سلێمان گەڵاڵی: شانۆی شەقام تاکەرێگایە بۆ بەردەوام بوون و گوزارشت کردن لە ناسۆریەکانی ژیانی جەماوەر
ھونەرمەندی شانۆکار و نووسەر “سلێمان گەڵاڵی” ماوەیەکی زۆر لە بواری شانۆ و نووسین دا کار دەکات ھەرچەندە سەرەتا بە شیعر ھاتە نێو جیھانی ئەدەب و ھونەر بەڵام لە کۆتاییدا خۆی لە نێو ھونەری شانۆدا خۆی دییەوە وەکو نواندن و دەرھێنان خاوەنی چەندین کاری شانۆییە، لە ھەمان کاتدا خاوەنی چەندین کتێبی چاپکراوە، بۆ زیاتر ئاگاردار بوون لە کارو چالاکییەکان لە نزیکەوە ئەم ھەڤپەیڤینەمان لەگەڵی سازدا:
ھەڤپەیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس
*سەرەتا بۆ خوێنەرمان باس لە ژیانی ھونەری خۆت بکەیت
شانۆڤان (سلێمان ئیبراھیم قادر) زیاتر بە (سلێمان گەڵاڵی) ناسراوم،لەساڵی ١٩٦٥ لەگەڕەکی سەیداوەی شاری ھەولێر لەدایکبووم، خوێندنی سەرەتایی لەقوتابخانەی (بێتوش و بڵێسە) و ناوەندی لەچیمەنی کوڕان لەسەیداوە تەواوکردووە ھەر لەناوەندی دەستم کردووە بەشیعر نووسین لەچەند ڤیستیڤاڵی شیعریم بەشداری کردووەو خەڵات کراوەم بەداخەوە نووسینەکانی ئەو سەردەمیم لێ وون بووە لەپەیمانگای ھونەرەجوانەکانی موسڵ وەرگیرام، تا قۆناغی چوارەم لە لەموسڵ خوێند، دواترگوراسترامەوە، بۆ پەیمانگەی ھونەرەجوانەکانی سلێمانی” ساڵی ١٩٨٨ پەیمانگام تەواو کرد” بەشداری چەندین شانۆگەری کردوە وەک ئەکتەرو دەرھێنان و کاری ھونەری لەوانە (ئیمپراتۆر جۆنز/ دەرگا/ برایانی ھۆریاس/ قەرەج/ کەرەشین/ ڕۆمیۆ جولێت/ شێتەکانی ئەم ڕۆژگارە/ بەسەر شۆستەی نەویستەوە/ بارانی ژێر خۆر)” ساڵی ١٩٨٣ بۆ ١٩٨٥ بوومە ئەندامی تیپی شانۆی شەماڵ لەبنکەی لاوان بەشداریم کرد لەشانۆگەری (خزم و ناسیار/ خەڵکی گوندەکەمان/ میرات/ سمایل و مامز) لەنووسین و دەرھێنانی مامۆستا (سەمیر عەبدولستار)” لەوماوەیەدا چەندین پارچە شیعرو چیڕۆکی لەگۆڤارو ڕۆژنامەکانی (ھاوکاری/ بەیان/ عێراق/ کاروان/ ڕەنگین) بڵاوکردەوە، بەشداری کۆڕی شیعری کردووە لەھەولێر و سلێمانی” ساڵی ١٩٨٧ بەشداری فیستیڤاڵی دھۆکی کرد بەشانۆگەری (دەنکە شقارتە) لەبەرھەمی تیپی کاروان پلەی دووەمان بەدەستھێناوە” ساڵی ١٩٨٨ بوومە ئەندامی تیپی شانۆی ھەڵگورد لەسلێمانی شانۆی (خۆناسەکان) ی پێشکەش کردووە” ساڵی ١٩٩٣ لەڕادیۆی قوتابیان و لاوان دەرھێنەرو بێژەرو ئامادەکارو پێشکەشکاری بەرنامە بووم تاساڵی ٢٠٠١ لەڕاگەیاندن بەردەوام بووە لەڕادیۆ و تەلەفزیۆنی گوڵان – ھەرێم – نەورۆز – لقی دوو” دواتر گواسترامەوە بۆبەشی ڕاگەیاندن لەوەزارەتی ئەوقاف” ساڵی ١٩٩٩ بەشداری لەخولی سینەما کرد کەلەلایەن سەلمان کاکەیی بەرێوە دەچوو،ھەر لە خوولەکە کورتە فیلمی (لەخۆبایی) دەرھێنا. ساڵی ٢٠٠٧ بۆخوێندنی بەکالۆریۆس چووەتە کۆلیژی ھونەرەجوانەکان” لەوێش ئەو بەرھەمە شانۆییانەی بەرھەم ھێناوە (گیانی ئیلیانۆرا) (ڕۆڵەی خاک – دەرھێنان) (سواڵکەر – نواندن) (کۆتایی گەمە – نواندن)” ھەر لەساڵی ٢٠٠٧ بەھاوبەشی ژیلوان تاھیرو سەڵاح حەسەن “گروپی شانۆڤانی کوردی”مان دامەزراند و چەند بەرھەمێکمان پێشکەشکرد وەک ئەکتەرو کاری ھونەری تر بەشداری لە چەند بەرھەمێک دا کرد وەکو (وەرزی بەھار/ ھەولێر نابەزێ/ ئەوینی تەنیایی/ گۆڕەپانی دیموکراسی/ نەورۆزو بەھار/ فەرھادو ئەوینێکی تر) لە ساڵی ٢٠١٠ خوێندنم تەواو کرد و بەشداری (٥) ۆرگشۆپی شانۆیی لەگەڵ ڕێکخراوی ئەمریکی و (٥) شانۆیی لێ بەرھەمھات کە لەھەولێرو سلێمانی و دھۆک نمایش کران (خەمەکانی ئازاد/ مەریەمانە/ پێکەنینی شادی/ چیڕۆکی کۆچبەرێک/ زەمەنی شێواو)” ھەر لەساڵی ٢٠١٠ کاری دەرھێنانی بۆ(دەرچوانی گەنج/ دۆزەخ/ پەرپوت/ خەونی ئەبابیلەکان) کردووە” ماوەی دوو ساڵ سەرۆکی گروپی شانۆڤانی کورد بووم” ماوەی چوار ساڵ سەرۆکی تیپی شانۆی تیشک بووم” ئەندامی سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان”-م ھەروەھا خاوەنی چەندین کتێبی چاپکراوم.
