راپۆرتی: زانا دڵشاد دزەیی
ھێشتا ساڵێک بەسەر دەرکەوتنی کچە گۆرانیبێژ ھێلی لوڤ تێنەپەڕیووە، کەچی کێشەیەکی گەرموگوڕ لەنێوان خۆی و دەشنێ دەستی پێکردووە، ئەم کێشەیە ھیچ جیاوازییەکی نییە لە شەڕی گۆڕان و یەکێتی، دەکرێ بڵێین بنەڕەتی کێشەیە لەوە سەرچاوەی
گرتووە “کە لەرووی جەماوەرییەوە ھێلی توانی پێش دەشنێ بکەوێتەوە و ئێستا دەشنێ تاقانەکەی جاران نییە لە ستایلی پۆپ و دانس”.
لە زستانی ئەمساڵ ٢٠١٤ ھێلی لوڤ بە گۆرانی (RISK IT ALL) گەرمیەکی زۆری مەیدانی ھونەری کوردی بەخشی، کە جۆرە رووی دانس و ستایل و کلیپ کرانەوەیەکی زۆری تێدا بەدی دەکرا، ئەوە وایکرد کەمتر لەماوەی دوو مانگ زیاتر لە یەک ملیۆن بینەری ھەبێ، ئەوەش ریکۆردێکی نوێی لە ناو گۆرانی و کلیپی کوردیدا تۆمارکرد، کە تەواوی ھونەرمەندانی کوردستان خەون بەم رێژەیەوە دەبینن و نایگەنێ.
ھێلی لوڤ پێشئەوەی گۆرانیەکەی بڵاوبکاتەوە و ناوبانگ دروست بکات، لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ (سڤیل)ـدا ئیدعای بە جیھانبوون دەکات و دەڵێت “من وەکو یەکەم کچی کورد ھەوڵی ئەوە دەدەم بەرەو جیھانی بڕۆم و لەناو کورد کەس وەکو من ناتوانێ دانس بکات و کەسیش وەکو من کۆنتاک و پەیوەندی بەھێزی لەگەڵ بەرھەمھێنەرانی جیھانییدا نییە، من شانسی زۆرم ھەیە ببمە ھونەرمەندێکی جیھانی”.
ئەم قسانەی ھێلی لوڤ تەواو دەشنێی توڕە کرد، چونکە دەشنێ تاکە گۆرانیبێژە لە کوردستان شەش ساڵ پێش ھێلی لوڤ ھەوڵدەدات بەجیھانی بێت و ئەوەش ئاشکرایە حەزی زۆری بەناوبانگ ھەیە و لەوبارەیەوە چەندان ھەوڵی دا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، ئێستا ھێلی لوڤ بە ھێزێکی زیاترەوە، ھەمان ھەوڵ دەدات، لەسەرەتای ھەوڵەکانیدا لە کوردستان پێش دەشنێ کەوتەوە، بەڵام ھیچ دیار نییە ئایا ئەوەش دەتوانێ لە دەرەوەی کوردستانیش ناوبانگ دروست بکات و ببێتە جیھانی یان وەکو دەشنێ ھەر لە کوردستان دەمێنێتەوە؟
بەپێی زانیارییەکانی (سڤیل) چەند خاڵێک وایکردووە ھێلی لوڤ و دەشنێ بکەونە کێشەیەکی گەرموگوڕەوە، بەتایبەت گرنگترین شت ئەوەیە ھاتنی ھێلی لوڤ وایکرد دەشنێ تاقانەیەکی خۆی لەدەستت بدات، کە ھەمووکات دەشنێ شانازی بەوە دەکرد لە زۆرشتدا ئەو تاقانەی گۆرانی کوردییە، بەڵام ئێستا بە پێچەوانەوە رکابەرەکەی زۆر بەھێزە، بۆ نموونە:
١- ھەردووکیان بە ستایلی پۆپ و زمانی ئینگلیزی گۆرانی دەڵێن، بۆئەوەی ناوبانگی گەورە بەدەست بێنن.
٢- دانس و پۆشینی جلوبەرگی نیمچەرووت لە کلیپەکانیدا.
٣- ھەوڵدان بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین لایک بۆ پەیجەکانیان و پێشخستنی خۆیان لەرێگەی پەیجەوە.
٤- ھەر یەکەیان بە ھونەرمەندێکی جیھانی سەرسامن و دەیانەوێ کۆپی ئەوان بکەن لە کوردستان، بۆ نموونە ھێلی لوڤ بە بیۆنسە و ریھانا، ھەروەھا دەشنێ بە شەکیرا.
