سەدیق سەعید رواندزی
نۆزدەی ئایار، وەک مێژووێک، بیرەوەریەکی سیاسیء شۆڕشگێڕی دیارە، لە مێژووی خەباتء تێکۆشانی سیاسیء نەتەوەیی خەڵکی ڕواندز، کە ھەمیشە، وەک ناوچەیەکی جوگرافی دیار، بە گوندو دێھاتەکانییەوە، ڕۆڵێکی دیاری لە بەرەنگاربوونەوەی ستەمی سیاسی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عیراق بینیوە بە تایبەتیش بە عس. لە نۆزدەی ئایاردا، بوڕکانی ڕقء توڕەیی دانیشتووانی شار، لە ئاست زوڵمء ستەمەکانی بە عسی فاشیدا، گە یشتە ئاستی تەقینەوەو لە ماوەی تەنھا ڕۆژێکدا، شاریان ئازاد کردو، دامو دەزگا داپلۆسێنەرەکانی بە عسییان ڕاماڵی. بەرھەمی ئەو ڕاپەڕینە، وێرای قوربانیدان، چونکە بێگومان ھیچ خەباتء تێکۆشانێک بێ قوربانیدان نابێت، ھاوکات بۆ ماوەی ساڵێکیش شاری ڕواندز ئازاد کرا. بەڵام لەوە گرنگتر، دەسکەوتی لەوە بە بەھاتر، تۆمارکردنی ڵاپەڕەیەکی دیکە بوو، لە مێژووی تێکۆشانی خەڵکی ڕواندزء دۆڵی ئاکۆیان، کە ھەمیشە، مەڵبەندی ھەستانەوەکانی دوای شکستء قوربانیدانء خۆڕاگری بووە، چ لە خەباتی شارء ڕێکخستنء نھێنییەکاندا، چ لە خەباتی چەکداریء شۆڕشگێڕی. ئەو ڕاپەڕینە، لە ھەڵومەرجێکدا بەرپا کرا، کە بە عس لەلوتکەی بە ھێزیء دەسەڵاتی خۆی دابوو. بەئەندازەیەک کە ھەر یاخیبوونء ھەڵگەڕانەوەیەک لە ئاستیدا، دەرەنجام بە گیانی کە سەکان تەواو دەبوو.وەلێ چونکە ئازایەتیء خەباتی سیاسی ء شۆڕشگێڕی لە پێناو ئازادیء سەربەستیدا، ھەمیشە لە خەسڵەتە دیارەکانی خەڵکی ڕواندزء بە تایبەتیش دێھاتەکانی بووە،ئیدی سڵیان لە ھەموو جۆرە ترسءدەرەنجامێک نەکردەوەو لە نۆزدەی ئایاردا، دژ بە ستەمەکانی بە عس ڕاپەرین.ئەو ڕاپەڕینە لە پاڵ سەلماندنی ئازایەتی دانیشتووانی شار، لە ڕۆژگارێکی یە کجار سەختء پڕ لە ترسء دڵەڕاوکێء نیگەرانیدا، ھەروەھا خەبات بۆ ژیانێکی ئازادو سەربەست،ھاوکات یەکگرتووییء ھاو ھەڵوێستی، چینء توێژەکانی شاریشی دەرخست. بەوەی کە ھەر کاتێک، مەترسی بکەوێتە سەر بوونء ژیانی ھاوشارییان،ئەوا یەکدەستء یەک دەنگ، دژ بەو مەترسیانە دەوەستنەوە. بۆیە ئەو ڕاپەرینەی ڕواندز، ئەوەندەی ڕەنگدانەوەی ئەو گیانە نەتەوەییء نیشتمانیەیە، ئەوەندە پەیوەست نە بوو، بە دۆخی بابەتیء ھەڵومەرجی سیاسی ڕژێم. ئامانجی ھەموو ڕاپەڕینێک، ستراتیژیەتێکە، کە ڕیفۆرمء گۆڕانکاری ڕیشەیی، لە لایەنە ھەرە دیاریەکانیەتی. ئەگەر شۆڕشء ڕاپەرینەکان بە تەنھا