نامەیەک بۆ (عەلی تولابی)
عەلی گیان .. زۆر سوپاس کە لەبری پایتەختی کوردایەتی، پایتەختی وڵاتەکەی خۆتت هەڵبژارد بۆ ناساندنی زمان و هونەر و جوانییەکانی ناو دنیای کلتوری ئێمە.
سوپاسگوزارم کە نەهاتی لە سلێمانی و هەولێر ئەم نمایشە سەنگینە بکەیت! چونکە دڵنیام دواجار لەسەر شەقامەکان دەگیرسایتەوە و لەگەڵ هاوتەمەنەکانت ناچاری کلینس و پاکەت فرۆشتن دەبوویت بۆ بەدەست هێنانی ژەمە نانێک.
تۆ کچێک نەبوویت بێیت ببیتە مۆدێل و نمایشکار، تا بەرپرسێک بیکردیتایە بە هی خۆی و پارەت پێ پەیدا بکات. دواتر لە ناو میدیا و لەبەردەم هەڕەشەی موسەقەف و مەلا و ئەهلی دین و خەڵکی ناسک و عەشایەر و بۆینباخ لەمل و کچانی ئێمەدا ڕسوا و بێنرخ ببیت.
دەمەوێ ئەوەت پێ بڵێم ئەم سەنگ و قورساییە هی ئەوەیە تۆ لە سەکۆی میدیایەکی ناو ئەم ڕژێمی کوردایەتییەوە دەرنەکەوتیت و ڕێگایەکی ڕاستت هەڵبژارد بۆ ناساندنی خۆت و هونەر و بەهرە مەزنەکەت. ئەم سەرکەوتنەیش بەرهەمی ئەو هەوڵە درووستە یە.
دەمەوێ بڵێم ئەگەر ڕۆژێک نووسینێکی بێنرخی یەکێک لە قەڵەمە ڕسواکانی کوردایەتییان پێشاندایت و ویستیان پەلکێشت بکەن بۆ ناو لیتاوی فاشیزمی کوردایەتی، شەقێکی تێهەڵدە و وەسف و سەنا درۆینەکانیان بدەرەوە بە ناوچەوانیان دا.
دڵنیام دێنە سەر ڕێگات، میدیاکانیان خۆیان دەگەیەننە دامێنت و دەبنە میوانە چارەگرانەکانی بەردەرگەکەت. دەزانم ناچار دەبیت بەخێرهاتنیان بکەیت. بەڵام تکات لێ دەکەم مەهێڵە وەک خۆیانت لێبکەن و بتهێننە ئاستی خۆیان.
تۆ ئێستا ئایکۆنی گەلێکی هەشتا ملیۆنیت. کورد و فارس و تورک و ئازەری و ئەو هەموو قەوموقیلەیەی ئێران شانازیت پێوە دەکەن و بە هی خۆیانت دەزانن. هەر لەوێدا و لە لوتکەدا بمێنەرەوە. جگە لەوانیش هەزاران مرۆڤی کوردزمانی وەک من کە خەڵکی وڵاتەکەی تۆ نین بەهەمان شێوە شانازیت پێوە دەکەین و سەربەرزین پێت و چێژمان بینی لە سەدا و چریکە خوداییەکەت.
من وەک هاوڵاتیەکی کورد سوپاسی تاران دەکەم. ئێمە نمونەی (ئەحمەد کایا) ی مەزن مان هەیە لە تورکیا لە پێش تۆدا! کاتێک لەبەردەم هونەرمەندە گەورەکانی تورکیادا تەنها ئەوەندەی ووت ( لە ئەلبومی ئا یندەما بە زمانی کوردی گۆرانی دەڵێم) هەر لەوێدا لێی هار بوون، سەرکۆنەیان کرد، پەلاماریان دا، هەر ئەوەندە مابوو بەردبارانی بکەن. دواتریش وڵاتبەدەریان کرد.
خۆشبەختانە لە وێستگەکەی تۆدا ئەوە ڕووی نەدا! بەڵکو پێچەوانەکەیمان بینی و ڕێزت لێ نرا. ئەم سەرکەوتنەی تۆ قۆناغێکی مێژووییە. ئەو هەڵوێستەی هونەرمەند و پسپۆڕانی میدیایی و هونەری ئێران جێگای ستایشە.
من هیچ گومانم لە توانا جاویدانیەکانی تۆ نیە، بەڵام ئەم دانپیانانە جێگای ڕێزە و حیقد و ڕقی قەومی کاڵ دەکاتەوە. ئەمەیش پەیامێکی پیرۆز و سەنگینە بۆ ئێستای ئەو ناوچە بریندار و ماندووەی، قوربانیەکی گەورەی سەدان ساڵەی شەڕی قەومی و تائیفی و مەزهەبیی گەلانی دواکەوتووی ئەو ناوچەیەن،کە بە خۆرهەڵاتی ناوین ناودەبرێت.
دووبارە سوپاس بۆ تۆ کە هەیت
وە سوپاس بۆ تاران کە ڕێزیان لە تۆ نا.
لێرەوە ئەوە بەیان دەکەم کە هەڵوێست و ڕوانینم بۆ هونەر و میدیا و دەسگا ڕۆشنبیرییەکانی ئێران بۆ هەتا هەتایە گۆڕا.
Discussion about this post