سەدیق سەعید ڕواندزی
ڕۆمانی سەردەمی جەنگ، سەرگوزستەی خێزانێک دەگێڕێتەوە، کە ھەر لە کۆچڕەوەکە بگرە، تا شەڕی ناوخۆ و دواتریش، قوربانی زۆر دەدەن و منداڵەکانیان ون دەبن و ھەریەک لە باوک و دایک و کوڕەکەش، چارەنووسێکی نادیار دەیانگرێتەوە. بێگومان تیمەی ئەو ڕۆمانە وەک ڕووداو، لەژێر کاریگەریەتی و لاساییکرنەوەی ڕۆمانی ( دێو بەھمەن) نووسراوە. بڕوام وایە، نووسەری ڕۆمانەکە دێو بەھمەنی خوێنبێتەوە، چونکە ھاوچوون و نزیکیەکی زۆر لە نێوان ھەردوو ڕۆمانەکە، لە کەسایەتی و ڕووداو و وێنەو گێڕانەوەکان بوونی ھەیە. بێگومان ئاسایە ڕووداوێک وەک تیمەی نووسینی دەقێک، لە زۆرتر لە تێکستێکدا ڕەنگبداتەوە و بەرجەستە بکرێت، وەلێ کاتێ وردەکاری ئەو ڕووداوە، ھێنە ھاوشێوە دەبن، بە جۆرێک کە نزیکییەکی زۆر لە نێوان ھەردوو تیمەی دەقەکە ھەبێت، ئەوا ھیچ گومانی تێدا نییە، ئەمە دەبێتە جۆرێک لەلاساییکردنەوەو کۆپیکرنی خەیاڵ و بیرۆکەی نووسەرانی دیکە و داڕشتنەوەیان، لە فۆڕمێکی کەمێک جیاوازدا، وەک ئەوەی لە ڕۆمانی سەردەمی جەنگدا دەبینرێت، ڕووداوێک بە تایبەتی ڕووداوی سیاسی و نەتەوەیی، بەو پێیەی ئێمە ھەمیشە لە نێو نەھامەتی وکارەساتەکان ژیاوین، دەکرێ بەرجەستە بکرێت و لە ڕووبەرە گشتییەکەیدا، بەڵام سەرلە نوێ گبَڕانەوەی ئەو ڕووداوانە، بە کەمێک گۆڕانکاریی و دەستکارییەوە، نابێتە ھۆی ئەوەی کاریگەریەتی و ئاستی لاساییکرنەوەی دەقی دووەم لە ھی یەکەم جیابکاتەوە. لێرەدا بە کورتی لە بارەی ڕۆمانی سەردەمی جەنگ ھەڵوەستەیەک دەکەین.
تیمە لە ڕۆمانی دێو بەھمەن و سەردەمی جەنگدا:
سەردەمی جەنگ، لە سەر زاری سەردەم فەریدونەوە، ڕووداوەکانی ڕۆژگاری شەڕی ناوخۆ دەگێڕێتەوە. گەرچی سەردەم دوای کۆڕەکە لە دایک دەبێت، بێگومان شەڕی ناوخۆش لە نێوان ساڵانی ١٩٩٤ _١٩٩٨ لە باشووری کوردستان ڕوویدا، کەچی سەردەم وەک گەواھیدەرێک بە سەر ڕووداوەکانەوە دەردەکەوێت. بنووسی ڕۆمان، لێرەدا ڕەچاوی زەمەنی ڕووداوە مێژووییەکانی بە زەمەنی تەمەنی سەردەم ودواتریش نەکردووە، ئەمە وێرای ئەوەی ڕۆماننووس باس لە شەڕی براکوژی یەکەم و دووەم دەکات، لە کاتێکدا شەڕی براکوژی لە کوردستاندا، یەک قۆناغ و سەردەم بوو، ئەگەریش لە براکوژی دووەم مەبەستی ئەوە بێت، دیسانەوە دروست دەبێتەوە، ئەوا کارێکە نابێ بە ناو ڕۆماننووس باسی بکات. سەردەم