ببەستینەوە، بەو بارودۆخە کاتیەی کە تیایدا ئەنجام دەدرێت، ئەوا بێگومان بە ئاسایی بوونەوەی دۆخەکە، ئامانجی ڕاپەڕینەکەش نامێنێت. بۆیە ھەموو یاخیبوونێکی سیاسیء شۆڕشگێڕی، بەرھەمی ستەمء چەوسانەوەیەکی دوورو درێژی ڕژێمەکانە، بەرامبەر بە ھاووڵاتییان. ئیدی لە چرکە ساتێکی مێژوویدا،دەگاتە ترۆپکءتاکەکان ناچار دەبن قوربانی بە ڕوحی خۆیان بدەن، لە پێناو گۆڕانکاری لە بوونء ژیانیان بە ئاراستە یەکی نوێتر. خودی ڕاپەرینەکان، لە کاتی ڕوودانیاندا، لە ئاستی مێژووییء زەمینەی بابەتی، بەرھەمی ئەو زەمەنە مێژوویەن، کە ڕاپەڕینەکەی تێدا ئەنجام دەدرێ. بەڵام لە ئاستی فیکریء پاڵنەری سایکۆلۆژیءھەڵومەرجی خودی، ئەوا بەرھەمی زەمەنێکی درێژە، لە بیر کردنەوەو کەڵەکەبوونی ڕقء توڕەییء ھەوڵدان بۆ گۆڕانکاری،تا سەرەنجام دێتە کایەوە. بۆیە من پێم وایە، ڕاپەرینی نۆزدەی ئایاری شاری ڕواندز، ئەوەندەی ڕەنگدانەوەی ئەو ستەمە مێژوویە بوو، کە لەو شارە دەکرا، ئەوەندە پەیوەندی بە ھێڕشی چەند خۆفرۆشێک نەبوو، بۆ سەر گوندەکانء تێکدانی خانووەکان. بەڵام ئەو کردارانە، دواجار دەکرێنە بیانووی ڕوودانی کردارێکی گەورەترء ڕووداوێکی مێژوویی گەورەتر، کە ئەو یش ڕاپەرینە، کە ئامانج تیایدا، رزگاربوونە لە دەست زوڵمء ستەمء گەیشتن بە ژیانێکی ئازادو سەربەست. کەواتە بەر لە ھەموو شتێک پاڵنەری نەتەوەییء نیشتمانی لە پشت ئەو ڕاپەڕینەی ڕواندز بوو. وەک چۆن لە ڕابردووشدا، ڕواندز زۆر جاری تر، دژ بە ستەمەکانی بە عس ڕاپەڕیوە، وەک ڕاپەرینی قوتابیانی دواناوەندی ڕواندزی تێکەڵاو لە ٢٨/٣/١٩٨٣. کەواتە دەکرێ بڵێین، وەستانەوە لە ئاست ستەمی سیاسیء خەبات لە پێناو ئازادیء سەربەستیدا، ھاوکات بڕوابوون بە دۆزێکی ڕەوا، کە ھەموو مافێکی نەتەوەیی ھەبێت، کە ئەویش گەلی کوردە، فاکتەری بنەڕەتی ئەو ڕاپەڕینانەبوون، کە خەڵکی ڕواندز لە ڕابردوودا ئەنجامیان دا، بە تایبەتیش ڕاپەرینی نۆزدەی ئایار. لەو ڕوانگەیەوە، وەک یادەوەریەکی سیاسیء نەتەوەیی، ھاوکات بەرز ڕاگرتنی ئەو مێژووە، لە ڵاپەرەکانی تێکۆشانی گەلی کورد بە گشتی ء شاری ڕواندز بە تایبەتی، ساڵانە لە ھەمان ڕۆژدا بە چەندین چاڵاکی جۆراو جۆر، یادی ئەو ڕۆژە بە شکۆمەندییەوە، بە بەشداری ھاوشاریان بە گشتیء بە شداربووانی ڕاپەڕینەکە دەکرێتەوە. ئەوەی بۆ ماوەی سێ ساڵە، جیاواز لە ھەموو یاد کردنەوەکانی تری ئەو ڕۆژە، لە