لە ژووانێکی لەناکاودا، هونەرمەندی گۆرانیبێژی عێراقی (سەڵاح عەبدولغفور)ـمان بینی و لەنزیکەوە بۆ خوێنەرانی هەفتەنامەی “هونەر” هێنمانە ئاخاوتن، ئەویش لەوەڵامی ئەو پرسانەی کە رووبەرووی (عەبدولغفور)ـمان کردەوە، باسی لە دوایین کار و بەرهەمە هونەرییەکانی خۆی و کرد، لە بەشێکی دیکەی ئەو دیدارەدا باسی لەوەش کرد، کە بەرەگەز کوردەو دایک و باوکی کوردن و خەڵکی (خانەقین)ـی شاری کوردانە، هەر لەو دیدارە باسی لەرەوشی ئێستای هونەری گۆرانی عەرەبی کرد، دەقی ئەو دیدارە ئەم گفتو گۆیەی خوارەوەی لێ دروست بوو.
چۆنە ماوەیەکە لەشاری هەولێر دەبیندرێی، ئایا ئێستا لێرە ژیان بەسەردەبەی ؟
سەڵاح عەبدولغفور : “من ئێستاکە لەشاری هەولێری خۆشەویست خۆم و خێزانەکەم ژیان بەسەر دەبەم، بەڕێوبەری راگەیاندنی کۆمپانیای عادل موتحیدەم، کە بارەگاو ئیش و کارەکانیان لەشاری هەولێرە، دیارە ئەو پێش کەوتنە گەورەیەی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی شاری هەولێر بە خۆیەوە بینیویەتی جێگای دڵ خۆشییە، بۆ هەموو تاکێکی عێراقی، سوپاس بۆ خوای گەورە، هەرێمی کوردستان وەک پەنایەک و داڵدەیەکی گەورەی لێهاتووە بۆ خەڵکی عێراق، جارێکی دیکە خەڵکی کوردستان سەلماندیان، کە میوان دۆستن و لە تەنگانەدا بەهانای خەڵکی لێقەوماو دێن، دیارە ئەو چەند ساڵەی رابردوو ئەوەی خەڵکی عێراق بەسەری هات بەتایبەتی لەشارەکانی باشوور، شارەکانی کوردستان بووە ماڵە باوانیان و بە بێ دووڵی روویان لێکردو بەچاوی خۆمان دەبینین بەردەوام شارەکان پڕن لە خەڵکی عەرەب”.
تۆ لە هەندێک شوێن باس لە کورد بوونی خۆت دەکەیت، ئایا تۆ بەرەگەز کوردیی ؟
سەڵاح عەبدولغفور : “بەڵی من بەرەگەز کوردم و دایک و باوکیشم کوردن و خەڵکی خانەقینین، لەماڵەکەشم ئێستاکەش زۆربەی کات بە کوردی قسە دەکەین”.
ئەی بۆچی تۆ ناتوانی بە کوردی قسە بکەیت ئێستاکە لەگەڵ ئێمە ؟ سەڵاح عەبدولغفور : “دەتوانم بەڵام رەنگە نەتوانم هەموو ووشەکان بەچاکی دەرببڕم، بەڵام زۆربەچاکی لە زمانی کوردی حاڵی دەبم و زۆرجاریش قسەی پێدەکەم، لەماڵەوەش لەگەڵ مناڵەکانم قسەی پێدەکەم”.
لەکار و بەرهەمی داهاتوودا بەنیاز نیت، گۆرانی بەزمانی کوردیی تۆمار بکەیت ؟
سەڵاح عەبدولغەفور : “بەڵی بەنیازم، (5) گۆرانی کوردییم ئامادە کردووە لە ئەلبومی داهاتوومدا، کە ئێستاکە خەریکی تۆمار کردنی گۆرانییەکانم، لەداهاتوویەکی نزیکدا بڵاوی دەکەمەوە، هەموو خەڵکیش دەیبستێ، کە بەچ شێوازێک کارم بۆ ئەو گۆرانییە کوردیانە کردووە، گۆرانییەکانیش فۆلکۆری کوردیین و هەموویان گۆرانی ڕەسەنن، جگە لەوانەش گۆرانییەکی تازەم ئامادە کردووە، بۆ ئەو دەست پێشخەریەی جەنابی کاک (مەسعود بارزانی) کردی بۆ پێکهێنانی حکومەتی تازەی عێراقی، کە بەڕاستی بۆ هەموو عێراقیەک ئەو دەست پێشخەرییە بووە جێگای دڵخۆشی و رۆڵی بەڕێز (بارزانی) لە پێکهێنانی ئەو حکومەتەدا هەرگیز بیرناچێتەوە، بۆیە من ئەو گۆرانییەم ئامادە کردووە بە شێوازێکی زۆر چاک کارم بۆ کردووە، بەنیازم لەگەڵ چەند گۆرانیبێژێکی کورد و عەرەب بەیەکەوە بیڵێن، من لەگەڵ هەریەک لە(حسێن نەعمە و حەید مەنسور) بە زمانی عەرەبی دەیڵێن، بەنیازم (3) گۆرانیبێژی کوردیش دەست نیشان بکەم بۆ گوتنی ئەو گۆرانییە”.