٥- دانان و دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئەو کەسانەی ھاوکاری ھونەرمەندان دەکەن لە کوردستان، ھەروەھا بەرھەمھێنەرەکانی دەرەوەی کوردستان و ئەوروپادا.
لەزۆربەی ئەم خاڵانەدا ھێلی لوڤ توانی بۆ ماوەی دوو مانگ پێش دەشنێ بکەوێتەوە، چونکە ئەو زیرەک بوو لە دۆزینەوەی کلیلە نھێنییەکانی سەرکەوتن و ناوبانگ. دەشنێ و کاروان کامیل گۆرانییەکی دوێتیان بڵاوکردەوە بە شێوەزاری کرمانجی بەناوی “بێناز” لەگەڵ ئەوەی پێشتر ھەردووکیان ناوبانگی زۆریان ھەبوو، دوای ساڵێک گۆرانییەکە لە ماڵپەری یوتوب توانی یەک ملیۆن بینەری ھەبێت، بەڵام ھێلی لوڤ بەبێئەوەی پێشتر ناوبانگی ھەبێ و بەزمانی ئینگیلزیش کە کەم کەس لە کوردستان ئینگلیزی دەزانێت توانی وابکات بۆ ماوەی سێ مانگ یەکەم گۆرانی خۆی (RISK IT ALL) لە یەک ملیۆن و نیو بینەر تێپەڕ بکات.
سەرەڕای ئەوەش، ئێستا پەیجەکەی ھێلی بەشێوەیەکی خێرا رۆژانە لایکەکانی زیاد دەکات، ئێستا زیاتر لە شەش سەد ھەزار لایکی ھەیە، تەنیا سەد ھەزار لایک ماوە بگاتەوە بە دەشنێ، کە دوو ساڵە دەشنێ شانازی بەوە دەکات لەناو ھونەرمەندانی کوردستان زۆرترین لایکی ھەیە.
ھێلی بەوەش نەوەستا، لێدوانە یەک لەدوا یەکەکانی کە بۆ میدیاکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان دەیدا و دەڵێت “لە کوردستان کەس ناتوانێ مونافەسەم بکات لە دانس” ھەروەھا دەشڵێت “من دەبمە یەکەم کچی کورد ناوبانگی جیھانی ھەبی”. ئەم قسانە راستەوخۆ دەریدەخات کە ھێلی لوڤ ھەموو کارەکانی پێش خۆی رەتدەکاتەوە کە ھونەرمەندانی دیکە کردویانە و تواناکانی خۆی زۆر بەرزتر دەبینێ لەوانی تر. ئەمەش بووە جێی سەرنجی میدیا کوردی و ئەوروپییەکان.
بەڵام دەشنێ دەرکەوتنی ھێلی بەلاوە ئاسایی نەبوو و دەستپێشخەری کرد لە دروستبوونی کێشەکانی نێوانیان و ئەمەش لە پێناوی گرتنەبەری چەند ھەنگاوێک بۆ رێگرتن لە ھێلی، ھەر دەشنێ تۆمەتی دزینی کۆنتاکانی خۆی دایە پاڵ ھێلی لوڤ و بەدزینی کۆنتاکەکانی خۆی، ھێلی تۆمەتبار کرد.
ھەروەھا چەند نامەیەکی دەشنێ دەست (سڤیل) کەوتووە کە لە رێگەی فەیسبووکەوە بۆ کەسێکی نزیکی خۆی ناردووە، لەم نامانەدا دەشنێ باسی ھێلی دەکات و نوسیوویەتی “ئاکادارم ھێلی لاسایی من دەکاتەوە، گۆرانی (تێک می ھۆم) ھاھاھاھاھا، ھەموو شتێکی تەقلیدی منە، مردم لە پێکەنین”. ھەروەھا لە نامەیەکی دیکەدا بۆ ھەمان کەسە نزیکەکەی ناردووە لەو نامەیەدا بە کچێکی “گوندی” وەسفی دەکات و دەڵێت “ئەوە چییە ئەو کچە قەرجە، ھیچ توانایەکی نییە کاری تەنیا لاسایی کردنەوەیە، زۆر لادێی و گوندیە، نازانم ئەو قەرەجە لە کوردستان ئیشی چییە”.
