سونبولی بەرنامەی ساباتی سترانی کوردسات…بە هۆی سەفەر کردنم لەگەڵ بنەماڵەکەم وازم لە بەرنامەی ساباتی ستران هێنا نەک شتی دیکە
رێکخستنەوەى: زنار
(سونبول موحەممەد پەنا)ی پێشکەشکاری کەناڵی کوردسات لە بەرنامەی(ساباتی ستران)کە لە چەند ساڵێک پێش ئێستا لە شاشەی کوردسات پێشکەشی دەکرد، ئێستا لەگەڵ خێزانەکەیاندا چوونەتە وڵاتی سویدی و ئێستاش خەریکی خوێندنە. جوانی و شێوەی پێشکەشکردنی بەرنامەکەی سونبول کە زۆر سەرکەوتوو بوو، توانی بە ماوەیەکی کەم سەرنجی زۆرترین جەماوەر بەلای خۆیدا رابکێشێت و بەرنامەکە بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبەرێت.
بەڵام لەناکاو، ئامادەیی لەو کەناڵە نەماو بزربوونی ئەو لەو شاشەیە ماوەیەکی زۆر بووە جێگەی باس و خواسی خەڵک، ئەوکات هەریەکەو بە شێوەیەک باسى ئەو بێدەنگی ونبوونەی دەکرد، وەکو عادەتی هەمیشەیی هەندێک کەس کە راستەوخۆ بۆ دروستبوونی کێشەی کۆمەڵایەتی دەگەڕێننەوە باسیان دەکرد، هەندێکی دیکەش پێیان وابوو کە بەهۆی کێشەیەک لە ئیدارەی ئەو کەناڵەء هەندێک لەبەرپرسانی حزبی سلێمانی بەجێشهێشتووە چووتەوە بۆ ئێران. بەڵام ئەو ماوەیەک بەر لە ئێستا لە رێگەی ناوەندی هەواڵنێرى سەقز، کە ماڵپەرێکی لۆکاڵی تایبەت بە شاری سەقزی خۆرهەڵاتی کوردستانەو میوانداری ئەو هاوشارییەى خۆیان کردووە هەندێک پرسیاریان ئاراستەکردووەو هەوادارانیشی لە رێگەی کۆمێنت(سەرنج)ی خۆیانەوە لەرێگەی ئەم ماڵپەڕەوە پرسیاریان ئاراستە کردووە ئەویش وەڵامی یەک بەیەکەیانی داوەتەوەو هەموو ئەو پڕوپاگەندانە رەت دەکاتەوە کە دوای جێهێشتنی کەناڵی کوردساتء شاشەی تەلەفزیۆن لەسەری گوتراوە.
لەو گفتوگۆیەدا سۆنبۆل لەسەر ژیانی ئاماژە بەوە دەکات کە وەکو هەموو منداڵێکی ئەم دونیایە لە ٦ ساڵیدا یەکەم ساڵی خوێندنی دەست پێکرد و خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی سومەیەء خوێندنی ناوەندی لە خوێندنگەکانی ١٧ی شەهریوەر لە شاری سەقز و خوێندنگەی مێعراج لە شاری سنە خوێندووە. هەروەها سەبارەت بە مێژووی هاتنی بۆ کوردستانی باشوورو هاتنی بۆ سلێمانی دەڵێت:”ساڵی ١٩٩٦ لەگەڵ بنەماڵەکەم چوومەتە باشووری کوردستانء لە شاری سلێمانی نیشتەجێ بووینء پاشان لە ساڵی ٢٠٠٧ لەگەڵ بنەماڵەکەم کۆچمان کردووە بۆ وڵاتی سوید و هەنووکە لە شاری ستۆکهۆڵم نیشتەجێین و خەریکی ژیانی ئاسایین”. هەروەها سەبارەت بەسەرەتای هاتنی بۆناو دونیای هونەرو کاری راگەیاندن بۆ ناوەندی هەوڵنێری سەقز دەڵێت:” سەرەتای دەست پێکردنی من لە بواری کاری هونەریدا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٨ی زایینی کە لە کاناڵیێکی نێوخۆیی باشووری کوردستان بە نێوی p.u.k دەستم بە کاری دوبلاژی بەرنامەی منداڵان (کارتۆن) کرد، کە ئەم کارە سەرەتاێکی باش بوو بۆ پێش کەوتنم لە بواری کاری هونەری و منداڵاندا، هاوکات لەگەڵ کارکردنم لە بواری دوبلاژ، هاوکاری بەرنامەی گەنجان بووم لە کەناڵی تەلەفیزیۆنی خاک کە لە پشت کامێرە هاوکاری ئەو بەرنامەم دەکرد”.
