ده‌قی شیعریی : جه‌مال غه‌مبار
1
مه‌هێڵه به‌ر ببمه‌وه ناو زه‌مه‌نێک
ئیتر خاڵییه له عیشق ..
ده‌ستێ بده‌ره ده‌ستی قه‌سیده‌م
به گۆرانیی بمگره‌وه ..
مه‌هێڵه بێده‌نگییم به‌ربێته‌وه !
2
ئه‌هلی سه‌رابستانم من ،
به چرپه ڕێ ئه‌که‌م
له پێکی بێکه‌ساندا ئێواره‌م هه‌ڵئه‌ده‌م .
3
کۆترێکی چه‌ند خامۆش بوو
هه‌میشه غه‌ریب ئه‌چۆوه .
به به‌ردی قه‌ساوه‌ت
سه‌ری خۆی و نیشتمانه‌که‌یان شکاند .
بۆ ئه‌وه‌ی شوشه‌ی فڕینی نه‌شکێت
له بارانێکی ئه‌سمه‌ردا خۆی نقومکرد
هه‌رچی تابوتی هه‌وره‌کان هه‌بوو بۆیگهڕان
گمهیهکیان نه‌دۆزیه‌وه .
4
زستانێک چاوه‌کانی خۆی له په‌نجه‌ره‌ی به‌فرا دانا
به‌هار که چوونه دیده‌نی
ماڵه‌که‌ی پڕ ببوو له خه‌ونی سپی .
خودایا که‌ی منیش ئه‌که‌یته زستان !
5
وه‌ک سێبه‌ر ، فریای گرتنه‌وه‌ی که‌سیان ناکه‌وم ،
هاوڕێکانم ، دڵۆپ دڵۆپ به‌رئه‌بنه‌وه ناو مه‌رکانه‌ی عه‌ده‌م
ئاخرینیان به گیتارێکه‌وه
که له “غه‌رناته” کڕیبووی ، مردنی چڕی ..
ئاخرینیان ، برایم بوو ، دووه‌مین چێواری سلێمانی .
6
ئه‌و له خوداوه فێربوو :
– ده‌ست بخاته گریانه‌وه
– بچێته سه‌ردانی ڕوباری ته‌نیایی
– په‌نجه‌ره‌ی دڵ بۆ عیشق تا ئه‌به‌د بکاته‌وه
ئه‌و له خوداوه ،
گۆرانیی و ئه‌ڤین و گریان فێربوو .
له خوداوه فێربوو
ئه‌گه‌ر کچێکی هه‌بێ ناوی بنێت : ناراب ! (*)
ئه‌گه‌ر باخێکی کرده به‌ر ، پڕ بێت له پرته‌قاڵی ماچ ..
ئه‌و له خوداوه فێربوو چۆن باڵنده‌کان بۆ سه‌فه‌ر ئاماده کات !
له خوداوه فێر بوو ئه‌و !
7
ناراب ! من فێرم هه‌میشه ته‌رمی خۆم به مۆسیقا ئه‌گۆڕمه‌وه
ناراب ! من فێرم هه‌میشه له گۆڕستانی بێئومێدانی خوادا
هه‌تا که‌وتنی سه‌حه‌ر ، هه‌تا ئاو به‌خه‌به‌ر دێ ، ئه‌مێنمه‌وه .
له‌وێ زۆرجار مردووه‌کان به گۆرانیی هانم ئه‌ده‌ن ؛
هه‌رگیز نه‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌رزه‌مینێک
ڕێگاکانی به دز و ژنکوژ و توتیه‌کانی جه‌نگه‌ڵ کۆتای‌یان دێ
سه‌رزه‌مینێک پڕه له مه‌نفا و گۆڕستانی نه‌عناکان و
پڕه له چرای ڕه‌نگزه‌رد و
پڕه له شۆسته‌ی هه‌تیو و
پڕه له شه‌وی عارستان .
8
وه‌ک ده‌ریا داوه‌تی شه‌پۆله‌کانی شیعرت ئه‌که‌م
گه‌ر ئه‌م مه‌نفایه‌م به‌شی عیشقت نه‌کات
له پایزی ئه‌وێت هه‌ڵئه‌کێشم
ئه‌وێی وه‌ک جانتا پڕ سه‌فه‌ر !