لەگەڵ کام لە گۆرانیبێژانی کورد دۆستایەتیت هەبووە ؟
سەڵاح عەبدولغفور : “من لەگەڵ هەریەک لە هونەرمەندانی رەسەنی کورد (حەسەن زیرەک، عەلی مەردان، گوڵبەهار، عیسا بەرواری، نەسرین شێروانی)ـو چەند هونەرمەندێکی دیکەی کورد دۆستایەتیم هەبووە، بەتایبەتی لەساڵانی ناوەڕاستی شەستەکانی و سەرەتای حەفتاکان لە نزیکەوە ئەو هونەرمەندانەی کوردم ناسیووە، لەگەڵ هەریەک لە هونەرمەندان (گوڵبەهار و عیسا بەرواری) بەشداریی فیستیڤاڵێکمان کرد لە لەندەن، لەگەڵ ئەو هونەرمەندانە چەند گۆرانییەکم بە زمانی کوردیی گوتووە لەو فیستیڤاڵەدا، من دەمێکە لەگەڵ هونەری کوردیی ئاشنیاتیم هەبووە و سەرسامم بووم بە هونەری کوردی”.
سەرسام بووی بەدەنگی چ هونەرمەندێکی کورد و گوێت لێ گرتووە؟
سەڵاح عەبدولغفور : “دەنگی (حەسەن زیرەک)ـم زۆر پێخۆشەو سەرسامم بە هونەرەکەی، هەروەها دەنگی مامۆستا (عەلی مەردان)ـم زۆر لەجوانە بەتایبەتی مەقامەکانی، دەنگی (گوڵبەهار)ـیشم لەلا خۆشبووە و گوێم لێگرتووە، لەنزیکەوە ئەو هونەرمەندانەم بینیووەو ئاشنایەتیم هەبووە لەگەڵیاندا”.
ئەگەر بێمە سەر پرسیارێک کە رەنگە زیاتر لەتۆوە نزیک بێت، بە شێوەیەکی گشتی ئێستاکە هونەریی عەرەبی عێراقی چۆن دەبینی و لەچ ئاستێکە؟
سەڵاح عەبدولغفور : “هونەرەکە هەیە، بەڵام چۆن هونەرێک و چ شێوازێک؟!، ئەو گۆرانییانەی ئێستاکە لەرێگەی دەنگی گۆرانیبێژانی عێراقی دەگوترێن، بەتایبەتی گەنجەکان، لەرووی ماناو ناوەرۆکەوە زۆر لاوازن، زۆربەی گۆرانییەکان بە شێوەیەکی زۆر نەشیاو پێناسەی ئافرەت و جوانییەکانی ئافرەت دەکەن، کە جێگای داخە ئەو هونەرەی لە عێراق هەبوو لە کاتی خۆی لەسەر دەستی ئەو گۆرانیبێژە چاکانەی دەهاتەە بوون بەداخەوە نەما، تەنانەت ئەو گۆرانیانە ستایلێکیان بەخشیوەتە شاشەی tvیەکان، ئێستاکە تەلفزیۆن وەک دەزگایەکی مەترسیدار لەماڵەکان چاوی لێدەکرێت، من زۆر بەداخەوەم بۆ ئەوەی لە شاشەکانی عەرەبی دەیبینم، جاران دوو سێ کەناڵی عەرەبی هەبوو، بەڵام ئێستاکە بەسەدان کەناڵی ئاسمانی عەرەبی هەیە، بەڵام هیچی بەسەر هیچەوە نیە، گۆرانی ئاوا پەخش و بڵاودەکەنەوە، جگە لەناشرین کردنی داب و نەریتی کۆمەڵگا هیچی دیکەی تێدا بەدی ناکەم”.
