(ھەوڵدانێکە بۆ خستنەڕوو و دواندن و خوێندنەوەی ئەودیو نھێنی و پەنھانەکانی مێژوو بەگشتی و بەتایبەتی، لەکتێبی –کۆمەڵی ھەقە- ی-رێبوار حەمە تۆفیق-دا”١”)
*(بسم اللە الرحمن الرحیم” یا ڕیھا الژین آمنوا ان جاءکم فاسق بنبڕ فتبینوا ڕن تێیبوا قوما بجھالە فتێبحوا علی ما فعلتم نادمین-سورە الحجرات-آیە٦”ێدق اللە العڤیم).
*”ئەوی ئەمڕۆ بەدەوری تەختیایە ھەلھەلەی مەخلوق
لەدەوری نەعشیا سبحەی دەبینی وەلوەلەی مەخلوق
بە پەل پەل کردنی سبحەی ئەگەر ببوایە باوەڕیان
دەبوو قەت بەم حەدە نەبووایە بۆ دنیا پەلەی مەخلوق
……………
بەئاوی تێ گەیشتین ئێمە دنیا، ھەر سەرابآ بوو
ھەموو دەشچن بەخنکان و لەوشکییە مەلەی مەخلوق”
– مەحوی-
خوێندنەوەی: یوسف عیزەدین
پێش بەرایی
رەنگە منیش وەک ھەر خوێنەرێکی ئاسایی، پێم ئاسایی نەبێت راگوزەرانە بخوێنمەوەو سەرپێییانە بەسەر دێڕ و پەرەگراف و وێنەو دیمەن و تێبینی و سەرنج و سەرچاوەو راڤەو شیکار و سەرجەم شتگەل و ئاماژەپێدانەکانی ئەم یان ئەو تێکستدا تێپەڕببم ! یان رەنگە زۆر لەوە زیاترو بەشێوەیەکی گشتی و بگرە تایبەتیش پێویست بکات لەخوێندنەوەی تێکستە زیندووە قووڵەکاندا، مامەڵەیەکی تەفکیکییانەی لەتەکدا بکەین.
بەھەرحالڕ، تاھەنووکە.. لەدنیای نووسینی کوردیدا، زۆر نین ئەو تێکستانەی کەبکارێت رۆبچیتە نێویانەوەو لەبۆشاییەکانیاندا بۆ دەرکە نەکراوەکانی بگەڕێیت، یان لەنێو راڕەو و کۆریدۆرەکانیدا، بەشوێن پەنھان و کەشف نەکراوەکانیدا عەودالڕ ببیت.
ئەمە جگە لەوەی کەھەردەم بگرەو بەردەو کێشمانکێش و ململانآ لەنێوان دوو دیدگەی جوداو جیاوازدا ھەبووەو ھەیە، کەیەکێکیان پێی وایە تێکستی زیندوو وەک بونیادێک دەبێت حەقیقەت و حەقیقەتەکان لەخۆ بگرێت و ئەوی دیکەش پێی وایە ھیچ گرنگییەک لەوەدا نییە تێکست حەقیقت لەخۆ بگرێت یان نەیگرێت!؟ چونکە دواجار حەقیقەتێکی تایبەت بەخۆی ھەیە کەئەویش حەقیقەتی تێکستە، کەواتە تێکست لەبری ئەوەی ببێتە ئامڕازی گەیاندنی مەعریفە، خودی خۆی دەبێتە مەیدانێکی مەعریفی سەربەخۆ.
بۆیە رەنگە پێویست بێت ناتەقلیدییانەو لەچەند دەرکەیەکی دیکەو جیاواز لەدەرکە ئاوەڵا لەبەرچاوەکان, بچینە نێو دنیای تێکستەوەو مامەڵەیەکی تەفکیکییانەی لەگەڵدا بکەین. کەواتە لەجێی وەرگرتنی بێ چەندو چوونی ئەوەی کەھەیە, ئێمەی خوێنەرین کەدەبێت پرسیارمان ھەبێت و تێکست بەشێوەیەک لەشێوەکان بدوێنین و بیھێنینە قسەو لەو میانەشەوە شاراوەو پەنھانەکانی کەشف بکەین.
ئاشکراشە ھەموو ئەمانە لەدژایەتی کردن و نەفیکردنەوەی تێکستەوە دەست پێ ناکات ،وەک زۆر کەس لێی حاڵی بوون.. ئەمە جگە لەوەی تێکستی زیندوو ھەرچییەکی بەرانبەر بکەیت، بەھیچ نەفی ناکرێت و ناسڕدرێتەوە، لەگەلڕ ھەر خوێندنەوەیەکی نوێشدا دێتەوە بوون و دەژێتەوە.
تێکستە مێژووییەکان
جێی باسە کەھەرچەند ھەن، تائێستا تەنھا مامەڵەیەکی واقیعییانە و تەقلیدیانە لەگەڵ نووسراو و تێکستە مێژووییەکان و بەتایبەتیش دۆکۆمێنتەکاندا دەکەن و پێیان وایە، دەبێت وەک راستییەکی حاشا ھەڵنەگر سەیر بکرێت، بەتایبەتیش کاتێک رووداو یان شتێکی دیاریکراو، لەچەند سەرچاوەیەکدا بەھەمان شێوە ئاماژەی پێدەدرێت، ئیدی ئەمە لای ئەو جۆرانە دەبێتە ھەنجەتی سەلماندنی راستی و واقیعی بوونی، لەکاتێکدا ئەمە مەرج نییە وابێت و زۆر جارانیش ئەوە ساغ بۆتەوە کەھەردەم سیناریۆسازییەکی نائەقڵانییانە بەناوی ئەقڵانییەتەوە لەپشت گێڕانەوەی مێژووەوە ھەبووەو ھەیە.
کەواتە گرفتی ھەرە سەرەکی مێژوو، ھەر لەونبوون و نەبوونی نووسین و دۆکۆمێنتەکاندا نییە، بەڵکو لەخودی نووسین و دۆکۆمێنت و ئاماژەپێدانەکانیشدایە!؟
شایانی باسیشە دەمێک ساڵە رەخنەگرە مێژووییە کارامەو جدییەکانی میللەتانی خاوەن تێکست و نووسراو و دۆکۆمێنتەکان، رەنگە بەشێوەیەکی بەرفراوانیش لەرێنیسانسەوە, یان زۆر لەپێش ئەوەشەوەو تائێستاش ھەر ئەوداڵی ساغکردنەوەو راستکردنەوەو ھەڵوەشاندنەوەو کەشفکردنی ئەم راستی و ئەو راستی مێژوویی بووبێتن، تەنانەت گەر پێشتر زۆر بەیەقینیشەوە خرابێتەڕوو و سەلمێنرابێت.
بۆ نموونە رۆڵی “ھێنری شەشەم” چەند گرنگ بووبێت، لەدەسپێک و بناغەڕێژی دەوڵەتی نەتەوەیی ئینگلیز و جیابوونەوە لەفاتیکان و گۆڕینی مەزھەبی ئایینی و بناغەداڕشتنی ئەو دەوڵەتەی کەبەدرێژایی سەردەمانێک زۆربەی دنیای بەفیعلی داگیرکردبوو، ناکاتە ئەوەی کەمێژوونووسانی ئینگلیز، لەباسکردنیدا باس لەگەندەڵی و داوێن پیسی و شەھوەتبازیی و دڕندەیەتی و ھەموو سیفەتە خراپەکانی تریشی نەکەن، تەنانەت ئەو راستیەش ناشارنەوە کەھۆکاری سەرەکی جیابوونەوەی لەفاتیکان و جیاکردنەوەی مەزھەب و یاساکانی حوکم و دادوەری و شتەکانی تریش، بەتەواوی پەیوەست بووە، بەئارەزووە سێکسییەکانییەوە، کەبۆتە ھۆکاری ئەو ھەموو ئاڵوگۆڕە؟!
ئیدی چەند لەلایەن خەڵکانێکی دیدگە تەقلیدییەوە وابزانرێت، زۆرێک لەمێژووی کۆن و نوێی ئۆرووپا بەچەشنێک سەلمێنراوە، کەئاستەمە ئاڵوگۆڕی تێدابکرێت..بەڵام ھەوڵدانە بەردەوامەکانی مێژوونووسانێکی جیدی پێچەوانەکەی دەردەخەن.
