کارۆخ وەک دەرهێنەرێکى جیاواز هەمیشە هەوڵیداوە کەموکوڕییەکانى دەق بە دیکۆر و سینۆگرافیا پڕ بکاتەوە.
مهسعودی مهلا ههمزه – ههولێر : شانۆ دایکى هونەرەکانە، خۆی لە خۆیدا تەنها ئەم رستەیە گەورەترین مانا بە شانۆ دەبەخشێ، وەلێ داخۆ ئەم دایکایەتییەى شانۆ چەندە لەناو شانۆی کوردی بوونى هەیەو زاڵە بەسەر هونەرەکانى دیکە، ئەمە پرسیارەو خودى نمایشەکان دەبنە وەڵام بۆ ئەم رستەیە، وەلێ لەوانەیە وەڵامەکان لە روانگەى هەریەک لە ئێمە بە شێوەیەکى جیاواز بێت.
شانۆگەرى سێوەکەى خۆم لە نووسین و دەرهێنانى کارۆخ ئیبراهیم، بەرهەمى ساڵی گروپی گەنج بۆ شانۆ بوو و لە رۆژانى 27و28و29/7/2010 لە هۆڵی گەلى شارى هەولێر نمایش کرا، بە بڕواى من گرنگى بابەتەکەى ئەو شانۆییەو نواندن و بەشدارى ستافەکەى ئەوە دەهێنێ قسەى لەسەر بکرێ و وا بە سانایی تێنەپەڕێ…
* پێشکەشکردنێکى جوان
بەر لەهەر شتێک لەگەڵ چوونە ژوورەم بۆ ناو هۆڵی نمایش دەلیلى شانۆگەرییەکەم وەرگرت، ئەوەى لەهەموو شتەکان زیاتر دڵخۆشی کردم پێشکەشکردنى ئەو شانۆگەرییە بوو بە رۆحى هەریەک لە “مزەفەر شاکر- پیاوە جوانەکەى هۆڵی گەل، سەفوەت جەراح- یەکێ لە هونەرمەندە پێشەنگەکانى هەولێر”، دیارە بە بڕواى من ئەو پێشکەشکردنە کارێکى یەکجار جوان و دەستپێشخەرانە بوو، لەبەرئەوەى هەریەک لەوانە شایانى زۆر شت بوون، وەلێ ئەمە کوردستانەو بە زیندوویی قەدری کەس ناگرن، بەڵام دواى کۆچکردنیش ئەم کارانە مایەى دڵخۆشی و جێگاى دەستخۆشین. ئاخر هەر کەسێک رۆژێ لە رۆژان سەردانى هۆڵی گەلى کردبێ ناکرێ هەوڵ و ماندوبوونى مزەفەر شاکر بەو هۆڵەو خزمەتکردنى شانۆکاران لەیاد بکا، ئەوە سەفوەت جەراحیش یەکێکە لەو هونەرمەندانەى زۆر لە زووەوە کارى کردووە، ئەگەرچی بەشی هەرەزۆری کارەکانى ئەو هونەرمەندە لە دەرەوەى هەولێر بووە، وەلێ دواجار ئەو هەر هونەرمەندێکى هەولێری و کوڕی ئەو شارە بوو.
* بینەر وەک کەرەستەیەکى نمایش
هەر کە گوتت نمایشی شانۆیی واتا ئامادەگى بینەر، لەم سەردەمى بەجیهانیبوون و عەولەمەیەدا کە بەڕادەیەک بینەرى شانۆ کەمبۆتەوەو زۆرجار باس لە قەیرانى شانۆ دەکرێ، وەلێ پێموایە شتێک نییە ناوى قەیرانى شانۆ بێ، بەڵام ئایا تۆ لە کارەکەت چەندە رێز لەمنى بینەر دەگری ئەوە گرنگە، لەو نمایشەى کارۆخدا خۆشبەختانە بینەرێکى زۆر ئامادەگى هەبوو، دیارە ئەوەش بۆ بوونى بینەرى تایبەتى کارۆخ و ریکلامکردنێکى باش دەگەڕێتەوە، کە جیا لە زۆربەى دەرهێنەرانى دیکە کارۆخ بایەخێکى یەکجار گرنگ بە ریکلام و راگەیاندن دەدا، دیارە ئەوەش لە خزمەتى کارەکەیەتى و وادەکا بینەرێکى زیاتر لە نمایشەکانى دیکە پێشوازى لە کارەکە بکەن، هەروەک پێموایە ئێستا کەسانێک هەن وێڵن بەدواى بوونى شانۆییەکەوە، جا بەلایانەوە گرنگ نییە ئەو نمایشە چۆنەو هى کێیە، بەڵکو ئەوان دەیانەوێ کارى هونەرى ببینن.
