دواندنى: گەرمیانى حەمەى پوور
هونەرمەند سوعاد میکائیل وەلى ئەلدەلەوى لە ساڵى 1972 لە شارى خانەقین لە دایک بووە، دیبلۆمى لە هونەرى شێوەکاریدا هەیەو لە ساڵى 1993-1994 پەیمانگاى هونەرەجوانەکانى بەغدادى تەواو کردووە، ژیانى هاوسەرى پێکهێناوەو خاوەنى سێ منداڵە دوو کوڕو کچێک (محەمەد تەمەن 13 ساڵ) و (هەیفا تەمەن 11 ساڵ) و (عەبدوڵلا تەمەن 4 ساڵ)ە یەکێکە لە دامەزرێنەرانى پەیمانگاى هونەرەجوانەکانى خانەقین و وانەى تێدا گوتووەتەوە، ئێستاش بەرپرسى بەشى ڕاگەیاندنە لە کۆلێژى ئادابى خانەقین.
زنار: ئەکرێ سەرەتا بزانین سوعاد خان لە کەیەوەو چۆن بیرى لە دنیاى هونەر کردەوە لەکاتێکدا ژنان زۆر بە کەمى ئەم بوارە هەڵدەبژێرن و خۆیان لە دنیاى هونەردا دەبیننەوە؟.
سوعاد ئەلدەلەوى: بەڵى، من هەر لە منداڵییەوە مومارەسەرى هونەرى شێوەکاریم کردووە لە سەرەتاى چوونە قوتابخانەم، تا ئێستاش بە بێ دابڕان هەر کار لە بوارى هونەریدا دەکەم چونکە تێکەڵ بە خوێنم بووەو لە بوونمدا چەسپیوە.
زنار: خانەقین لە زۆر ڕووە لە شارەکانى دیکەى کوردستان دواکەوتووە، بەڵام ئایا ڕاى بەڕێزتان لە سەر هونەر لە خانەقین چۆنەو بەڕاى تۆ بوارى هونەرى ئێستا لە خانەقین لە چ ئاستێکدایە؟.
سوعاد ئەلدەلەوى: هونەر لە خانەقین ئێستا لە بارودۆخێکى باشدا نییە، بەتایبەت کارى دەستى لە خانەقین، ئەمە لە کاتێکدا کە هونەرمەندى بە تواناو لێهاتوو لە شارەکە هەیە کە بە شێوەیەکى باش تواناى کارکردنیان وەکو هونەرمەندانى سەردەم هەیە. هۆکارى سەرەکى ئەم بارودۆخە نەگونجاوەش خۆى لە نەبوونى شوێنى گونجاو بۆ کردنەوەى پیشانگاو نەبوونى هۆڵى تایبەتدا دەبینێتەوە بە شێوەیەکى هونەرى و بۆ هونەر گونجاو بێت، لەگەڵ ئەوەشدا شوێنێک نییە بۆ کۆبوونەوەى هونەرمەندان تا ئاگایان لەیەکتر بێت و لێکەوە نزیک بن تا کارى هونەرى باش و جوان بکەن لە شارى خانەقین
زنار: تۆ لێرە وەکو ژنێک کە کارى هونەرى دەکەیت، ئایا کەسانێک هەن هاندەرت بن لە بوارى هونەرکەتدا؟
سوعاد ئەلدەلەوى: بەڵێ، هەیە هاوکاریم دەکەن و هانم دەدەن و گرنگى بە کارەکانم دەدەن، ئەو کات کە لە بەغداد بووم زۆر مامۆستاى باشم هەبوون کە هاوکارییان ئەکردم و هانیان ئەدام، ئەو بەڕێزانە زۆر گرنگییان بە کارە هونەرییەکانم ئەداو لە هەموو ڕوویەکەوە هاو کارییان ئەکردم، بە تایبەت مامۆستاى بەڕێز مامۆستا لەیلا کە خۆى لە دیزایندا لەسەر
ئاستى عێراق یەکەم بوو، ئەتوانم بێژم ئەوان بوون بەهۆى سەرکەوتن و بەردەوامى من لە کارە هونەرییەکانمدا، بەڵام لە خانەقین زۆر سوپاسى مامۆستاى بەڕێز مامۆستا موحسین جەعفەرو هونەرمەندى بەتواناو داهێنەر عەباس محێدین و هونەرمەندى گەورە ماجد شالیار و ئیبتیهال تۆفیق دەکەم، کە زۆر هاندەرم بوون و هاوکارییان کردووم، لەگەڵ ئەوەشدا ئەکرێ ڕۆڵى هونەرمەندى داهێنەر مامۆستا زەینەب ئەرکەوازى بەرز بنرێخێنین کە بەڕێوەبەرى سەنتەرى ڕاگەیاندن و ڕووناکبیرى ژنانە، چونکە ڕۆڵێکى گرنگ و بەرچاوى هەبووە لە هاوکارى کردنى هونەرمەندانى خانەقین و هاندان بۆ بەردەوامى و کارى نوێ لە بوارى هونەریدا لە شارى خانەقین. هەروەها زۆرکەسى تریش لە خانەقین و تەنانەت بینەرى کارەکانم لەخانەقین زۆر هانیان داوم و کارەکانى منیان لە بوارى پەیکەرتاشی و هەڵکۆلێنى داردا بە جیاواز لە کارە هونەرییەکانى تر داناوە.