هەر لەو گفتوگۆیەی ئەو ماڵپەرەدا دەڵێت:” لە ساڵی ١٩٩٩ وەک ئەندامی تیپی هونەری نەتەوەیی هەڵپەڕکێ لە شاری سلێمانی هەڵبژێردرام و تا ساڵی ٢٠٠٢ هەم لەو تیپە کارم دەکرد و هەم لە تەلەفیزیۆنی p.u.k کاری دووبلاژم دەکرد. لە ٣ وەرزی ئەو تیپەدا من کاری هەڵپەڕکێم کردووە و هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا لە شانۆگەری (هاملێت) لە فیستیڤاڵی شانۆگەری دا رۆڵم گێڕاوە”.سونبول دەڵێت:”لە کورتە فیلمی (شەوێکی تر) کە لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کوردستان و لە دەرهێنان و نووسینی سۆڵماز موحەممەد پەنا بوو وەکوو ئەکتەر ڕۆڵم گێڕاوە کە ئەم فیلمە توانی خەڵاتی باشترین فیلم و چوار چڵە نێرگسی ئاڵتوونی وەرگرێت. لە ساڵی ٢٠٠٢ پاش تاقی کردنەوەیەک وەک بێژەری بەرنامەی هونەری ساباتی ستران لە کەناڵی کوردسات دامەزرام و لە رێکەوتی ٢٨/ 8/٢٠٠٢ یەکەمین بەرنامەی ساباتی ستران بە بەڕێوەبەری من پێشکەش کرا. پاش دوو مانگ لە پێشکەش کردنی بەرنامەی ساباتی ستران، ئەو بەرنامەیە بووە بەرنامەیەکی راستەوخۆ کە ئەو کات وەک ئامادەکارێک و هاوکات وەک بێژەر کاری ئەو پڕۆگرامەم جێبەجێ دەکرد کە هەموو شەوانی شەممەیەک دەبوومە میوانی هەموو ماڵە کوردێک لە هەر شوێنێکی ئەم دونیایەدا.
دەربارەی پلانی داهاتوویء بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا، کە یەکێک لە خوێنەرانی ماڵپەرەکە وەکو پرسیار ئاراستەی کردووە سۆنبۆل ئاماژە بەوە دەکات کە لە ئێستا سەرقاڵی خوێندنەو بیری لەوە نەکردۆتەوە. هەروەها کاتێک پرسیاریان سەباەرت بە هۆکاری وازهێنیان لە کەناڵی کوردستان ئاراستە کرد لە وەڵامدا دەڵێت:”من بە هۆی سەفەر کردنم لەگەڵ بنەماڵەکەم وازم لە بەرنامەی ساباتی ستران هێنا نەک شتی دیکە”.
هەروەها دەڵێت:”لە کوردستان من
ئەندامی یەکیەتی لاوان بووم، بەڵام ئێستا تەمەنی من رێگا نادات وەک لاوێک لەو یەکیەتیە ئەندام بم. زۆرم پێ خۆشە بەڵام دەبێ ڕێز لە پێڕەو و پرۆگرامی ئەو رێکخراوە بگرم، بەڵام لە دورەوە ئاگاداری کار و چالاکیەکانیان هەم. وەک کچە کوردێکی هونەرمەند شانازی دەکەم بتوانم خزمەتى کەناڵی کوردی بکەم بەڵام دەستێک بە تەنیا تەقەی نایەت. بەڕێوبەرانی تیشک تیڤی پیوەندیان کرد کە کاریان لەگەڵ بکەم، بەڵام جارێ هیچ وڵامێکیان نەبووە چۆنکە گوتیان جوابت ڵی دەگێڕینەوە”.