کوری فریدون بورھانە، بورھان ئەسعەدی باوکی، دوو کوڕی دیکەی پێشتر ھەبوونە و تەمەنیان لە نێوان شەش ساڵی و دوو ساڵی دابوونە و ھەردوو کوڕەکەی لە کۆچڕەوەکەدا ون دەبن و پاشان ئەم دوو کوڕە ( ھەڤاڵ و کامەران) لەلایەن دوو خێزانی دیکەوە ھەڵدەگیرێنەوە. نازداری خوشکیشیان، بەڕووداوی ئوتومبێل کۆچی دوایی دەکات. ونبوونی ئەم دوو کوڕە، برینێکی گەورە لە سەر دڵی ئەو دایک وباوکە فریدون و ئامینە ڕۆستم جێدێڵێت و سەرەنجام باوکیان بەو دۆخەو لە چاوەڕوانی شادبوونەوەی بە ھەروو کوڕەکەیی و مەرگی نازداری کچی دەمرێت. سەردەمیش، دوای دابڕانی بۆ ماوەیەک و چوونی بۆ شاری ماد باکوور، پاش چڵ ساڵ ئەحمەد بورھانی مامی دەدۆزێتەوە و پاشانیش دەگەڕێتەوە لای دایکی و بە نائومێدییەوە ژیان دەکات و لە چاوەڕوانی ئەوە دایە، فریشتەی مەرگ بێت و ڕوحی بکێشێت. لەو ڕۆمانەدا، دوو حزبی (سارد) و (گەرم) بوونیان ھەیە، لە ڕۆمانی دێو بەھمەنیشدا، کە پێنچ ساڵ بەرلەو ڕۆمانە چاپ و بڵاوکراوەتەوە، حزبی (ئەی) و (بی) ھەن. ڕۆمانی دێو بەھمەن، باسی ڕۆژگاری شەڕی ناوخۆ و کارەساتی سی و یەکی ئاب و ئاوارەبوونی حزبی ئەی بۆ سنوور دەکات، لە ڕۆمانی سەردەمی جەنگیشدا، دیسانەوە ڕووداوی شەڕی ناوخۆ و و ھاوکات گرتنی شاری ماد باشوور، لەلایەن حزبی گەرم و دەرچوون و ئابڵوقەدانییان لە سەر سنوور دەکات و دواتریش ھێزی حزبی سارد، لە سەر سنوور بە ھێڕەوە دەگەڕێنەوە و شارەکەیان ئازاد دەکەن، کە بێگومان ڕووداوەکان لێرەدا، سی و یەکی ئاب و چوونی ھێزەکانی یەکێتی بۆ سەر سنوور و پاشان گەردەلوولی تۆڵەن. لە ڕۆمانی دێو بەھمەندا، برایەک لە حزبی ئەی بە دەستی براکەی لە حزبی بی دەکوژرێت، لە ڕۆمانی سەردەمی جەنگیشدا، ھەڤاڵی برازا، بەدەستی ئەحمەد بورھانی مامی دەکوژرێت، واتا ھەمان دیمەن لە ڕەگی خوێن و خزمایەتی دووبارە بۆتەوە. لە ڕۆمانی دێو بەھمەندا، پیرەمێردێک لە کۆی پێنچ کوڕ، چواریان لە دەست دەدات و دەبنە قوربانی شەڕی ناوخۆ و بە تاسەوە، بە دوای کوڕەکەی دیکەیدا سەردانی شارەکەی دیکەی ژێر دەسەڵاتی حزبی نەیار دەکات، لە ڕۆمانی سەردەمی جەنگیشدا، فریدونی باوکی سەردەم، دوو کوڕی لە کۆچڕەوەکەدا لێ ون دەبن و سەردەمیش بە نھێنی دەڕواتە شاری ماد باکوور و دوای ئەوەی فەریدەونی باوکی بۆ سۆراغی دەچێت و پێی دەڵێن کوڕەکەت نەماوە، دەمرێت.