9
من نۆیه‌مین کوژراوی بنه‌ماڵه‌ی شیعر بووم
تۆش سپیترین درۆ بوویت
به ناوی عیشقه‌وه بوویته ناونیشانێک بۆ سهراب ..
ئه‌ی درۆترین مه‌خلوق ؛
من بووم به مه‌یلی درهختانم کرد و
وه‌ک خه‌ون ڕووتم کردیته‌وه و پڕم کردیت له گوڵ .
من نۆیه‌مین په‌نجه‌ره بووم که تۆ بێره‌دا تێپه‌ڕیت .
10
پڕ بووم له مه‌غریبی مه‌نفا ،
ئیتر حه‌وسه‌ڵه‌ی به‌یانیانی ژیانم نه‌ماوه
چه‌ندین جار سڵاوم له مه‌رگی خۆم کردووه
دواجار مه‌رگ ، له سیله‌ی خه‌مێکدا له تابوته‌که‌م هه‌ڵات و
هه‌تا ئێستاش ئینتیزاری هاتنهوهیم !
11
بۆ ئه‌وه‌ی نیشتمان هه‌میشه گوڵ بگرێت ؛
هه‌تاو هه‌ڵکه‌ن .
‘ هه‌ڵه‌بجه ‘ بده‌نه‌وه ده‌ست خۆی .
12
هه‌موو بێزارن له نیشتمان
ئێستا نیشتمان بۆته جانتایه‌کی گه‌وره‌ی سه‌فه‌ر.
هه‌موو بێزارن له ماڵ
پڕه له گریان .
هه‌موو بێزارن له زاکیره‌ی خۆیان
پڕه له کوشتنی منداڵیی .
ئه‌ی کێیه بێزاریی نایخوات ؟
13
قیامه‌تێک هه‌ڵئه‌کات
ڕه‌نگه خۆری تێدا ون بێت .
قیامه‌تێک به‌ڕێوه‌یه
تیایدا هه‌نار خۆی ئه‌کوژێت
ڕوبار شه‌رم له ته‌نیایی گه‌ڵا ئه‌کات !
– با – قسه‌کانی خۆی
له ئێواره‌ی باخچه‌یه‌کدا حه‌شار ئه‌دا .
قیامه‌تێک به‌ڕێوه‌یه
منی تێدا نایه‌مه‌وه بۆ ماڵی چۆڵی قه‌سیده !
به‌ڕێوه‌یه قیامه‌تێک ..
14
بۆ ههڵنابیت
ئه‌ی وڵاته شاعیره‌که‌م ،
هه‌روه‌ک مۆمی قه‌ده‌ری خۆت له‌م خۆڵستانی
ته‌نیایی و له‌م مێرگه تاریکه‌ی دڵدا بۆ ههڵنابیت !
تۆ زه‌مه‌نێک به که‌مانچه‌ی بێکه‌سیی
توڕه‌بوونی خۆت ئه‌ژه‌نی .
تۆ به دیواری حوزنه‌وه ، دهمهوژانێک
سێبه‌ری تهنییاییت ئه‌سڕی .
که‌ی شین ئه‌بیت ئه‌ی بێستانی بێشهمامه !
ئه‌ی وڵاته کوژراوه‌که‌م
که‌ی ئه‌بیته‌وه به ته‌ریقه‌تی گوڵاڵه
هه‌تا منیش بتگرمه به‌ر .
که‌ی ئه‌چیته‌وه که‌ناری پڕ مه‌رجانی خۆشه‌ویستیی
هه‌تا منیش له ده‌ریای خۆمت هه‌ڵکێشم ئه‌ی وڵاته منداڵه‌که‌م !
15
ئاگر له خه‌رمانی نیشتمان به‌ربوو
که‌چی که‌سێ خه‌به‌ری بۆ شه‌هیده‌کان نه‌برد !
16
هیممه‌تێ یاران !
له به‌حری مروه‌تێ ، مرواریی وه‌فا نه‌ماوه .
له ڕۆخی جه‌ننه‌تێ،غوربه‌تی شاعیرێ ڕژاوه .