بەشداربوویەکی دیکە سەبارەت بەهۆکاری سەرکەوتنی بەرنامەی(ساباتی ستران) پرسیاری لێ دەکات و ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت:”بە رای من کە وەک بێژەر و ئامادەکاری ساباتی ستران بووم ئەو بەرنامەیە زۆر شاد و بە دڵی بینەر ئەچووە پێشەوە، دواتر یەکەم بەرنامەی ڕاستەوخۆ بوو کە بێ سانسۆڕ بڵاو دەکرایەوە و هەوڵ و کۆششی خۆم و هاوکارەکانم بوە هۆی سەرکەوتنم و توانیم هەمیشە لە دڵی بینەران بمێنمەوە. دەتوانم بڵیم جوانی روخسار و توانای بەڕێوەبردنی بەرنامە بەیەکەوە دەستیدا تا بتوانم بەرنامەیەکی سەرکەوتوو پێشکەشی بینەران بکەم”.
هەروەها کاتێک بەشداربوویەکی دیکە داوای لێدەکات گۆرانی بڵێت چونکە دەنگی زۆر خۆشە سونبۆل لە وەڵامدا دەڵێت:”من زۆر لە مێژە گۆڕانیم وتووە بەڵام تەنیا بۆ منالان”. کەسێکی دیکەش داوای لێ دەکات خۆشترین بیرەوەری خۆی باس بکات کە لەکاتی پێشکەشکردنی بەرنامەکانیدا هەیەتی و ئەویش لەوەڵامدا دەڵێت:”ئەرکێکی قوڕست خستە سەر شانم چونکە لە ناو ئەو هەموو
بیرۆکە خۆشانە من دەبێ یەکێکیان باس بکەم. لە راستی دا هەر ساتێکی بەرنامەکەم یادو بیرەوەری خۆشی لەگەڵدایە، بۆیە پێم خۆشە دوو بیرەوەری بگێڕمەوە. یەکێک لە کاتی دوبلاژی کارتۆن و یەکێک لە کاتی بەرنامەی ساباتی ستران:
لە بەرنامەی ساباتی ستران چونکە راستەوخۆ بوو شتی زۆر رویدەدا، شەوێک من خەریکی پیشکەش کردنی بەرنامە بووم و قسەم لەگەڵ بینەرێک دەکرد کە بە تەلەفوون بەشداری کردبوو، کە بینیم لە ژووری کۆنترۆل پێم دەڵێن بۆ کامیرای ١ بڕوانە، سامان یەکێک لە کامێرامانەکان بوو کە هەمیشە حەزی بە کاری جوان و تاک دەکرد، بەڵام من کامێرای سامانم نەدەدۆزیەوە، لە پڕ زانیم خۆی هەڵواسیە بە پەنجەرێکدا و لەوێوە کادری لە من گرتبوو، منیش پێکەنین گرتبوومی و بە هیچ شێوەیەک نەمدەتوانی خۆم کۆنتڕۆل بکەم، کە ئەو شەوە یەکێک لە بیڕەوەرییە خۆشەکەنی پڕۆگرامی ساباتی ستران بوو.
لە بیرەوەری دوبلاژ کە زۆر خۆش بوو وا بزانم گشت خوێنەران دەبێ لە بیریان بێت کارتۆنی (حنا دختری در مزرعە) کامەیە. من لەگەڵ هاوکارانم دوبلاژی ئەو کارتۆنەمان دەکرد بە کوردی بە ناوی (کاتۆلی). من لەو کارتۆنە دەنگی ٣ رۆڵم بوو کە لە شانسی من لە بەشێکدا ئەم ٣ ڕۆڵە لە یەک کاتدا دەبوو بە یەکەوە قسەیان بکردایە، جا بێ دروستی بکە!، نزیکەی نیو سەعات من هەوڵمدا، بەڵام هەر رێک نەدەکەوت و هاوڕێیانیش هەر لە ژووری کۆنترۆڵ بە من پێدەکەنین، من هەم توڕە بووم و هەم خۆشم پێدەکەنیم، لە بەر ئەوەی تەنیا یەکێک لە رۆڵەکان بە دەنگی راستی خۆم بوو و دووانەکەی تر بە دەنگەکانی دیکە بوو کە بەراستی زۆر سەخت و دژوار بوو، بەڵام لە ئاکامدا توانیم لە ١ خولەکدا ٣ دەنگ بگۆڕم و ئێستاش هەرچی بیرم دەکەوێتەوە پێدەکەنم.
