حەمەسوار عەزیز : ئامەد و یەکەم فیستیڤاڵی شانۆ:
بە نمایشکردنی ١٧ حەڤدە نمایشی شانۆیی و گرێدانی سیمنارێک بۆ ھونەرمەند موحسین عوسمان و کەمال ئۆرگەن و ئاشکراکردنی براوەکانی دووەم پێشبڕکێی تێکستی کوردی کە تیاییدا ھەریەک لە شانۆکاران دڵشاد حوسێن و گەزیزە عومەر خەڵاتی یەکەم و دووەمی ئەو پێشبڕکێیەیان بردەوە، یەکەم فیستیڤاڵی شانۆی کوردی لە ئامەد لەڕۆژانی ٢٩-٤ تا ٦-٥ لە شاری دیاربەکر بەڕێوەچوو، تیاییدا سێ نمایش لە باشووری کوردستان و نمایشێک لە ڕۆژھەڵات سێزدە نمایش لە باکوور بەشدارییان تێداکرد.
خزمەتکاری دوو خانەدان و کۆمیدیای دیلارتێ:
یەکەم بەرکەوتنمان لەگەڵ نمایشێکی شانۆیی شاری ئامەد ، شانۆگەری ( خزمەتکاری دوو خانەدان) کە لە دەرھێنانی شانۆکاری لاوی ئامەد (ڕوکنەدین) بوو،ئەم شانۆگەرییە دوای ۆرکشۆپێکی سێ رۆژی کە لەلایەن شانۆکارێکی ناسراوی تورک بۆ شانۆکارانی ئامەد ڕێکخرا بوو، بەرھەم ھاتبوو.
ئەم نمایشە لەسەر ستایلی شانۆی کۆمیدیای دیلارتێ پێشکەشکرا، ئەو کۆمیدییای کە تەمەنی نزیکەی پێنچ سەدەیە کەچی تا ئێستا تاکە نمایشێکی شانۆیی لەسەر ئەو ستایلە لە کوردستانی باشوور پێشکەش نەکراوە، تەنھا ئەو ئەتمۆسفیرە نەبێت کە لە ھەندێک لە نمایشەکانی مۆلێر ھەبوون و لە بنەڕەتەوە لەم ستایلە وەرگیرابوون.
بۆ ئێمەی شانۆکاری کورد بینینی ئەم نمایشە جێگەی بایەخ بوو، چونکە زۆرێک لەو ستایلە شانۆییە دێرینانەی ئەوروپا و جیھان لای ئێمە لە سنووری بابەتی نێو کتێبەکان تێنەپەڕیوون و تەنھا لەڕێگەی ووشە بەو ستایلانە ئاشنا بووین، ووشەکانیش ئەوانە بوون کە لەزمانی دووەم و سێیەمەوە بۆ ئێمە وەرگێڕدرابوون، بۆیە ڕەنگە زۆرێک لە بەھاکانی خۆیان لەدەستدا بووبێت.
کارکردن لەم ستایلە شانۆییە لە شارێکی وەک ئامەد بایەخی خۆی ھەیە دەکرێت لە چەند سەرێکەوە قسەیان لەسەر بکەین، یەکەمیان کۆمیدیای دیلارتێ ئاوێتەیەکە لەدراما و سێرک و ئۆپێرا، پشت بە توانای جەستەیی و دەنگ و زەینی ئەکتەر دەبەستێت، ئەمەش ڕاھێنانێکی زۆر باشە بۆ ئەکتەری کورد کە بتوانێت ھەموو ئەمانە بەیەکەوە بخاتە کارو لەو شێوازە قاڵبگرتووە دووربکەوێتەوە کە زۆرێک لە ئەکتەران لە دەرەنجامی دووربارە بوونەوەی شێوازی ڕیالیستییانەی ستانسلافسکی تیاییدا گیریان خواردووە، دووەمیان شانۆی دیلارتێ لە پاڵ ئەوەی کوالیتیەکی ھونەری بەرزی ھەیە، شانۆییەکی جەماوەرییەو بە پلەی یەکەم پشت بە کۆمیدیا دەبەستێت، بۆیە دەکرێت ئەم جۆرە نمایشە بە شانۆی بینەر ناوزەد بکرێت.
نواندن لەمجۆرە نمایشە ئاوێتەیەکە لە ئەدای پاڵەوانانی سێرک و نامۆبوونی برێختیانەوئیرتیجال و زیادەڕۆیی، دەنگ و جەستە بەدەر لە گوزارشت و ھەستەوەرەکانی نێو تەکنیکی ستانسلافسکی کاریان لەسەر دەکرێت و ئەکتەر لەسەر ڕیتمی ئاوازی موسیقی تایبەت ئەدای چەند جولەیەکی میکانیکی دەکات کە ھاوسەنگە لەگەڵ جوولەی ئەکتەرەکانی تری نێو نمایشەکەو لە چوارچیوەی گشتی دیمەنەکەش ھەمیشە تابڵۆیەکی شێوەکاری جولاو دەبینرێت.
