کورتە فیلمی “دەنگی باران” لە دەرھێنانی جەلال ساعیدپەنا و فیلمی دیکۆمێنتی “بەکرێگیراوی سپی” لە دەرھێنانی تەھا کەریمی خەڵاتە سەرەکییەکانی پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “گۆڵف”یان بەدەستھێنا.
بە پێی راپۆڕتی راگەیاندنی گشتیی فیلمەکانی “بەکرێگیراوی سپی” و “دەنگی باران”، ڕێورەسمی کۆتایی پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “گۆڵف” بە ئامادەبوونی دەرھێنەری ناوداری سینمای ئێرانی عەباس کیارۆستەمی، مەسعوود ئەمروڵڵا بەڕێوەبەری گشتیی فیستیڤاڵ، شێخ ماجد بن راشد ئال مەکتووم سەرۆکی بەشی کەلەپوور و ھونەری شاری دوبەی، ئەندامانی لێژنەی دادوەری فیستیڤاڵ، نوێنەری چەندین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم و فیلمسازانی بەشداربوو لە فیستیڤاڵ، شەوی دووشەمە ١٦ی ئەدریلی ٢٠١٢ لە ھۆڵی “کراون پلازا”ی شاری دوبەی بەڕێوەچوو.
فیلمی دیکۆمێنتی “بەکرێگیراوی سپی” لە دەرھێنانی تەھا کەریمی لە یەکەمین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا و بە ئامادەبوونی ئەم سینەماکارە بانەییە لە دوو سانسی جیاوازدا لە بەشی پێشبڕکێی پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “گۆڵف” لە وڵاتی ئیمارات نمایشکرا و توانی پلەی دووەمی باشترین فیلمی دیکۆمێنتی بڵندی بەشی “خەلیج”ی ئەم فیستیڤاڵە بەدەستبێنێت.
ھەروەھا کورتە فیلمی “دەنگی باران” لە دەرھێنانی جەلال ساعیدپەنا و بە ئامادەبوونی ئەم سینەماکارە سنەییە لە دوو سانسی جیاوازدا لە بەشی پێشبڕکێی پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “گۆڵف” پێشکەشکرا و خەڵاتی باشترین کورتە فیلمی بەشی نێودەوڵەتی ئەم فیستیڤاڵەی پێبەخشرا.
“دەنگی باران” بۆ بەدەستھێنانی ئەم خەڵاتە گرینگەی بەشی پێشبڕکێی نێودەوڵەتی ئەم فیستیڤاڵە لەگەڵ کۆمەڵێک فیلم لە وڵاتانی جیھان، لەوانە: ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئیتالیا، لوبنان، میسر، رۆمانی، سویسرا، رووسیا، ئەرمەنیستان و چەندانی دیکە لە رکابەریدابوو.
سینماکاری ناوداری جیھان عەباس کیارۆستەمی کە ساڵی پار لە چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “گۆڵف” بۆ فیلسمازانی لاو خولێکی فیرکاری کردبۆوە، لە ڕێورەسمی کۆتایی ئەم فیستیڤاڵەدا ئامادەبوو و خۆشحاڵی خۆی لە وەرگرتنی خەڵاتەکانی سینەماکارانی کورد راگەیاند.
ئەندامانی لێژنەی دادوەری پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “گۆڵف” کە بریتی بوون لە: جەواد ئەلئەسدی دەرھێنەر لە عێراق، عەبدوڵڵا ئەلئەیاف فیلمساز لە عەرەبستان، جەماڵ مەتەر دەرھێنەر لە کوەیت، جۆکا پیکالاکسۆ رخنەگر و ئەندامی ئاکادیمیای فیلمی ئەورووپا، عیسام زەکەریا رۆژنامەنووس و توێژەری سینەما لە میسر و جەماڵ سەلیم بەرپرسی دەزگاکانی راگەیاندن لە ئیمارات، دەنگی خۆیان لە بەشە جۆراوجۆرەکانی ئەم فیستیڤاڵە راگەیاند و خەڵات بەسەر براوەکاندا دابەشکرا.
کە لە بەشی سەرەکی فیلمە بڵندەکانی ئەم فیستیڤاڵەدا فیلمی سینەمایی “ھەڵەبجە ـ منداڵی ون بوو” لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد ئەکرەم ھیدوو لە رۆژئاوای کوردستان توانی دوو خەڵاتی سەرەکی باشترین فیلم و باشترین دەرھێنان بەدەستبێنێت.
ھەروەھا کورتە فیلمی “پاسکل” لە درەھێنانی سینەماکاری کورد رزگار حوسێن لە شاری دھۆک لە ھەرێمی کوردستان دوو خەڵاتی سەرەکی باشترین فیلم و باشترین سیناریۆی ئەم فیستیڤاڵەی بەدەستھێنا.
ئەم فیستیڤاڵە بە نمایشی کۆمەڵێک فیلمی بڵندی سینەمایی و دیکۆمێنتاری، کورتە فیلمەکانی چیرۆکی، ئەنیمەیشێن، ئەزموونی و دیکۆمێنتی لە دەرھێنەرەکانی وڵاتانانی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێدا لەوانە: بەشی پێشبڕکێی فیلمە بڵندەکانی “خەلیج”، بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلمەکانی “خەلیج”، بەشی قوتابیانی فیلم و سینەما و بەشی نمایشی فیلمەکانی قوتابیانی فێرگەی فیلمسازی عەباس کیارۆستەمی لە رۆژانی ١٠ تا ١٦ی ئەپریلی ٢٠١٢ بە بەرپرسیاری (مەسعوود ئەمروڵڵا) لە شاری دوبەی لە وڵاتی ئیمارات بەڕێوەچوو.