ھەر بۆ نموونە، نووسەری ئیتاڵیایی( “لوچیانوو کانفورا” لەکتێبەکەیدا بەناوی”کتێبخانە ونەکە ” کەبۆ یەکەمجار ساڵی١٩٨٦چاپ و بڵاوبۆتەوە، بەزمانێکی گاڵتەئامێزانە زۆر راستی سەیر و نوێی درکاندووە، کەبەتەوایی مێژوویەکی نووسراوی باوەڕپێکراوی لەوەو پێشی ژێر و ژوور کردووە، لەکاتێکدا بەدرێژایی ساڵانێکی دوور و درێژ باوەڕ بەبوونی کتێبخانە مەزنە سەد قاپییەکەی شاری –تیبە-کراوە، ھەروەک باوەڕ بەبوونی کتێبخانە مەزنەکەی –ئەسکەندەریە-و-پراگاموون-و ئەوانەی تریش..ئیدی تۆژەر و لێکۆڵەرێکی کەلەپووری ئەنتیکای کلاسیکی-ھیلینی و گریکی و رۆمانی- وەک –کانفورا- دێت و ئەو راستییە کەشف دەکات، کەکتێبخانە مەزنەکەی –تیبە-ش وەک زۆر کتێبخانەی دیکەی مێژوویی لەڕاستیدا ھەر نەبووەو گەر بووبێتیش، مەبەست لەوەی”تیبە”یە لەچەند رەفەیەکی کەم تێپەڕی نەکردووەو بێجگە لەچەند دەستنووسێکی تایبەتیش بەرێوڕەسمی ئایینی و لەسەر پەلکی”بەردی”نووسراو، ھیچی دیکەی تێدا نەبووەو زۆر دوورە لەو جۆرە خستنەڕوو و باسکردنەی کە”دیۆدۆری سقللی” خستوویەتییەڕوو کەگوایە لەنووسراوێکی سەرگوزشتەی سەفەرێکی “ھرکاتایۆس ئابدیرا” خۆیەوە وەریگرتووە کە٣٠٠ساڵ پێش زایین ژیاوەو سەردانی کتێبخانەکەی –تیبە-ی کردووە، ئیدی ھێندە بەسەرسامییەوە باس لەمەزنایەتی کتێبخانەکەکراوە، کەبۆتە مایەی سەفەرکردنی دەیان تۆژەر و زانای ئەرکۆلۆژیست، بەمەبەستی دۆزینەوەی…”٢”).
شایانی باسە ئەو کەسەی بۆ ماوەیەک و بەجدییەتەوە خەریکی خوێندنەوەی کتێبە مێژووییەکان بێت، زۆر نموونەی ئاوا سەیر و سەمەرەی دێتە پێشچاو، کەزۆریان بۆ نموونە و بەتایبەت کەسایەتی و سەرکردەیەکی مێژوویی بەزێدەڕۆییەوە تێدا مەزن و گەورە دەکرێت، یان بەشێوەیەکی سەیر سەمەرە ناشرین و تاوانبار دەکرێت، جا لەھەمووشی سەیرتر دووبارەبوونەوەی سیناریۆی حیکایەتەکانە، پێی بەپێی گۆڕانی شوێن و جێگەی رووداوەکان و بەدەر لەھەر لۆژیکێکی زەمەنی، بۆ نموونە لەگێڕانەوە مێژووییەکاندا ئاماژە بەوە کراوە، کەکاتێک “عومەری کوڕی عاس” فەتحی وڵاتی فارس دەکات و دەگاتە کتێبخانەی –جندیشاپوور- و پرس بە خەلیفە”عومەری کوڕی خەتاب” دەکات، لەوەڵامدا فەرمانی”عومەر”ی پێ دەگات دەرحەق بەسووتاندنی و ھەمان حیکایەتیش سەبارەت بەکتێبخانەی ئەسکەندەریە دووبارە دەبێتەوەو بەھەمان شێوە”عومەری کوڕی عاس” پاش پرسکردنی فەرمانی خەلیفە”عومەرکوڕی خەتاب”ی پێ دەگات، کەدەڵێت:
( ئەگەر باشن ئەوە خودا لەوە باشتری پآ بەخشیوین، کەقورئانە..ئەگەر خراپیشن ئەوە بۆ نێو ئاگر باشن”٣” )
. بەڵام ھەموو ئەم رووداو و گێڕانەوانە لەمڕۆدا دەیان پرسیاریان سەبارەت دەکرێت و خوێندنەوەی نوێگەرییانەی مێژووش، زۆر رووداویان پێچەوانە و جیاواز خستۆتەڕوو، بەبآ ئەوەی گوآ بدەنە ئەوەی ئاخۆ لەڕووی سیاسیی و فەرھەنگی و کولتووری و شتەکانی دیکەوە لەبەرژەوەندی کێدایە؟! تەنانەت لەھەمووی سەیرتر و سەرنج راکێشتر زۆر پڕوپاگەندەو رووداوو و باس و خواسی مێژوویی ناڕاست سەبارەت بەھەندێک لەکەسایەتییە مێژووییەکانی ئیسلام ھەن، کەتۆژەر و مێژوونووس و ئەرکۆلۆژیستەکانی رۆژئاوا بەدرۆی دەخەنەوەو دەرئەنجامی شیکاری و راڤەکاری و گەڕان، بۆ نموونە، وەک گریمانێک دەیسەلمێنن کەھیچ کاتێک سوپایەکی دەبیست ھەزار سەربازی فڵانە سەرکردەی ئیسلام-بەپێی ئاماژە پێدانی چەند سەرچاوەیەک و بەو شێوەی باسکراوە- فڵانە شوێن و ناوچەو شاری داگیرنەکردووە، یان ئەگەر بۆ نموونە سەرچاوەیەکی مێژوویی گوتبێتی سەرکردەیەکی ئیسلام پاش داگیرکردنی شارێک بەدەستی خۆی و لەسەر کەناری دیجلە لەبەیانییەوە تائێوارە حەفتا ھەزار کەسی سەربڕیبێت و ئەمە بەدرێژایی مێژوو و لەلایەن کەسانێکەوە وەک بەڵگەنەویستێک سەیرکرابێت و بووبێتە بەشێک لەسەرگوزشتەی دڵڕەقی و بێڕەحمی ئەو سەرکردەیە، ئەوە مێژوونووسانێک کەدوور و نزیک ھیچ پێوەندییەکیان بەئیسلامەوە نییە، دێن و مەیدانییانەو لەڕووی نالۆژیکی بوونییەوە، پووچەلڕ و بەدرۆی دەخەنەوەو دەیسەلمێنن کەمەحاڵە تیژترین شمشێرو بەھێزترین کەسی دنیا لەبەیانییەوە تا ئێوارە ، بتوانێت نەک حەفتاھەزار کەس، بەڵکو تەنانەت حەفتا کەسیش سەرببڕێت؟!
ئەمە لەکاتێکدا ئاستەم بووە، لەو شوێنە ناوھێنراوەدا وەک نموونەیەک، نەک حەفتا ھەزار کەس، بەڵکو حەوسەد کەسیش ژیابێت و ھەبووبێت؟! ئیدی ئەم جۆرە خوێندنەوە نوێیانەی مێژوو دەگەنە ئەو ئاستەی کەھەن دەیسەلمێنن، ھیچ کاتێک ئیسلامەکان ھێرشیان نەکردۆتە سەر ئیسپانیاو لەمێژووشدا کەسێکی راستەقینەی بەڕەگەز “بەربەر” نەبووە ناوی “تاریقی کوڕی زیاد”بووبێت و…تاد؟!.
کتێبی کۆمەڵی ھەقە
-دەستپێک-
ئەوەی کەوای لێکردین تا ئەم ئاستەی وتارەکەمان، کەمێک بەشێنەیی رێ بکەین و ھێور ھێور ھەندێک نموونەی مێژوویی بھێنینەوە، ھەوڵدانێک بوو بۆ نزیکبوونەوە لەزۆرێک لەو سەرچاوەو بەسەرھاتە مێژوویی و تەرح و بۆچوون و دنیابینی و کەرەستانەی کەلەکتێبی”کۆمەڵی ھەقە” دا کاری پێکراوە، یان کاری پێنەکراوەو لەشوێنێکەوە دەبێت بخرێنەگەڕ و بەکار بھێنرێنەوە.
جا ھێندەی لێرەدا بوار ھەیە، دەکارێت بەئاماژەپێدانی راستەوخۆ، خوێنەر بەرەو فڵانە شوێن و تەرحی کتێبەکە رابکێشین و ئەوداڵی خوێندنەوەی جیدی و سەوداسەری پرسیاری بکەین.. یاخود بەو شێوەیەی کەپێشتر و لەسەرەوەڕا گرتمانەبەر، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و ناتەقلیدییانە مامەڵەی لەگەڵدا بکەین.
چەند ئیزافەیەکی مێژوویی
ھەرچەند ھەوڵدانێکی بەرچاو و پڕ وردەکاریی لەلایەن لێکۆڵەری کتێبی”کۆمەڵی ھەقە” ، -رێبوار حەمە تۆفیق-ەوە دراوە، بەمەبەستی دۆزینەوەی رەگوڕیشە مێژووییەکانی ھەقەو چۆنیەتی پەیدابوون و سەرھەڵدان و پەرەسەندن و دواتر خەفەبوونی لەماوەیەکی مێژوویی دیاریکراوی تاڕادەیەک کورتدا.
بەڵام ئەوەندەی دەرفەتیش ھەبێت، بەندە-ش والێرەدا.. بەمەبەستی ئاوەڵاکردنی دەرکەی دیکەو خستنەڕووی زانیاری تری مێژوویی، گەر شیاو بێت وای ناو بنێین، لەمیانی خستنەڕوویەکی ئیزافەگەرانەوە ھەندێک شت دەخەمەڕوو، دەکرێت بەتێز و بۆچوونە گرنگەکانی “میھرداد ئیزەدی”یش دەست پێبکەین:
( لەساڵی ٥٢٢-ی، پ.ز-دا بەتەواویی حوکم و دەسەڵاتی کۆنە فیدراسیۆنی میدییەکان” کە تا ئەو دەمەش بەسەرکردایەتی ئەخامەنییەکان و نیمچە رۆڵێکی میدییەکان، بەڕێوە دەبرا “، کەوتە دەست ئەخامەنییەکان.
