ئاریان دەرگەڵەیی : (سەباح زاخۆیی) میووزیکژەنێکی دەڤەری بادینانە و نزیکەی 40 ساڵە لە نێو هونەردا کار دەکات و تاکوو ئێستایش بەردەوامە. ئەو بە (عود)ـەکەی، میووزیکی بۆ گەلێک لە هونەرمەندە کۆن و نوێیەکان ژەنیوە، وەکوو خۆی لەم چاوپێکەوتنەدا دەڵێت: “هونەرمەند نییە لە دەڤەری بادینان میووزیکم بۆ نەژەنیبێت.”
(سەباح زاخۆیی) لە ماوەی کارکردنیدا ڕووبەڕووی چەندین باری دژوار بووەتەوە و ساڵانیک لە شاخ و ساڵانیکیش لە پەناهەندەیی ژیانی بەسەر بردووە، بەڵام لەگەڵ ئەو هەموو سەختییەی کە لە پێناو هونەردا چێشتویەتی، کەچی کاتێک لێی دەپرسی لە هونەر پەشیمان نیت؟ لە وەڵامدا دەڵێت: “هونەر خۆشەوێستیی خەڵکی پێ بەخشیوم، بۆیە هەرگیز لێی پەشیمان نیم.”
(سەباح زاخۆیی) لە دایکبووی ساڵی 1952ـی زاخۆیە و سەرەتای هاتنی بۆ ناو کاری هونەری بۆ ساڵی 1970 دەگەرێتەوە و دوای ئەوەی لەگەڵ هەریەکە لە مامۆستایان (عەبدولعەزیز سلیمان) و چەند مامۆستایەکی دیکە گرووپێکی میووزیکییان بە ناوی گرووپی “نەورۆز” پێک هیناوە، بەڵام لە دوای ساڵی 1974ـەوە (سەباح زاخۆیی) پێوەندی بە ڕیزەکانی پێشمەرگەوە کردووە و لە دەنگی کوردستان وەکوو کارمەندێکی چالاک کاری کردووە. دوای ئەوەیش (سەباح زاخۆیی) بووەتە پەنابەر لە ئێران و ئینجا گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان، هەر لە شارۆچکەی زاخۆ وەکوو مامۆستایەک لە ناوەندی لاوان وانەی میووزیکی گووتووتەوە.
وەکوو (زاخۆیی) باسی لێوەکات، ئەو یەکێک بووە لەوانەی ژێرخانی هونەری لە دەڤەری بادینان دروست کردووە. ئەو دەڵێت: “لە دوای هاتنەوەم لە ئێران، ماندووبوونێکی زۆرم چێشت تاوەکوو میووزیکژەن و دەنگخۆشەکان لە دەڤەری بادینان کۆ بکەمەوە، بۆیە وردە وردە چەند میوزیکژەنێک و دەنگخۆشێک ڕوویان کردە ناوەندی لاوان، لەوانە (ئەردەوان زاخۆیی و ئەیاز زاخۆیی).”
(سەباح زاخۆیی) وەها باسی سەرەتای ئاشنابوونی خۆی لەگەڵ هەر یەکە لە هونەرمەندان (ئەیاز و ئەردەوان) دەکات و دەڵێت: “سەرەتای ناسینی من بۆ ئەو دوو هونەرمەندە لە ناوەندی لاوان بوو، پاش ئەوەی ئەو دوو هونەرمەندە ڕوویان لە ناوەندی لاوان کرد، سەرەتا دەیانەویست گۆرانییە فولکلۆرییەکان بڵینەوە، بەڵام من لەبەر ئەوەی توانای ئاوازدانان و ئامێرژەنینم هەبوو، بۆیە پەیمانم پێدان کە چەند ئاوازێک و هۆنراوەیەکی نوێیان بۆ پەیدا بکەم، ئەوەبوو توانیمان لەگەڵ مامۆستا (عەبدلعەزیز سلێمان) لە ساڵی 1978 کاسێتکی گۆرانی بۆ هونەرمەند (ئەردەوان زاخۆیی) تۆمار بکەین کە ئەوکات سەدایەکی زۆری لە نێو خەڵکی دایەوە، بەمەیش ئەم کاسێتە پاڵنەرێک بۆ ئێمە کە کرنگی بە کارەکانی داهاتوومان بدەین، لە بارەی هونەرمەند (ئەیاز زاخۆیی)ـشەوە ئەو کاتە کاسێتی تۆمار نەکرد، بەڵکوو تەنیا ئەو گۆرانییانەی تۆمار کران کە لە ئاهەنگ و چالاکییەکاندا دەگوتران، بەڵام توانیم لە ساڵی 1984 و 1985 بە ئامێری (عود) لە تۆمارکردنی یەکەم کاسێتی هونەرمەند (ئەیاز زاخۆیی)ـدا بەشدار ببم.”