* بابەتێکى هەستیار، وەلێ درێژدادڕ
دەتوانم ناوەرۆکى سێوەکەى خۆم لەو چەند وشەیەدا کورت بکەمەوە “کچە ئەنفالکراوێک یا شەهیدێک دواى بێ کەس مانەوەى لەلایەن چەند کەسێکى بەناو هاوسۆز و هاوخەمى باوکى بازرگانى پێوەدەکرێ و هەر ئەوانیشن تووشی چەندەها هەڵەى دەکەن، بە رادەیەک لەناو ناخى ئەو وەک تاک هەریەک لەو کاراکتەرانە وێنەى خۆی هەیەو یادەوەرییەکى تاڵی هەیە…”.
خۆی لە خۆیدا دەستبردن بۆ ئەو بابەتە جۆرێک لە جەریئی دەوێ، لەبەرئەوەى تۆ کە لە شانۆدا دێی ئافرەتێکى وا نیشان دەدەى ماناى وایە ئەوە نوخبە نییەو تەعبیرکەرە لە زۆرینە، بۆیە زۆر قوڕسە بگوترێ کەسانى جێماوى دواى ئەنفال و یان شەهیدەکان ئاوایان بەسەر هاتووە، بە بڕواى من ئەگەر ئەو شانۆگەرییە کارۆخ وەکو فکرە لاى کەسانێک باس کرابووایە ئەوا تووشی دەنگۆ و مقۆ مقۆیەکى زۆر دەبوویەوە، بەڵام لەوەشدا من دەستخۆشی لە کارۆخ دەکەم کە دەستى بۆ بابەتێکى ئاوا هەستیار درێژ کردووە، هەروەک دەرهێنەر زیرەکانە توانیبووى ناخى سایە حوسێن وەکو کاراکتەرێکى شانۆگەرییەکە بەمنى بینەر نیشان بدا.
هەروەک هەموومان دەزانین لە شانۆدا دەستپێک و کۆتایی بۆ بینەر زۆر گرنگە، دیارە کارۆخ لە دەستپێکدا توانى وەک بینەر من بجووڵێنێ، بەڵام لەگەڵ گرنگى دەستپێکدا ئافەرین بۆ ئەو دەرهێنەر یا نووسەرەى بتوانێ درێژە بە هێڵی درامى کارەکەى بداو بینەر تووشی مەلەل نەبێ، بەڵکو سات دواى سات منى بینەر زیاتر بەرەو لاى کارەکە رابکبَشێ، بە بڕواى من لەو خاڵەدا کارۆخ نەیتوانیبوو سەرکەوتوو بێ، لەبەرئەوەى تۆی بینەر هەستتدەکرد لەو شانۆگەرییەدا بەشێوەیەک لە شێوەکان هێڵە درامیەکە رێک ناڕواو درێژیش کراوەتەوە، ئەوە جگە لەوەى وەک ستایلێکى تایبەتى خۆی کارۆخ بە واقیع دەست پێدەکاو بە خەیاڵ کۆتایی پێدێنێ، یاخود دەتوانین بڵێین کارۆخ لە کۆتاییەوە دەمانباتەوە سەرەتا، کە دیارە لەوەدا ناکرێ تۆ لە کۆتاییەوە بمبەیتەوە سەرەتاو دواجار بە کۆتاییەکى خەیاڵئامێز کۆتایی پێبێنى، بۆیە لە نووسینەکانى دیکەشمدا گوتوومە خۆزگە کارۆخ خۆی دەقەکانى نەدەنووسی و کارى لە دەقی دیکە دەکرد، بەڵام دیارە دواى 5 کار کارۆخ نەگەیشتۆتە ئەو قەناعەتەى کار لە دەقی دیکە بکا، ئەگەر هەر لەو دەقەى ورد بینەوە بە بڕواى من دەکرا ئەوەى بە 75 خولەک گوتى بە 55-60 خولەکیش بیگوتایە، چونکە زۆر گەڕانەوە بۆ رابردوو زۆرجار بینەر تووشی مەلەل دەکا، ئەگەرچی کارۆخ دەیویست ئەو ترسەى لە سەرەتا لەرێگاى تارماییەکانەوە نیشانى داین بە گەڕانەوە بۆ رووداوەکان بۆمان بسەلمێنێ، بەڵام ئەوە نابێتە هۆکار بۆ ئەوەى کارۆخ بەو شێوەیە درێژدادڕی لە کارەکە بکا.
