بورهان شێخ رەئوف:
ئەوەی بەڕەسمی راگەیەنراوە لە سەرووی خشتەی سەردانەكەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانە، ئەكتیڤكردنی رێككەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژی نێوان عیراق و ئەمریكایە، ئەمەش رێگەخۆشكەرە بۆ پتەوكردنی هاریكاری نێوان هەردوو وڵات، بەتایبەتی لە بوارەكانی گەشەپێدان و ئابووری و وەبەرهێنان و پەروەردە و فێركردن و تەكنۆلۆژیا و زیرەكیی دەستكرد و كەشوهەوا. شاندێكی باڵای عیراق سەرۆك وەزیرانی عیراق كە شاندێكی باڵای لەگەڵدایە بە نوێنەرێكی هەرێمی كوردستانیشەوە، هەوڵدەدات هەموو ئەو دۆسێیانە لەگەڵ ئەمریكییەكاندا باس بكات، بە جۆرێك كە هاوسەنگی و لێكتێگەیشتن بگێڕێتەوە بۆ پەیوەندییەكان و هاوبەشیی نێوانیان قووڵتر بكاتەوە، نەخشەڕێژیی سروشتی پەیوەندییە هاوبەشەكان و ناسنامە و ناوەڕۆكەكەی لەڕێگەی پابەندبوون پێوەی جێگیر بكات، جگە لە زۆر دۆسێی سیاسی و ئەمنی و سەربازیی هاوبەشی دیکە. ئەوەی جێی سەرنجە هیچ بەرپرسێكی سەربازی و ئەمنی لە وەفدەكەدا نییە، پێدەچێت پرسی ئەمنی و كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان و ئەمریكا لە خشتەی كارەكانی وەفدەكەدا نەبێت، كە هەندێك لایەنی بەرەی نەیار بە ئەمریکا بەنیازی ئەوەن سودانی ئەم بابەتە یەكلایی بكاتەوە. پرسی ئابووری ئەوەی روونە سودانی زیاتر بۆ پرسی ئابووری و سووككردنی سزای سەر بانكەكان و باشكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان سەردانی واشنتۆن دەكات، هەرچەندە ئەم سەردانە زۆر دواكەوت لەكاتی خۆی و لە سەرەتای دەستبەكاربوونی سودانییەوە بڕیاربوو بكرێت، بەڵام بەهۆی سەرهەڵدانی زۆر كێشەوە سەردانەكە دواخرا بۆ ئێستا و كۆشكی سپیش ئەوكات ئامادە نەبوو پێشوازیی لێبكات . كۆمپانیا وەبەرهێنەرەكانی نەوتیش لە هەرێمی كوردستان چاوەڕوانن، وەفدەكەی حكومەتی عیراق پرسی دووبارە دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت لە هەرێمی كوردستان لەرێگەی توركیاوە لەگەڵ ئەمریكییەكان باس بكات و رێگەچارەی بۆ بدۆزێتەوە. ئێستا سەردانەكەی سودانی بۆ ئەمریكا و سەردانی ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا بۆ عیراق لە 22/4/2024 باسی گەرمی رۆژن و كاریگەرییان لەسەر رووداوەكانی عیراق و ناوچەكە دەبێت.
Discussion about this post