زۆر نا .. تەنها خولەكێك بیر بكەرەوە ، بچۆرە بەر ئاوێنەو سەیری خۆت بكە ، خولەكێك لەگەڵ خۆتا بدوێ و بیربكەرەوە ،سەیری ئاسمان و زەوی و هەسارەكانی گەردوون بكە، لە گەوورەیی و مەزنی خودا ڕامێنە ، تاكو تێبگەیت كە ، ئەو خودایە پێویستی بەكەس نیە تاكو بچێت شەڕی بۆ بكات ، كەمێك بكێشە بەكەلەی سەرتا تاكو لەو خەوە هەستیت و لەوە تێبگەیت كە خودا كەسی ڕانەسپاردوە تاكو خوێنی بۆ بڕێژێت ، هەرگیز خودا پێویستی بە چەتەو شەقاوەو خوێنڕێژ و چەقۆكێش نیە ، خودا لوتكەی جوانی و میهرەبانییە ، تژییە لە عیشق و خۆشەویستی و سۆز ، پڕە لە بەخشندەیی و دلۆڤانی، خودا خودای هیچ گەل و هیچ تاقم و هیچ ئاینێكی تایبەت نییە ، خودای هەموو گەل و نەتەوەكانی دنیایە !!
ئەگەر گەردیلەیەك ڕەووشت و ویژدانت هەبێ ،لە پشتی لاپتۆپ و مۆبایلەوە دەستخۆشی لە بكوژو خوێنڕێژ ناكەیت ، ئەگەر گەردیلەیەك كەرامەتت هەبێ ،چەپڵە بۆ بكوژ لێنادەیت و لەخۆشیا هەڵناپەڕێت!!
تەنها بۆ خولەكێك خۆت بخەرە شوێنی ئەو باوك و دایكەی كە ،25 ساڵی ڕەبەق بە دەردەسەری ونەهامەتی ڕۆژگار كوڕێكیان گەوورە كرد و لە 25 چركەدا بەبەرچاویانەوە خەڵتانی خوێن كرا ، تەنها بۆ خولەكێك خۆت بخەرە شوێنی ئەو مناڵە سێ ساڵانەی كە ،هێشتا نازانێت ئەلف بێی ژیان چیە و لە چركەیەكدا بۆ هەمیشە باوكیان لێ سەندەوە ،كەمێك شەرم بكەن لە فرمێسكی خوێنینی ئێستای دایك و باوكی ئەو گەنجە ، زۆرنا .. كەمێك شەرم لەهەنسك و گریانی بێ دەنگی ئەو مناڵە چكۆلەیە بكەن!
#بۆ_بكوژەكە !!
ناتناسم ، نازانم خەڵكی كوێیت و چ كارەیت ، نازانم خوێندەواریت هەیە یان نا ، نازانم ئاخۆ ئەم نامەیەش دەبینیت یان نا ، بەڵام بەڕاستی بەداخم بۆت ، پێم ناخۆشە كەوتیتە نێو تەڵەی بازرگانەكانی دینەوە ، نیگەرانم بۆ خانەوادەكەت، بۆ دۆخی ئێستای خوشك و براكانت ،بۆ پرچی سپی دایك و ڕیشی سپی باوكت!
ئەو كەسەی چارەنووسی تۆی ڕەشكرد و تۆی فریودا ، هیچ زیانێك ناكات و تەقەی سەری دێت ، ئەوەی مێشكی تۆی شۆردەوەو تۆی بەو ڕۆژە ڕەشە گەیاند، وەك بەرزەكی بانان بۆی دەردەچێت ، نەیاسا یەخەی دەگرێت و نەپۆلیسیش قۆڵبەستی دەكات، ئەو لەتەڕ ئەخوات و لە وشكیش دەنوێت، كەس پێی ناڵێت بۆ مێشكی ئەو گەنجەت شۆرییەوەو قوڕت كرد بەسەریدا ؟! تۆ دەزانیت كەس پێی ناڵێت بۆچی بەناوی خوداوە گەنچ فریو دەدەیت و ڕێگای خوێن و شمشێرو قەمەو فیشەكیان نیشان دەدەیت؟! كەس پێی ناڵێت بۆچی لە مینبەری مزگەوتەوە پەنجە تووتەت بەرزئەكەیتەوە و بەدەنگێكی گڕەوە جنێو بەدارو بەرد دەدەیت ؟!
ئیتر تۆ بۆ ماوەیەكی زۆر لەناو ژوورە تاریكەكانی زینداندا ڕۆژ ئەكەیتەوە ، ئیتر هەتا ئەو ڕۆژەی پیر ئەبیت و ددانەكانت ئەوەرێن ،لە ناو ژوورێكی دوو بەسێ ی شێداردا ڕۆژەكانی تەمەنت ئەسووتێنیت، ئیتر وەكو جاران تیشكی خۆرو نمەی باران نابینیتەوە ،ئیتر ناچیتەوە نێو هاووڕێكانت ،ئیتر وەكو جاران قاقا پێناكەنیت ، ئیتر جارێكیتر شنەی ئێوارانی پاییز لەڕوومەتت نادات ، ئیتر ناچیتەوە بۆ سەهۆڵەكەی سلێمانی و شێخەڵای هەولێر ، ئیتر مۆبایل ناگریت بەدەستەوەو وەكو جاران بەدیار بەرنامەی تیڤییەكانەوە دانانیشیت ، ئیتر قۆڵ ناكەیت بەقۆڵی هاوڕێكەی مناڵیتاو كەسیش نایەت بۆ سەردانت!!
هەتا ئەو ڕۆژەی هەناسە دەدەیت ،بەدەم ئازاری ویژدانتەوە دەتلێیتەوە ، ئیتر ساتی گیانكێشانی( خواناس) خەو لەچاوەكانت ئەتۆرێنێت ، ئیتر وەكو جاران ناچیتە نێو پێخەفی خەوەوە و وەكو جاران بە سادەیی نانویت ،گریان و هەنسكی ڕامانی تەمەن سێ ساڵە، خەوو خۆراكت لێ تێك ئەدات ، قیژەو گریان و قژڕنینی دایكی خواناس وەكو مۆتەكە بەدواتەوە دەبێت ، هەڵقرچانی جەرگی باوكی خوناس بڕستت لێ ئەبڕێت ، زیندان دەبێتە دۆزەخێكی هەمیشەیی بۆت ، دۆزەخی ڕۆژی پەسڵانیش چاوەڕێتە!!
ئەوەی لەو نێوەندەدا زیان دەكات و باجەكەی دەدات ، تەنها تۆ و خانەوادە بەستەزمانەكەی تۆیە ، تۆ ئەگەر نەكوژرێیتەوە تا كۆتایی ژیانت لە زینداندا دەمێنیتەوە، دایك و باوكە داماوەكەشت بۆ هەمیشە بە كزۆڵی دەژین و جارێكیتر ناتوانن پڕ بەدڵیان پێبكەنن ، خوشك و براكانیشت بەدەم هەڵكێشانی ئاخ و داخەوە، ڕۆژەكانی تەمەنیان دەژمێرن!!
Discussion about this post