جلوبەرگ بە ڕەنگە زەق و بریقەدارەکانی کاریگەری زۆری لەسەر سیمای نمایش و سینۆگرافیا ھەیە، بوونی جلوبەرگ بەم شێوازەو لەگەڵ ماکیاژ و زۆرجاریش ماسکی سەر ڕوخساری ئەکتەرەکان (کە لەم نمایشە بەکار نەھات) ، ھارمۆنییەک لەگەڵ جوولەی ئەکتەرو شێوازی بەکارھێنانی دەنگ و موزیک دروستدەکات، ئەمانە لەنێو سینۆگرافیا و دیکۆڕێکی تایبەتدا، ئەتمۆسفێرو فەزایەکی تایبەت بە نمایشەکە دەبەخشێت کە زیاتر لە تابلۆیەکی شێوەکاری کلاسیک دەچێت.
زیادەڕۆیی و موبالەغە سیمای سەرەکی ئەم نمایشەیە ھەر لە ئەدای ئەکتەرو تا دەگاتە جلوبەرگ و ماکیاژ و سینۆگرافیا، ئەمەش زیاتر بۆ ئەوەیە کە فۆرمیکی کۆمیدی تایبەت بە نمایش ببەخشێت و پاڵپشتێکی بەھێز بێت بۆ چیرۆکی شانۆییەکە کە خۆی لە بنەڕەتەوە کۆمیدیییە.
ئەوەی لەم نمایشە زیاتر سەرنجی ئێمەی ڕاکێشا توانای ئەداکردنی ئەکتەرەکان بوو، زۆینەیان بۆ یەکەمجاربوو کار لە ستایلێکی وا بکەن بەڵام بەشێوەیەک دەردەکەوتن وەک ئەوەی ئەزموونێکی زۆریان لەم شانۆییە ھەبێت و جوانکارییەکی زۆر لە ئەداکردنیان دەبینرا، بەتایبەتیش بەڕووە کۆمیدییەکەی .
کالیگۆلا لە سلێمانییەوە ھاتبوو:
بە بینینی ئەو نمایشە وەک بینەرێک ھەست بە نائامادەیی ئەو کارەکتەرە دەکەین لە شانۆی کورد کە پێیدەووترێت “دراماتۆرگ”، ئامادەنەبوونی کارەکتەری دراماتۆرگ وایکردووە کەڵێنێک لەنێوان دەرھێنەرو تێکستدا ببینرێت، بینەر لەمجۆرە نمایشە کە سەرتاپای دیالۆگی دوورودرێژە ھەست بە وەڕسبوون دەکات ئەگەر دەرھێنەر دیدگایەکی ڕوونی نەبێت لە بیناکردنی نمایشەکەی و بکەوێتە نێو تەڵبەندی تێکستی نووسەرەوە، لەشانۆیا ھەموو ئەوانەی کە لەسەر تەختەی شانۆ دەبینرێن و دەبیسترێن دەبێت لۆژێکیکی ھونەری و دیدگایەکی جوانکاری کۆیانبکاتەوە، ئەگەر دەرھێنەر نەیتوانی بینای ئەو خوێندنەوەیە بکات لەسەر تێکستی نووسەر دەکەوێتەوە بۆشاییەکی گەورەوەو خۆی و ئەکتەرو بینەریش تووشی دڵە ڕاوکێ دەکات.
بە بینینی من گۆران عەلی کەریم وەک دەرھێنەری ئەم نمایشە نەیتوانی بەسەر سنووربەندی بەھێزی ئەو تێکستەی کامۆ زاڵببێت و کەوتە نێو کرداری خۆخواردنەوەو خۆدووبارەکردنەوە، ھەر لەسەرەتاوە نمایشەکە تووشی سەرشێواوی دەبێت و ئەکتەرەکان ھەم خۆیان و ھەم کارەکتەرەکانیش لەژێر کاریگەری وونبوونی دەرھێنەردا وون دەکەن.
لە سەرەتای نمایشەکەوە ئەدایەکی ڕەق و ووشکی ئەکتەرەکان لە فەزاو ئەتمۆسفێرێکی نائامادە دەردەکەوێت، فەزایەک نە ئەکتەرەکان دەتوانن لەنێوییدا بەدوای کالیگۆلا بگەڕێن نە دەرھێنەریش دەتوانێت ئەو بەرچاوڕونییەیان پێببەخشێت بۆ ئەوەی بەردەمیان ڕوناک بکاتەوە.
