هەولێر، مەسعودى مەلا هەمزە : هەرسێ کورتە فیلمى “ماسی سوور، ماڵی مێروولەکان، باران” هاوشان لەگەڵ کۆمەڵێک کورتە فیلمى دیکەى جیهانى لە بەشی پێشبڕکێى فێستیڤاڵی گرانادا لە ئیسپانیا بەشدارن. کورتە فیلمى “ماسی سوور لە دەرهێنانى هەوراز محەمەد، ماڵی مێروولەکان لە دەرهێنانى شاخەوان عەبدوڵڵا و باران لە دەرهێنانى هاوڕێ بەهجەت” وەکو سێ کورتە فیلمى کوردى بەرهەمى هەرێمى کوردستانى عێراق لەو فێستیڤاڵە بەشدارن.
هەوراز محەمەد دەرهێنەرى کورتەفیلمى “ماسی سوور” لە لێدوانێکیدا گوتى: دواى پڕکردنەوەى فۆڕمى فێستیڤاڵی گرانادا، لەم رۆژانە لەلایەن لیژنەى ئامادەکارى فێستیڤاڵەوە پێمانڕاگەیەندرا کە کورتە فیلمەکانمان هاوشان لەگەڵ زیاتر لە 130 کورتە فیلمى جیهانى لەبەشی پێشبڕکێی حەڤدەمین خولى فێستیڤاڵەکە بەشدارە، فێستیڤاڵەکەش لە رۆژانى 23 بۆ 31/10/2010 بەڕێوەدەچێ.
هەوراز گوتیشی: جێگاى خۆشحاڵیە بۆ ئێمەى دەرهێنەرانى کورد کە بتوانین لە فێستیڤاڵێکى ئاوا جیهانى و هاوشانى هونەرمەندە جیهانییەکان بەشدارى فێستیڤاڵێکى ئاوا بکەین، کە هاوشانى ئێمە فیلمێکى ئێرانى و فیلمێکى عەرەبیش لەو فێستیڤاڵە بەشدارە.
شایانى باسە هەرسێ کورتە فیلمەکە لە حەوتەمین فێستیڤاڵی بەدرخان لە واشنتۆن نمایش کران و بوونەجێی سەرنجى بینەرانى کوردو ئەمریکى ئامادەى فێستیڤاڵەکە.