گەرچی لەسەردەمی”ئازھی داھاک-زوحاک-“دا، رێبازی ئایینی “یەزدانی-یەکان” وەک ئایینێکی رەسەن و زاڵی ناوچەکە پەیڕەو دەکرا. کەھەردەم باڵادەستی بەسەر ئایینی زەردەشتییەکانەوە ھەبووەو بگرە رێنیشاندەر و رابەری راستەقینەی پیر و مووغانە زەردەشتییەکانیش بووە.
بەڵام لەسەردەمی”داریوس”ی فارسداو بەبەرنامە ویستویەتی “یەزدانی-یەت”ی ئایینی رەسەنی میدییەکان بشێوێنێت. لەھەوڵێکی بآ وێنەدا یەزدانی-یەت قەدەغەکراوەو زەردەشتییەت سەپێنراوە. “داریوس” ھەر بەوەشەوە نەوەستاوەو خودی گاتاکانی زەردەشتیشی شێواندووەو بەمەبەستی خزمەتکردنی خۆیی و دەسەڵاتەکەی گۆڕیویەتی, گەرچی لەمەدا سەرکەوتوو نەبووە.
لەو گۆڕانکارییانەی کەلەگاتاکانی زەردەشتدا کردووێتی و بۆی زیادکردووە، ھاوتاکردنی ناو و چەمکی”ئەھریمەن، بە_داھاک..زوحاک_”بووە.
ھەر بۆیە لەمیتۆلۆژیای ئێرانیدا، راشکاوانە ئەم ھاوتا بوونەی ناو و چەمکی شەیتان و زوحاک دەبینرێتەوە.
بەڵام لای ئەو لقە ئایینییانەی کەلە”یەزدانی-یەت” جیابوونەتەوە، بەپێچەوانەی ئەم بۆچوونەوە”زوحاک کەبەھەڵە بۆتە ساھاک”، ھێشتاکە رێز و مەزنایەتی و قودسییەتی خۆی پاراستووەو ھەردەم لەلایەن ئەو لقە ئایینییانەوە ستایش دەکرێت”٤”).
ھەروەھا دەڵێت:
( رەنگە ناوێکی دیکەی یەزدانی-یەتیش “حەق” بێت، کەبەواتای رۆحی رەھا دێت و ھەر ئەمەشە بۆتە ھۆی دابەش بوونی بەسەر سآ بەشی سەرەکیدا:
” ئێزیدی و عەلەوی و یاریسانی “…..
یەزدانی-یەکان چ لەئێستاداو چ لەڕابردووشدا باوەڕیان بەتیشکی پیرۆز و حەوت فریشتەکە ھەبووەو ژمارە حەوتیشیان بەپیرۆز زانیوەو پێشیان وابووە لەحەوت ھێزی خراپەکار دەیانپارێزێت……….
یەزدانی-یەکان رۆح و ماتەریالڕ بەشێوەیەک لەیەکدی جیادەکەنەوە، کەئیدی رۆحی رەھا ھیچ پێوەندییەکی بەدنیای ماتەریاڵەوە نامێنێت و پێوەشی خەریک نابێت. “حەق” یان رۆحی رەھا لای یەزدانی-یەکان وەک ئافەریدەکار مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و سەبارەت بەحەوت ژمارە پیرۆزەکەش، پێیان وایە کەلەبەرپرسی گەورەی فریشتەکان و پێنج فریشتەکەی دیکەو رۆحی رەھا پێک دێت.
بەرزترین پلەی ئایینیش لای یەزدانی-یەکان”باب”ە، کەلەزمانی ئارامی کۆندا بەواتای دەروازە دێت.
“میرزا عەلی محەمەد” لەچەرخی نۆزدەیەمدا ژیاوەو یەکێکە لەو زاتانەی کەگەیشتۆتە پلەی باڵای”باب”و دواتریش رێبازی ئایینی “بابی یان بەھایی” دامەزراندووە
کەدیارە ھەڵێنجراوی بیرۆکەی ئایینی
“میترا”ییەکانە..بەماوەیەکی زۆر کەم لەناوچەکەدا بڵاو بۆتەوە….
یەزدانی-یەکان چەشن و شێوەی خواپەرستنیان، دوور لەخەڵکانی بێ باوەڕ و غەیرە دین، بەشێوەیەکی پەنھان و نھێنی بەڕێوە بردووە..بەڵام لەگەلڕ ئەوەشدا بەحوکمی باوەڕیان بە”رۆحی رەھا”، رێبازە ئایینییەکانی تریشیان جوداو نامۆ نەبینیوەو پێیان وابووە کەپێغەمبەرەکان لەلایەن “رۆحی رەھا”ەوە، بۆ رزگارکردنی مرۆڤایەتی نێردراون. ھەر بۆیە بەگیانێکی دۆستانە روانیوویانەتە پەیامی “موسا و عیسا و محەمەد”و ھەموو جۆرە رێبازە ئایینییەکانی دیکەش……….
شایانی باسە کەیەزدانی-یەکان سەبارەت بەدروستبوونی دنیای ماتەریالڕ و قیامەت تەواو ھاوفیکری رێبازە ئایینییەکانی ترن و ئەوەی بەلاشیانەوە گرنگە رۆژی قیامەتە. ھیچ کاتێک یەزدانی-یەکان دەستەیەکی تایبەتیان بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارە ئایینییەکانیان پێکەوە نەناوەو دەستەوسان و بەئەدەبەوە روانیویانەتە رێبازە ئایینییەکانی تر……………….
دەکرێت میتراییەکان، مەزدەکییەکان، ھوڕەمییەکان، قەرامیتییەکان، بەباڵی جیا جیای یەزدانی-یەکانی بدەینە قەڵەم، سەرباری کاریگەرییان بۆ سەر مانییەکان و ئیسماعیلییەکان و دورزییەکان بابی”بەھاییەکان”و زەردەشتییەکان…….”٥”)
لەھەمان وتاردا ئاماژەیەکی گرنگیش بەلایەنی سێکسی بەکۆمەڵ دەدات:
( بەدرێژایی مێژوو ئەم رێبازە ئایینییانە رووبەڕووی زۆر تانەو تەشەر و رەخنەی خەڵکانێک بوونەتەوە کە یەزدانی-یەکان و عەلەوییەکان و مەزدەکییەکان و رێبازە ئایینییەکانی دیکەشیان، بەمومارەسەکردنی سێکسی بەکۆمەلڕ تاوانبارکردووە………….
ئەوەی بەلاشمەوە سەیر و سەمەرەو جێی سەرسووڕمانە، ئاماژەکردنەکانی “ھێنری راولنسۆن”و”ماکدۆناڵد کینەر”و”گ.ر.درایڤەر”ە کەپێیان وابووە تا ساڵانی ١٩١٢-١٩٢٣ کەشێکی سێکسی لەو چەشنە بەڕێوەچووەو بەدرێژکراوەی رێبازی “میتاو ئەناھیتا”یان لەقەڵەم داوە..ئەو دوو رێبازە ئەندامی سێکسییان پەرستووەو دەچنەوە سەر کولتووری”سێسۆستریس”.
“کینەر”یش، وەک دەڵێت و ئاماژەی بۆ کردووە، گوایە خودی خۆی بەشداری کەشێکی سێکسی لەو چەشنەی کردووە”٦”).
مانی-ییەکان وەک بنەمایەکی سۆفیستی
لەنمونە پەرەگرافەکانی سەرەوەدا، ئاماژەدانی “میھرداد ئیزەدی” بۆ کاریگەری یەزدانی-یەکان لەسەر مانی-یەکان، بەجیا لەوانەی تری سەرنج رادەکێشێت و بەتایبەتیش مانی-یەکان وەک یەزدانی-یەکان رووبەڕووی ھێرش و دژایەتی توندی زەردەشتی-یەکان بوونەتەوە. لەبەر ئەوەی مانی-یەکان بەپێچەوانەی زەردەشتییەکانەوە بانگەوازی زاھیدبوون و دەست ھەڵگرتن لەدنیای ماددیان کردووەو سەرباری ئەوەش وەک زەردەشتییەکان بەزوڵم و زۆری دەسەڵاتداران قایل نەبوون.
مانی-ییەکان دژ بەخواردنی گۆشت و خواردنەوەی مەی و رابواردنی سێکسی بوون و بەتەوایی رەبەن بوون و ھەردەم بانگەشەی جڵەوکردنی شەھوەت و دوورکەوتنەوەیان لەسەرجەم خراپەکارییەکان کردووە. وێڕای داواکردنی رۆژووگرتنی بەردەوام و دژایەتی کردنی زوڵم و زۆر لەھەر شوێنێکدا بێت و بووبێت. ھەر بۆیە “بەھرام”ی پاشای فارس کەوتە دژایەتی کردنی شەخسی”مانی” و پێڕەولێکەرانی ئایینەکەی. ھەروەھا مەسیحییەتیش دژایەتییەکی سەرسەختی مانی-یەکانی دەکرد، زیاتریش لەو روانگەیەوە بوو کەھەرچەند مانی-یەکان مەسیحیان پآ نێردراوی یەزدان بوو، بەڵام لەھەمان کاتیشدا بەمرۆڤ و بەندەی خوایان دەزانی و ئەمەش لەگەلڕ تێفکرین و دنیابینی ئایینی سێینەی پیرۆزی مەسیحییەکان پێچەوانە دەکەوتەوەو نەدەگونجا.
