راپۆرت: زانا دڵشاد دزەیی
کۆتایی ئەم ھەفتەیە یەک ساڵ بەسەر کۆچی دوایی ھونەرمەند جەلال سەعید تێپەڕ دەبێت، ھونەرمەندێک ھەموو تەمەنێک خۆشیان دەوێت، بەڵام لەگەڵ نزیکبوونەوەی لەرۆژی یادکردنەوەیدا بنەماڵەکەی گلەیی خۆیان لەم راپۆرتەی (سڤیل) ئاشکرا دەکەن، کە لەچاوەڕوانی ئەواندا نەبووە.
جەلال سەعید ساڵی ١٩٥٣ لە شاری مەھاباد رۆژھەڵاتی کوردستان لەدایکبووە و لەشاری رەواندوزیش تەمەنی منداڵی بەڕێکردووە، ھەروەھا لەسەرەتای ساڵانی حەفتایەکاندا دەستی بەکاری ھونەری کردووە و لەگروپی (کرێکارانی کوردستان), کە ھەریەک لەھونەرمەندان قادر زیرەک و نیزام شوکر و عارەب عوسمان و حەمەجەزا لەھەمان گروپدا بوون، تاوەکو کۆتایی تەمەنیشی ھەر بەردەوام بوو لەگۆرانیگوتن لەتیپی ھونەرە میللییەکان، کە لەرۆژی ٩/١٢/٢٠١٣ بەھۆی نەخۆشی شێرپەنجەی پرۆستارت کۆچی دوایی کرد و ١٠ منداڵی لەدوای خۆی جێشت، سێ کوڕ و حەوت کچ، تەنیا (شەماڵ) کە کوڕی گەورەی ئەوە کاری ھونەری دەکات.
ھونەرمەند شەماڵ کوڕە گەورەکەی ھونەرمەند جەلال سەعیدە، کارێکی کرد ناوی جەلال سەعید لەنێو بنەماڵەکەیاندا نەسڕێتەوە، شەماڵ ئەو کارەی بۆ (سڤیل) باس دەکات و دەڵێت “لەدوای کۆچی دوایی باوکم خوا گەورە کوڕێکی پێ بەخشیم کە ئێستا تەمەنی چەند مانگێکە، ناوم ناوە (جەلال) بۆئەوەی ئەو ناوە ھەمیشە لەنێو ماڵمان بمێنێتەوە، تەمەنی بگاتە چوار پێنج ساڵ من فێری گۆرانیگوتنی دەکەم و رێگەی باوک و باپیری بگرێتەوە، بەڵام لەکاری ھونەری بە ناوی (جەلال سەعید) ناوی دێنین نەک (جەلال شەماڵ)، ئینشاڵڵا بەم ئاواتە دەگەم”.
ھەروەھا شەماڵ باسی سێ ئاواتەکەی باوکی دەکات، کە ساڵی پار دوو ئاواتی باسکرد و ئاواتی سێیەمی باس نەکرد، ئێستا ھەر سێ ئاواتی بۆ (سڤیل) باس دەکات و دەڵێت “ئاواتی یەکەمی ئەوە بوو من ژن بێنم و ھاوسەرەکەم ببینێ، ساڵانێکە ھەوڵی لەگەڵ دەدام، بەڵام من رازی نەدەبووم، دواجار کە بەھۆی نەخۆشیەوە سەردانی وڵاتی تورکیامان کرد لەوێ پێیگوتم شەماڵ گیان کە رۆشتینەوە بۆ ھەولێر دەبێ ژن بێنی، سوپاس بۆ خوا ھەفتەیەک پێشئەوەی باوکم کۆچی دوایی بکات من ژیانی ھاوسەریم پێکھێنا، دەیگوت تازە من ھیچ ئاواتێکم نەماوە، ھەروەھا ئاواتی دووەمی ئەوە بوو ئەگەر چاک بێتەوە بچێتە عەمرە بۆ ماڵی خوا، بەداخەوە ئەو ئاواتەی نەھاتەدی، بەڵام ئاواتی سێیەم حەزم نەدەکرد باسی بکەم چونکە پێم وابوو ئەگەر باسی بکەم لەوانەیە کەسانێک بەھەڵە تێبگەن وابزانن باوکم حەزی لە دەوڵەمەندی بووە، بەڵام بۆ ئێوەی باس دەکەم ئەویش ئەوەبوو مەزرەعەی ھەبێ خەریکی بەخێوکردنی مریشک و پەلەوەر بێت، زۆر حەزی لە تێکەڵبوون بوو لەگەڵ پەلەوەر، بەڵام بەداخەوە ماڵی ئێمە ھی ئەوە نەبوو پەلەوەر بەخێو بکات”. ئەمە سێ ئاواتەکەی ھونەرمەند جەلال سەعید بوو.