زنار: هەر کەسێک لە بوارێکدا کاردەکات و پێناسەیەکى بۆ ئەو بوارەى کەکارى تێدا دەکات هەیە، ئایا هونەر لاى سوعاد خان پێناسەى چییە کە ژیانى خۆى بۆ تەرخان کردووە؟
سوعاد ئەلدەلەوى: هونەر واتە ژیان و خوێنى من، ژیان بە بێ هونەر هیچ تامێکى نییە بۆمن، هەتا ماوم ناتوانم دەسبەردارى بم، چونکە من لە قۆناغى منداڵیدا دەستم پێکردووەو دواتر لە قۆناغى سەرەتاییەوە تا ئەمڕۆ چەندین خەڵاتى ڕێزلێنانم لە بوارى هونەریدا وەرگرتووە، ژیانى من گوزارشت لە تابلۆیەکى هونەرى دەکات.
زنار: هونەر لقى زۆرەو تەنها لە بوارى شێوەکاریشدا چەند بەشێک هەیە، ئایا تۆ زیاتر کار لە کام لەو بەشانەدا دەکەیت؟
سوعاد ئەلدەلەوى: من هونەرمەندێکى شێوەکارم و کارى شێوەکارى دەکەم، بەڵام خۆم پسپۆریم لە دیزاندا هەیەو ئەتوانم لەو بوارەدا زیاتر داهێنان بکەم لە هەموو ڕووەکانییەوە (دیکۆرو نمایش و ئێکسسوارات و دیزاین و دار هەڵکۆلێن) و بەردەوامم لە گەڕان بە دواى شتى نوێداو ئەزمونم هەیە لە دروست کردنى یان گۆڕینى ماددەیەک بۆ ماددەیەکى تر، و هەوڵ ئەدەم کارەکانم کارى باش و جیاواز بن.
زنار: تۆ بۆ خۆت وەک ژنە هونەرمەندێک هیچ پرۆژەیەکت هەیە بۆ داهاتوو کە کار بکەیت بۆ پێگەیاندنى ژنى هونەرمەند لە خانەقین؟
سوعاد ئەلدەلەوى: من بۆ خۆم بە هاوکارى ڕێکخراوی مێرسیکۆر خولێکم بۆ فێربوونى کارى دەستى کردەوە بۆ ئەو کوردە ئاوارانەى کە لە ئێرانەوە گەڕاونەتەوە شارى خانەقین دواتریش کارەکانمان لە پیشانگایەکدا لە هۆڵى کتێبخانەى گشتى شارەکە نمایش کرد ئەگەر خودا یار بێت بەنیازم لە داهاتووشدا کار بکەم بۆ فێرکردنى تەواوى ژنانى خانەقین بە کارى دەستى و دواتریش ژنانى کوردستان بە گشتى پێویستە کۆمەڵگەى کوردیش گرنگى زیاتر بە ژن بدات و هاوکارى ژنان بکات بۆ ئەوەى ژنانیش باوەڕیان بە خۆیان بێت و بتوانین کارى هونەرى جوان و داهێنەرانە بکەن و هونەرى جوان و جیاواز پیشان بدەن و پێویستە ژنى کورد لە هەموو بوارەکانى ژیاندا جێ دەستیان دیار بێت.