گرنگی مانی-یەکان و جیابوونەوەی تەواویان لەزۆر ئایینی دیکە، بەجدیەتی خوداپەرستی و رەبەنی و خۆ مەحروم کردنی تەواویان لەسەرجەم خۆشییەکانی دنیادا دەردەکەوێت. سەبارەت بە مانی-یەکان و قووڵایی ئیمان و تەسەوفیان، لەکاتێکدا ئەگەر کاریگەری یەزدانی-یەکانیان لەسەر بێت، وەک “میھرداد ئیزەدی” ئاماژەی پێدەدات, دیارترین نموونەی کەسێکی باوەڕداریان “روزبە-سەلمانی فارسی”یە، کەپێغەمبەری موسڵمانان”د.خ”، زۆری خۆشویستووەو لەبارەشیەوە زانراوە، کەھەرگیز تەنانەت پێش موسڵمان بوونیشی تاڵیب بەدنیای ماددی و لەزەتەکانی نەبووە.. ھەرگیز مەی نەخواردۆتەوە، بەھەموو شێوەیەک لەئافرەت و دنیای شەھوانییەت بەدوور بووەو وەک ھەر باوەڕدارێکی مانی-یش گۆشت خۆر نەبووەو دەگێڕنەوە کەبەکەسێکی گۆشتخۆری گوتووە:
“سەیرە، گۆشت گۆشت بخوات”.
ئیدی سەلمان ھەرگیز خۆی پەیوەستی دنیای فانی نەکردووەو بەتەواویی پاش ئیسلام بوونیشی ھەموو سیفاتە سۆفیستییە رەبەنییە دیارەکانی مانی-یەکانی تێدا بەرجەستەبووەو ھاوڕێیەکی نزیکی کەسانی وەک:” عەلی کوڕی ئەبوو تاڵیب”و” ئەبی زەر ئەلغەفاری”و”حەزیفە کوڕی یەمان”و”عەمار کوڕی یاسر”بووە.
یەکێک لەنموونە ھەرە گرنگەکانی ھەڵوێستی واقیعییانەی “سەلمانی فارسی”یش، لەپاش بوونی بە والی لە”مەدائین”دا بەرجەستە دەبێت، ھەموو مووچەی ساڵانەی کەپێنج ھەزار درھەمێک دەبێت، دەداتە فەقیر و ھەژاران و لەبری ئەوەش کەلەکۆشکی والی-یەتیدا بژی لەگچکە کۆختێکی لەقامیش دروستکراودا ژیان دەباتە سەر و بەھیچ شێوەیەک حیساب بۆ پلەی کۆمەڵایەتی و دەسەڵاتی خۆی ناکات و ھەروەک جاران زاھیدانەو سادەو ساکارانە ژیان دەباتە سەر. ئەمەش خەلیفە”عومەری کوڕی خەتاب” تووڕە دەکات و نامەیەکی ئاگادارکردنەوەو سەرکۆنەکردنی بۆ دەنێرێت و “سەلمانی فارسی”یش لەوەڵامدا دەڵێت:
(……….
تۆ دەڵێی من دەسەڵاتی خوام لاواز و ونکردووەو خۆم کردۆتە پردێک خەڵکی مەدائین بەسەرمدا بپەڕێنەوەو قورسایی خۆیان بدەن بەسەرمداو بەچەشنێک خۆم زەلیلکردووە، کەخەڵکی مەدائین حیساب بۆ دەسەڵاتی ئیمارەتەکەم نەکەن. ئەوە بزانە ئەی عومەر، زەلیل بوون لەئاست تاعەت و پەرستنی خوا، لای من زۆر لەشانازی کردن بەسەرپێچکردنی خوا خۆشترە…).
لێرەدا نابێت ئەوەش لەیاد بکەین کەخودی”مانی” لەساڵی ٢١٥ی-زایینیدا لەبنەماڵەیەکی “ئەشکانی” لەسەری باوکەوەو “کەمرکانی”یش لەسەری دایکەوەو لە”ھەمەدان”ی پایتەختی ھەرێمی “میدیا”دا ھاتۆتە دنیاوەو رێبازە ئایینییەکەی وەک زەردەشتی و مەزدەکی و ھەندێک رێبازگەلی تر لەزەت پەرست و خۆشی ویست نەبووە. ھەر بۆ نموونە بەئاشکرا مەزدەکی-یەکان رابواردنی بەردەوامیان لەگەلڕ ھەمە چەشن و جۆری مێینەو خواردنی خۆشترین خواردن و خواردنەوەو بەدەست ھێنانی شتە دنیایەکانیان کردبووە پرەنسیب و بەعەمەلی پیادەیان دەکرد. پێشم وایە ئەگەر بەتەواویی تەرکیز بکرێتە سەر پرەنسیبە کۆمەڵایەتی و ئایینی و فەلسەفییەکانی مەزدەکییەکان و لێکۆڵینەوەی تەواوی دەرحەق بکرێت، پێوەندییەکی بەرچاو لەنێوانی و لەنێوان کۆمەڵی ھەقە-دا بدۆزرێتەوە، بەتایبەتیش لەڕوانگەی مەشاعییەتی سێکس و ماڵ و موڵکەوە.. بەمەش لەسەرجەم ئەو رێبازە ئایینییانە دوور دەکەونەوە، کەھەوڵی پاکبوونەوەی رۆحیی و فەنا بوون لەرۆحی رەھادا دەدەن، بەتایبەتیش ئەو باڵانەی کەزیاتر نغرۆی لەزەت و چێژبینینە کاتییەکانی دنیای ماددین!؟
ھەر لە کتێبی ئایینی –ڤیدا-ەوە، کەبەئاینێکی دێرینی پێش نزیکەی پێنج ھەزار ساڵێک لەمەو پێش و بگرە زیاتری ھیندییەکان ناسراوە، دژایەتی نەفسی بارگاوی بەخراپەکاری و شەڕانگێزی کراوەو جەخت کراوەتە سەر ئەوەی کەدواجار و لەدوا مەنزڵدا مرۆڤەکان بەپێی کارەکانیان چارەنووسیان دیاری دەکرێت.
ھەروەک لەفەلسەفە رۆحییەکانی وەک یۆگا-شدا رەنگی داوەتەوە، ھۆشیاری گەردوونی بەشێکی پیرۆز و رەھایە لەگەردوونداو بووەو دەشبێت، سەرچاوەی سەرجەم باشەخوازی و زانست و زانیاری و جوانی-یەکە، دادپەرەوەر و کاملڕ و بێ نەنگییەو خاوەن دەسەڵاتێکی نەبڕاوەی بێ سنوور و بێ کۆتایەو ھیچ شتێکیش لەبووندا ناکەوێتە پێش ئەو و ئەو یەکەمین دەسەڵاتدار و ئافەریدەکارە.
بۆیە ھەر کەسێک بەگوێی داواکارییەکانی نەفسی خۆی بکات و جڵەو بۆ ئارەزووکانی شل بکات و وەدووی حەز و ئارەزووەکانی بکەوێت، ئەوە بوونی خۆی ون دەکات و لەنووری ئەزەلیی و ئەبەدیی ژیریی گەردوونی دوور دەکەوێتەوە. بۆیە ئەو کەسانەی کە-سالیک-ی رێگەی گەیشتنە حەقیقەت و جوانی و باڵابوون و حەقی ئیلاھین، پێویستە لەڕێی “مانترا-زیکر”ەوە خۆیان بگەیەننە حاڵەتی “سەمادھی-فەنابوون”ەوەوجێگەی باسە پلەی ئیمانی باوەڕداریش بەسآ قۆناغدا تێپەڕدەبێت: “یەکەمیان”علم الیقین”ەو دووەمیان”عین الیقین”ەو سێیەمیشیان “حق الیقین”ە”، ئیدی لەو میانەوە کەسی باوەڕدار بەھیچ شێوەیەک لەفەرمانەکانی ئافەریدەکار لانادات و لەلایەن پەروەردگاریشەوە کەم و زۆر دەبێتە خاوەن ھێزی نائاسایی و بەمەش لەکەسە ئاساییەکان بەتەواوی جیا دەبێتەوە. ئەمە لەکاتێکدا بەرانبەر بەمە فریودەری کەونی ھەیە، کەلەلایەن ئافەریدەکارەوە رێ پێدراوە بۆ ھەڵخەڵەتاندنی مرۆڤ و دەبێت خودی مرۆڤ بۆ خۆی ھوشیار بێت و تەسلیم بەو فریودەرە کەونییە نەبێت و جڵەوی نەفس و شەھەوات و حەز و ئارەزووەکانی بگرێت.
