لە بیرەوەری ٢٤ ساڵەی راپەرینی شاری رواندزی ساڵی ١٩٨٧ دژ بەرژێمی بەعس کەرنەڤاڵی رۆژی رواندز بەرێوەچوو. کاتژمێر٣ی دوای نیوەڕۆ رۆژی ١٩_٥_٢٠١١ لە شاری رواندز بە بەشداری بەشی زۆری فەرمانگەکانی حکومی و رۆشنبیری و ھونەری قەزای رواندز
سێیەمین کەرنەڤاڵی رۆژی رواندز دەستی پێکرد ، رێورەسمی کەژاوەی ئۆتۆمبێلەکان لە بەردەم قایمقامیەتی رواندز بەرەو نێو گۆرەپانی یاریگای گەردەگەرد بەردەم ئامادەبووانی ئەم کەرنەڤاڵەبەرێکەوت ، دواتر لە لایەن (سیروان سیرینی ) وتاری لێژنەی سەرپەرشتی کەرنەڤاڵ خوێندرایەوە تیدا تیشکی خستە سەر ئەو رۆژەی کە خەڵکی ئەم شارە بەرامبەر رژێمی بەعس راپەری دەستی بەرسەر رەبیەو مۆڵگاکانی بەعس داگرت.
دواتر لە لایەن پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی رواندز و کۆمەڵەی ھونەرو وێژەی کوردی لقی رواندز ئاھەنگێکی گۆرانی و مۆسیقا دەستی پێکردوو ، بە بەشداربووی ھونەرمەندان ” ماھیر محەمەدئەمین و تەمەن سەید ئەحمد رواندزی و بڕوا ئەرسەلان و ھەڵدێر محێدین و گۆران ساڵح”.
ھەروەھا ھەر بەم بۆنەیەش کۆمەڵەی ھاوڕییانی کتێب ، کتێبخانەیەکی لە نێو شاری رواندز کردەوە.
رۆژی ١٩_٥_١٩٨٧ خەڵکی شاری رواندز بەرامبەر رژێمی بەعس راپەری و دەستیان بە سەر دام و دەزگاکانی ئەم شارە داگرت ،ئەم راپەرینەش چەند ھاوڵاتیەکی ئەم شارە بوونە قوربانی و دەرئەنجامیش ١٣ رۆلەی ئەم شارە ئەنفالکران ، ساڵانە ئەم رۆژە بە کارو چالاکی جۆراوجۆر یادی دەکرێتەوە.
یاسین برایم