شەوقی سەباح : شاری سۆران یەکێکە لەو شارانەی کە مێژوویەکی دوور و درێژی ھەیە، ئەگەر بێت و ئێمە باسی مێژووی کوردستان بکەین، ئەوا ئەم شارە رۆڵێکی گرنگ و سەرەکی ئەگێڕێت و بەشێکی مەزنی پێکھێناوە لەمێژووی کوردستان، شارێک کە کەوتۆتە سنوورێکی گرنگی کوردستان، شارێک دەیان پێکھاتەو فەرھەنگ و کولتووری جیاوازی ھەیە زۆرجار وا پێناسەی ئەم شارە کراوە کە کوردستانێکی بچووکە، بەھۆی زۆری پێکھاتەکانیەوە.
راستە ئەم شارەی ئێمە لەماوەی چەند ساڵی رابردوو خزمەتێکی باشی کراوەو لایەنی پەیوەندیدار خەمخۆر بوونە بۆ ئەم شارە، بەڵام وەکو ھەموومان پێوەی ئاگادارین سۆران ئێستا بەشێوازێکی دیکە وەکو شار لە گەشەسەندایەو پێویست بوو بەرپرسانی پەیوەندیدار بیرێکی تریان لەم بەڕێوەبردن و فراوانبوونەی سۆران بکردبایەوە، ھەر بۆنموونە دەبوو بە چاوێکی یەکسان سەیری ھەموو کۆڵان و ھەموو تاکێکی ئەم شارە بکەن بەداخەوە ئەوەی ئێمە ئەی بینین وەکو پێویست نەبووەو بەیەک چاو سەیری ھەموو کەس نەکراوە.
ئاخر بەڕێوەبردنی شار ھەر ئەوەنییە بەیانیان بێتە فەرمانگەکەت و تادەوام تەواو ئەبێت بێخەم بۆی دابنیشیت، بەڵکو دەبێت ئیدارە لەخەمی تاک بەتاکی ئەم شارە بێت، کە تا ئێستا ئەم خەمەی لەخۆی بارنەکردووەو خەمی ھاووڵاتییانی بەلاوە گرنگ نەبووە. ئێمە بەو شێوازە سەرکەوتوو دەببن کە شارەوانی و قائیمقام ئاگاییان لە گەنجێکی ئەم شارە بێت بەم چلەی زستانە ماڵەکەی پڕیەتی لەئاو و سەدان گەنجی دیکەش شوێن نییە تێیدا ژیانی ھاوسەری پێکبێنن و سەدان خێزانی دیکەش لە کرێدان، وێرای ئەوەی حکومەت لەم شارەدا بەشێکی زۆری خانووی لە گەڕەک و کۆڵانەکاندا داگیرکردووە بە فەرمانگەکانی و ئەمەش وایکردووە ھاووڵاتییان بە ئاسانی کرێی مانگانەکەیان بۆ نەدرێت. چونکە فەرمانگەکان لە گیرفانی خۆیان پارەکە نادەن و بەویستی خۆیان ھەرچەندەی پێویست بێت خانووەکە بۆ کرێ ئەگرن، ئەمەش وایکردووە لەسەر ھاووڵاتی خانوو گران ببێت و ئیدارەی ئەم شارەش ھیچ لەبیری ئەم پرسە گرنگە دانەبێت.
بەداخەوە باسی لێوەدەکەم لەم شارەی ئێمە کێشە گەلێک بوونیان ھەیە، وەکو کێشەی نیشتەجێبوون، پەروەرە، ژینگە، وەرزش، تەندروستی، کێشەی خزمەتگوزاری، کارەبا، گرفتی ھاتوچۆ، نەبوونی پارکی وەستانی ئۆتۆمبێل، کێشەی ئینتەرنێت، و دەیان کێشەی دیکە، رەنگە ھاووڵاتییەکی ئاسایی ھەست بەم گرفت و کێشانە نەکات، بەڵام کە دێینە سەر شارو شارسازی بەزەقی گرفتی لەم شێوەیە دەبیندرێن و ھەولێکی جددیش نییە بۆ چارەسەر کردنی.
ئەگەر بێت و ئێستا گوزەرێک بەنێو کۆڵان و شەقام و بازاڕی ئەم شاردا بکەین و بەچاوێکی جیاواز سەیری بکەین بۆمان دەردەکەوێت جیاوازییەکی زۆر ھەیە لەنێوان ژیانی ھاووڵاتییەکی دیکە بۆ یەکی تر، ھەندێک لەم جیاوازییانە ئیدارە دروستی کردووەو ھەندێکیش خودی ھاووڵاتییان و ئەوانی دیکەش ژینگەو چەند پرسێکی دیکە، لەناو شاری سۆران ئێستاشی لەگەڵ بێت پۆستەرەکانی چوارساڵ لەمەوبەر ماونەتەو ھی ساڵی رابردووشی ھاتەسەرو ئێستاش خەریکە ئەمە دووبارەئەبێتەوەو سیمای شار ناشیرنتر ئەبێت و لایەنی پەیوەندیداریش ھیچ ھەڵوێستیان نییە، لەبەر ئەوەی ھیوادارم بەرپرسانی ئەم شارە بەئەرکی سەرشانی خۆیان ھەڵبستن و بیرێک لە ژیانی خەڵک و لەم شارەبکەنەوەو ھەڵوێستی جددیتریان ھەبێت و بە ھەمووان نیشان بدەن کە بەڵێ خاوەن بڕیاڕن و نوێنەری راستەقینەی میللەتن.
بەئومێدی ئەوەم ئەم ساڵ وەرزێکی جیاوازو باشبێت بۆ زیاتر خزمەتکردنی ئەم شارەو شاردانەوەی کەم و کوڕییەکان بە پلانی باش، گرنگیدان بە لایەنی رۆشنبیری و ھونەری ئەم شارە، دەستکردن بە دروستکردنی باڵەخانەی نیشتەجێبوون و دابەشکردنی بە شێوەیەکی دادپەروەرانەو ئاوڕدانەوە لەخەڵکی کەم دەرامەت و دەستکورتی ئەم شارە، نەک ئەمساڵیش ھەندێک لەبەرپرسانی تر ببن بە بازرگان و تاکیش بەرپرسێک و بازرگانێکی بۆ جیانەکرێتەوە.