لە ڕۆمانی دێو بەھمەندا، بەشێکی گێڕانەوەکان لە ڕێگەی نامەوە دەخرێنەڕوو، لە سەردەمی جەنگیشدا، دیسانەوە دوو نامە لە نێوان ئەحمەد بورھان و سەردەمی برازای ئاڵوگۆڕ دەکرێن. لە ڕۆمانی دێو بەھمەندا، دیمەنەکانی بازگە، سەر سنوور، گرتن و زیندانیکردن، وێنە و ناسنامە و کۆپی بوونیان ھەیە، لە ڕۆمانی سەردەمی جەنگیشدا، ھەمان ئەو دیمەنانە بە گێڕانەوەیەکی دیکە دووبارە بوونەتەوە، بە تایبەتیش کاتێ سەردەم لە کاتی چوونی بۆشاری ماد باکوور، لەلایەن یاساوڵانی بازگەکەوە دەگیڕێت و دەبردرێتە لای ئەحمەد بورھانی مامی، ئەویش دەیناسێتەوە. سەیر لەوەدایە، دوای چڵ ساڵ دابڕانی ئەو مام و برازایە لە یەکتری، زۆر بە ئاسانی ئەحمەد بورھان سەردەمکی برازای دەناسێتەوە، لە کاتێکدا لە تەمەنی نزیک بە شەش ساڵییەوە، دوای ئەوەی ئاشکرا دەبێت سیخوڕی بۆحزبەکەی تر دەکات، ماد باشوور جێدێڵێت. گاڵتەجاری لەو شێوەیە، کە کەسێک دوای چڵ ساڵ منداڵێک بە گەورەیی بناسێتەوە، تەنھا لای ئەو نەوە خۆبەشتزانە ھەیە، کە ھەموو تەقەلایەک دەدەن ببنە ڕۆماننووس، کەچی ناتوانن تێکستێک بنووسن سنووری ڕۆمان ببەزێنێت ، یاخو ڕۆمانێک دەنووسن، بێ ئاگا لەوەی پێشی ئەوان، کەسانی بە تواناتر و ڕۆماننووسی دیارتر نووسیویانە.
ناوی کارەکتەرەکان لە ھەردوو ڕۆمانەکەدا:_
ھەڵبەتە ناونان پرۆسەیەکی گشتییەوە دەشێ ھەزاران کەس ناویان ھاوماناو وەک یەکتری بێت، بەڵام نابێ ئەوەمان بیربچێت کە ناو، شوناسێکە بۆ ناسینەوەی ھەر مرۆڤێک لە ئاستە کەسی و کۆمەڵایەتی و ناسنامەیەکەیدا، لێرەوەش دەکرێ لە دوو ڕۆماندا، ناوی کارەکتەرێک یان دوو کارەکتەر، وەک یەک و ھاوشێوەبن، بەڵام کاتێ ناوەی کارەکتەرەکان، لە ڕۆمانی دووەمدا، ھاوشێوەی کارەکتەری ڕۆمانەکەی پێشووە، ئەوا جگە لەلاساییکردنەوە ھیچی ترە؟ لە ڕۆمانی دێوبەھەمەندا، کە شەش ساڵ، بەرلەو ڕۆمانەی ڕامیار محمەد بڵاوکراوەتەوە، ئەم کارەکتەرانە ھەن:_( شاھۆ ، کامەران، بەھمەن، سەریاس ، ڕۆستەم، براژن ، بارام ، ئەحمەد) لە ڕۆمانی سەردەمی جەنگیشدا کەلەم ماوەی ڕابردوو بڵاوبۆتەوە، کارەکتەرەکانی ( سەریاس ، ئەفسەر بەھمەن ، کامەران، شاھۆ، ڕۆستەم، براژن ، بارام، ئەحمەد) بوونیان ھەیە.
