تێدایە. لە کۆتاییدا، بە پێویستی دەزانم ئاماژە بەوە بدەم، کە کۆکردنەوەی ئەو ئیدیۆم دەربڕینە میللییانەی ناوچەی ڕواندز و دەوروبەری، کارێکی فەرھەنگی گرنگە و جێگەی دەستخۆشییە.
سەرنج:
* ئەم وتارەی ھاوڕێم (یاسین برایم) لە ماڵپەڕی دەنگەکان، ئەرشیفی بابەتەکانی مانگی فێبریوەری ھەیە و خوێنەران دەتوانن بگەڕێنەوە سەری.
** نووسەر چونکە لەوتارەکەیدا، ھەر بەپەند ناوی دەربڕینەکانی ھێناوە، ئیدی ئێمەش ھەر بەپەند نووسیومانە. دەنا مەرج نییە ئەوانە ھەموویان پەند بن!
ڕواندز_ کۆتایی نیسانی ٢٠٢١