هەر لە درێژەى وەڵامى پرسیارەکانى هەوادارانى سەبارەت بە چەند شتێک سونبول دەڵێت “بە هۆی سەفەری بنەماڵەکەم رووم لە وڵاتی سوید کرد و دوواتر ئێمە نەهاتبوین تا لە باشوری کورستان بژین و لەوێ بە ئەمانەت دەژیاین” سەبارەت بە دەنگى هونەرمەندان گووتى “بە بڕوای من هەر هونەرمەندێک تام و چێژی خۆی هەیە و چۆپی، لەیلا فەرێقی، دەشنێ و باخان هەوڵ بۆ تازەگەری دەدەن و من بەش بە حاڵی خۆم ڕێزم بۆ هەموو هونەرمەندێک هەیە چونکە خزمەتی هونەر دەکەن”.
هەروەها لەوەڵام بە پەیوەندی خۆی لەگەڵ(گۆران عومەر)ی پیشکەشکاری بەرنامی(کڵاوێن) کە بەهۆی رووداوی ئۆتۆمبیڵ کۆچی دوایی کردو هەروەها رای خۆی لەسەر هەر یەک لە تەلەفزیۆنە تایبەت بە رۆژهەڵاتیەکان سونبول دەڵێت:”دەتوانم بڵێم من و گۆران لە سەنتەری چالاکی گەنجان یەکمان دەناسی کە لەوێ چالاکی هونەریمان بوو هەر دووکمان بۆ ٢ تەلەفزیۆنی جیاواز کارمان دەکرد، بەڵام کاتێک کوردسات دامەزرا، ئێمە یەکێک لەو کەسانە بوین کە بوینە فەرمانبەری کوردسات. نێوانمان زۆر خۆش بوو چونکە هەردووکمان بەرنامەکانمان خۆمان ئامادەمان دەکرد و پێشکەشمان دەکرد. من و گۆران تەنیا هاوڕێ نەبووینء کانی خانی خێزانی یەکێک لە هاوڕێ خۆشەویستەکانم بوو کە هاورێیەتی ئێمەی زیاتر دەکرد. گۆران عومەری جوانە مەرگ کەسێکی بەتوانا بوو هەوڵی بۆ جوانی و تازەگەری دەدا و ژیان لە لای ئەو زۆر جوان بوو، بەڵام حەیف و هەزار حەیف. گۆران زۆر لەوە گەورەترە کە من بمەوێت بە چەند وشە باسی بکەم بەڵام خۆزگا ئەو موقەدەرە پێش نەدەهات.
هەروەها هەر کام لە کاناڵە کوردیەکان بینەر و تایبەتمەندی خۆیان هەیە و هەوڵ بۆ پێشکەوتن دەدەن و کولتوور و رەسەنایەی کورد بە دونیا دەناسێنن، بەڵام هەر کام لەو کاناڵانە کەم و کوڕی خۆشیان هەیە، چونکە زۆربەی ئەو کاناڵانە بە ئیمکاناتێکی زۆر کەم کار دەکەن کە ئەوەش کارێکی ئاسان نیە. لای من هەموو کەناڵەکان ئازیزن. کەناڵەکانی کوردی بۆ بەشی رۆژهەڵاتی کوردستان هەوڵیان بۆ پێشکەوتن داوەو لە ماوەیەکی کەم جێگەیان لە دڵی خەڵک کردوەتەوە و هیوادارم تا بڕوات بەرەو باشتر و باشتر بڕۆنە پێشەوە.
سەبارەت بە بەرنامەی خوێندنء پسپۆری پەیداکردنی لە بوارێکدا دەڵێت:”بە نیازم درێژە بدەم بە دەرس خۆیندن لە رشتە (ددان پزشکی) واتە دکتۆرای ددان و هەوڵی تەواوی بۆ دەدەم”. کچێکی دیکە بەناوی(سارا)پرسیاری ئەوەی ئاراستە دەکات کە تا چەند گرنگی بە فاشن و مۆدەو هەروەها خوێندنەوەی شیعر دەدات، ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت:”فاشن و مۆد لە لای من جوانی روخسار دەردەخات، بۆیە من گرنگی زۆر بە جل و بەرگ دەدەم و هەمیشە چ جلێک جوان بێت و زۆرم بە دڵ بێت لە بەری دەکەم و شێوازێک یا ستیلێکی تایبەتیشم نیە. من شیعر ناخوێنمەوە، لە راستی دا حەز دەکەم گوآى لێ بگرم. من گۆێ لە شیعری خانم (مریەم حەیدەر زادە) دەگرم و زۆر بەلامەوە بە مانان