سەردار جاف
لە خولگەی خەم قورتار نابم
ڤالانتاين
دەسرازەی سێ پای جەڕاندووم
ڕامدەژەنێ
پەری لێم بووە سوژن و
مژدەی کاڵباکن نابەخشێ
خەم ژانمە و
لە تاریکی تێمدەژەنێ
بە گێلاخەی زرێبارا هەڵواسراوم
بە نێو چەمی سوورباويا
نغرۆی ساتی غەفڵەتم بوو
بە سێ زێ دا
بەرەو مەنفا شۆڕبوومەوە
دڵويستێکی پەرۆشاوی
لە ساراوە چاوساغی رێی هەڵەتم بوو
لە ئازاری دوێنێم دەگەن
دوێنێی سێ خولگە پێش ئێستا
بە سەر ڕۆحی مردووێتیما دادەچۆڕا
خەو شەرابی نارنجی بوو
خەون سەرابێکی سەخت و
لێو لە بادە شێوارە بوو
مەستبوون مەست بوو
ساقی بە جامی پڕەوە لێم دەتۆرا
هەنگاوە لەرزەی ڕێگەمە
گيسن ئاسمانی پڕ خۆر و
گێنگڵمە …… لە سۆراغی
سۆراغی بادەی پڕ لە مەی
حەرفێ ژێوانی قەڵەمە
بەرەو خەرەند خۆی دەنووسی
نها سەرەتاتکێی ئۆخەی
ئەڵمانيا
١٤ / ٢ / ٢٠٢١