پەراوێزی چاڵاکییەکاندا، خۆشحاڵی کردوومە وەک ھاووڵاتییەکی ڕواندز، چاپکردنء بڵاوکردنەوەی کتێبێکءدوو نامیلکەیە، لە بارەی مێژووی ڕواندز بە گشتی. بێگومان ئەو بڵاوکراوانە، ئەگەر لە ئاستی قەبارەو ڵاپەڕەدا بچووکبن، ئەوا لە ئاستی ناوەڕۆکء کۆمەککردنی خوێنەرء دانیشتووانی دەرەوەی ڕواندز، لە بارەی زانیاریی مێژووییء کلتوورییء سیاسی شاری ڕواندز، بایەخی خۆیان ھەیە.گرنگی ئەو بڵاوکراوانە لەوە دایە، کە ڵاپەڕەیەک لە مێژووی شاری ڕواندز بە سەر دەکاتەوە، بە ئامانجی ئاشناکردنی ھاووڵاتیان، بەو زانیاریانەی، کە ڕەنگە پێشتر نەیانبیستبێت. بۆیە ئەوەی بۆ ماوەی سێ ساڵە جوانییەکی دیکەو ڕەھەندێکی دیکە، بە چاڵاکییەکانی یادکردنەوەی ڕاپەڕینی نۆزدەی ئایاری شار دە دات، بڵاو کردنەوەی سێ کتێبە، بە ناوەڕۆکء زانیاری جیاواز، بەڵام لە پێناو یەک ناونیشاندا، کە ئەویش خزمەتکردنە بە بواری فەرھەنگیء کلتووری ئەو شارە. چونکە ھەریەک لەو کتێبانە، بە جۆرێک لە جۆرەکان خەرمانەیەک، دەخەنە سەر مێژووی فەرھەنگی ئەو شارە. ھاوکات دەروازەیەکی سەرەتاییش بۆ کەسانی تر، بە ئامانجی ناسینء خوێنەوەی مێژووی ڕواندز دەکاتەوە. بۆیە ئەگەر ناوەڕۆکی ئەو کتێبانە،پەیوەندییشیان بە ڕاپەرینە کەوە نەبێت، بەڵام تەنھا بڵاو کردنەوەیان لەو ڕۆژەدا،ماناو ڕەھەندی خۆی ھەیە. چونکە شێوەیەکی دیکەی بەرز ڕاگرتنی ئەو ڕووداوەیە، لە مێژووی شاری ڕواندز. لێرەدا، وەک خوێنەرێک ڕانانێکی خێرا، بە مەبەستی زیاتر ناساندنی ناوەڕۆکء گوتاری ئەو سێ بڵاو کراوەیە، کە لەو سێ ساڵەی دواییدا، لە یادی ئەو ڕاپەرینە بڵاو کراونەتەوە، دەکەین.
یەکەم/ ڕواندز لە ئێستاو ڕابردوودا:_
ئەم کتێبە ھاوڕێء برای نووسەرم (حسین مستە فا) ئامادەی کردوەو لە(١١٨) ڵاپەرە پێکھاتووە. ئەو کتێبە لە بیرەوەری بیستء شە ش ساڵەی ڕاپەرینی ڕواندز لە (١٩/٥/٢٠١٣)بڵاو کرایەوە لە ڕۆژی چاڵاکییەکانی پێنجەمین فیستیفاڵی ڕۆژی ڕواندز. ناوەڕۆکی ئەو کتێبە، کۆکردنەوەی چەندین زانیاریء ئامارە، لە بارەی مێژووی ڕواندز لە ڕووی کارگێریء پەروەردەییء کلتوورییەوە. بۆ ئەم مەبەستەش، نووسەر مێژووی ڕواندز ھەر لە سەرەتای ئۆغز بەگەوە تاکو سەردەمی بە قەزابوونەوەی باس دەکات. نووسەر لە کۆکردنەوەی زانیارییەکان، پشتی بە کە سایەتیء دامو دەزگای حکومیء فەرمانگەکانی میری بە ستوە. بۆ ئەم مەبەستەش تا ڕادەیەکی زۆر، ھەوڵیداوە، بە شێوەیەکی