ئەمە ھاوکێشەیەکی بنەڕەتی پاکبوونەوەو بگرەو بەردەی مابەینی باوەڕ و بێ بڕواییەو وەک بینیمان لەخودی دنیابینی فەلسەفەییانەی یۆگا-شدا ھەیە. باشە تۆ بڵێی “کۆمەڵی ھەقە” دوور و نزیک ھەوڵێکیان بۆ پاکبوونەوەی رۆحی خۆیان دابێت، تا ببنە درێژکراوەی رێبازێکی میستیکی و سۆفیستی و بەتایبەتیش”نەقشبەندی وەک ئیدیعای دەکەن، چونکە ئەگەر تەنھا حیسابیان بۆ دنیاو بوونی فیزیکی و ماتەریاڵی خۆیان کردبێت و لەھەوڵی تێرکردنی غەریزەکانیاندا بووبێتن و ھێندەی یۆگی-یەک بیریان لەبوون و گەردوون و ئافەریدەکار نەکردبێتەوە و وەک لەبەسەرھات و درێژەی رووداوەکاندا دەکەوێتەڕوو، ئەی لەکوێدا بەسۆفیزم و بۆچوونە قووڵە رۆحییەکان دەگەنەوە، یان لەکوێدا دەبنەوە بەتەریقەتێکی ئیماندار و زۆر پرسیاری دیکەی تر کەھەقە سەبارەت بە”ھەقە” مەترەح بن؟!
ھەقە-کان ؟!
بەپێی گێڕانەوە مێژووییەکان و ئاماژە پێدانی ئەم و ئەو سەرچاوە، ئاستەمە لەڕوانگەیەکی ئایینی رەھاو بەتایبەتیش وەک خاوەن تەریقەتێکی جدیانەی سۆفیستی و زاھیدێتی تێیان بڕوانین؟!
چونکە بەتەواویی ئەوەی ئەوان کردوویانە، پێناچێت شەتەحات و تەجاوزات و خوروقاتی حاڵگرتن و “مەستبوون-سەکەر”ی سۆفیستانە بێت!؟
جێگەی باسە ئەوە بھێنینەوە یاد خۆمان، ئێمە کاتێک باس لەرێبازێکی ئایینی جدی دەکەین, بۆ نموونە وەک رێبازی ئایینی ئێزیدی، باس لەئایینێکی حەقیقی پڕ لەئیمان و باوەڕی راستەقینەی کۆمەڵە خەڵکێک دەکەین، ئیتر چەند جیاواز و دوور بن لەئایینەکانی تر، جدی بوونێک لەناوەڕۆکی ئایینەکەیاندا ھەیە کەناکرێت نکووڵی لێبکرێت، چ وەک باوەڕ و ئیمان و چ وەک مەوجودییەتی ئیتنیکی و کەڵچەریی و فەرھەنگی و تاد..
ھەر ئەمەشە وای لەگەڕیدەیەکی ناوداری موسڵمانی وەک”ئیبن بەتووتە” کردووە، کەبەڕێزەوە لەگەشتنامەکەیدا ئاماژە بەجوامێری و میوان پەروەری شێخێکی ئێزیدی خەڵکی”شەنگال” بدات و منەتباری خۆی دەرحەق بەھەڵوێستی جوانی ئەو دەربڕێت.
بۆیە لێرەدا حەقە بپرسین، ئەگەر ئەوەی سەبارەت بەحەقە-کان دەگوترێت گشتی درۆ و بووختان بێت، ئەی بۆ دەبێت بەدرێژایی مێژوو، بوختانی ئاوا بۆ نموونە بۆ ئێزیدییان ھەڵنەبەسترابێت، ئەمە جگە لەوەی نەک ھەر کوردانی موسڵمان کە کوردانی ئێزیدییان خۆش ویستووە، بەڵکو تەنانەت لەسەردەمی حوکمی ئیسلام-یشدا، پێناچێت پێوەندییەکی زۆر نائاسایی ھەبووبێت و لێرەدا بەپێویستی دەزانین چەند پەرەگرافێکی کتێبی-کوردەکان-ی “میھرداد. ئیزەدی”
بەنموونە بھێنینەوە:
( کاتێک -سەلاحەدینی ئەیوبی- ئەنتاکیای داگیرکرد، زۆربەی خەڵکەکەی و تا زنجیرە چیاکانی ئامانۆس-یش، ئێزیدی بوون و لەو سەردەمەدا ئێزیدییەکان توانییان، کوردە غەیرە موسڵمان و مەسیحییەکان بکەنەوە بەئێزیدی و پاشان بەسەر زۆر ناوچەی وەک”ورمآ”و”سیواس”و”کەرکوک”دا بڵاوبوونەوەو لەچەرخی”سیازدە و چواردە”دا توانییان ھێزێکی سیاسی و عەسکەری پێکەوە بنێن و ماوەیەک لەناوچەی “جیزرە-جزرە” حوکم بکەن و شایانی باسیشە لەو دەمەدا میری ناوچەی “شام” ئێزیدی بووە.
لەساڵی ١٢٩٧دا “زەینەدین یوسف” کەواعیزێکی ئێزیدی بووە، توانیویەتی زۆر کۆمەڵەی سەر بەئێزیدییان لەشام و قاھیرە-دا دابمەزرێنێت.. ناوبراو لەقاھیرە-دا کۆچی کردووەو ھێشتاکە گۆڕەکەی لەوێدایە).
ئاشکرایە ھەر بەدواداچوویەکی ژیان و سەرگوزشتەی ئەو زاتە، باش ئەوە دەزانێت، کە”سەلاحەدینی ئەیوبی” پاش نەخۆش کەوتنێکی سەخت کەدەیگەیەنێتە لێواری مەرگ و پاش بینینی خەونێک بەوەی کەخودای بەخشندەو میھرەبان ئەو دەمە لەگوناھەکانی خۆش دەبێت، کە”قودس” رزگار بکات، ئیدی بەشێکی موعجیزەی ئازایەتی ئەو زاتە لەو باوەڕە ئایینییە قووڵەیەوە ھەڵقووڵاوە. باشە کەواتە چ شتێک ھەیە “سەلاحەدینی ئەیوبی” بێدەنگ بکات بەرانبەر بەئازادی ھەڵسووڕانی ئێزیدییان بۆ بڵاوکردنەوەی ئایینییان، لەکاتێکدا ئەم سەرکردەیەکی زۆر دەستڕۆیشتوو و بەتوانای ئەو دەمی موسڵمانان بووە؟!
پێشم وایە وەڵامەکەی زۆر ئاسان و ئاشکرایەو پێویستی بەھیچ خۆ ماندووکردنێک نییەو ئێستاشی لەگەڵدا بێت کوردانی موسڵمان، کوردانی ئێزیدی و کاکەیی و ئەوانەی تریشیان خۆشگەرەک بووە. کەواتە دیارە رک و کینەی بەشێکی بەرچاوی موسڵمانە کوردەکانی ئەو دەم دەرحەق بە-ھەقە-کان، تەنھا لەجیاوازییە ئایینییەکانەوە سەرچاوەی نەگرتووە.
ئەمە جگە لەوەی زۆربەی ئەوەی سەبارەت بەدنیای ھاوبەشییانەی سۆسیۆ-ئیکۆنۆمیکی ھەقەکان باس دەکرێت و زۆر کەسی پێخۆشباوەڕ و گەشبین بووە… لەڕوویەکی تریشەوە پێناچێت بەتەواویی وابووبێت و زۆر شت ھەر لەچاوبەستەگی چووەو لەپشت ھەموو ئەو یەکسانی و برایەتی و مرۆڤ دۆستییە سەرزارەکییەوە، نکووڵی لەبوونی کارێزمای شێخ و دەستەو تاقمێکی خۆسەپێن ناکرێت؟!.
لێکچوونی ھەقە-کان و ئەوانی تر؟
لەکتێبی “کۆمەڵی ھەقە”، لەسەر زاری “شاکر فەتاح”،ل١٧٩-١٨١دا ھاتووە:
( ھەقەکان: خۆپەرستان و پوول پەرستان ھێندە دەستکاری ئایینی پاکی ئیسلامیان کردو بۆ کەڵکی ناپوختەی خۆیان، ئەم کوردەوارییە بەسەزمانەیان چەواشەکردو بەھەموو جۆرە فڕوفێڵێک رووتاندویانەتەوە، دواییەکەی ئەم تەکیەو خانەقاو پرچ و ریش و تەپلڕ و دەف و بەشیر سەربڕین و شاپڵیتە خواردن و شێخ و خەلیفەو دەروێش و مریدەیان پەیداکردو رێڕەوی نەقشبەندییان گۆڕی و خستیانە شێوەی “رێڕەوی ھەقە”، وە “رێڕەوی ھەقە”یش کەتڵپەی “رێڕەوی نەقشبەندیی”یە، ئەگەر ھیچی لێ نەڵێین، کەبووەتە ھۆی بێ کار و فرمانی و گێژ و وێژیی و نەزانی، لەبەر ئەوە یەکێکە لەدوژمنەکانی گەلی “کورد نەژاد”.