زنار: ژنى کورد لە هەموو شوێنێک دەنگى ناڕەزاتیی لێ بەرز بووەتەوە کە ڕێگرى زۆریان لێ دەکرێت، ئایا ئەو کێشانە چین کە دەبنە ڕێگر لە بەردەم ژنانى خانەقین بەگشتى و هونەرمەند سوعاد خاندا بە تایبەتى؟
سوعاد ئەلدەلەوى: لە کۆمەڵگەى ئێمەدا زۆر کێشە ڕۆژانە ڕووبەڕووى ژنان دەبێتەوە لە ئیش و کارەکانیاندا و ڕێگرن لە لە بەردەمیاندا ئەگەر بیانەوێت مومارەسەى کارەکانیان بکەن، ژنانیش کاتێک هەست دەکەن گرنگى ئەو تۆیان پێنادرێت و پشتگوێ دەخرێن، توشى بێزارى بێهیوا بوون دەبن و گۆشەگیر دەبن، لەم کاتەدا پێویستە خولى ڕۆشنبیرى و زانستى بۆ کۆمەڵگا هەبێت بۆ ئەوەى سەبارەت بە مافەکانى ژنان هۆشیارى بڵاو بکرێتەوە. ژنان لە هیچ کارێکیاندا سەرکەوتوو نابن ئەگەر نەتوانن بڕوایان بە خۆیان هەبێت و چاو لەدەست بن، بەڵام ئەو کێشانەى کە بە شێوەیەکى تایبەت ڕووبەرووى سوعاد بوونەتەوە، من زۆرجار بە ڕێکەوت کێشەو گیرو گرفتم بۆ دروست بووەو زۆر جار زەمەن لەگەڵم نەبووە بۆ بەجێگەیاندنى کارانم و تووشى کێشە هاتووم، بەڵام هیچ کات کۆڵم نەداوەو خۆم نەداوەتە دەستى قەدەرو بەسەر ئەو کۆسپانەدا تێپەڕیوم.
زنار: بەڕاى تۆ هونەرى سەرکەوتوو ئەوە کە کارى زۆر بکرێت، یان کارى کەم و کەم وێنە؟
سوعاد ئەلدەلەوى: بەهاى کارى هونەرى ئەوەنییە کە کارى زۆر بکەیت، ئەگەر هاتو کارى هونەرى زۆر ڕێکوپێک بکەیت کە هەموو ئەو خاڵە زانستییانەى تێدا بێت لە هونەرى شێوەکاریدا هەیەو پێڕەو دەکرێت، بەڕاى من زۆر لەوە باشترە کە 10 تابلۆت هەبێت بێ ڕەچاو کردنى ئەو خاڵە زانستییانە، بۆ نمونە هونەرى چەندین هونەرمەندى ناودارى جیهانى کەم بوون، کەچى ناویان لە قوتابخانە هونەرییەکاندا دەدرەوشێوە.
زنار: دەبینین هونەرى شێوەکارى بەبەراورد بە هونەرکانى دى گرگنییەکى کەمى پێدەدرێت لە کوردستاندا، ئایا ئەمە بۆ کەمى ئاستى زانستى بەرهەمەکان دەگەڕێتەوە یان بینەرى ئێمە هۆشیارى و تاقەتى لە هونەرى شێوەکارى نییە؟
سوعاد ئەلدەلەوى: ئەگەر بێت و ئەو کارە هونەرییانەى لە کوردستاندا هەن گرانبەها بن لە لایەنى زانستى و هونەرییەوە، هەروەها جوانکارى لە ناو کارە هونەرییەکەدا بکرێت، واتە بەرهەمەکە بەرهەمێکى زانستى (ئەکادیمى) بێت ئەوکات بینەر بەلاى خۆیدا ڕدەکێشێت، بۆ ئەوەى بینەریش بۆ بەرهەمەکەت ڕابکێشیت ئەبێ هونەرمەند بەرهەم و هونەرى جۆربەجۆر بەخەڵک بدات نەک تەنها گرتنەبەرى یەک ڕێگەو پیشاندانى یەک جۆر هونەر بە بینەر.
زنار: بەڕێزتان بەرهەمى هونەریتان زۆرە، بەڵام ئێمە پێمان خۆشە بزانین بەشدارى چەند پێَشانگاى هاوبەشت کردووەو چەند پیشانگاى تایبەت بە خۆتت کردووەتەوە؟
سوعاد ئەلدەلەوى: من لە ماوەى کارکردنمدا پێنج پیشانگاى تایبەت بە خۆم کردووەتەوە لە شارەکانى عێراقدا، لە 13 پیشانگاى هاوبەشیشدا بەشدار بووم و جگە لە عێراقیش لە زۆربەى وڵاتەکانى وەک (تورکیاو ئوردن و سوریاو ئیمارات) پشانگام کردووەتەوە.