سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی “نا بۆ توندوتیژی” لە شاری ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
بەڕێوەبەری سینەمای ھەولێر عەدنان عوسمان بە کەناڵەکانی راگەیاند: دەستکردن بە کارەکانی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی “نا بۆ توندوتیژی” رادەگەیەنین و دەرھێنەران دەتوانن پەیوەندی بە کەناڵەکانی فیستیڤاڵەوە بکەن و فۆڕمی بەشداربوونی فیلمەکانیان لە فیستیڤاڵ وەربگرن.
گوتیشی: پێویستە ناوەرۆکی فیلمەکان پەیوەست بن بە مەسەلەکانی ئافرەتان و ئەو ھەموو توندوتیژییەی کە رووبەرڕوویان دەبێتەوە.
بەڕێوەبەری سینەمای ھەولێر سەبارەت بە مەرجەکانی بەشداریکردنیش گوتی: پێویستە فیلمەکان بەرھەمی ساڵی ٢٠١١ و ٢٠١٢ بن و ماوەی فیلمەکانیش لە ٢٥ خولەک تێنەپەڕن.
ئەوەشی خستەڕوو: جگە لە ٥ فیلمی سینەمایی درێژ، فیلمی کورتی فیکشێن و دیکۆمێنتاریی لەم فیستیڤاڵەدا بەشداردەبن.
سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی “نا بۆ توندوتیژی” لە رۆژی ٢٥ی نۆڤەمبەری ٢٠١٢ لە شاری ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان دەست پێدەکات و بۆ ماوەی چەند رۆژ بەردەوام دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی گشتیی فیستیڤاڵی فیلمی “نا بۆ توندوتیژی”.