*ئەوھونەرمەندانە کامەن کە کاریگەریان لەسەر تۆ ھەبووە یاخود بە کارەکانیان سەرسام بوویت؟
– سەرەتای ھەشتاکان بینەری چەندین درامای کوردی و عەرەبی بووم کاریگەریان دروست کرد بۆ ئەوەی دونیای ھونەر ھەڵبژێرم و بچمە پەیمانگە بۆ ئێوەی بتوانم بەشێوەیەکی ئەکادیمی و زانستی تێکھەڵکێشی ھونەر بم و رۆڵی خۆم ببینم
* لە ئێستادا،ئاستی شانۆی کوردی چۆن دەبینی؟
– شانۆی کوردی لە ھەولێر بەتایبەتی گەلێ ئاستەنگی لەبەردەم دروست بووە کە ھونەرمەند نەتوانێ بەسەریدا زاڵ بێت. بۆیە پێویستە پاڵپشتی تەواوی بکرێت و ئاسانکاری بۆ بکرێت تا بتوانێت ھەنگاوەکانی گورج بکات. ھەر چەندە لە ماوەی رابردوودا چەندین کاری خۆبەخشی بەئەنجام گەیشت بەڵام نەبووە ھۆی بوژانەوەی ھونەری شانۆ. بە ھۆی ئەوەی لە کاتی ھەبوونی بودجە و پاڵپشتی دارایی ھونەرمەندە خۆبەخشەکان پەراوێز دەخرێن کە دەبێتە ھۆکاری خاوبوونەوەی ھونەرمەند.
*شانۆ چۆن دەتوانێت گوزراشت لە ناسۆرییەکانی جەماوەر بکات؟
– شانۆی شەقام تاکەرێگایە بۆ بەردەوام بوون و گوزارشت کردن لە ناسۆریەکانی ژیانی جەماوەر، چونکە تێچووی کەمە بە کەرەستەی ساکار ئەنجام دەدرێت لە ھەمان کاتد چێژ بەخشە.
* بەرێزتان لە بواری نووسین خامەتان ڕەنگینە ئەگەر بکرێت ئاماژە بە کتێبە چاپکراوەکانت بکەیت؟
– کتێبی یەکەمم بە ناوی “مەدالیای قەرەجێکی شەرمەزار” بوو کە کتێبێکی شیعرییە لە ساڵی ١٩٩٧ بڵاوکرایەوە. کتێبی دووەمم بە ناوی” دەرچوانی گەنج” بوو کە کۆمەڵێک دەقی شانۆیی لە خۆدەگرێت لە ساڵی ٢٠١٠ بڵاوکرایەوە. لە سەنتەری داھێنان لە ھەولێر چاپکراوە. کتێبی ” پەڕاوی شانۆڤان”چەند ووتار و لێکۆڵینەوەی شانۆیی پێک ھاتووە لە ساڵی ٢٠٢٣ لە چاپکراوەکانی ڤیستیڤاڵی شانۆیی بەڕێوەبەرایەتی شانۆی ھەولێر بوو. کتێبی ” دۆزەخی ئادەم” کۆمەڵێک دەقی شانۆیییە لە ساڵی ٢٠٢٣ لەلایەن دەزگای رۆشنبیری بڵاوکردنەوەی کوردی بەغدا چاپکراوە. دوا کتێبم بەرگی یەکەمی “بیۆگرافیای زانایانی ئایینی” لە ساڵی ٢٠٢٣ لەسەر ئەرکی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی چاپ و بڵاوکرایەوە.
* پرۆژەی داھاتوو چیتان لە ھەگبە دایە؟
– لە ئێستادا خەریکی بەرگی دووھەمی “بیۆگرافیای زانایانی ئایینی” م لە ھەمان کات دا وەک کاری ھونەریش داواکاریمان پێشکەش بە بەڕێوەبەرایەتی شانۆی ھەولێر کردووە کە کار لەسەر دەقی شانۆیی ئادەم بکەین. کەی رەزامەندی وەرگیرا. دەست بەکارکردن دەکەین.
Discussion about this post