هیممه‌تێ یاران !
17
شیعر فریای ڕه‌سمکردنی
ئه‌م هه‌موو خۆکوشتنه ناکه‌وێ .
ئه‌ترسم ڕۆژێک نیشمانیش خۆی بکوژێ !
18
ئه‌وه من نیم دڵی خۆم ئه‌نوسمه‌وه
ئه‌وه ڕوبارێکه سه‌ری ژیانی لێتێکچووه .
ڕوبارێک هه‌میشه به نه‌سیم سوێند ئه‌خوات .
ڕوبارێک به نیازه به‌ر له‌مردن
باخێک پڕ کات له بیره‌وه‌ریی .
کتێبێک پڕ کات له ئاوی شیعر .
19
گه‌ر ئه‌م ناونیشانه غهریبهتان بینی :
” ڕوبارێک به قه‌ڵه‌می خۆی “
-ڕه‌نگه ئه‌وه دوا قه‌سیده‌ی گه‌وهه‌رداری من بێت
یان دوا باڵنده‌ی
خرۆشاوی ناخی من بێت
له قه‌فه‌زی ڕۆحمه‌وه بۆ ئه‌به‌د هه‌ڵفڕێت ..
گه‌ر له دره‌وشانه‌وه‌ی عاریفێکدا
باده‌ی سۆزێکتان به شکاویی بینی
ئه‌وه له شه‌وێکی ئێره‌ی من که‌وتۆته خوارێ
بۆم هه‌ڵگرن …
گه‌ر به دامێنی ئێواره‌یه‌که‌وه
ئیشتیاقێکی سپیتان دۆزیه‌وه
ئه‌وه چڵێک ته‌نیایی منه له‌وێ
ڕێی دڵته‌نگیی ون کردووه ..
گه‌ر به دیواره‌کانی موحیببه‌ته‌وه
نوسینی شهوقدارتان بینی ،
ئه‌وه حیکایه‌تی پڕ سه‌حه‌ری ڕوبارێکه
به قه‌ڵه‌مه ئاوییه‌که‌ی خۆی .
ئه‌وه به‌یتی عاشقانه‌ی کوکوختیه‌کی برینداره
به نه‌غمه‌ی ڕژاوی خۆی .
ئه‌وه قه‌ده‌ری بێڕه‌ونه‌قی هه‌موومانه
له ده‌مه ده‌می وتنه‌وه‌ی ده‌رسی باراندا
له ده‌مه ده‌می سوێندخواردن به کتێبی ته‌نیایی و
له ده‌می چڕینی به‌فردا له‌سه‌ر گۆڕی من .
20
ڤالانتاین لێره‌وه
له‌م باشوره‌ی منه‌وه ده‌ست پێئه‌کات و
ئیتر دنیاش هه‌ر لێره‌وه کۆتایی دێ .
دنیا له دڵی مندا به خه‌مناکیی بۆ خۆی ئه‌گری
دنیا له ماڵه ته‌نیاکه‌ی مندا
به دزیی تاریکییه‌وه چراكانی ژیر ئه‌کاته‌وه ..
21
تۆ له باریندایت که من ئه‌مرم
تۆ له ژه‌نینی تاری عیشوهدایت
که من دواسه‌فه‌ری خۆم
به‌ره‌و خه‌یاڵی که‌نارییه‌کی خامۆش ئه‌که‌م
22
شه‌وی فڕینه‌کانی من
له شه‌وی چ باڵنده‌یه‌کی تر ناچێ
خه‌وی کۆچه‌رییانه‌ی من
له خه‌وی چ ڕه‌وه‌ندێکی تر ناچێ .
شه‌وی زاهیدانه شه‌وی من
بۆیه هه‌موو ده‌مێ به‌ر له‌خه‌وتن
له سه‌ر عاشقترین ڕوبار
حیکایه‌تی دڵشکانی ئه‌ستێره‌یه‌ک
بۆ غه‌مگینترین ئاسمان ئه‌گێڕمه‌وه .