شوێن و دیمەنەکان لە ھەردوو ڕۆمانەکەدا:_
لە ڕۆمانی دێو بەھمەندا، چونکە ڕەنگدانەوەی شەڕی ناوخۆ و کارەساتی سی و یەکی ئابە، چەندین دیمەن و لۆکیشنی وەک (بازگە، ئەفسەر، سەر سنوور، شار، ڕەفتاری چەکدارەکان بەرانبەر خەڵک، ئوتێل، لێدان و ئەتککردن ) دەبینرێن، ھەمان ئەو دیمەنانە تا ڕادەیەکی زۆر بە کەمێک وەسف و دەستکارییەوە، لە ڕۆمانی سەردەمی جەنگیش بوونیان ھەیە. بۆ نموونە: لە ھەردوو ڕۆمانەکەدا، ڕەفتاری چەکدارەکان لە بازگەکان بەرانبەر بە خەڵک و کادیری حزبەکانی خۆیان دەبینرێت. ئەمە وێرای ئەوەی کە لەو نێوەندەوە، خەڵکی ئاساییش کراوەتەو قوربانی وەک شوفێری ئەو ئوتومبێلەی خەڵک بە کرێ دەگوازێتەوە، یاخود لە ڕۆمانی دێو بەھمەندا، بارامی سالە بەراز، ڕۆڵی سیخورێک لە نێو حزبەکەی بۆ حزبی بەرانبەر دەبینێت، لە ڕۆمانی سەردەمی جەنگیشدا، ئەحمەد بورھان، ھەمان ڕۆڵ و ئەرکی ھەیە. ئەمە وێرای ئەوەی کە لە ڕۆمانی دێو بەھەمەندا، باسی دیاریکردنی سنووری دوو ئیدارەیی وەک دەرھاوێشتەی شەڕی ناوخۆ دەکرێت، لە ڕۆمانی سەردەمی جەنگیشدا، ھەمان وەسف دووبارە بۆتەوە.
چەند ھەڵەیەک لە ڕۆمانی سەردەمی جەنگدا:_
بێگومان زمانی دەربڕین و گوزارشتکردن، وەسف و وێنای ڕووداوەکان لەو ڕۆمانەدا، لەو پەڕی نا ھونەریی و بێ ھێزی دایە، کە دەریدەخات نووسەری ڕۆمانەکە، چەند ھەژار و پەرپووتە لە ڕووی زمانی نووسینی ڕۆمانەوە، کە ھونەرکاریی و وردەکارییەکی یەکجار زۆری دەوێت. لەو سۆنگەیەشەوە لە پەراوێزی زمانی نووسینی ڕۆمانەکەوە، نووسەر کەوتۆتە ھەڵەی زەقەوە وەک:_
* ل ١٠ نووسیویەتی:_(لە سەرجێگەکەی خەوتبوو، بێ ئۆقڕە، شپرزە و ھەناسەسوار) ئەگەر کەسێک ئەوبارە دەروونییانەی ھەبێت، دەتوانێت بخەوێت.
* ل ١١ نووسیویەتی:_( بە جەستە لەڕو لااواز و ئارەقاوییەکەی لە جێگاکەی ھاتە دەر) بێگومان بارەکە لێرە دیارە کە سەردەم، لە نێو جێگەی خەوتن نەماوە، کە چی سێ دێڕ دواتر، بنووسی ڕۆمان بیری دەچێتەوە چی نووسیوە، ئەمجارەیان دەنووسێت._(بەتانییەکە نیوەی سەرەوەی داپۆشیبوو!) کەواتا نابێ سەردەم لە جێگەکەی ھاتبێتە دەر.
* لا ١٥ نووسیویەتی:_( سەردەم بە دایکی گوت کە شەھییەی ژەمی قوڕسی نییە، دایکیشی قاپێک ھەنگوین و ماستی بۆ دانا) مەگەر ھەنگوین ژەمی قورسە یان سووک؟
* لا ١٨ نووسیویەتی:_( قۆڕییە کۆنە ڕزیوەکەی خستە سەر ئاگر) با لەوەگەڕێین کە قۆڕییەی چا، ئاسنە و ئاسنیش ناڕزێت، تەنێ دەپرسین ئەگەر ڕزیو بووە، چۆن بەرگەی خستنە سەر ئاگری گرتووە؟
* لا ٢١ نووسیویەتی:_( خەمڵاندنەکانی ڕاست دەرچوون) نووسەری ڕۆمانەکە لێرەدا جیاوازی لە نێوان خەمڵاندن و پێشبینی نەکردووە، چونکە ھەرگیز خەمڵاندن وەکو خۆی لە ھەر شتێکەوە بێت ڕاست دەرناچێت، ئەی بۆ دەگوترێت خەمڵاندن؟
* لا ٣٢ نووسیویەتی:_( لە قوتابخانە، دەم و لووتی سەریاسی بە ھۆی دەمە قاڵێوە شکاند و لە سەر ئەوەش باوکیان بانگ کرد بۆ قوتابخانە) بێگومان لێرەدا دیارە کە باوکی سەردەم، ئاگادار دەکرێتەوە بەو شەڕەی کوڕەکەی، کەچی چوار دێر دواتر ئەمجارە دەنووسێت:_( بەڕێوەبەر دەربارەی ئەو شەڕە، ھیچی بە فریدون بورھان نە گووت) کە ئەمەش دووگێڕانەوەی پێەوانەی یەکترین
* لا ٧٦ نووسیویەتی:_( دەم و چاوی خۆی، بە نینۆک داماڵی بوو)، لێرەدا، نووسەر حیاوازی لەنێوان ڕنین و داماڵین نەکردووە، کە دوو واتای جیاواز لە یەکتریان ھەیە.