سەربەخۆ، لە ھەریەک لەو لایەنانە بدوێت، کە تایبەتن بە بواری جوگرافیء کارگێریء کلتووری شار. نووسەر بە کورتی، بەڵام بە پوختی، ئاماژەیەکی وردی بە ڵاپەڕەکانی مێژووی ڕواندز، لە ڕابردوو ئێستا داوەو گەڕاوەتەوە سەر چەندین سەرچاوە. کاک حسین، ئەگەرچی لە ئامادە کردنء نووسینی کتێبە کەیدا، پشتی بە سەرچاوەی کەسانی ترء داتاو ئامارء زانیاری فەرمانگە کان بە ستوە، بەڵام کۆکردنەوەی ئەو سەرچاوانەو سەرلەنوێ پێداچوونەوەیانء نووسینی پەراوێزبۆیان، کارێکە جێگەی نرخاندنء پێزانینە. چونکە کارێکی لەو شێوەیە شەونخونیء ماندووبوونی دەوێت. بەو پێیەی نووسەر، لە تەنھا کتێبێکدا، زانیاری چەندین سەرچاوەی جۆراو جۆری دیکەی خستۆتە ڕوو. ئەم کتێبەی حوسێن مستەفا، ھاوشێوەی بیبلۆگرافیایەکە، لە بارەی ڕواندزەو، بۆ ئەوەی ھەرکەسء خوێنەرێک مەبەستی بێت، سەرەتایەکی لە خەرمانەی دەوڵەمەندی مێژووی ڕواندز لە ھەموو ڕووەکانەوە دەست بکەوێت و بیخوێنێتەوە. لە کتێبە کەدا، ناوی بەرپرسە کارگێڕیەکانی ڕواندز، ئەوانەی پێشتر لە ڕووی کارگێریەوە ئەو شارەیان بە ڕێوە بردوە، لە گەڵ مێژووی بوارەکانی پەروەردەو تەندروستیء ھونەریء سیاسیء مێژووییء کلتووری، بە زمانێکی سادە خراوەتە ڕوو. کە ئاشنایەکی سەرەتاییء باش دەداتە خوێنەران. ئەوەی لە ناوەڕۆکی ئەو کتێبە دا ھاتووە، کۆکراوەیەکی زانیارییەکانە، لە بارەی فەرمانگە کانی ڕواندزء لایەنی جوگرافیء کارگێڕی. تا ساڵی دوو ھەزارء سێزدە، کە ڕێکەوتی بڵاوبوونەوەی کتێبەکەیە لە نۆزدەی ئایار. بۆیە دەبێ دوای چەند ساڵێکی تر، ناوەڕۆکی ئەو کتێبە، بە کۆمەڵێک زانیاری دیکەی جیاواز، چاپء بڵاو بکرێتەوە. چونکە بە شێکی زۆری ئەو داتاو ئامارانەی ئاماژەیان پێکراوە، دوای چەند ساڵێکی دیکە، گۆڕانیان بە سەر دادێت. وەک: ژمارەی قوتابیانء گۆڕانکاری لە بەرپرسە کارگێڕییەکانی شارء ژمارەی دانیشتووانء بواری ڕۆژنامەنووسیء بوارەکانی دیکەی خزمەتگوزاری. ئومێدەوارم ھاوڕێم حسێن مستە فا، بتوانێت لە داھاتوودا، سەرلە نوێ ئەو بیبلۆگرافیایە، بە کۆمەڵێک زانیاری دیکەو ناوەڕۆکێکی دیکەی دەوڵەمەند، چاپء بڵاو بکاتەوە. لە گەڵ ئەوەشدا،تێبینی ئەوەم کرد، کە لە دیاریکردنی سنووری جوگرافی شاری ڕواندز لە ڵاپەڕە بیستء دوو، نووسەر ئاماژەی بە گشت لایەکان داوە، تەنھا خۆر ئاوای شارەکە نەبێ لە ڕووی جوگرافییەوە، کەخۆر ئاوای ڕواندز چ ناوچەو شوێنێکە. ھاوکات نووسەر، لە ڕێزبەندی ئاماژە کردن بە فەرمانگەو بنکەکانی ڕواندز، لەڵاپەرە بیستء سێی کتێبەکە، ناوی یانەی وەرزشی ڕواندزی لە بیرچووە.