مەنسوور جیهانی ـ خاتوو “ڤیدا ساڵحی” سیناریۆنووسی فیلمی سینەمایی “گوڵ نیسا” خەڵاتی باشترین سیناریۆ و “سەتار چەمەنی گوڵ”، خەڵاتی باشترین دەرهێنانی خەڵاتی ساڵانەی سینەماییەکانی “دارالسلام” ناسراو بە ئۆسکاری ئەفریقایان بەدەستهێنا.
فیلمی سینەمایی “گوڵ نیسا” Golnesa یەکەمین فیلمی بڵندی سینەماکاری کورد “سەتار چەمەنی گوڵ” و لە نووسینی سیناریۆی سینەماکاری کورد “ڤیدا ساڵحی”، بە بەڕێوەبەرایەتی وێنەگرتنی “محەمەد فەکووری” و بە ڕۆڵ بینینی سەعید داخ، عەلی محەمەد ڕادمەنێش، یەگانە رەجەبی، ساقی زینەتی، مەسعوود محەمەدی، ویدا عەموویی، لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە دووهەمین خولی خەڵاتی ساڵانەی سینەماییەکانی “دارالسلام” ناسراو بە ئۆسکاری ئەفریقا بەشداریی کرد و دوو خەڵاتی سەرەکی ئەم ڕووداوە سینەماییە لەوانە: خەڵاتی باشترین سیناریۆی بەشی نێودەوڵەتی بۆ خاتوو “ڤیدا ساڵحی” و هەروەها خەڵاتی باشترین دەرهێنانی بۆ “سەتار چەمەنی گوڵ”ی بەدەستهێنا.
ڕێوڕەسمی پێشکەش کردنی خەڵاتەکانی دووهەمین خولی خەڵاتی ساڵانەی سینەماییەکانی “دارالسلام” ناسراو بە ئۆسکاری ئەفریقا لە ناوەندی کەلتوور و هونەری شاری میلیمانی لە پارێزگای دارالسلام لە وڵاتی تانزانیا بەڕێوەچوو و خەڵاتی ساڵانەی خۆی پێشکەش بە براوەکانی بەشە جۆراوجۆرەکان کرد.
فیلمی سینەمایی “گوڵ نیسا” وەکوو تەنیا نوێنەری سینەمای ئێران، ئەمساڵ لەم ڕووداوە سینەماییەدا بەشداریی کرد و لە سێ بەشی باشترین سیناریۆ “ڤیدا ساڵحی”، بەشی باشترین بەڕێوەبەریی فیلمهەڵگرتن “محەمەد فەکووری” و بەشی باشترین دەرهێنان “سەتار چەمەنی گوڵ” کاندیدی وەرگرتنی خەڵات بوو کە لە کۆتاییدا لە بەشەکانی باشترین سیناریۆ و باشترین دەرهێناندا خەڵاتی ساڵانەی ئۆسکاری ئەفریقا بەدەستهێنا.
ئەم ڕێوڕەسمە ساڵانەیە کە بە ئۆسکاری ئەفریقا ناسراوە، هەموو ساڵێک لە لایەن وەزارەتی کەلتوور و هونەریی تانزانیا و کەناڵی تەلەڤیزیۆنی Azam PayTV Limited و سینەمایی “زێتۆ” Zetu بۆ ماوەی دوو مانگی ڕابردوو فیلمە سینەماییەکانی لە دوو بەشی نەتەوەیی و نێودەوڵەتی بە شێوەی گشتیی بۆ خەڵک نمایشکرا.
ئەمساڵ لە بەشی نێودەوڵەتی ئەم ڕووداوە سینەماییەدا 31 فیلمی بڵندی سینەمایی لە 19 وڵاتی جیهان وەرگیران کە بە ماوەی دوو مانگ نمایشکران و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانەوە هەڵسەنگێندران.
فیلمی سینەمایی “گوڵ نیسا” تا ئێستا لە 25 فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لە ئاستی جیهان بەشداریی کردووە، لەوانە: فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم “مۆنتڕاڵ” لە وڵاتی کەنەدا، خەڵاتەکانی ئاسیا پەسیفیک لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا، خەڵاتی ساڵانەی “ڕێمی” لە ولاتی ئەمەریکا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم “کازان” لە وڵاتی ڕووسیا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “بریزیان” لە وڵاتی ئوستوڕڵیا و هەروەها چەندین فێستیڤاڵی دیکە.