* دیکۆر… سیمابەخشێکى جوان و دڵگیر
لە نووسینەکانى دیکەشمدا ئاماژەم پێکردووە، کارۆخ ئیبراهیم وەک گەنجێکى شانۆکار یەکێک لەو بەشە گرنگانەى شانۆ کە ئەو زیاتر لە زۆربەى شانۆکارانى دیکەى کورد بایەخى پێدەدا، مەسەلەى سینۆگرافیایە، دیارە لەهەریەک لە شانۆگەرییەکانى “تاریکستان، تەنها یەک شەو، من و شێت…” ئەو کارەم دیوە، بۆیە ئەوجارەشیان هەر لەگەڵ چوونە ژوورەوەم بۆ ناو هۆڵ بینیم بەهەمان شێوە بایەخێکى یەکجار گرنگ بە دیکۆر دراوە، بۆ ئەم نمایشەش هەر لە هەڵواسینى سەرک و پەیکەرەکان کە لەراستیدا ئەوانە سیمایەکى جوانیان بەسەر تەختەى شانۆ بەخشیبوو، دیارە کارەکانیش دەستکردى سامان هیدایەتى دەستڕەنگین بوو، هەستتدەکرد کارۆخ دەیەوێ فەزاى تەختەى شانۆ وەک شتێکى زیندوو نیشان بدا، ئەوە جیا لەوەى کارۆخ هەردوولاکەى تەختەى شانۆش دەقۆزێتەوە بۆ بەکارهێنان، دیارە ئەوەم لەهەریەک لە شانۆگەرییەکانى “من و شێت، سێوەکەى خۆم” بەدى کرد، کە دەکرێ بڵێم کارۆخ ئەو لایەنەى بۆ دووبارە بەخشینەوەى ژیان بە کاراکتەرەکانى بەکاردێنێ.
بۆ واقیعى دیکۆرەکەى ئەمجارە دیارە کارۆخ کارى لەسەر دوو زەمەنى جیا کردبوو، جگە لە زەمەنەکانیش لۆکەیشن یاخود شوێنى رووداوەکانیش شوێنى جیا بوون، بۆیە بە بڕواى من دەکرا کارۆخ لەوەشدا هەوڵی گۆڕینى دیکۆرەکان بدا، چونکە ئەو لە کارەکانى دیکەیەوە بە ئێمەى گوتووە دەتوانێ تەختەى شانۆ بۆ شوێن و سەردەمى جیا جیا بەکاربێنێ، ئەگەرچی ئەو وەک دەرهێنەر ویستى پێمانبڵێ کە ئەو جیاوازى زەمەنەکان و شوێنەکان بە رووناکى دەخاتەڕوو، بەڵام ئایا منى بینەر تا چەند ئەو شتە وەردەگرم و دەگەمە ئەو قەناعەتەى کە ئەوە دوو سەردەمى جیاوازە؟
وەکو تێبینیشم کردووە لە زۆربەى کارەکانیدا کارۆخ لەرێگاى رەنگ و بەکارهێنانى رەمز هەوڵیداوە ژیان بداتەوە بەر ئەو کاراکتەرانەى کە ئیفلیج دەبن یاخود دەمرن، پێموایە ئەو نمایشەش بەدەر نەبوو لەو ستایلەى کارکردن، بۆیە بە بڕواى من لە “سێوەکەى خۆم”دا کارۆخ هەوڵێکى زۆر جوانی دابوو بۆ بەخشینى دیکۆرێکى جوان بەمنى بینەر، بە تایبەتى لە هۆڵێکى وێرانى وەکو هۆڵی گەل بیناکردن و دروستکردنى ئەو دیکۆرە هەناسەیەک دەداتە بەر بینەر کە خراپی کورسییەکان و گەرمى هۆڵەکە لەبیر بکا.