به‌ر له خه‌وتن
هه‌موو شه‌وێک ئه‌چمه‌وه ناو بیره‌وه‌ری
هه‌موو شه‌وێک گه‌ڵاکانی ناو زاکیره‌م هه‌ڵئه‌وه‌رێن !
هه‌موو شه‌وێک به‌ر له خه‌وتن
له‌به‌ر ئاوێنه‌که‌دا خۆم له ته‌نیایی ڕۆژ ئه‌ته‌کێنم
شیعرێک ئه‌گرمه باوه‌ش و
ده‌ستێک ئه‌گرم به دڵمه‌وه
نه بادا نیشتمان به‌ربێته‌وه و هه‌پرون ببێ
ده‌سته‌که‌ی تریشم ئه‌ده‌م به خوا
نیگه‌رانیی کچ و کوڕه نائومێده‌کانی
وڵاتی پێ کۆکاته‌وه ..
هه‌موو شه‌وێ به‌ر له خه‌وتن
خۆم پڕ ئه‌که‌م له مۆسیقا
ده‌موچاوم به ڕوناکیی مۆمه غه‌مگینه‌که‌م ئه‌شۆم
به‌ر له خه‌وتن گڵۆپی سفری نزایه‌ک هه‌ڵئه‌که‌م و
ئه‌ڵێم خوایه ، ته‌نیا ئه‌مشه‌و
ئه‌مشه‌و و به‌س ،
له خه‌ونێکدا بمبه‌ره‌وه بۆ نیشتمان !
23
لێره هه‌میشه خودێکی ته‌نیا هه‌یه ، ئه‌ویش تۆیت !
تۆیه‌ک به‌ده‌م سه‌فه‌ره‌وه
هه‌میشه چاوێکت وا له‌سه‌ر سیله‌ی به‌خه‌م گیراوی نیشتمانه و
چاوه‌که‌ی تریشت سه‌یری مردنێک ئه‌کات
تازه له شه‌ڕی ئه‌شقیا و
له جه‌نگی ئاگردزه‌کان و
تازه لای خوا هاتۆته‌وه !
24
گه‌ر نازانیت هه‌نار چۆن ئه‌گری له ده‌می که‌وتنه‌خواره‌وه‌دا ،
وه‌ره سه‌یری دڵی من که !
25
گه‌ر ئه‌ته‌وێ خۆت له گۆرانیی هه‌ڵکێشیت
بڕۆ په‌نجه‌ره‌یه‌ک به ڕووی ژنێکی
وه‌ک نیشتمان دڵشکاو بکه‌ره‌وه ..
پێی بڵێ ؛ ئه‌ی هه‌میشه بێشه‌وق وه‌ک عه‌زاب !
ڕۆژێک دێت ده‌ریای سه‌بری تۆ و گوڵی ئارامی من
پێکه‌وه وشک بن
پێکه‌وه بچنه‌وه که‌ناری نائومێدییه‌ک وه‌ک مردن سپی
وه‌ک شه‌وی خاڵیی له یار بێکه‌س و
وه‌ک ته‌جه‌للای ئاگره‌که‌ی دڵی من بێقهرار .
لێی بپرسه ؛ ئێواره‌ی خه‌می تۆ له کوێوه هه‌ڵئه‌کات ،
هه‌تا ئه‌نگۆره‌ی شیعری من له‌وێ چاوه‌ڕێ بێت .
پێی بڵێ ؛ سوپاس بۆ ئاو که تۆ لێره‌یت !
سوپاس بۆ ئاو که له‌ده‌رگای دڵی تۆی دا .
سوپاس بۆ ئاو که تۆی هێنا ئه‌ی مه‌رگی من ،
ئه‌ی شیعری به گوناه ته‌ڕ و
ئه‌ی هاوسه‌فه‌ری عیشقه‌که‌م .. سوپاس بۆ ئاو !
سه‌ره‌تای 2009 – ئوسترالیا – باشور
( به‌ر له هاتنی پایزی ئه‌دیلاید )
* ناراب : تکایه ئه‌م وشه‌یه لای چه‌په‌وه بۆ ڕاست بخوێنه‌وه .
– برایم : برایم چێواری جوانه‌مه‌رگه . یه‌که‌مین چێوار کاک عوسمانی برا و هاوڕێ بوو .