ئەگەر چی لە بەشی دوایی کتێبەکە بە کورتی ناوی ھێناوە. بەڵام گونجاوتر بوو، لە ڕێزی فەرمانگەو بنکەکانی شار ناوی بھاتبا. ھاوکات بە پێی زانیارییەکانی من، ئەو کاتەی ڕاپەڕینی قوتابیان ڕوویداوە، قوتابخانەی دواناوەندی ڕواندز(تێکەڵ)بووە. واتە ھی کوڕانء کچان. نەک دواناوەندی ڕواندزی کوڕان وەک ئەوەی نووسەر ئاماژەی پێکردووە.دیارە ئەمە پەیوەندی بە مێژووەوە ھەیە، بۆیە دەبێ وەک خۆی ئاماژەی پێبدرێت. بێگومان ھەوڵء ماندووبوونی کاک حسین بەو کتێبەوە دیارە، بۆیە جگە لە دەست خۆشانە، وەک خوێنەرێک ھیچی ترم بۆی نییە. پەنا بە خوا لە ئاییندەدا بە پێی دەرفەت، بە درێژی لەو کتێبە دەدوێین.
دووەم/ شارەکەم بناسە:_
ئەم کتێبە بچووکە کە لە شێوەی نامیلکەیەکدایە، لەلایەن ھاوڕێم(مامۆستا دادیار ئازاد)ەوە لە دووتوێی (٤٠) ڵاپەڕەو، بە دیزایینێکی ڕەنگاو ڕەنگء جوانء بە ھەرسێ زمانی کوردیء عەرەبیء لاتینی، نووسراوە. ئەم نامیلکەیە، لە بیرەوەری بیستء ھەفتەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی ڕواندز لە ڕێکەوتی(١٩/٥/٢٠١٤) بڵاو کرایەوە. ناوەڕۆکی ئەو نامیلکەیە، گوزەرێکی خێرایە بە ھەڵکەوتەی ڕواندو شوێنی جوگرافیء کە مێکیش باس لە مێژوو، فەرمانگەکانی شار دەکات. وێرای بە کورتی باسکردن لەبواری ڕۆژنامەنووسیء ڕۆشنبیریء ھونەری شار. جگە لە ئاماژە کردن بە ڕاپەڕینەکانی شارو دواتریش چەند وێنەیەک. ئەو بەرھەمەی مامۆستا دادیار،ھاوشێوەی ڕێبەرێکی گەشتءگوزاریء شوێنەوارییە، بە مەبەستی ناساندنی شار. چونکە زانیارییەکی زۆری تێدا نییە، وەک کتێبەکەی کاک حسێن. ئەم نامیلکەیە، گرنگی لەوە دایە، کە ھەموو کەسێک دەتوانێ وەک ڕێنوێنیەکی سەفەر، بۆ ئەو شارە ھەڵیبگرێت. بۆ ئەوەی زانیارییەکی سەرەتایی لە بارەی ڕواندزەوە ھەبێت. دیارە بە ھۆی بچووکیء کەمی ڵاپەڕەکانی بڵاو کراوەکە، نووسەر نەیتوانیوە، ناوەڕۆکی بابەتەکەی درێژ بکاتەوە، یاخود خۆی مەبەستی نەبووە. بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا، دیزایینء لایەنی ھونەری چاپکردنی نامیلکەکە، ھێندە جوانء سەرنج ڕاکێشە، کە لە کاتی خوێنەوەیدا، سەرنجی خوێنەر ڕادەکێشن. بەڵام لێرەدا تێبینیەکی گرنگ ھەیە کە دەبێ ئاماژەی پێ بکەین، ئەویش