توانا تەھا : مرۆڤ کوشتن پەتایەکی کوشندەیە، لێرەو لەوێ ھەرێمەکەی ئێمەی کردۆتە رووباری خوێن، کارەسات گەلێکی نامرۆڤانەی وەبوون ھێناوە، کە بە بینینی ویژدانی بێ ویژدانترین مرۆڤ دەھەژێنێت.
کاتێک توندەڕەوی و جاھیلی باڵ بەسەر گۆشەیەکی ئەم زەمینە دا دەکێشێت گشت دەروازەکانی لێک تێگەیشتن و گفتوۆ دادەخرێن. بەتەنیا چەک و خوێنەکە، وەڵام گەل بۆ ھەموو “بۆ”یەک، دەداتەوە. بەتەنیا ئەم مێشک پووچانەن کە بیرو بۆچوونەکانیان لەگەڵ رەوتی پێشکەوتنی کۆمەڵ و ئیرادەی ئازاد و خواستی دیموکراسیانەی کۆمەڵی مرۆڤایەتی و تاکەکەس نایەتەوەو یەکناگرێتەوەو پەنا دەبەنە بەر کاری توندەڕەوی و دەیانەوێت بە چەک و خوێن خۆیان بەسەر رەگەزی بەرامبەردا بسەپێنن.
ژن کوژ و پیاو کوژەکان، ھەڵگری ھەر بیرو بۆچوونێک بن، لەم پەڕی راستەوە بۆ ئەو پەڕی چەپ، لە ھەر گۆشەیەکی ئەم کەونەدا بن، قێزەوەنترین و دڕندەترین رێگەو شێواز بەکار دێنن بۆ گەیشتن بە مەرامەکانیان، ئەوانە ھەمیشە کاریان بووەو سڵیان لە ھیچ نەکردۆتەوە، زەردەخەنەیان لە لێوەکان تۆڕاندووە، ھەموو گوڵەکان ھەڵدەوەرێنن، ترس و دڵە راوکێ ئاوێتەی ئەم دەڤەرو ئەو شوێن دەکەن، ئەم ژن کوژانە ھەمیشە کارێک دەکەن ھیچ کەس ئارامی و ئاسوودەیی بە خۆیانەوە نابینن.!ئەم دیمەنانەی ئەیان بینین و پێشتر بەرچاومان کەوتوون تەنیا ھی توندڕۆکانن، ھەموو شوێنێک دەکەن بە ترس و خوێن، چرکەو ساتەکان بۆنی مەرگیان لێدێت، ئەوانە وەکو خێوەکان ترسناکن کە بەددانە خوێناوییەکانیانەوە ھەڕەشە لە داھاتووی ئەم دونیا جوانە ئەکەن. ھەر ھەنگاوێک بۆ رووبەڕوو بوونەوەی ئەم توندەڕەوانە ھەنگاونانە بۆ بەرگرتن بە فەنابوونی ئەم زەمینەو بەھارو گوڵ و خۆشەویستی و بەیەکەوە ژیان و سروشت و ھەموو جوانیەکان، ھەنگاو نانە بۆ بەرز راگرتنی مانا جوانە پیرۆزەکەی مرۆڤ و خواستە مرۆڤایەتیەکان. ئەگەر ئێمە ئەم جیھانەمان خۆش ئەوێت، دەبێت بە ھەمووان ھەوڵی تەواو بدەین بۆ ئەوەی رێگەنەدەین ئەم پەتای مرۆڤ کوشتنە وا بەردەوام بێت و تاوانکارانیش وا بە ئاسانی بسوڕێنەوە، ھەزاران خەونی ناسکی جوانی کیژ و ژنەکانی وڵاتی ئێمەش ھەڵوەرێن و دەسەڵات کەڕو تاک کوێر لێی دابنیشێت و ھیچیان کاری خۆیان نەکەن. لەسەر ئێمە پێویستە لەھەر گۆشەیەکی ئەم زەمینە بەھەموو ھێزو توانای خۆمانەوە ھەوڵبدەین ھەموو پێکەوە ھەوڵی لەبەین بردنی ئەم پەتایە بدەین، تا ئەم ژینگەمان بپارێزین و نەوەکانی داھاتوو لە ئازادی و رێزگرتن و بەمرۆڤ ھەژمارکردنی ئەوەی دیکەو دیموکراسی و ھەموو مافە مرۆڤایەتیەکان بەھرەمەندبن.
کاتێک لە یەک ھەفتە کەمتر لە ١٢ کاتژمێر چەندین حاڵەتی ژن کوشتن روویدا، مەرگەساتی تەزوی رق بە جەستەماندا دەھێنێت. رقێک ھێندە گەورە پێمان دەڵێت :”دەبێت ھەنگاوی خێرا بنێین، بەر بەم کارەساتە جەرگ بڕو دڵ ھەلا ھەلا کردنە بگرین:” دەبێت فریا بکەوین تا ئەم پەتایە ھەمووانی نەگرتۆتەوە، تا کێوەکەی ناخمان ھەرەسی نەھێناوە دەبێت فریا بکەوین. (باپیرانمان بە ڕم و خەنجەرەوە بەرامبەر بە ژنان لە ئێمە شارستانی و بەڕێزتر بوون، ئەم ھەم و کتێب و گۆڤار و نامیلکەو سەنتەر و رێکخراوانەی دامەزران دوای ڕاپەڕین چ کۆمەکێکی کولتووری و عەقڵی بە ئێمە کردووە؟ ئەم ھەمو کۆلێژی یاسایەی کرانەوە بۆ چیمانە؟ ئازادی و ئەوین لەم دۆخەدا جوانتر دەرئەکەوێ کە ھیچ نین جگە لە درۆی داھێنەرانەی جنسی پیاو، بەبێ ترس و رێکخستن و کەلەپچەی یاسا ھەموو پیاوێکی ھەست ناسک و ئەویندار ئەگەری ھەیە لە یەک ساتەوەختدا دڕندەکەی ناوی بێتە دەرێو جەلادێتی خۆی نمایش بکات، لەم ساڵانەدا دەیان نێری بە ناو عاشقمان دی خۆشەویستەکانی خۆیان کوشت، ئەو پیاوەی ژنێک ئەکوژێ چۆن ڕوی دێ دوای سەیری چاوی دایکی بکات؟ بەڵام ھەر لە کوردستان زۆر دایکیش بە دەستی کوڕی خۆی کوژران).
ئایا ئەم رووداوانەی روویان داوەو روودەدەن دەبێت ھەروا بەئاسانی ببن بە ھەواڵ و ساتێک خۆمانی پێوە خەریک بکەین و بێن و تێبپەڕن. ئایا ئەوەی بینیمان دوای پلەی گاڵتەجاری نییە، گیانی مرۆڤایەتی سوکایەتی پێبکرێت لە نیشتمانی زۆرترین سەرکردەکانیدا.