(سەباح زاخۆیی) پێی وایە: “هەرچەندە بەرهەکانی ئەو دوو هونەرمەندە بە چەند ئامێرێکی کەم و لە ستۆدیۆی زۆر سادە تۆمار دەکران، بەڵام تاوەکوو ئێستایش لە گوێی تاکی کوردیدا دەلەرێنەوە و ئێستایش خاوەن ستۆدییەکان دەڵێن، لە دوای ئەو ماوە زۆرەی کە ئەو دوو هونەرمەندە نەماون، بەڵام کەسانێک هەن بە تامەزرۆییەوە کاسێتەکانیان دەکڕن لە بازاڕەکانیشدا هەمیشە پڕفرۆشترین کڕیاریان هەیە. هەروەها ئەو گەنجانەی کە لاسایی ئەو دوو هونەرمەندەیش دەکەنەوە، هەمیشە سەرکەوتن بە دەست دەهێنن، ئەمەیش خۆشحاڵیکم پێ دەبەخشێت کە ماندووبوونم لەگەڵ دوو ئەو هونەرمەند بەفیڕۆ نەچووە و توانیم خشتێک بخەمە سەر دیواری هونەری کوردی.”
(زاخۆیی) باس لە ڕەسانەیەتیی هونەری کوردی دەکات و دەڵێت: “لەگەڵ ئەوەیدا کە کورد خاوەنی هونەرێکی ڕەسەن و میووزیکژەنی ڕەسەنە، کەچی هەندێک لە گۆرانیبیژان دەچنە وڵاتێکی دیکە تاوەکوو بەرهەمەکانیان تۆمار بکەن، بەڵام ڕاستییەک هەیە پێویستە هونەرمەندانی کورد بیزانن، ئەویش ئەوەیە کاری ڕەسەن هەتا هەتایە دەمێنیتەوە، بەڵام ئەو کارانەی لەو وڵاتانەی دیکە تۆمار دەکرێن، هونەری تورکی و فارسی تێکەڵی هونەری کوردی دەکەن، ئەوا چەند مانگێک دەمێننەوە و پاشان لە بیر دەکرێن.”
ئەم میووزیکژەنە هەندێک لە ڕاگەیاندنەکانی کوردی بە هۆکاریک دانا کە وا دەکات هونەرمەندی کورد بیر لە شتی بیگانە بکاتەوە، بۆ نموونە جاران هونەرمەندی کورد لەبەر ئەوەی تەنیا گوێی لە کاری ڕەسەن دەبوو، بۆیە هەمیشە هەوڵی ئەوەی دەدا کە کاری ڕەسەن بکات، بەڵام ئێستا لەبەر ئەوەی کەمتر گوێی لە کاری ڕەسەن دەبێت، بۆیە زیاتر ڕوو دەکاتە وڵاتانی دیکە تاوەکوو کاری هونەری بکات.
ئەو باس لەو خاڵە دەکات کە چۆن میووزیکژەنیش وەکوو گۆرانیبیژ دەتوانێت داهێنان بکات، ئەو پێی وایە ئەگەر لە کاتی گۆرانیگوتندا گۆرانیبیژەکە بچێتە ناو قوڵایی گۆرانییەکەوە، ئەوا لەو کاتەدا میووزیکژەنەکەیش داهێنان دەکات و دەتوانێت میووزێکی جوان پێشکەش بکات، واتە وەکوو چۆن دوو کەو دەتوانن بەرانبەر یەک بخۆین، ئاوایش میووزیکژەن دەتوانێت داهێنان بکات ئەگەر گۆرانیبیژەکە بچێتە ناو ڕۆحی گۆرانییەکەوە.