سینۆگرافیا لەم نمایشە بارگرانییەکی ترە لەسەر شانی ئەکتەرو نمایش، ئەمە یەکەمجار نییە دەرھێنەری کورد ئەکتەر لەسەر شانۆ ئەچەوسێنێتەوەو دەیخاتە ژێرباری سینۆگرافیا و فەزایەک کە تیاییدا ھەموو تواناکانی دەکوژێت، من ئێستاش لە فەلسەفەی گۆران تێناگەم لە بەکارھێنانی ئەم دوو پەیژەیە کە لە دوو دیمەن بەولاوە لە ھیچ شوێنی تردا ئیزافەی بۆسەر نمایشەکە نەبوو، بە پێچەوانەوە ھەمیشە ھەستت دەکرد ئەکتەرەکان لەژێر قوڕسایی ئەم دوو پەیژەیە ھەموو تواناکانیان دەکوژرێت و ھەموو جوانیەکانی نمایشەکەش تێکدەشکێت.
لە لایەکی تر ئەدای پڕئازارو ناڕەحەتی ئەکتەرەکان و ئەو ھەموو جوولە دووبارەیەی کە لەزۆرینەی دیمەنەکان دووبارە دەبوونەوە، ھەندێک گۆڕانکاری لە سینۆگرافیا کە جوانکاری لە جێبەجێکردنیان نەبوو، وایکرد کە ڕیتمی نمایشەکە ئەوەندە بێزارکەر بێت کە بینەر تیاییدا وەڕس بێت و ھەمیشە چاوەڕوانی کۆتایی نمایشەکە بکات.
ئەدای زۆرینەی ئەکتەرەکانیش گرێدراوی ئەو دیدگا ئالۆزەی دەرھێنەر بوو بۆ نمایشەکە، بۆیە جگە لە سەفین ئەنوەر لە کارەکتەری کالیگۆڵا و سۆنیا لە ھەندێک دیمەندا، ھەموو ئەکتەرەکانی تر وەک یەک ئەکتەر دەبینران و وەک ئەوەی ھەموویان لەنێو یەک کارەکتەر کۆپی کرابن، بۆیە جوانکاری لە ئەداو سادەیی لە دەربڕین بوونی نییەو ھەموو ئەکتەرەکان لەنێو ئەو فەزایەی کە دەرھێنەر خوڵقاندویەتی دەناڵێنن، من گومان دەکەم ئەمە ئەو توندوتیژییە بێت کە ئارتۆ مەبەستیەتی بووە لە نمایشەکانی کاریان لەسەر بکات، چونکە ئارتۆ ویستویەتی توندوزتیژییەکەی کاریگەری لەسەر بینەر دروستبکات نەوەکو بینەر لەنێو ھۆڵەکە وەڕسبکات و ئەکتەرەکانیش لەسەر شانۆ لەجیاتی ئەوەی چێژ لە ئەداکردنیان وەربگرن ئازاتر بکێشن.
دانسی پێنجەم لە ئەستەنبۆڵەوە:
“دانسی پێنچەم” نمایشێکی مۆنۆدراما بوو لە نواندنی (میرزا مەتین) و دەرھێنانی (بەرفین) کە گروپێکی شانۆی کوردیین و بنکەی ئیشکردنیان شاری ئەستەنبۆڵی تورکیایە، ئەم نمایشەش لەسەر ئاستی فیستیڤاڵێکی تورکیا خەلاتی پێنچەمی وەرگرتبوو.
گرنگترین جوانکارییەکانی ئەم نمایشە سینۆگرافیای نمایشەکەو تەکنیکی کارەکە بوو، نمایشەکە باس لە ژیانی زیندانییەک دەکات کە ماوەی ١٠ ساڵ لەنێو زیندانێکی تورکیادا بەسەر دەبات و بەچەندین شێوە ئەشکەنجە دەدرێت تا دان بە تاوانێکدا بنێت کە نەیکردووە.
سینۆگرافیا بریتییە لە تەونێکی جاڵجالۆکە کە فەزای نمایشەکەی داگیرکردووە، گوریسێکی ھەڵواسین و کورسییەکی لێپرسینەوە، ئەمە جگە لە ئەرزیەتی شانۆکە کە بەھۆی ئەو ئاوەی تێیکراوە، شوێنەکە وەک زوخاوخانەیەک دەردەکەوێت.
