فیلمی سینەمایی “کوێستانی قەندیل” لە دەرھێنانی (تەھا کەریمی) و کورتە فیلمی “دەنگی باران” لە دەرھێنانی (جەلال ساعیدپەنا) خەڵاتە سەرەکییەکانی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی دیجیتاڵی ھێندستانیان بەدەستھێنا.
بە پێی راپۆڕتی راگەیاندنی گشتیی فیلمی “کوێستانی قەندیل”، فیلمی سینەمایی “کوێستانی قەندیل” لە دەرھێنانی سینەماکاری لاوی کورد (تەھا کەریمی) کە بەرھەمی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ـ بەڕێوەبەرایەتی سینەمایی سلێمانییە لە دوازدەیەمین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی دیجیتاڵی ھێندستان نمایشکرا و توانی خەڵاتی باشترین فیلمی بڵندی سینەمایی ئەم فیستیڤاڵە بەدەستبێنێت.
ھەروەھا کورتە فیلمی “دەنگی باران” لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد (جەلال ساعیدپەنا) لە بەشی پێشبڕکێی ئەم فیستیڤاڵە، نمایشکرا و خەڵاتی باشترین کورتە فیلمی پێبەخشرا.
(تەھا کەریمی) سینەماکاری لاوی بانەیی بە ھۆی سەرقاڵ بوون بە سازکردنی نوێترین بەرھەمی سینەمایی خۆیەوە نەیتوانی لە فیستیڤاڵی دیجیتاڵی ھێندستاندا ئامادەبێت و سینەماکاری سنەیی (جەلال ساعیدپەنا) خەڵاتەکەی خۆی و دەرھێنەری فیلمی سینەمایی “کوێستانی قەندیل”ی لە دەستەکانی ئەندامانی لێژنەی دادوەری فیستیڤاڵ وەرگرت.
فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی دیجیتاڵی ھێندستان، بە نمایش کردنی ٥٠ کورتە فیلم و فیلم بڵندی سینەمایی لە دەرھێنەرەکانی ٤٤ وڵاتی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی پێشبِڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لە رۆژانی ٩ تا ١٥ی مارسی ٢٠١٢ لە شاری دێھلی وڵاتی ھێندستان بەڕێوەچوو. لەم فیستیڤاڵەدا ھەروەھا چەندین سیمینار و کارگەی فێرکاری فیلمسازی لەسەر سینەمای کورت و بڵند سازکرا.
کۆمپانیای سینەمایی “ستاک فیلمی سنە” بە بەرپرسیاری ھونەرمەندی کورد (سەتار چەمەنی گوڵ) کە فیلمی سینەمایی “کوێستانی قەندیل” و کورتە فیلمی “دەنگی باران” لە ئاستی دنیادا بە شێوەی نێودەوڵەتی بڵاودەکاتەوە، بە فیلمی سینەمایی “شەوی حیساب” لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد (حوسێن سێوەدین) و کورتە فیلمەکانی “رۆیشتن” لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد (سالم سەڵەواتی) و “بنەماڵەی سالم” لە دەرھێنانی (ئەمیر حوسێن تورابی) لە فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی دیجیتاڵی ھێندستان ئامادەبوو.
“کوێستانی قەندیل” لە یەکەمین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا لە رۆژانی ١ تا ٩ی ئۆکتۆبری ٢٠١٠ لە ١٥مین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “ئۆرێنس” OURENSE لە شاری ئۆرێنس لە وڵاتی ئیسپانیا نمایشکرا و توانی خەڵاتی باشترین سیناریۆی ئەم فیستیڤاڵە بەدەستبێنێت.
“کوێستانی قەندیل” لە وێنەگرتنی ھونەرمەندی کرماشانی (کەیوان یۆسفی) لە وەرزی پاییزی ساڵی ٢٠٠٨ و لە سەرەتای وەرزی زستانی ٢٠٠٩ بە ماوەی سێ مانگ لە ناوچەی “قەرەداغ” سەر بە پارێزگای سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان وێنەگیراوە و ھەڵبژاردەیەک لە ئەکتەرەکانی کوردستانی عێراق، کوردستانی ئێران، کوردستانی تورکیا و عێراق تیایدا رۆڵیان بینیوە.