“ئەگەر مردم تاوەکو دوو رۆژ نەمنێژن، بۆئەوەی ھەموو خەڵک بزانێت”. ئەوە تاکە وەسیەتی ھونەرمەند جەلال سەعیدە کە لەھەمان رۆژی کۆچی دواییدا بەخێزانەکەی گوتووە (شلێر خان). ئەو دەڵێت “بەڵام ئێمە رۆژێک ھێشتمانەوە و مەراسیمێکی شایستە و رێکوپێکمان بۆ ئەنجامدا و بەناو ھەولێر گێڕامان وابزانم ھەموو ھەولێر بەوەفاتی ئەویانزانی”.
پێنج ساڵە بوو ناوبراو تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی پرۆستارت ببوو، بەبێ ئەوەی پێی بزانێت، نەشتەرگەریەک لە ھەولێر و دووجاریش لەسەر ئەرکی سەرۆکی ھەرێم رەوانەی وڵاتی تورکیا کرا، لەوێ شەش دەرزیان بۆ دانا، شەماڵ دەڵێت “جاری دووەم کە رۆشتەوە بۆ تورکیا دکتۆر پێی گوت دەبێ دوو مانگ بمێنیتەوە، باوکیشم گوتی ویژدانم قبوڵ ناکات دوو مانگ لە ھۆتێڵ بمێنمەوە مەسروفاتێکی زۆرم لێ بکرێ و من دەچمەوە. لێرە دەرزییەکمان لێدا زۆر باش بوو، بەڵام دەرزی دووەم ھەردوو گورچیلەی وەستاند”.
بڕیارە لە رۆژی ٩/١٢/ ھونەرمەندانی ھەولێر سەردانی گۆرەکەی بکەن و لەوێ یادی کۆچی یەک ساڵەی بکەنەوە، شەماڵ دەڵێت “ئەوە وەکو وەفایەک بۆ باوکم کە خۆشەویستی ھەموو ھونەرمەندان بوو سەردانی گۆرەکەی دەکەن و بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و ھونەر بەم کارە ھەڵدەستن، ئێمە وەکو بنەماڵەی ھونەرمەند جەلال سەعید سوپاسیان دەکەین، ھەرچەندە ئەوان گوتیان لەبەر ئەم باردۆخەکەی کوردستان مەراسیمێکی گەورەی بۆ ئەنجام بدەن”.
ئەو گلەیی تەنیا لە راگەیاندنەکانی ھەولێر و سوپاسی راگەیاندنەکانی سلێمانی دەکات و دەڵێت “چەندین گۆرانی باوکم ھەیە تەواوی نەکردبوو من دەمەوێت تۆماریان بکەم ھیچ کەس و لایەنێک نییە پارەت بۆ سەرف بکات تاوەکو تۆماریان بکەم، گۆرانی زۆر خۆشن، ھەروەھا گۆرانییەک ھەیە من و باوکم پێکەوە تۆمارمان کردووە، لەسەر خۆیەتی، ئەو دەڵێ دەڕۆم جێتدێڵم، منیش دەلێم چۆن دڵت دێت جێم بێڵی، ئەم گۆرانییە کلیپ نەکراوە، ئەگەر دەزگاکانی راگەیاندن ھونەر دۆستن و جەلال سەعیدیان خۆشدەوێت بۆ کەس پەیوەندیم پێوە ناکەن بڵێت شەماڵ ئێمە لەیادی کۆچی سەعید دەمانەوێت گۆرانییەکی بۆ کلیپ بکەین و بڵاوی بکەینەوە، یان بەرنامەیەکی تایبەتی بۆ بکەن چەند گۆرانییەکی ئەو بڵێینەوە، بۆ کەس نییە؟ بەڵام سوپاسی کەناڵەکانی سلێمانی دەکەین ئەوان ھەمیشە باسی جەلال سەعیدیان کردووە خەڵکی سلێمانی رێز و خۆشەویستییەکی زۆر زۆریان بۆ باوکم ھەیە، ئەوەتا کەناڵی nrt٢ لەسلێمانیەوە ھاتوون بۆ ھەولێر رۆژی ١٠ی مانگ بەرنامەیەکی تایبەتی بۆ دەکەن راستەوخۆ، وا پرۆڤە دەکەین گەشتێک دەکەین بەنێو گۆرانییەکانی باوکم، سوپاس بۆ nrt٢ و ھونەرمەند لوقمان سەلیم، کە پێشکەشکاری بەرنامەکەیە”.