ئەوەیە، بە شێک لەو زانیاریە گشتییانەی لە بارەی ڕواندزەوە باسکراون، لە ڕووی مێژووییء بابەتەوە، لە گەڵ ھەمان ئەو زانیارییانە یە کناگرنەوە، کە لە کتێبەکەی کاک حسێن باسکراون. جا نازانم ھۆکارەکەی چییە. پێویست دەکات، ئەو زانیارییانە لە ڕووی مێژووییەوە یەک بخرێن. تاکوسەرلە خوێنەر نەشێوێنن. بۆ نموونە: لە کتێبەکەی کاک حسێندا، ناوی ڕواندز مێژووێکی ھێندە کۆنی نییەو نا گەڕێتەوە پێش ھەزاری کۆچی، بەڵام لە نامیلکەکەی مامۆستا دادیاردا،ئەم شارە لە ھەزارەی یەکەمی پێش زایین، پایتەختی دەوڵەتی مەساسیر بووە. لە کتێبەکەی کاک حسێندا، ڕواندز نزیکەی سەد کیلۆمەتر لە ھەولێر دوورە، بەڵام لەوەی مامۆستا دادیار سەدو چوار کیلۆمەتردوورە. لە کتێبەکەی کاک حسێندا، ڕواندز نزیکەی ھەزار مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. بەڵام لە نامیلکەکەی مامۆستا دادیار، زۆرتر لە ھەزار مەتر، واتە ھەزارء شەش مەتر بەرزە. لە کتێبەکەی کاک حسێندا، ڕواندز لە ساڵی ١٩٢٢خراوەتە سەر لیوای ھەولێر، بەڵام لەوەی مامۆستا دادیاردا، لە ساڵی ١٩٢٣خراوەتە سەر لیوای ھەولێر. لەکتێبەکەی کاک حسێندا، ژمارەی دانیشتووانی شار، بە دوانزە ھەزار کەس خەمڵێنراوە، بەڵام لە نامیلکەکەی مامۆستا دادیار، ژمارەی دانیشتووانی شار، بیست ھەزار کەسە. لە نامیلکەکەی مامۆستا دادیاردا، تورکەکان لە ساڵی ١٩٢٢ (ڕەمزی بە گ)یان کردۆتە قایمقامی ڕواندز،بەڵام ناوی ئەو قایمقامە، لە لیستی ناوی بەرپرسە کارگێڕییەکانی شار، لە کتێبەکەی کاک حسین نەھاتووە. کە ئاماژەی بە ناوی سەرجەم قایمقامەکان کردوە.ئەگەر بە ناوێکی تریش ئاماژەی پێکرابێت، ئەوا دەبوو لە نێوان دوو کەوانە دا ڕوونبکرێتەوە. وێرای ئەمانەش لە ھەردوو کتێبەکەدا، ژمارەی گوندەکانی سنووری قەزای ڕواندز بە پەنجا گونددەستنیشانکراون. بەڵام بە پێی زانیارییەکانی من، لە سنووری یەکەی کارگێڕی قەزای ڕواندز، چلء دوو گوند ھەیە.،ئەمانە بەشێک بوون، لەو جیاوازیە مێژوویانەی لە نێوان ھەردوو کتێبەکەدا، بەرچاوم کەوتن.کە دەکرێ لە داھاتوودا، ئەو زانیارییانە، بەمەبەستی دڵنیایی زیاتر لای خوێنەر، پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت.
