مەسعودی مەلا هەمزە : بە ئامادەبوونی هەریەك لە وەزیری رۆشنبیری و لاوان و وەزیری ئەوقاف و كۆمەڵێك لە هونەرمەندان و رۆشنبیران و سینەماكاران سێیەمین فێستیڤاڵی كورتە فیلمی هەولێر دەستی پێكرد. لە دەستپێكی فێستیڤاڵەكەدا هەریەك لە هونەرمەندان “ئەنوەر شێخانی، موحسین محەمەد، رووپاك عەبدولقادر، سابیر عەبدولرەحمان، عەلی ئەحمەد، واحید مەرجان” گەڕانەوە بۆ مێژووی هونەری هەولێر و دوو دیمەنیان لە شانۆگەرییەكانی لاس و خەزاڵ و هەبوو و نەبوو نمایشكرد.
دواتر شاخەوان ئیدریس بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەكەو بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی سینەمای هەولێر وتەیەكی پێشكەش كردو تێیدا باسی لە گرنگی سازكردنی ئەو فێستیڤاڵە كرد، هەروەك ئاماژەشی بەوە كرد كە ئەو كورتە فیلمانەی لەو فێستیڤاڵەدا بەشدارن دابەش كراون بەسەر سێ بەشی سەرەكی، “كورتە فیلمە بەرهەمهاتووەكانی بەڕێوەبەرایەتی سینەما، فیلمە دیكۆمێنتییە بەرهەمهاتووەكانی بەڕێوەبەرایەتی سینەما، فیلمە دەرەكییەكان” كە سەرجەمی ئەو فیلمانە 41 فیلمەو پێشبڕكێ دەكەن لەسەر بەدەستهێنانی خەڵاتی داربەڕووی زێڕین”.
دواتر “د. كاوە مەحمود” وەزیری رۆشنبیری و لاوان وتەیەكی پێشكەش كردو لە وتەكەیدا ئاماژەی بەوەكرد كە لە بەرنامەیاندایە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە سینەماكان كۆببنەوە و بەرنامەیەكی تۆكمە دابڕێژن بۆ كاری فیلمسازی و سینەمایی، هەروەها باسی لە سازكردنی سیمینارێكیش كرد، هەروەك بوونی ئەو جۆرە فێستیڤاڵانەی بە كاری گرنگ و پڕ بایەخ وەسف كرد”.
دوابەدوای ئەوانە لە رۆژی یەكەمی فێستیڤاڵەدا حەوت كورتە فیلم نمایشكران، كە بریتی بوون لە: “فیلمی دیكۆمێنتی یەڵماز گۆنای لە دەرهێنانی چەكدار ئاریان، كورتە فیلمی ئەویدیكە لە دەرهێنانی رۆلف ڤان ئیك، كورتە فیلمی گوێز لە دەرهێنانی سۆران ئیبراهیم، كورتە فیلمی دەنگەكان فیلز یشك بود، كورتە فیلمی فڕۆكەی رەش و سپی لە دەرهێنانی حوسێن زارین، فیلمی دیكۆمێنتی بابا چاوش لە دەرهێنانی ئاسۆ حاجی، كورتە فیلمی بڕوانامە لە دەرهێنانی نەجات ناوی، كورتە فیلمی با بیگۆڕین لە دەرهێنانی ئاوات عوسمان”.
شیاوی گوتنە رۆژانە لە كاتژمێر 10ی بەیانی سیمینار دەربارەی فیلمەكان و رەوشی سینەما بەڕێوە دەچێ، ئێوارانیش كاتژمێر 4 كورتە فیلمەكان نمایش دەكرێن.