فیلمی ٨٨ بۆ ھەڵەبجەیە نەک ڤێتنام ؟
وامدەزانی کە ئەگەر فیلمیک بۆ ھەڵەبجە دروست بکەم گەورەترین کاری ژیانم کردووە .بە شەوق و زەوقێکی ئێجگار زۆر ھاتمە کوردستان و دەستمکرد بە فیلمەکەم، بەڵام پاش ماوەیەکی کەم ئەوەندە نائومید و بێ ھیوا بووم کە ناخۆشترین ساڵەکانی تەمەنم بەسەر دەبرد ئەمەی قسەی دەرھێنەریًکی ئێرانییە بە ناوی (سوھەیل سوخەن پەژو) دەرھێنەر کە” ھەولێر” دیمانەیەکی لەگەڵ سازداوە لەسەر فیلمی (٨٨) کە فیلمێکەی تایبەت لە کیمیابارانی ھەڵەبجە.
(سوھەیل سوخەن پەژو) لە بارەی فیلمەکەوە دەڵێت: مانگی تشرینی دووەمی سالی ٢٠٠٩ وینەگرتنی فیلمی(٨٨) کە لە سەر ئەرکی خۆم کۆتایی پێھات و تاوەکو ئێستاش بەھۆی نەبوونی توانایی دارایی زیاتر ئەم فیلمە مۆنتاژ نەکراوە. لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرس و کاربەدەستان و وەزیرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان قسەم کردووە تا بتوانم فیلمی ٨٨ مۆنتاژ بکەم، بەڵام تەنانەت بەدوور لە ھەر دەستخۆشیەک و ھەستی پەیمان و بەرپرسیاریەتییەک. نازانم بۆ؟ یا ھەڵەبجە و ئەنفال مەسەلەیەکی فۆرمالیتەیە, یا فیلمی ٨٨ سەبارەت بە (ڤێتنام) بووە کە ھیچ کەسێک پاڵپشتی لێ نەکردووە. بە شێوەیەکی ڕاشکاوانە بڵێم کە وەک دەرھێنەرێک لەو فیلەمەدا سیمای کوردم زۆر واقیعی و سەردەمی پیشان داوە. کورد لەو فیلمەی مندا مرۆڤێکی قاچاقچی و کوێڕ و کەچەڵ و ناشیرین نییە کە تەختەڕەشی بێ کەلتوری و نەخوێندەواری لە کۆڵ دانابێت و نەزانێت چی لە میزگیرانەکەی بکات و لە سەدەی بیست و یەکەم لە بینینی سەتەلایت سەرسام مابێت و لە سەرسوورمان دوو قۆچی گەورە لە سەری دەرھاتبێت و …..
سوھەیل سوخەن پەژو گوتیشی : من رێزم گرتووە لە ڕۆحی پاکی پێنج ھەزار شەھیدی ھەڵەبجە و بە سەدام حوسێنم وتووە ئەگەر بۆمبی ئەتۆمیش لەسەر کوردستان بھاوێت کورد ھەر زیندووە، لە فیلمی ٨٨ سوپاسگوزاری ئەو و علی کیمیاویم کردووە لەبەر ئەوەی لاشەی ئەو بۆمبانەی کە لە ھەڵەبجەی داوە ئێستا مێز و کورسی خەڵکی ھەڵەبجەیە کە لە کۆڵانەکانی شار لەسەری دادەنیشن و چایی دەخۆنەوە و باسی سەردەمی کیمیاباران دەکەن وە ژمارەشیان نەک تەنھا کەم نەبووە بەڵکو زیاتریش بووە. وە من ئەو پەیامە دەگەیەنیم کە یادی ئەو رۆژگارە ڕەش و تاڵە فەرامووش بکەن یان بەلای کەمەوە لە ناخیاندا کاڵی بکەن لەبەر ئەوەی خەڵک دەبێت دەست بە ژیانێکی نۆی بکەن، ئەو کارەی کە ژاپۆنیەکان کردیان. باشتر وایە کە بڵێین ھەڵەبجە نەک ھەڵەبجەی شەھید.بۆیە فیلمی ٨٨ فیلمێکە بۆ پاراستنی شەڕەفی کورد و پیشاندانی قوڵایی کارەساتەکەیە بە جیھان و ھەڵبەت بەتێڕوانینێکی مرۆڤانە و عاتیفی بە کیمیابارانی ھەڵەبجە و بەدوور لەھەر جۆرە ڕووانینێکی سیاسی و ڤیستیڤاڵ پەسەندانە….فیلمی ٨٨ زوولم لێکراو دەرکەوت ھەروەک خەڵکی ھەڵەبجە لە کیمیاباران، خەڵکانێک کە ھێشتا لە ژانی سیەکانیان ئازار دەچێژن و لە دەنگی کۆخە بە ئازارەکانیان خەو ناچێتە چاوەکانیان……دلم ئاسوودەیە چونکە بۆ پێنج ھەزار شەھید فیلمم دروست کردووە و لەوە ئاسودەتر ئەوەی کە ئەم فیلمەم لە لایەن خەڵکی ھەڵەبجەوە پێشکەش بە شەھیدەکانی کیمیابارانی سەردەشت و قوربانیانی بۆمبارانی ئەتۆمی ناکازاکی و ھیرۆشیما کردووە…..
لە کۆتاییدا دیمانەکەدا (سوھەیل سوخەن پەژو) س سوپاسی تەواوی ستافی فیلمی ٨٨ و ھەموو ئەوانەی کە لەم پرۆژەیە ھاوکاریان کردووە دەکەم و سوپاسی تایبەتی خۆم ئاراستەی بەرێز (ئازاد دلپاک) و تیپی نواندنی دڵپاک دەکەم کە بۆ من وەک فریشتەی رزگارکەر وابوو چونکە لەوەتەی ھاتوومە کوردستان ئەو لەسەر ئەرکی خۆی رێ و شوێنی بۆ دابین کردووم.
ئا:ئاریان دەرگەڵەیی