سێیەم/ ڕاپەڕینی ڕواندزێ_ئەم بڵاو کراوەیە، کە لە شێوەی نامیلکەیەکدایەء لە (٧٠) ڵاپەڕە پێکھاتووە، لەلایەن برای نووسەر ھاوڕێم(حسن مستەفا)ەوە نووسراوە. ئەمساڵ لە بیرەوەری بیستء ھەشتەمین ساڵڕۆژی ڕاپەڕینی ڕواندز، لە ١٩/٥/٢٠١٥بڵاوکراوەیە. بایەخی ئەو کتێبە لەوەدایە، کە تایبەتە بە ڕاپەڕینی ڕواندز، لە ساڵی ١٩٨٧واتە ناوەڕۆکی کتێبەکە، تایبەتە بە و ڕووداوە سیاسیء شۆڕشگێڕییە، لە مێژووی ڕواندزو وەک دوو کتێبەکەی تر، نەچۆتە سەر لایەنەکانی دیکەی شار. ئەوکارەی کاک حسن، بە یەکێک لە کارە ھەرە گرنگء جوانەکان دادەنرێت، کە ئەمساڵ لە پەراوێزی یادکردنەوەی ڕاپەڕینەکە، وەک ھاوشارییەکی نووسەر یەکجار خۆشحاڵی کردم. چونکە یەکمجارە، ڕاپەڕینی ڕواندز، لە ڕووداوێکی مێژوویی گێڕدراوەوە، بکرێتە دەقء نووسین. بە پێی زانیارییەکانی من، ئەم نامیلکەیە، تاکە کتێبی بڵاوکراوەی تایبەت بە و ڕاپەڕینەیە، کە بە درێژایی بیستء ھەشت ساڵی ڕابردوو، نووسرابێت. لە دوو توێی ئەو نامیلکەیەدا، نووسەر بە وردی لە ھۆکارەکانی ئەو ڕاپەڕینەو، کاتء ساتی ئەنجامدانیء ناوی شەھیدەکانء بە شداربووانی ڕاپەڕینەکە دواوە. وێرای ئەمەش لە ڕووی مێژوویەوە، باسێکی کورتی لە بارەی دەرەنجامەکانی دوای ئەو ڕاپەڕینەو، پەلاماری بە عس بۆ سەر شارء ئەنفالکردنی ھەژدە ڕۆلەی شار، لە بەرە بەیانێکی زوو کردوە. نووسەر، بە پشت بە ستن بە چەندین سەرچاوەی زانیارییەوە، بە تایبەتیش کە سەکان، دە گەڕێتەوەئەو چرکە ساتانەی ڕاپەڕینەکەی تێدا ئەنجام دراوە. ھەروەھا ھێڕشی سەربازی دوژمن بۆ سەر ناوچەکەو ھەوڵدان بۆ تێکدانی خانوەکان، بەر لە تەقینەوەی بوڕکانی توڕەیی جەماوەر. وێرای گێڕانەوەی ئەو ڕۆژانە بە نووسین، لە کۆتایی نامیلکەکەدا، نووسەر لە دوو پاشکۆی جیاوازدا، ناوی ئەنفالکراوانء داواکراوانی شار، لە لایەن دادگای بە ناو شۆڕشی بەعسەوە، لە گەڵ چەند دیکۆمێنێکء وێنەی شەھیدەکانی بڵاو کردۆتەوە. ئەو بەڵگەنامەی بەعس، کە نووسەر لە کتێبەکەی جارێکی تر بڵاویکردوونەتەوە، بایەخێکی گرنگی مێژووییء دیکۆمێنتاریان ھەیە. چونکە بەڵگەی ئاشکرای ئەو تاوانەی بە عسە، بەرامبەر بە قوربانییەکان. تا ئەو بەڵگەنامە نەدۆزرانەوە، دایکء باوکی زۆر لەو شەھیدانە، ھەمیشە چاوەڕوان بوون، سۆڕاغێکء ھەواڵێکیان بزانن. ئەگەرچی دڵنیاشبوون لەوەی کە نەماون. وێرای ئەمەش ئەو بەڵگانە، ڕەھەندێکی یاساییء دادگاییان ھەیە، لە بارەی تاوانی شەھیدکردنی ئەو زیندانیانە. بەوەی کە دەتوانرێت، ھەم لە ڕووی نێوخۆییەوە، ھەمیش لە ئاستی دەرەوە، وەک بەڵَگەیەکی یاسایی، بۆ ساغکردنەوەی تاوانێکی