ئەوەندەی کە دەیبنی یاخوود ئاگاداری پێت وایە کەناڵە کوردییەکان لە چ ئاستێکن ؟
سەڵاح عەبدولغفور : “ئەوەندەی کە سەیرم کردووە، یاخوود گوێم لێ بووە لە هونەرمەندە کوردەکان، بەتایبەتی ئەوانەی بە ئەزموونن و ساڵانێکە کاری هونەری ئەنجام دەدەن، زۆرجار دەبیستم ئەوانیش گلەیی لە هونەری هونەرمەندە تازەکانی کورد دەکەن، پێم وایە کەناڵە کوردیەکانیش خەریکە هەمان حاڵەتی کەناڵە عەرەبیەکان دەگرنە بەر، سیستەمێک هەیە پێویستە هەموو کەناڵێکی راگەیاندن رەچاوی بکات، ئەویش ئەوەیە پێویسە فلتەرێک هەبێ بۆ چۆنیەتی پەخش کردن و بڵاو کردنەوەی گۆرانی، من لەبەرنامەم دایە لە رێگەی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان دانیشتنێک بکەم، هەروەها بەنیازم لە رێگەی چەند کۆڕێک چەند بابەتێک لەسەر راگەیاندن بخەمە روو، بەتایبەتی لەسەر راگەیاندنی بینراو، کە من تارادەیەک شارەزاییم لەسەری هەیە، هیوادارم راگەیاندنی کوردی ئاگاداری ئەو حالەتانە بن”.
لەدوای ئازادی عێراق لەساڵی 2003 لە دوای نەمانی رژێمی بەعسی لەناو چوو، ئەو ستەمەی لە هونەرمەندانەی عێراق دەکرا لەسەردەمی ئەو رژێمەدا، ئێستاکە ئەو ستەمە نەماوەو ئازادن ئایا ئێوەی هونەرمەندان توانیوتانە هونەری عێراقی بەرەو ئاستێکی دیکە بەرن ؟
سەڵاح عەبدولغفور : “ئێستاکە ئێمە لەسەردەمێکی تازەیەن، ئەو سەردەمەی پێشتر بەسەر چوو، باسی ئەو سەردەمەی پێشتر ناکەم، من باس لەسەردەمی ئێستاو داهاتوو دەکەم، بەرای من هەموو هونەرمەندێک ئەرکێکی زۆر گەورەی لەسەر شانە، پێویستە ئەو ئەرکە بەئەمانەتەوە بەجێی بگەینن، هونەر چەکێکی کاریگەرە دەتوانێ باشترین و جوانترین پەیام لە رێگەی هونەرەوە پێش کەشی هەموو جیهانی بکەی، من پێم وایە لە ئێستاکە خەڵکی عێراق پێویستە بایەخیکی زۆر چاک بە هونەر و وەرزش بدەن، چونکە لە هەموو دونیادا ئێستاکە وەرزش و هونەر دوو چەکی سیاسی زۆر گاریگەرن، دەتوانن بەباشترین شێوە پەیامی خۆیان بگەینن”.
تامو چێژی گۆرانی جاران لە گەڵ ئێستاکە چۆن بەراورد دەکەی؟
سەڵاح عەبدولغفور : “هونەری جاران لەناخی هونەرمەندەکانەوە سەرچاوەی دەگرت، روونتر بڵێم هونەری جاران بە کورد و عەرەبەوە، هەردوولا ئەگەر کەسێک دەنگی خۆش نەبوایە بەهرەیەکی هونەری چاکی نەبوایە، نەیدەتوانی بێتە سەر تەلفزیۆن و گۆرانی تۆمار بکات و بڵاو بکاتەوە، چونکە جاران فلتەرێک و پێوەرێکی هونەری زۆر چاک هەبوو، ئەو هەموو دەزگا راگەیاندنە نەبوو، لەهەموو عێراقدا (2) کەناڵی تەلفزیۆنی هەبوو، هەر گۆرانییەک ئەگەر ئەو تەلفزیۆنە پەخشی نەکردبا، ئیتر گۆرانیبێژەکە گۆرانی بۆ کێ دەچڕی؟، بەڵام ئێستاکە ئەوەندە کەناڵ زۆر بووە، هەر لەژمار نایە، لەگەڵ زۆر بوونی ئەو کەناڵانە بارودۆخی گۆرانی بەرەو ئاستێکی خراپ بوون رۆیشت، بەرای من لەسەردەمی ئێستادا لە کورد و عەرەبیش گۆرانیبێژی چاک هەیە، بەڵام رۆحیەتی گۆرانی و توانا و چێژی گۆرانی وەکو جاران نەماوە بەداخەوە!”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا