کورتە فیلمی “دەنگی باران” لە دەرھێنانی جەلال ساعیدپەنا خەڵاتی سەرەکیی ١٤مین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “بلاک”ی ئەڵمانی بەدەستھێنا.
بە پێی راگەیاندنی گشتیی ئەم فیلمە، کورتە فیلمی “دەنگی باران” لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد جەلال ساعیدپەنا و بە ئامادەبوونی ئەم سینەماکارە سنەییە لە دوو سانسی جیاوازدا لە بەشی پێشبڕکێی چاردەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “بلاک” لە شاری بەرڵین لە وڵاتی ئەڵمانیا نمایشکرا و توانی خەڵاتی سەرەکیی باشترین فیلمی ئەم فیستیڤاڵە لە نێوان ٥٤ فیلمی ئەورووپی و ئەسیایی بەدەستبێنێت.
ئەم فیستیڤاڵە بە نمایشی کۆمەڵێک کورتە فیلمی چیرۆکی، ئەنیمەیشن، دیکۆمێنتی و ئەزموونی لە سینەماکارانی سەرتاسەری جیھان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی و ھەروەھا بەشی بەرھەمەکانی کۆمپانیای سینەمایی “ستاک فیلم”ی سنە لە رۆژانی ٢ تا ٨ی مای ٢٠١٢ لە شاری بەرڵین لە وڵاتی ئەڵمانیا و بە شێوەی ھاوکات لە وڵاتی ئەمەریکا بەڕێوەچوو.
کۆمپانیای سینەمایی “ستاک فیلمی سنە” بە بەرپرسیاری سەتار چەمەنی گوڵ و خاتوو ڤیدا ساڵحی فیلمی “دەنگی باران” لە ئاستی دنیادا بە شێوەی نێودەوڵەتی بڵاودەکاتەوە.
ئەمساڵ فیستیڤاڵی فیلمی “بلاک”ی ئەڵمانی بەشێکی تایبەتی تەرخانکردبوو بە بەرھەمەکانی کۆمپانیای سینەمایی “ستاک فیلمی سنە” و لەم بەشەدا ١٠ کورتە فیلمی کوردی و فارسی تیایدا نمایشکران، لەوانە: “رۆیشتن” لە دەرھێنانی سالم سەڵەواتی لە شاری سنە، “کۆڵانێک پشت ماڵی ئێمە” لە دەرھێنانی شیلان سەعدی لە شاری مەھاباد، “سنووری شکاو” لە دەرھێنانی کەیوان کەریمی لە شاری بانە، “مرۆڤەکان” لە دەرھێنانی ماشەڵڵا محەمەدی لە شاری سنە، “دوایین رۆژەکانی ڕەشەمە” لە دەرھێنانی ئەمیر عەلی وەیسی لە شاری سنە، “فریشتەکانی رزگاری” و “شیلەی بەرد” لە دەرھێنانی سەتار چەمەنی گوڵ لە شاری سنە، “ئاسکۆ” لە دەرھێنانی عەلی ھاشم زێھی لە شاری زاھیدان، “چ سوێر بوو دەریاچەی ئێمە” لە دەرھێنانی حەسەن قارەمانی تاران لە شاری و “بنەماڵەی سالم” لە دەرھێنانی ئەمیر حوسێن تورابی لە شاری تاران.
کورتە فیلمی “دەنگی باران” دوایین بەرھەمی جەلال ساعیدپەنایە، تاکوو ئێستا لە فیستیڤاڵی جۆراوجۆری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی نمایشکراوە و چەندین خەڵاتی گرینگیشی بەدەستھێناوە، لەوانە: خەڵاتی باشترین فیلم لە بەشی پێشبڕکێی “ئاسیا” لە ٢٨مین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی “تاران” لە وڵاتی ئێران، خەڵاتی باشترین کورتە فیلمی چیرۆکی لە نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “تیرانا” لە وڵاتی ئاڵبانی، خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەری حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “لەندەن” لە وڵاتی بەریتانیا، خەڵاتی سەرەکی و ھێلکەی زێڕینی شەشەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “دھۆک ـ بەرڵین” لە شاری دھۆک لە ھەرێمی کوردستان، خەڵاتی ئاسکی زێڕین، دیپڵۆمای فەخری و خەڵاتی نەقدی چوارەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “سلێمانی” لە شاری سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان، رێزنراو لە بەشی “پەرەپێدان بە کەلەپووری شارۆمەندی” لە ٤١مین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “روشد” لە وڵاتی ئێران و خەڵاتی باشترین کورتە فیلمی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی دیجیتاڵی ھێندستان.
“دەنگی باران” لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا و بە ئامادەبوونی جەلال ساعیدپەنا لە بەشی پێشبڕکێی پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “گۆڵف” لە وڵاتی ئیمارات نمایشکرا و خەڵاتی گەورەی باشترین کورتە فیلمی بەشی نێودەوڵەتی ئەم فیستیڤاڵەی بەدەستھێنا.
ئەم فیستیڤاڵە بە نمایشی کۆمەڵێک فیلمی بڵندی سینەمایی و دیکۆمێنتاری، کورتە فیلمەکانی چیرۆکی، ئەنیمەیشێن، ئەزموونی و دیکۆمێنتی لە رۆژانی ١٠ تا ١٦ی ئەپریلی ٢٠١٢ لە شاری دوبەی لە وڵاتی ئیمارات بەڕێوەچوو.
بۆ زانیاری زیاتر:
http://www.black-international-cinema.com/
بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی گشتیی کورتە فیلمی “دەنگی باران”.