دیکەی بەعس، بخرێنە ڕوو. ئەو نامیلکەیە، سەرجەم ئەو زانیاریە پەرتبوانەی لە دوو توێی گوتارێکی پوختدا، لە بارەی ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٨٧ی ڕواندز، کە پێشتر باسدەکران، کۆکردەوە. چونکە لەمەودوا،ھەر کەسێک مەبەستی بێت، دەتوانێت بە خوێنەوەی ئەو کتێبە، زانیاری لە بارەی ئەو ڕاپەڕینەوە دەستبکەوێت. دەبوو زۆر زووتر، ئێمە مانان کارێکی لەو شێوەیەن بکردبایە. بۆیە ئەو کارەی کاک حسن، جێگەی نرخاندنء ستاییشکردنێکی زۆرە. ھاوکات وەفاو پێزانینێکیشە بۆ قوربانییەکان. لێرەدا دەمەوێ ئاماژە بە دوو لایەنی گرنگی ئەو کتێبە بکەم، کە وەک خوێنەرێک لە کاتی خوێنەوەی کەوتنە بەر چاوم، ئەوانیش، یەکەم: زمانەکەیەتی، دووەم: خۆبواردنە لەکەوتنە ژێر کاریگەری سیاسی ئەو ڕووداوە، لە گێڕانەوەی ئەو مێژووە. کاک حسن، بەو پێیەی بە شێوەزاری ڕواندزیان ئەو کتێبەی نووسیوە، لە کاتی خوێنەوەیدا، خوێنەر، بە تایبەتیش ڕواندزییەکان، چێژێکی تایبەتی لە خوێنەوەی وەردەگرن. چ زمانی نووسینی کتێبەکە، چ ناونیشانە کەی واتە (ڕاپەڕینی ڕواندزێ) مۆڕکی شێوەزاری ڕواندزیان، لە ڕووی زمانەوانییەوە پێوە دیارە. کاک حسن مەبەستی بووە، وەک خۆی خۆرسکانە، ئەو ڕووداوە بێ ھەموو جۆرە ڕتوشکردنێک بگێڕێتەوە. ھەربۆیەشە بە زمانی ڕواندزیان، کتێبەکەی نووسیوە. لەلایەکی ترەوە، نووسەر ھوشیارانەو بە ئاگاییانە، لە نووسینەوەی ئەو ڕووداوە، خۆی بواردوە لە ھەموو جۆرە ئایدۆلۆژیاء کاریگەری سیاسیء حزبیانەی ڕووداوەکە. بۆیە بە درێژایی کتێبەکەی، لە تاکە یەک شوێنیش ھەست ناکەین، نوسەر کەوتبێتە ژێر کاریگەریەتی ڕەھەندی حزبیانەی ئەو ڕاپەڕینە. بە پێچەوانەوە، نووسەر ڕاپەڕینەکە، بە دەسکەوتی کۆی دانیشتووانی شار دەزانێت. ئەو بێلایەنیە لە باسکردنی مێژووی ڕاپەڕینەکە، خەسڵەتێکی جوانی کتێبەکەیە.چونکە زۆر جار ھەوڵئەدرێت، مۆڕکێکی حزبیانە، بەو ڕووداوە بدرێتء بکرێتە ڕاپەڕینی ھێزێکی دیاریکراوبە نموونە. لە کاتێکدا، خودی ئەو ڕاپەڕینە، سەرچاوە کەی بە تەنھا، تەقینەوەی بوڕکانی ڕقء توڕەیی چەند ساڵ کەڵەکەبووی دانیشتووانی شار بوو، بە ڕووی جەلادەکانی بە عسدا. لە کۆتاییدا، وێرای دەستخۆشانەم، بۆ نوسەری ھەرسێ کتێبەکە، دە مەوێ ئاماژە بەوەش بدەم، کە بەرگی ھەر سێ کتێبەکە، بە بیرۆکەیەکی ھونەریانەی جوان، لەلایەن ھونەرمەندی پەنجە ڕەنگین(تیب معتسم) نەخشەسازی کراون.