دوای تێپەڕبوونی مانگێک بەسەر بڵاوبوونەوەی کلپیەکەی ھێلی (RISK IT ALL) ناوبانگ دروستکرنێکی سەرتاسەری کوردستان و بەدەستھێنانی پشتگیری چەند کەسێکی حکومی و ئەھلی، کێشەکانی نێوان ھێلی و دەشنێ پەرەی سەند بە جۆرێک (باوان رزگار) کە بەڕێوەبەری ئەوکاتی کارەکانی دەشنێ بوو، بووە قوربانی ئەم شەڕە. دەشنێ بە بیانووی ھەبوونی پەیوەندی لەگەڵ ھێلی و کارکردنی نھێنی بۆ ھێلی (باوان رزگار)ـی بەڕێوەبەری کارەکانی خۆی تۆمەتبار کرد و لە فەیسبووک بلۆکی کرد و ھەموو پەیوەندییەکی لەگەڵ باوان پچڕاند. بەبێ ئەوەی ھیچ مافێکی مادی باوان بدات.
باوان لە لێدوانێکیدا بۆ (سڤیل) رایگەیاند “ئەوکاتەی من دەشنێ کارم دەکرد ھیچ پەیوەندییەکی راستەوخۆ و ناراستەوخۆم لەگەڵ ھێلی نەبووە، تەنانەت چەند جارێک ھێلی داوای کارکردنی لەمن کرد بە پارەیەکی زۆریش، بەڵام لەبەرخاتری دەشنێ قبوڵم نەکرد، لەسەر ئەو شتە دەشنێ زۆر سوپاسی کردم کە لەگەڵی راستگۆم، ئەو گوتی ئافرەین باوان ئێمە ھاوڕێین، یەک تیمین، مەچۆ بۆ لای ئەو قەرەجە، بەڵام نازانم بۆچی لەناکاو منی لە فەیسبووک ریموڤ کرد و گوتی تۆ کۆنتاکی من دەدەی بە ھێلی لوڤ و زانیارییم ھەیە بە نھێنی بۆ ئەو کاردەکەی، ئەو شەش مانگ بەسەر جیابوونەوەی من و دەشنێ تێپەڕیووە، ئەگەر پەیوەندیم لەگەڵ ھێلی ھەبوایە ئێستا کارمان پێکەوە دەکرد، تەنانەت جگە لە جارێک تائێستا من و ھێلی یەکترمان نەبینیووە”.
ھەروەھا بەڕێوەبەری کارەکانی پێشووی دەشنێ گوتیشی “دەشنێ ئازادە لەوەی کە پێکەوە کار نەکەین، چۆن بیر دەکاتەوە، بەڵام من لەوە تێناگەم چۆن رێگە بەخۆی دەدات حەقی من بخوات، تائێستا حەقی ئەو ساڵ و نیوەی منی نەداوە کە کارم بۆ کردووە، نامەکانی دەشنێم ماوە ھەزار جار خۆی بە قوربانم کردووە و لەبەرامبەر تواناکانی من گریاوە و تووشی شۆک بووە، کەچی ئێستا وا بە ئاسانی خۆی لەمن دوورخستەوە و حەقیشم نادات، تەنیا لەسەر گومانێک کە بۆم روونکردەوە بە بەڵگە ھیچ پەیوەندیەکم لەگەڵ ھێلی نییە”.
باوان ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، چوار مانگە ئەمڕۆ و سبەی پێدەکەن “لەکاتێکدا من دەمتوانی رێگای یاسایی لە دژی دەشنێ و bmb grup بگرمەبەر، چونکە چەندان بەڵگەم لایە کە دەشنێ پارەیەکی خەیاڵی سەرف دەکات و دژایەتی خەڵکی دیکەی پێدەکات”.
(سڤیل) زۆر ھەوڵیدا پەیوەندی بە (دەشنێ)ـوە بکات، بەڵام ئامادە نەبوو لەسەر ئەو بابەتە ھیچ قسەیەک بکات.
کەسێکی نزیک لە ھێلی لوڤ بۆ (سڤیل) قسەی کرد بە مەرجی ئەوەی ناوی نەھێنرێت و لەبارەی کێشەی نێوان ھێلی و دەشنێ گوتی “ھەموو ئەو کێشانە لە نزیکەوە ھێلی ئاگادارە، بەڵام ھێلی لە کوردستان مونافەسەی کەس ناکات و دەڵێ لە کوردستان کەسێک نییە شایەنەی ئەوە بێت منافەسەی بکات، بەڵکو ھێلی چاوی لە ناوبانگی جیھانییە و بیر لەو ئەمەریکا دەکاتەوە، بەڵام بەداخەوە نەدەبوو دەشنێ دەست بە شەڕە بکات، چونکە ھێلی ھەر لەسەرەتادا لە چاوپێکەوتنێک گوتی پێم خۆشە کچانی وەکو چۆپی و دەشنێ و خەڵکی دیکەش لە کوردستان ھەبن و پێویستە ھەموو جۆرە کەس و ستایلێک ھەبێت”.