* لا ٩٠ نووسیویەتی:_( کە ئەوان گەیشتن، جەستە مردووەکە لەوێ نەمابوو) سەرنج لەو جۆرە داڕشتنەی زمان بدەن؟ ئەمە مانای وایە، جەستەی کەسە مردووەکە، خۆی ڕۆیشتووە! نازانم کەسێک شارەزایی لە داڕشتن و بەیەکەوە نانی ڕستە نەبێت، چۆن بوێری ئەوەی ھەیە ڕۆمان بنووسێت؟
* لا ٩١ نووسیویەتی:_( لێکۆڵینەوەیەکی درشت) لێرەدا، باس لەو لێکۆڵینەوەیە دەکات کە بۆ کوشتنی نازدار کراوە، بەڵام ئایا لێکۆڵینەوە کردن، لە ھەر تاوانێک بێت، بە وردی دەکرێت یان بەدرشتی؟ لێکۆڵینەوەی درشت ھیچ داھێنانێکی تێدایە.
* لا ١٣٦ نووسیویەتی:_( لەو ڵاپەڕەیەدا، ھەڵەیەکی زەق کراوەوە نووسەری ڕۆمان لێی بێ ئاگابووە، ئەویش ئەوەیە کە کاتێ ئەحمەد بورھان ون دەبێت، بورھان ئەسعەدی باوکی دەچێتە لای فریدون ئەسعەدی برای، تا ھەواڵەکەی پێ بدات، کەچی ئەوەی لێرەدا وەڵام دەداتەوە، سەردەم فریدوونە، نەک فریدوون خۆی.)
ھەر لەدرێژەی گێڕانەوەی ڕووداوەکان، بنووسی ڕۆمان لە شوێنێکی دیکەدا، لەبارەی مەرگی باوکی دوو شێوەی جیاواز باس دەکات. کاتێ فریدون بورھانی باوکی سەردەم، بۆ سۆراغی سەردەمی کوڕی کە چووە بۆ شارەکەی دیکەی ژێر دەستی حزبی گەرم بە ڕێ دەکەوێت، لە بازگەی نێوان سنووری ھەردوو شاردا پێ دەڵێن ( کوڕی چی؟ کوڕەکەت کوژراوە) ئیدی ئەو لە ھەژمەتی ئەم ھەواڵە دەمرێت، کەچی سەردەم لەنامەی دووەمدا کە بۆ ئەحمەد بورھانی مامی ناردووە، باس لەوە دەکات کە باوکی کەس نەیکوشتووە، بەخۆی مردووە! ئەمەش جۆرێکە لە بێ ئاگایی لە کردەی گێڕانەوە. وێرای ئەمانەش درێژدادڕیی، ھەڵەی زمانەوانی و بابەتی زۆرتر ھەن لە ڕۆمانەکەدا. دواجار دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم کە سەردەمی جەنگ، لاساییکردنەوە و کۆپیکردنەوەیەکی زەقی ڕۆمانی دێو بەھمەنی محمەد کەریمە، ھەر خوێنەرێکیش بڕوای وایە من ھەڵەم، یان نووسینەکەم دروست نییە، سەر پشکی دەکەم بچێت ھەردوو ڕۆمانەکە بخوێنێتەوە و بەراوردی یەکتریان بکات!
پەراوێز: سەردەمی جەنگ، ڕۆمان، نووسینی: ڕامیار محمەد، بڵاوکراوەی کورد ڕاوم _ ٢٠٢٣
*ئەم بابەتە لە ئەدەب و ھونەری کوردستانی نوێ ژمارە ( ١٣٠٤ ) ڕۆژی ٢١/١٢/٢٠٢٣ بڵاوکراوەتەوە.
Discussion about this post