(سەباح زاخۆیی) لە ماوەی 40 ساڵی ژیانی هونەریدا کاری لەگەڵ زۆربەی هونەرمەندانی کوردستان کردووە، لە کۆنەکان (محەممەد عارفی جەزیری و حەسەنی جزیری و ڕەسووڵ گەردی و کەریم کابان و سەلاح مەجید و محەممەد جەزا و عوسمان عەلی، تەحسین تەها، بەشار زاخۆیی)، ئێستایش لەگەڵ زۆربەی گۆرانیبیژەکانی دەڤەری بادینان وەکوو میووزیکژەن کاری کردووە، بەڵام لە دوای (ئەردەوان و ئەیاز)، زۆربەی کارەکانی لەگەڵ هونەرمەند (حاحی زاخۆیی)ـە، چونکە وەک خۆێ دەڵێت: “هەست دەکەم کە دەنگی (حاجی زاخۆیی) زۆر لە هونەرمەند (ئەردەوان) نزیکە و هەمیشە دەمگەڕێنتیتەوە بۆ جیهانێکی پڕ ڕەسەن.”
(سەباح زاخۆیی) پێی وایە کە ئاستی هونەر لە دەڤەری بادینان تا ڕاددەیەک لە بەرەوپێشچووندایە کە ڕەنگە ئەو پێشڤەچوونەیش بۆ ئەو تێکەڵاوییە بگەڕێتە کە ئێستا لە نێوان باکووری کورستان و باشووری کورستاندا هەیە و کاریگەرییەکی چاکی لەسەر دەڤەری بادیناندا هەیە، چونکە وەکوو دەزانرێت باکووری کوردستان، کولتوورێکی هونەریی دەوڵەمەندی هەیە و خاوەن چەندین ستودیۆی پڕۆفیشناڵی هونەرین، بۆیە ئێستا لە دەڤەری بادینان چەند هونەرمەندێکی لاو پەیدابوون کارەکانیان مایەی باسکردنە.
کەمیی ئافرەتی گۆرانیبێژی کوردی لە دەڤەری بادیناندا یەکێک بوو لەو باسانەی (سەباح زاخۆیی) قسەی لەسەر کرد و گوتی: “بە داخەوە لەبەر هەندێک دابونەریتی کۆمەڵایەتی، تاوەکوو ئێستا نەتوانراوە ئافرەتی گۆرانیبیژ لەم دەڤەرەدا هەڵبکەوێ، بەڵام ئێستا خەریکە کاریگەریی هەندێک لە هونەرمەندانی گۆرانبێژی باکووری کوردستان لەسەر ئافرەتانی دەڤەرەکەمان هەیە تاک تاکە گۆرانیبێژەی ئافرەت دەردەکەون.”
لە میانەی دیمانەکەماندا ئەوەمان لێ پرسی ئەگەر تۆ هونەرمەندێکی بیگانە بووایت، ئەوا خاوەنی سامانێکی گەورە دەبووی؟ لە وەڵامدا گوتی: “من لەو کاتەوە کە دەستم بە کاری هونەری کردووە، تاکە پەیامی من ئەوە بووە کە لە ڕێگەی هونەرەوە وڵاتەکەم بە دنیا بناسێنم و خزمەتی هونەرمەندی کورد بکەم. لە دوای 40 ساڵەی تەمەنی هونەریم، خۆشحاڵم کە ئێستا لە لایەن خەڵکییەوە ڕێزێکی زۆرم لێ دەگرێت، هەروەها خۆشحاڵم کە ئێستا خەڵکانیک هەن گوێ لەو میووزیکانە دەگرن کە لە راِبردوودا تۆمارم کردوون، بۆیە هەمیشە ئەوەم گوتووەتەوە کە خۆشەویستی و ڕێزگرتن لە خەڵکی، بۆ من گەورەترین سەرمایەیە و من لە ژیانمدا شانازی پێوە دەکەم. دەستخۆشییش لە دەستەڵاتی کوردی دەکەم کە ڕێزی زۆری من و هونەری کوردییان گرتووە و زۆر ناوەندی هونەری گرنگیان لە کوردستاندا دروست کردووە، لەوانە (کۆشکی هونەر) کە بووەتە ماڵێک بۆ هونەرمەندانی کوردستان.”