مەسعودی مەلا ھەمزە :گروپی موزیکی “نەورۆز” بە دەنگی گۆرانیبێژی کورد “سەدیق تەعریف” لە وڵاتە جۆراوجۆرەکانی ئەورووپا کۆنسێرتی گۆرانی و موزیکی کوردی سازدەکات.
بە پێی راپۆرتی راگەیاندنی گشتی گروپی موزیکی “نەورۆز”، گۆرانیبێژی کورد “سەدیق تەعریف” بە ھاوکاری گروپی موزیکی “نەورۆز” پێکھاتوو لە موزیکزانی کورد “سادق تەعریف” بە ئامێری دەف و تونبەک، “نەوید دێھقان” بە ئامێری کەمانچە، “حامید فەکووری” بە ئامێری تار و “ئەمین گوڵستانی” بە ئامێری عوود، لە بەرنامەیەکدا بە ناونیشانی “باغ و بەھار و ئاوێنە” لە وڵاتانی فەرەنسا و ئیتاڵیا و ھەروەھا بڕیاروایە لە ھەندێک لە شارەکانی وڵاتانی سوید، ھۆڵەندا و دانیمارک، کۆنسێرتی گۆرانی و موزیکی کوردی و ھەروەھا موزیکی ئێران پێشکەش بکات.
ئەم زنجیرە کۆنسێرتە ئەورووپیەی گروپی موزیکی “نەورۆز” بە سەرپەرشتی و دەنگی گۆرانیبێژی بەناوبانگی سنەیی “سەدیق تەعریف” سەرەتا لە رۆژانی ١٨ و ١٩ی مارس لە شاری پاریس لە وڵاتی فەرەنسا بەڕێوەچوو و لە رۆژی یەکەمی نەورۆزدا ٢١ی مارس لە شاری لیلی ئەم وڵاتە درێژەی ھەبوو.
گروپی “نەورۆز” لە درێژەی بەرنامەکانیدا، ھەر ئەو کۆنسێرتە لە رۆژانی ٢٥ و ٢٧ی مارس و ١ و ٣ی ئەپریل لە شارەکانی پێسکارا، رۆم، ڤێنیز و میلان لە وڵاتی ئیتاڵیا بەڕێوەدەبات. بڕیاروایە ئەم گرووپە لەو زنجیرە کۆنسێرتەی ئەورووپادا لە شارەکانی ستۆکھۆڵم و یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید و ھەروەھا لە ھەندێک لە شارەکانی وڵاتانی ھۆڵەندا و دانیماراک کۆنسێرتی گۆرانی و موزیکی کوردی پێشکەش بکەن.
کۆنسێرتی “باغ و بەھار و ئاوێنە” لە دوو بەشدا بەڕێوەدەچێت.