لەبەر ئەوە پێویستە بەھەموو ھێزێکمانەوە کۆشش و خەبات بکەین، ئەمانەی بوون بەھەقە بیانخەینەوە سەر ئایینە پاکەکەی ئیسلام. وەک بۆمان دەرکەوتووە”رێڕەوی ھەقە” کەبەم جۆرە بەنھێنی گیراوەو شاراوەتەوەو لەھەقەکان بەولاوە ناھێڵن کەس تێی بگات، چووەتەوە سەر رێڕەوی “ئیسماعیلییەکان” کەھەر چییەک خۆشی پێ گەیاندبێتن، لایان رەوا بووە! شێخەکانیان بەھەشت و دۆزەخیان بۆ دانابوون، لەپێشەوە بەنگ و تریاکیان داوە بەدەروێش و مریدەکانیان تا بێھۆشیان کردوون، ئینجا ھەر فرمانێکیان ئارەزوو بووە، پێیان سپاردوون و دەروێشەکان بەکارتێکردنی ئەو بێھۆش داڕووانە، دەست بەجآ فرمانەکانیان بۆ جێبەجآ کردوون. زانست وا پیشان دەدات ئەوەی ئەو جۆرە دەرمانانەی بدرێتآ، ھەرچی پێی بڵێیت بەقسەت دەکات، با زیان و نەمانی خۆیشی تێدا بێت، چونکە بەتەنیشت ئەو دەرمانانەوە، ھۆش و خواستی مرۆڤ کز دەبآ، دەتوانرآ بەھۆی نوواندنی موگناتیسییەوە یاخود چاو بەستەوە، کار لەوانە بکرآ، ھەر کارێکیان پآ بسپێررآ پێیان رابپەڕێنرآ، پاشان کەھاتنەوە ھۆشی خۆیان، ھەر چییەکییان پێ وتراوەو پیشان دراوە، لەبیریان دەچێتەوە. ئێمە ئەوەمان بۆ دەرکەوتووە کەھەقەکانی ئێمە لەلایەن شێخەکانیانەوە لەھەموو کۆبوونەوەیەکیاندا ئەوەیان دەرخوارد دەدرێت، بێجگە لەئەوە وەک چاومان پآ دەکەوێت زۆر لەھەقەکان چاویان ھەموو دەم ئەبڵەق و کزە!
زۆریشیان کز و بێھێز و سستن. لەدەنگی بەرز دادەچڵکێن، ئەمانە ھەموویان نیشانەی خواردنی بێ ھۆشدار یاخود دەرمانانی بیھۆشکردنن-کۆمەڵە رۆژنامەی چەمچەمالڕ، چاپخانەی الحوادپ، بەغدا، ١٩٨٣،ژمارە ٧ل١٠١-١٠٣).
لەم خستەڕووەدا پێش ھەموو شتێک شوبھاندنیان بە”ئیسماعیلییەکان” سەرنجمان رادەکێشێت، جا ئەمە چەند رووکەشیانە وایە، یان وانییە، ئەوە مەسەلەیەکی ترەو ئەوەی گرنگەو زۆر پێویستە بآ سآ و دوو ئاماژەی پێ بدەین، ئەوەیە کەلەڕووی باوەڕ و دنیابینییەوە ئیسماعیلییەکان ھەمیشە بڕوایان وابووە کەھەر دەبێت “ئیمام”ێک لەدنیادا چ بەئاشکرایی یان پەنھانی ھەبێت. لای ئەوان ئافەریدەکار دروستکەر و کۆکەرەوەو دادوەری دوو دژەو سەلماندنی بوونیشی پەیوەستە بەھاوبەشێتی خۆیی و زاتی بوونەوەران، ئەمە جگە لەگرنگێتی حەوتەوانەی شتەکان، وەک حەوت ئیمام وحەوت تەبەقەی ئاسمان و حەوت گەڕۆک و حەوت رۆژی ھەفتەو تاد..
تەنانەت یەکێک لەو تایبەتمەندییانەی کەپێی دەناسرێنەوە لەڕووی فیکریی و شیفرەبازییانەوە، رۆچوونی قووڵیانە بۆ نێو دنیای ژمارەکان و ھەوڵدانی تەواویانە بۆ خوێندنەوەی ئایەتەکانی قورئان، لەمیانی کۆکردنەوەو دابەشکردنیانەوە لەڕووی ژمارەییەوە، تا دەگەنە ئەو ژمارانەی کەواتاو دەلالەتی قووڵیان ھەیەو دەکرێت ئێستاو ئایندەی پێ بخوێنرێتەوەو بەشێوەیەکی بەرچاویش خودی موعجیزەی ئیلاھی لەژمارەکاندا دەبیننەوە و تەنانەت زۆر بەئاسانیش ھەست بەکاریگەری بیروبۆچوونی فیساگۆرسییەکان دەکرێت لەسەریان کەپێیان وابووە، ھاوشێوەبوون لەنێوان وێنەی ژمارەکان و وێنەی شتەکاندا ھەیە، دیارە لێرەدا ئاستەمە وردو درشتی دنیابینی فەلسەفییانەی ئیسماعیلییەکان بخەینەڕوو، تەنھا مەبەستێکمان لەو ئاماژەپێدانانەدا روونکردنەوەی قووڵی دنیا بینی فەلسەفییانەی ئیسماعیلییەکان-ە کەناکرێت بەھیچ کلۆجێک لەو رووەوە بە-ھەقە-کانیان بشووبھێنین.
کاتێک بەدرێژکراوەی نەقشبەندییەکانیش دەردێنە قەڵەم، دەکەوینە ھەڵەیەکی قووڵەوە، چ وەک ئەوەی نەقشبەندییەکان لەگوتەی:
“خودایە تۆ مەقسەدو رازی بوونیشت مەتڵەبمانە”ی “ئەبوبەکری سدیق”ەوە دەست پێدەکەن و زۆر بەقووڵی دنیابینی فەلسەفییان لەئەدەبیات و گوتار و زیکرەکانیاندا وەدەر دەکەوێت و وەک خۆیان پێیان وایە ھەڵگری سلووک و رەوشتی عیبادئەلرەحمان و ملکەچانی رێگەی حەقن، ئیدی دواتر دەگەنە کوێ و چەند ئەوەی کەدەیکەن لەگەلڕ رآ و رەسمە شەرعییەکانی ئایین، یان ئایەتەکانی قورئاندا دێنەوە، ئەوەیان مەسەلەیەکی ترە..بەڵام بەئاشکراو لەڕوو و بێ ھیچ پەردەپۆشییەک، حەلەقاتی زیکریان و زیاتریش پاش نوێژی عەسران، لەزۆر رۆژانی ھەفتەدا و لەنێو مزگەوتەکاندا بەڕێوە دەچێت و ھیچ شتێکی بەرچاوی دژە پەرستن و زیکری خودای تێدا نییە، تا دەرئەنجام بزووتنەوەیەکی وەک ھەقە-کانی لێ بکەوێتەوە!؟ ئەمە جگە لەوەی نەقشبەندییەکان خاوەنی چەندین کتێبی تایبەت بەتەریقەتەکەی خۆیانن و زۆر بەوردی و زیرەکانە تەریقەتەکەیان دەبەنەوە نێو قووڵاییەکانی ئایینی ئیسلام، چەندین ئایەت و گوتەی پێغەمبەریش”د.خ” دەکەنە پاڵپشتی دنیابینییان.
وەک زانراویشە ئیدامەدان بەپەرستنی خوداو لانەدان و پاشگەز نەبوونەوە، بۆ ئەوەیە وەک لەقورئاندا ھاتووە:
( واعبد ربک حتی یاتیک الیقین٩٩الحجر).
ھەر ئەمەشە وا لە”سالیک”ی رێچکە سۆفیستییەکان دەکات، کەجیاواز لەموسڵمانێکی ئاسایی خەریکی خوداپەرستی بێت. شایانی باسیشە، دەکرێت کەسێک موسڵمان بێت و ھەموو فەرز و سونەتەکانی ئایینیش جێ بەجآ بکات، بەڵام مەرج نییە ئیماندار بێت؟!.
ھەر وەک لەقورئاندا دەفەرمووێت:
( قل لم تومنوا ولکن قولوا اسلمنا).
بۆیە وەک زانراوە ھەولڕ و تێکۆشانی زاھید و رەبەن و سۆفی و مورید و سالیک و ھاوچەشنەکانی بۆ گەیشتنە یەقین و بەدەست ھێنانی چیتر زیاتری ئیمانە، نەک لەدەست دان و دوورکەوتنەوە لێی، جا رێگەی ئەمەش لەنوێژ رۆژو و عیبادەتی زیاد و زۆری ئەو کەسانەوە مەیسەر دەبێت، کەھەمیشە بۆتە مایەی ئیعجابی دینداری ئاسایی و تەنانەت زۆرجارانیش واق وڕمانیان، لەتوانای رۆژوو گرتنی نیمچە بەردەوام و نوێژی زۆر و زیکرکردنی بێکۆتای ئەو کەسانە، سەرباری خۆ مەحروم کردنیان نەک ھەر لەشتە حەرامەکان، بەڵکو زۆرجار لەشتە ڕێگە پێدراو و حەڵاڵەکانیش ؟!