لەم فیلمەدا شانۆکاری کورد دکتۆر “قوتبەدین سادقی”، گۆرانیبێژی دەنگخۆش و ناوداری کورد “عەینەدین مەریوانی”، “جۆمەرد قارەمان” گۆرانیبێژی دەنگخۆش و پەنجەزێڕینی دیوان کە خەڵکی باکووری کوردستانە و ئێستا دانیشتووی شاری کۆڵنە لە وڵاتی ئەڵمانیا، ھونەرمەندی شێوەکاری عێراقی خاتوو “لمیا حوسێن” و ھەروەھا ئەکتەری بەئەزموونی کورد (کامران رەئووف) رۆڵی سەرەکی دەبینن.
ھەروەھا (تاھیر پیشوایی) ـ دەنگھەڵگر، (محەمەد رەزا وەتەندووست) ـ مونتاژ، (فەردین خەلعەتبەری) ـ موزیک، (حوسێن مەھدەوی) ـ دەنگدانەر، (ئەوین شەریفی) و (ئومێد کەیمی) ـ وێنەگرانی فۆتۆگراف، (مەنسوور جیھانی) و (مەنووچێھر جیھانی) ـ بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی گشتی و وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ـ بەڕێوەبەرایەتی سینەمایی سلێمانی وەکوو بەرھەمھێنەر، لەگەڵ ئەم فیلمە ھاوکاریان کردووە.
“کوێستانی قەندیل” یەکەمین بەرھەمی بڵندی سینەمایی (تەھا کەریمی) دوای کورتە فیلمەکانی “زریان”، “سنووری ژیان”، “کوێستانی سپی” و “نەوت شێرپەنجەی شارەکەم”ە تاکوو ئێستا لە ١٢ فیستیڤاڵ لە ئاستی جیھاندا نمایشکراوە، لەوانە: چل و یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “گوا” لە وڵاتی ھێندستان، نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “چاوی سێیەم” لە شاری بەمبای لە وڵاتی ھێندستان، حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “دوبەی” لە وڵاتی ئیمارات، نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “تیرانا” لە وڵاتی ئاڵبانی، دەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “ئیستانبوول” لە وڵاتی تورکیا، فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلم گەلی عەرەبی لە شاری ئامستردام لە وڵاتی ھۆڵەندا، حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لەندەن لە وڵاتی بەریتانیا و چەندین فیستیڤاڵی دیکە.
کورتە فیلمی “دەنگی باران” دوایین بەرھەمی (جەلال ساعیدپەنا)یە، کە تاکوو ئێستا لە فیستیڤاڵی جۆراوجۆری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی نمایشکراوە و چەندین خەڵاتی گرینگیشی بەدەستھێناوە، لەوانە: خەڵاتی باشترین فیلم لە بەشی پێشبڕکێی “ئاسیا” لە ٢٨مین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی “تاران” لە وڵاتی ئێران، خەڵاتی باشترین کورتە فیلمی چیرۆکی لە نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “تیرانا” لە وڵاتی ئاڵبانی، خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەری حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “لەندەن” لە وڵاتی بەریتانیا، خەڵاتی سەرەکی و ھێلکەی زێڕینی شەشەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “دھۆک ـ بەرڵین” لە شاری دھۆک لە ھەرێمی کوردستان، خەڵاتی ئاسکی زێڕین، دیپڵۆمای فەخری و خەڵاتی نەقدی چوارەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “سلێمانی” لە شاری سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان، رێزنراو لە بەشی “پەرەپێدان بە کەلەپووری شارۆمەندی” لە ٤١مین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “روشد” لە وڵاتی ئێران و چەندین فیستیڤاڵی دیکە.
(فەرشید گەوێڵی) لە ئەکتەرە باشەکانی کوردستانی ئێران و ھونەرمەندی منداڵ (مووسا فەیزی) لەم فیلمە ٢٦ خولەکییەدا رۆڵیان بینیوە. ھەروەھا (ئەمیر عەلی وەیسی) ـ وێنەگر، (عەلیرەزا مورادی) ـ رووناکی، (کامبیز عەڕشی) ـ بەرپرسی بەرھەم، (فەرید سەداقات) ـ دەنگھەڵگر، (لوقمان سوخەنوەر) ـ مونتاژ، (کەیوان یۆسیفی) ـ رووناکی، (مەنسوور جیھانی) و (مەنووچێھر جیھانی) بەڕێوەبەری راگەیاندنی گشتی و ناوەندی پەرەپێدانی سینەمای دیکۆمێنتی و ئەزموونی ئێران وەکوو بەرھەمھێنەر، لەگەڵ ئەم فیلمە ھاوکاریان کردووە.
بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی گشتیی فیلمەکانی “کوێستانی قەندیل” و “دەنگی باران”.