“گوڵ نیسا” بە بەشداریی لەم فێستیڤاڵانە 11 خەڵاتی جیهانی لە بەشەکانی باشترین فیلم، باشترین دەرهێنان، باشترین بەڕێوەبەریی وێنەگرتن، باشترین ئەکتەری پیاو و باشترین ئەکتەری کچی بەدەستهێناوە و هەروەها لە چەندین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمیش کاندیدی باشترین سیناریۆ بووە، لەوانە: خەڵاتی زێڕینی “ڕێمی” Remi بۆ باشترین “فیلمسازی سەربەخۆ” بۆ “سەتار چەمەنی گوڵ” دەرهێنەری سنەیی ئەم بەرهەمە لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی پەنجا و یەکەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “هۆستۆن” Worldfest لە وڵاتی ئەمەریکا و هەروەها خەڵاتی باشترین “ئەکتەری پیاو” بۆ “عەلی محەمەد ڕادمەنێش” ئەکتەری ئەم فیلمە لە لایەن ئەنجومەنی ڕخنەگرانی سینەمای ئەمەریکا، خەڵاتی باشترین دەرهێنان بۆ “سەتار چەمەنی گوڵ” و باشترین بەڕێوەبەریی وێنەگرتن بۆ “محەمەد فەکووری” لە بەشی پێشبڕکێی چواردەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کازان” لە وڵاتی ڕووسیا، خەڵاتی باشترین فیلم و باشترین ئەکتەری کچ بۆ خاتوو “یەگانە ڕەجەبی” ئەکتەری ئەم بەرهەمە سینەماییە لە بەشی پێشبڕکێی “فیلمە سینەماییەکان” لە یەکەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمە “داهێنەرانە” Innovation لە وڵاتی سویسڕا، خەڵاتی باشترین فیلمی بەشی پێشبڕکێی “فیلمە سینەماییەکان” لە حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “بێ توندووتیژی” Nonviolent لە وڵاتی ئەمەریکا، خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچ بۆ خاتوو “یەگانە ڕەجەبی” لە پازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سالێنتۆ” Salento لە وڵاتی ئیتاڵیا و هەروەها خەڵاتی باشترین بەڕێوەبەریی وێنەگرتن بۆ “محەمەد فەکووری” لە چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “پرۆلۆگ” تاشکەند لە وڵاتی ئۆزبەکستان.
هەندێک لە ستافی ئامادەکردنی فیلمی بڵندی چیرۆکی “گوڵ نیسا” بریتین لە:
دەرهێنەر: سەتار چەمەنی گوڵ، نووسەری سیناریۆ: ڤیدا ساڵحی، بەڕێوەبەریی فیلمهەڵگرتن: محەمەد فەکووری، دەنگهەڵگر و دەنگدانەر: بێهرووز موعاونیان، مونتاژ: کاوە عەزیزی، ئاوازدانەر: کارەنگ کەرباسی، بەرپرسی پلان: حوسێن مەرزبان، دیزاینی میکیاژ: ڤیدا ساڵحی، بەرپرسی بەرهەم: مەریەم قاسم ئابادی، یاریدەدەری یەکەمی دەرهێنەر: سیاوەش رەمەزانلوو، یاریدەدەری دووهەمی دەرهێنەر: محەمەد تۆریوەریان، چاککردنی ڕەنگ: سامان مەجدوەفایی، لابراتواری دیجیتاڵ: مێهرداد سولەیمانی، مونشی سەحنە: مەریەم رووزبەهانی، یاریدەدەرانی فیلمهەڵگر: حوسێن سادقی، حەمید محەمەدزادە، ناسح عەبدوڵڵاهی، ئەحمەد رەزا سادقی، یاریدەدەری دەنگ: سوهەیل حوسێن خانی، جێگری بەرهەم: عەباس ئەبوویەسانی، بەرپرسی سەحنە: حامید ئەحمەدی، ئەرشیفی جلووبەرگ: تاهیرە سەروەری، گرووپی تەدارەکات: کەیهان عەلیزادە، عەلی قودرەتی، هاتووچۆ: سەعید مورادی، ئەکتەرەکان: سەعید داخ، عەلی محمەمەد ڕادمەنێش، یەگانە رەجەبی، ساقی زینەتی، مەسعوود محەمەدی، ویدا عەموویی و …، بەڕێوەبەریی ڕاگەیاندنی گشتیی: مەنسوور جیهانی و مەنووچێهر جیهانی و بەرهەمهێنەران: سەتار چەمەنی گوڵ و یۆسف کەرەمی، بەرهەمی: کۆمپانیای سینەمایی “ستاک فیلمی سنە”.