لە پاڵ هەموو ئەوانەدا لە بەکارهێنانى کەلوپەلەکانى نمایش کارۆخ بە هەڵەدا چووبوو، بۆ نموونە کە بۆ کارۆخ ئاسایی بوو دەمانچەکە بەکاربێنێ دەبوو بۆ گڵاسی ئاوەکەو تەلەفۆنەکەش بەکارهێنانیان ئاسایی بووایە، لەبەرئەوەى ناکرێ لە خەیاڵدا بەکارهێنانى شتێک ئاسایی و شتێکى دیکەش نائاسایی بێ، لە کاتێکدا هەردووکیان کەلوپەلى بەکارهێنانن.
* تەکنیک وەک جووڵێنەرێک
کە باس لە تەکنیک دەکەم، دیارە بە پلەى یەکەم مەبەستم لە “مۆسیقاو رووناکی”یە، جیا لە زۆربەى دەرهێنەرانى دیکە کارۆخ وەک دەرهێنەر بۆ مۆسیقا بەردەوام کارى مۆسیقاى شانۆییەکانى ئامادەکراوە، بەڵام بە بڕواى من لەو نمایشەدا مۆسیقا وەکو گرنگ کارى خۆی نەکرد بەقەد ئەوەى لە سەرەتا تا کۆتایی هەستتدەکرد ئەوە سۆڵەیەکە دەڕواو تەواو، ئەگەرچی لە هەندێ دیمەندا مۆسیقا هەوڵیدابوو بینەر بجووڵێنێ، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ مۆسیقاى کارەکانى دیکە وەکو پێویست نەبوو، کەچی لە نمایشەکانى دیکەدا مۆسیقا کاریگەرى تەواوى خۆی هەبوو، جا پێموابێ لەو نمایشەدا ئامادەکارى مۆسیقا نەیتوانیبوو وەکو پێویست ناوەرۆکى دەقەکە بخوێنێتەوە، دیارە کارۆخیش نەدەبوو ئەو مۆسیقایە قبوڵ بکا، لەبەرئەوەى پێموایە مۆسیقاکە لە خزمەتى کارەکە نەبوو.
لە نووسینى دیکەشمدا ئاماژەم پێکردووە، ئەگەرچی لەناو کوردستان کادیرانى لایەنى تەکنیکى وەکو “رووناکى، دیکۆر” ژمارەیان کەمە، وەلێ بەخۆشحاڵیەوە چەند کەسێکى دەست و پەنجە رەنگینمان هەن، یەکێک لەوانە “کاریان شێرکۆ”یە کە لەبوارى رووناکیدا کەسێکى لێهاتووە، لە بەرامبەر ئەو رۆڵەى کارۆخ بە رووناکی بەخشیبوو لەنیشاندانى دوو سەردەمى جیا، پێموایە جێبەجێکار و نەخشەکێشی رووناکى توانیبوویان ئەو ئامانجەى دەرهێنەر بپێکن.
* نواندن ئەوەیە کە دەیبینم
لە شانۆدا نواندن تاکە رێگایە کە منى بینەر راستەوخۆ دەیبینم و هەستى پێدەکەم، لەو نمایشەدا کۆمەڵێک ناو و ئەزموون و تەمەنى جیا جیامان دى، “سەلام کۆیی” وەک نەوەى کۆن و “بەهمەن حاجى، مەزهەر ئیبراهیم، سامان عومەر” وەکو نەوەى کۆتایی نەوەدەکان و سەرەتاى دووهەزارەکان، “سایە حوسێن، هەردى ئەنوەر” وەکو دوو گەنجى خوێندکارى پەیمانگاى هونەرەجوانەکانى هەولێر، بە بڕواى من خۆی لەخۆیدا هەڵبژاردنى ئەو هەموو نەوە جیاوازەو کارکردن لەگەڵیان بۆ دەرهێنەر کارێکى ئاسان نییە.