ھاتنەژوورەوەو چوونە دەرەوەی ئەکتەرەکە لەشێوەی جالجالۆکە ئەو دیدگایە ئەچەسپێنێ کە مرۆڤەکان لەنێو زیندانەکان سیمای مرۆڤبوونی خۆیان لەدەست دەدەن و وەک بوونەوەرێکی بێ نرخ مامەڵەیان لەتەک دەکرێت، ئەتمۆسفیری ئەو زیندانە وا لەو کەسانە دەکات بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوام بن و پەرە بە بەرەنگاربوونەوەی خۆیان بدەن وەک مێروو لەسەر توێشوێکی زۆر کەم بەردەوامی بە ژیان بدەن، چونکە بەردەوامی ئەمجۆرە ژیانە ھەرەسھێنانی ئەو جەلادانەیە کە کار بۆ ئەوە دەکەن لەوجۆرە کەشانە مرۆڤبوونی تاکەکان بکوژن و بیانڕوخێنن.
گەڕان بەدوای دیدگا جوانەکانی دەرھێنەر لەم نمایشە کارێکی قوڕس نییە، ھەر لەداڕشتنی فەزاو سینۆگرافیای کارەکە تا دەگاتە پەیوەندی دوو لایەنەی ئەکتەر لەگەڵ ئەو فەزایەی کە ئەدای کارەکتەرەکەی تیادا دەکات و تەوزیفکردنی ووردەکارییەکانی سینۆگرافیا لە خزمەت ئەدای ئەکتەری نمایشەکە.
لەڕووی فۆرمەوە نمایشەکە بە کوالیتییەکی باش دەبینراو دەرھێنەر زۆر کاری لەسەر داگیرکردنی فەزاو بیناکردنی سایکۆلۆژیەتی ئەکتەرو گرێدانی بە یادەوەرەکانی نەستی بینەر کردبوو، ئەمە جگە لەوەی دەرھێنەر فۆرمێک دروستدەکات کە تەژییە لە جوانکاری بەڵام خاڵی نییە لەو ئەتمۆسفێرەی کە تاکی کورد لە خەیاڵ و نەستی خۆی بۆ زیندانەکانی تورک دروستیکردووە، ئەمەش وایکرد کە لەڕێگەی ھاوبەندییەکی بەھێزەوە بینەری ھۆڵەکە بە نمایشەکە ببەستێتەوە، ھەرچەندە کارەکتەری سەرەکی ئەو ھاوبەندییە سۆزو ھەڵوێستی کاتییەو بەدەرە لە لۆژیکی عەقل و ھزرکردن.
ئەدای ئەکتەری سەرەکی نمایشەکە بە چەند کاتێکی جیاواز تێدەپەڕێت، لە ھەندێکیان وەک ئەکتەرێکی کارامە دەستەمۆی کارەکتەر دەکات و ھەموو توانا جەستەیی و دەنگییەکانی دەدرەوشێنەوە، کەچی لە ھەندێ کاتی تردا بەھۆی لاوازی تێکست و نائامادەیی دەرھێنەر بۆ چارەسەری گونجاو، ڕیتمی ئەداکردنی ئەکتەر دادەبەزێت و دەکەوێتە نێو بۆشایی دووبارەبوونەوە و دووبارەکردنەوە، بە تایبەتیش لە گۆڕانی کارەکتەر لە قوربانییەوە بۆ جەلاد، ھەندێجار ئەو گۆڕانە زۆر پەلەکردنی پێوەدیارە کە وادەکات ھەردوو کارەکتەر تێکەڵی یەکتر بکات و جیانەکرێنەوە.
ئامەد و ئومێدی گەش:
ھەرکەسێ ئەو سیستمە جوانەی کارکردنی ئەو فیستیڤاڵە ببینێت بڕواناکات ئەمە یەکەم فیستیڤاڵی شانۆیە لەو شارە مەزنەدا، ھەموو شتێک لەشوێنی خۆی و لەکاتی خۆی کاری بۆ کراوەو ڕێکخستنێکی ناوازە لە ھەموو لایەکەوە دەبینرێت، ئەمە جگە لەوەی ھەموو وەک سەربازی وون ئیشدەکات و کەس چاوەڕوانی ئەوە ناکات ئەرکێکی پێبسپێردرێت، ئەو زووتر درکی پێکردووەو کاری تیادەکات، ئەمە وامالێدەکات کە ئومێدمان بە ئامەد و شانۆکەی ھەبێت کە لەداھاتوویەکی نزیک ئامەد دەبێتە بنکەیەکی درەوشاوەی شانۆی کوردی وەک چۆن سلێمانی لە ھەشتاکان ئەو بنکەیە بوو، ئەمەش بەو مەرجەی ئەوانیش ھەمان ھەلەی ھەشتاکانی ئێمە دووبارە نەکەنەوە و شانۆ لە پێداویستییەکی کڵتووری و ژیاری نەکەن بە فاکتەرێکی سیاسەتکردن.