جێی ئاماژە پێدانە کەسایەتی ناسراوی سینەمای کوردستان ئازاد سەوزە کە بەڕێوەبەری فیستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانییە یەکێک لە میوانانی تایبەت و دیاری پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “گۆڵف” لە وڵاتی ئیمارات بوو کە بە نوێنەرایەتی لە بەڕێوەبەرایەتی سینەمای سلێمانی لەم فیستیڤاڵەدا ئامادەبوو و لەگەڵ بەڕێوەبەری چەندین فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلم جیھانی دیدار و چاوپێکەوتنی ئەنجامدا و بۆ بەشداری لە فیستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی بانگھێشتی ھەرێمی کوردستانی کردن.
کۆمپانیای سینەمایی “ستاک فیلمی سنە” بە بەرپرسیاری سینەماکاری کورد سەتار چەمەنی گوڵ و خاتوو ڤیدا ساڵحی کە فیلمی دیکۆمێنتی “بەکرێگیراوی سپی” و کورتە فیلمی “دەنگی باران” لە ئاستی دنیادا بە شێوەی نێودەوڵەتی بڵاودەکاتەوە، بە ٤ فیلمی دیکە لە سینەماکارانی کورد و ئێرانی لە بازاری فیلمی پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “گۆڵف” ئامادەبوو، لەوانە: کورتە فیلمی “رۆیشتن” لە دەرھێنانی سالم سەڵەواتی لە شاری سنە، کورتە فیلمی “داڵیا” لە دەرھێنانی شاخەوان عەبدوڵڵا لە شاری سلێمانی، کورتە فیلمی “ئاوێنە” لە دەرھێنانی ھەوراز محەمەد لە شاری سلێمانی و کورتە فیلمی “ئەو” لە دەرھێنانی مورتەزا سەبزقەبا لە شاری تاران.
ئەوەی لە فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “گۆڵف” جێی سرنج و رامان بوو ئەوە بوو کە کە دەوڵەتی ئیمارات ھەست دەکات دەبێت کاری فەرھەنگی بکات و گەنجانی وڵاتی خۆی بە سینەما ئاشنا بکات و لە ئێستاوە ئیمارات تەنیا بە لایەنی ئابووری لە دنیادا نەناسرێت بەڵکوو ببێتە وێستگەی چالاکی فەرھەنگی و فیکری و ئەدەبی. دیارە ئیرادەیەکی باش لە پشت ئەو ھزرەوە ھەیە و ھەوڵ دەدرێت ئاستی فیستیڤاڵَەکانیان بە پێی ئیستاندارەدە جیھانییەکان بەرز و بەرزتر بکەنەوە.
دیکۆمێنتی بڵندی ٦٠ خولەکی “بەکرێگیراوی سپی” کە دوای کورتە فیلمەکانی “زریان”، “سنووری ژیان”، “کوێستانی سپی”، “نەوت شێرپەنجەی شارەکەم” و فیلمی سینەمایی “کوێستانی قەندیل”، نوێترین بەرھەمی تەھا کەریمی دێتەئەژماردن، ساڵی پار بە ھاوکاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ـ بەڕێوەبەرایەتی سینەمایی سلێمانی، بە کامێرای وێنەگری لاوی کورد سەرکێو مسگەری وێنەگیراوە.
ھەروەھا سەیوان سەعیدیان ـ یاریدەدەری دەرھێنەر، ئارش رەسافی ـ مۆنتاژ، عەلی وەفایی ـ دەنگھەڵگر، ئەوین شەریفی ـ وێنەگری فۆتۆگراف، عومەر محەمەد ـ راوێژکار، عەبدولرەحمان محەمەد ـ بەرپرسی بەرھەم، حوسێن ھۆمایوونفەر ـ بەرپرسی پلان، مەنسوور جیھانی و مەنووچێھر جیھانی ـ بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی گشتیی ئەم فیلمەبوون و ھەروەھا ناوەندی پەرەپێدانی سینەمای دیکۆمێنتی و ئەزموونی ئێرانیش بەرھەمھێنەری ئەم فیلمەی لە ئەستۆدابووە.
کورتە فیلمی “دەنگی باران” دوایین بەرھەمی جەلال ساعیدپەنایە، کە تاکوو ئێستا لە فیستیڤاڵی جۆراوجۆری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی نمایشکراوە و چەندین خەڵاتی گرینگیشی بەدەستھێناوە.
فەرشید گەوێڵی و مووسا فەیزی لەم فیلمە ٢٦ خولەکییەدا رۆڵیان بینیوە. ھەروەھا ئەمیر
عەلی وەیسی ـ وێنەگر، عەلیرەزا مورادی ـ رووناکی، کامبیز عەڕشی ـ بەرپرسی بەرھەم، فەرید سەداقات ـ دەنگھەڵگر، لوقمان سوخەنوەر ـ مونتاژ، کەیوان یۆسیفی ـ رووناکی، مەنسوور جیھانی و مەنووچێھر جیھانی لەگەڵ ئەم فیلمە ھاوکاریان کردووە و بەڕێوەبەری راگەیاندنی گشتی و ناوەندی پەرەپێدانی سینەمای دیکۆمێنتی و ئەزموونی ئێران بەرھەمھێنەری ئەم فیلمەی لە ئەستۆدابووە.
بۆ زانیاری زیاتر:
http://www.gulffilmfest.com/index.php/en/gff-٢٠١٢/٢٠١٢-winners/
بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی گشتیی فیلمەکانی “بەکرێگیراوی سپی” و “دەنگی باران”.