هەر لە سەرەتاوە دەرکەوتنى سایە حوسێن لەگەڵ سەلام کۆیی زەنگێکى بۆ لێدام، کە ئایا سایە دەبێ بتوانێ لە بەرامبەر ئەکتەرێکى بە ئەزموونى وەکو سەلام کۆیی نواندن بکا، وەلێ دواتر بۆم دەرکەوت نەک هەر ئەوە بگرە بە بڕواى من سایە حوسێن توانى لە هەموو ئەکتەرەکان باشتر نواندن بکا، لەبەرئەوەى جیا لەهەموویان سایە بەدرێژایی نمایشەکە هەر لەسەر تەختەى شانۆ بوو، بەڵام ئەو بەبێ دابڕان و بە گەیاندنى تەواوى ساتەکان سەلماندنى کە کچێکە دەتوانێ کارى جوان و داهێنەرانە بکات، ئەگەر بینەریش بەراوردێکى ئەو بەردەوامییەى سەر تەختەى شانۆ بکا، بۆی دەردەکەوێ کە ئەستەمە لەو ماوە زۆرەدا ئەکتەر بتوانێ بەڵانسی خۆی راگرێ، کەچی لەوەدا سایە توانى خۆی بسەلمێنێ، پێموایە ئەوەش زیاتر لە تواناى سایە خۆی دەبینییەوە، کە ئەو لە شانۆگەرى “حەسار” هەمان تواناى خۆی دەرخست، زیرەکى کارۆخیش لەوەدابوو توانیبووى ئەکتەرێکى ئاوا بۆ رۆڵێکى ئاوا هەڵبژێرێ.
ئەگەر قسە لەسەر نواندنى ئەکتەرانى دیکە بکەم، ئەوا پێموایە سەلام کۆیی لە سەرەتادا زۆر جوانى ساتەکانى گەیاند، بەڵام لە کۆتاییداو بە تایبەتى لەو ساتانەى هەڵچوونى هەبوو هەستتدەکرد چوونە تەمەن و ناتەواوى بارى نەتدروستى کاریگەرى کردۆتە سەر سەلام کۆیی.
وەکو ناوم نا لە نەوەى دووەمى ئەکتەرانى ئەم نمایشە “بەهمەن حاجى” لە هەردوو ئەکتەرەکەى دیکە جوانتر کارى خۆی کرد، سامانیش تارادەیەک کارى خۆی کرد، بەڵام زۆر بەداخەوە مەزهەر ئیبراهیم لە سەرەتاوە زۆر خراپ دەنگى خۆی بەکارهێنا تا کار گەیشتە ئەوەى لە کۆتاییەکەیدا دەنگى وەکو پێویست نەدەگەیشت و زیاترینی نواندنەکانى مەزهەریش لەشێوەى کەسێکى هەڵچووى هەوڵدەر بە گەیشتن بەرەو ئامانجەکان دەچوو، کەچی لە هەندێ کاتدا پێویست بوو ئەو زۆر لەسەرخۆ نواندن بکا، بەڵام بەداخەوە مەزهەر ئەوەى نەگەیاند.
بچووکترین و سەرنجڕاکێشترین ئەکتەرى نمایشەکە “هەردى ئەنوەر” بوو، بە بڕواى من هەردى لەسەدا سەد توانى کارى خۆی بکا، کاتێک هەردیت دەبینى لە بەرجەستەکردنى کاراکتەرى “کەرولاڵ” هەستتدەکرد بەڕاستى ئەوە کەڕولاڵێکە لەسەر شانۆیەو نواندن دەکا، ئەوە جگە لەو گۆڕانەى کە لە کەسایەتى ئەو روویدا لە کۆتایی نمایشەکە کە پێموایە بەشێوەیەک نمایشی کرد کورد گوتەنى جەرگت دێشا بۆ موعاناتەکەى.
مەسعودى مەلا هەمزە
فۆتۆ: مەسعودى مەلا هەمزە