لەلاپەڕە ١٧٨-ی کتێبی کۆمەڵی ھەقە-دا لەسەر زاری “ئیدمۆنز” ھاتووە:
( ئەم تەریقەتە نھێنییە گەلێک رێوشوێنی ئایینی پێشێل کردبوو: سۆفییان بینیوە تا سەر سەری ناوەتە پیسایی ئاژەڵەوەو زیکری خوای کردووە، شێوەیەک لەموڵکدارێتی گشتییان ھەبووە، لەوانە : موڵکدارێتی گشتی بەسەر ژناندا. گروپی تێکەڵاوی ژن و پیاویان بەیەکەوە بینیوە، پیاویان بینیوە کەبەرگی ژنانەی لەبەردابووەو زێڕ و زیوی بەخۆوە کردووەو دوای خۆرئاوابوون لەدەوری تەپۆڵکەکانی نزیک دآ، خولاوەتەوە. لەکاتێکدا کەژن و پیاو لەحەوزی مزگەوتدا بەیەکەوە مەلەیان کردووە، ھەندێک جار لەگەلڕ خۆیاندا سەگیشیان بردووەتە ناو ئاوەکەوە- کەدیارە لەڕوانگەی موسڵمانانەوەو بەپێی مەزھەبی حەنەفی، سەگی تەڕ حەرامە- قاپ و جامی پڕ لەمیزیان بەدەست گێڕاوە. دوای ھێرشی تاقمێک لەسۆفی حاڵگرتوو بۆ سەر مزگەوتی سەرگەڵو و سووتاندنی لاپەڕەیەکی قورئان……).
زۆر سەیرە ھەموو ئەو دیمەنانەی کە”ئیدمۆنز” لەبارەی ھەقە-کانەوە دەیخاتەڕوو، کۆکراوەی کۆمەڵێک دیاردەی تاڕادەیەک دوورن لەواقیعی کوردییەوەو ئەوەی کەلەبوونی گەلێک کۆنی سەماکردنی پیاوان بەجلی ژنانەوە دڵنیامان دەکات، بوونی واقیعیانەی ئەو دیاردەیەیە واتە سەماکردنی پیاوان بەجلی ژنانەوە، لەھەندێک ناوچەی “دەریای رەش-قەرەدەنیز”دا، بەتایبەتیش دانیشتووانی شاری”قەستەموونوو”، ئیدی لەئاھەنگ و بۆنەکاندا پیاوانی سەماکەریان بەجلی ژنانەوەو ھاوشێوەی سەمای ناسراو بەسەمای رۆژھەڵاتی.. دەکەونە سمت بادان و سنگ ھەڵپەڕاندن و نوشتانەوەو خۆ خستنە باوەشی ئەم و ئەوەوە..شایانی باسیشە ئەم جۆرە سەمایە بەھیچ شێوەیەک ناچێتە نێو دنیای سەمای بەناو سۆفیستییەوە، وەک ئەوەی سەماکەرەکانی تەریقەتی مەولانا جەلالەدینی رۆمی دەیکەن، کەسەرباری نەشیاوبوونی لەڕووی شەرعی بوون و جدیەتی خواپەرستن لەئایینی ئیسلامدا، بەڵام ھەر ھیچ نەبێت، ھونەری بوونێکی تەواو لەسەماکانیاندا ھەیەو تا بڵێی جدین لەئەنجامدانیداو تەنھا کارێکیشیان ھەڵسووڕان و ھەڵسووڕانی بەردەوامە لەنێو کەشێکی رۆحی و ئارامییەکی قووڵدا.
گەر بگەڕێینەوە بۆ ئاماژەپێدانەکەی”ئیدمۆنز” دەبێت زۆر پرسیار سەبارەت بەو سەمایە بکەین و بزانین چەند پێوەندی بەرێبازی ھەقە-کانەوە ھەیە، یان ئەگەر پێوەندی پێوە نەبێت، بۆ کراوەو چ کوردێک ھەیە لەھۆشمەندییەکی تەواوداو لەو زەمەن و مەکانەی ئەو دەمەدا توانیبێتی کارێکی وا ئەنجام بدات، تۆ بڵێی ئەو کەسەی ئەوەی ئەنجام دابێت، سەرخۆش بووبێت؟! یان وەک “شاکیر فەتاح” ئاماژەی پێدەدات ماددەی بێھۆشکەری پآ درابێت؟! مەبەستم ئەوەیە بەتاک یان بەکۆمەلڕ پێیان درابێت و ئیتر ھەیان بێت بەقاپ میزی گێڕابێت و ھەشیان بێت شتی دیکەی ئەنجام دابێت، جا سەیریش لەوەدایە میزگێڕانیش بەقاپ و بەکارھێنانی، بەسەرھاتێکی ترەو لەلایەن ئەنجامدەرانی سیحر و ساحیرانەوە بەکار دێت، وەک بەتاڵکردنەوەی خودی سیحر بەمیز و ئەویش بەمیزکردنە بەر دەرکەو زۆر شتی قۆڕو بێمانای نێو کتێبەکانی سیحر و تەلسم و تەعویزەکان و ھاوچەشنەکانی..ئەمە جگە لەوەی وەک خۆم، زۆر بەگوومانەوە دەڕوانمە ئەو دێڕەی “ئەدمۆنز”:
“قاپ و جامی پڕ لەمیزیان بەدەست گێڕاوە”.
یان دەڵێت:
“ھەندێ جار لەگەلڕ خۆیاندا سەگیشیان بردووەتە ناو ئاوەکەوە-کەدیارە لەڕوانگەی موسڵمانانەوە و بەپێی مەزھەبی حەنەفی سەگی تەڕ حەرامە-“.
ئەم دێڕەش ئەوەندەی دێڕەکەی پێشووتر و بگرە زیاتریش گومانم لا دروست دەکات، ئەگەر ھەڵەی چاپ نەبێت، چۆن دەبێت –ئەدمۆنز- نەیزانیبێت، زۆرینەی کورد شافیعی-یە نەک حەنەفی، لەلایەکی تریشەوە وەک زۆر بیانی لێی تێگەیشتووە، شافیعییەکان و بەتایبەتیش کوردەکانن وەک باس دەکرێن، سەگیان پآ گڵاوەو ھەر تەماسێکیان لەگەڵی ھەبێت، بەقووڕە سوور پاکژی دەکەنەوەو ئیدی بەقەناعەتی ئەوان گڵاوییەکەی نامێنێت.
شایانی باسیشە تورکە سوونییەکان بەپێچەوانەی کوردەوە حەنەفی-ین، باشە تۆ بڵێی کوردی ئەو ناوچەیە حەنەفی مەزھەب بن؟!!
یان بەپێی لێکچوونی سەمای ئەوان و “تورکە قەرەدەنیزییەکانی قەستەموونوو” ھەر بەڕەچەڵەکیش تورک بن؟!!
ھەرچەند ھیچ پێناچێت و تائێستاش ئاماژەپێدانێکی لەو چەشنەم نەکەوتۆتە بەرچاو.
بەڵام ھەندێک نمونەی مێژوویی ھەن، وەک
“میھرداد.ئیزەدی” لەکتێبی “کوردەکان”دا ئاماژەی بۆ دەکات، گوایە روویداوەو بەدرێژایی مێژوو و لێرە و لەوآ ھەندێک کۆمەلڕ و عەشرەتی کورد بآ ھیچ زەبر و زۆرێک و لەھەلومەرجە مێژووییە تایبەتەکاندا، بۆ نموونە بووبێتنە ئازەری و تورک و فارس و تاد..ھەر وەک چۆن باسیش لە زۆر عەشرەتی غەیرە کورد دەکات ھەر بۆ نموونە لەتورک و فارس و تاد.. کە لەڕۆژگارێکدا بوونەتە کورد، جا ئەمە وابووە یان نەبووە، ئەوە لێکۆڵینەوەو ساغکردنەوەی قووڵی گەرەکە، بەڵام یەکێک لەنموونەکانی عەشیرەتی سندی-یە کەگوایە باو و باپیرانیان لەسند-ەوە ھاتوون و پاش نیشتەجێ بوونیان لەکوردستاندا، بوونەتە کورد؟!
ئیدی گۆڕانکاری ئیتنیکی لەسەردەمانێکدا چۆن بووبێت ، بەڵام لەسەردەمی عوسمانییەکاندا، ھیچ نکووڵی لەسیاسەتی بەتورککردنی بەردەوامی دەوڵەت ناکرێت، کەبەدرێژایی مێژوو لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیاندا پیادەیان کردووە.. ئەمە بێجگە لەھات و چۆی کۆچەرییەکانی تورک بەکوردستانداو سەرباری نیشتەجێ بوون و تێکەڵبوونیان، ئەوەی ئەم بیربۆچوونانەش پشت راستدەکاتەوە، واتە تێکەڵبوونی دوو سەرەی چ کورد لەگەلڕ تورک، چ تورک لەگەلڕ کورد، وتارێکی “داڤید مێکداڵ-ە بەناوی -کوردە عەلەوییەکان-٧-” کەلێرەدا چەند پەرەگرافێکی بەنموونە دەھێنینەوە، یەکەم پەرەگرافیشیان تایبەتە بەو چەشنە تێکەڵ بوونەو ئەوانەی تریش رەنگە ھەندێک نموونەو دیاردەی تری بەراوردکاری گرنگمان وەبیر بێنێتەوە:
(١-کۆمەڵێک لەتورکە عەلەوییەکانیش ھەن کە ددان بەشوناسنامەی کوردیدا دەنێن و ھەندێکیشیان بەر لەچەند سەدەیەک لەمەوبەر ئاوێزانی کولتووری کوردی بوون.
لەسەردەمانێکیشدا ھەندێک لەکوردە سونییە کۆچەرییەکان تێکەلڕ بەتورکمەنە عەلەوییەکان بوون و ئیدی کوردەکان سیستمی باوەڕی ئایینی عەلەوییەکانیان وەرگرتووەو تورکمەنەکانیش کولتووری کوردیان لەخۆ گرتووەو تەنانەت زۆرێک لەتورکەکانی تریش تازەمەنێکی نزیکیش, دژ بەپۆلێنکردن و رەفزکردنی جوداخوازانە بوون و وەک سیمبۆلیش شوناسنەمەی کوردیان قبووڵکردوووە.
٢- عەلەوی زۆر جار و بەواتایەکی گشتی وەک دەلالەت لەشیعەو پانتاییەکی بەرفراوانی باوەڕی دەروێشانە دەخرێتەڕوو.
بەڵام زیاتر وەک تێکەڵەیەک لەبیرۆکەی شیعییەت و مازدەیزمی فارسی و مەسیحییەت, لەسەرەتای چەرخی شانزەیەم و پێش سەردەمی عوسمانییەکان, لەخۆرھەڵاتی ئەنادۆڵداو لەنێو خێڵە تورکمەن و کوردەکاندا جێی خۆی کردەوە.. کە بیروباوەڕەکانی نێوەڕاستی ئاسیاش لەخۆ دەگرێت.
ئەم عەلەوییانەی کە “قزلڕ باش”یشیان پێدەگوترا(بەھۆی ئەو سەروپێچە سوورانەی کەلەسەریان دەبەست), لەتەک ئیمپراتۆریەتی “فارسی-شیعە” دژ بەعوسمانییەکان جەنگاون, بەڵام پاش ئەوەی لەساڵی ١٥١٤دا عوسمانییەکان توانیان ھێزە ئێرانییەکان لەئەنادۆلڕ وەدەربنێن, بەتۆبزی زێد و خاکی نیشتەجێبوونی عەلەوییەکان خراوەتە پالڕ خاکی عوسمانییەکان.
٣- عەلەوییەکان پێنج مەرجەکەی ئیسلامیان پشت گوآ خستووە: شەھادەت و نوێژی پێنج فەرزەو زەکات و رۆژوو و چوونە حەج.
بەپێی باوەڕی سونییەکانیش خراپترین خاڵی سنووربەزاندنی عەلەوییەکان, لەدەست نوێژنەگرتنی پێش دوعاکردنیاندا بەرجەستە دەبێت.
٤- عەلەوییەکان گرنگی بەدار و درەخت-یش دەدەن, بەتایبەتیش دار و درەختی نزیک گۆڕی پیاوچاکان, ھەر بۆیە مرۆڤەکان بەمەبەستی ھاتنەدی نیازەکانیان, پارچە پەڕۆی ھەمەجۆر لەو جۆرە دارانە دەئاڵێنن.
٥- لەگوندە عەلەوییەکاندا لەڕووی “سوسیۆ- ئیکۆنۆمیک”ەوە, شێوازێکی دیموکراتخوازانەمان دەکەوێتە بەرچاو- بەتایبەت ئەوان ئاغای گەورەی تایبەت بەزەوییان نییە و بەشێوەیەکی ھاوبەش کار دەکەن-, بەھۆی ئەمانەو لەڕووی سیاسیشەوە بەمەبەستی خۆ جیاکردنەوە, عەلەوییەکان بەرەو چەپخوازی دەچن).
بەر لەکۆتایی
ھەموو ئەو نموونانەی پێشتر و ئاماژەپێدانەکان و پەرەگرافەکانی سەرەوە، دەمانگەیەنەتە ئەوەی کەبڵێین: پێدەچێت ھەقە-کان، سەرپێیانەو دەرئەنجامی تێکەڵبوونی چەندین شت و شتگەلی، تەنانەت زۆر جار دژ بەیەک و جوداو جیاواز و سەیر و سەمەرەو نەگونجاو و نەشیاو دروست بووبێتن.. واتە لەو شوێنانەدا کەپێت وایە گەیشتوویتە ھەقە-کان و باس لەوان دەکەیت، لەڕاستیدا باس لەشتێکی تر دەکەیت.. یان کاتێک پێت وایە، واخەریکە دەستنووسێکی زۆر خەتەرناکی ئەوان، سەبارەت بەدنیابینی و شەتەحاتی سۆفیستییانەیان بێتە پێشچاوت و دانەرەکەشی خودی شێخێکی ناسراوی باڵێکی دیاری بزافەکەیانە، کەوەک دەگێڕنەوە سەیرترین و عەجایبترین ماجەرای ژیانی ھەبووە.. بەڵام کاتێک چاوت بەھەقیقەتنامە-کەی “ل٢١٠،٢١٣-ی کۆمەڵی ھەقە”دەکەوێت، نازانیت دەرحەق بەو گاڵتەجاڕە” شیعر-پەخشان”ەی کەباشترین دەربِری ئەقڵیەتی رێبەرێکی بزافەکەیە چی بڵێیت و چۆن چۆنی سبەینآ زات بکەیت و ئەو ھەزەلییاتە وەک خەتەرناکترین و پێموایە تەنھا ، یان وەک نموونەیەکی تێکستێکی ھەقە-کان وەربگێڕیتە سەر زمانێکی بیانی و ناچار بیت بەر لەوەی بیخوێننەوە پێیان بڵێیت، تکایە بەخوێندنەوەی مەدەنە قاقای پێکەنین و وامەزانن ئەمە نووسینێکی پڕ تڕووھات و فشقیاتە؟! چونکە ئێمە بەبوونی ئەم تێکستە دەبێت لەجێی پێکەنین بگرین و لەناخیشەوە بزەمان بێت بەوەی ، کەبەشێکی زۆری مێژووی دوور و نزیکی بزووتنەوەو بزاف و رێباز و رێچکە و تەریقەت و ئەوانەی تریشمان نە-نووسراو–ەتەوەو نەئاواش تەنزیری مەعریفی و کۆمیدیانەی”لاھوت-ناسوتی” لەدوو توێی “شیعر-پەخشان”دا بۆ کراوە، یان ئەگەر بۆشی کرابێت، پێمان نەگەیشتووە، تا وەک ئەم –ھەقیقەتنامە-یە، بەخوێندنەوەی خەفەتبار و بێھوودە بین؟!
ھەندێک دێڕی ھەقیقەتنامەکە:
( عیلمی ھەقیقەتمان خوێند، چی دەبێتە قسەو کەلیمە
مەلیکی ئێمە کێیە؟ کەریمە
ئەمە قسەیەکی کوردییە، کورت و موختەسەرە
دەلیلی ھەق شوناسیمان برادەرە
ئەمە قسەیەکی ئیسبات و بآ شکە
رەفیقی قیامەتمان خوشکە
شەیتان عەدووە، دینمان دینارە
بۆچی؟ چونکە ئەوەلڕ ئاخیر زەمانە
مانای ئاخیر زەمان..شەیتانە)
دواجار و کۆتاییەکی کراوە
دواجار و پاش خستەڕووی ھەندێک دێڕی ھەقیقەتنامەکە، پێم وایە دەبێت جارێکی تر و سەرلەنوآ بچمەوە نێو دنیای کتێبی –کۆمەڵی ھەقە-کان و ئیدامە بدەمەوە بەخوێندنەوەکەو بەگووڕ و تینێکی نوێوە، ئەوەندەی کەدەکرێت و دەشێت، ھەندێک شتی دیکە بوورووژێنم؟!
بەڵام لەم دەرفەتەدا، سەرباری سڵکردنەوەم لەدرێژبوونەوەی نیمچە بێکۆتای وتارەکە، ناشمەوێت سەرجەم دەرکەکان ئاوەڵابکەم و مەبەستمەو پێم وایە، دەبێت کردنەوەی دەرکەکانی دیکە، بۆ خوێنەرانی جیدی کتێبەکە جێ بھێڵم و چەشن و شێوە جوداکانی خوێندەوەکانی تریش ھەر بەوان بسپێرم….؟!
سەرچاوەکان:
( ١: کۆمەڵی ھەقە/لێکۆڵینەوەی:رێبوار حەمە تۆفیق/ئینستیتیوتی کەلەپووری کورد/٢٠١٠).
(٢: المکتبە المفقودە/لوتشیانو کانفورا/انترنیت).
(٣: ھەمان سەرچاوەی پێشوو).
(KURTLER/MEHRDAD.R.iZADY٤:/
-.iSTANBUL”٢٠٠٤”)
٥: ھەمان سەرچاوەی پێشوو).)
( ٦: ھەمان سەرچاوەی پێشوو).
:٧) ALEViLiK VE KURTLER( inceleme-Arastrma-Belgeler)/postfach١٣١٨٣١,٤٢٠٤٥wuppertal-١٩٩٧