لێم ببووره ئه‌ی شیعر
گه‌رووم وشکه و
زه‌مه‌نێکه
له‌به‌ر هۆنینه‌وه‌ی زه‌نگیانه‌ی
فرمێسکه‌کانی نائومێدیم
پێکی ئه‌فسووناوی تۆم نه‌ناوه‌ته سه‌ر زارم
بێ تۆ شه‌وه‌کانم درێژترن له‌و چیرۆکه بهترسانهی
داپیره‌م له‌شه‌وه درێژه‌کانی به‌رئاگردان بۆی ده‌کردین و
ههرنهدهبڕایهوه.
بێ بوونی تۆ
گه‌ڕامه‌وه
بۆ نێو کۆڵانه‌کانی یادگاری ئه‌و ڕۆژانه‌ی
له‌سه‌ر قوببه‌ی حهمامۆکهی خۆشه‌ویستی
چڵه نێرگزی ئومێدم ده‌چاند و
ختووکه‌ی ژێر باڵی په‌پووله‌کانم ده‌دا .
له شه‌وانی بێ تۆییدا ئه‌ی شیعر
ڕۆیشتمه‌وه بۆ ژێر سێبه‌ری ئه‌و دار پرته‌قاڵه‌ی
له‌گه‌ڵ کیژۆڵانی گه‌ڕه‌ک
ناوی شاراوه‌ی خۆمان و
یه‌که یه‌که‌ی دڵدارهکانیشمان
له باڵایدا هه‌ڵده‌کۆڵی و
کردبوومان به مه‌رقه‌دی مرازهکان و
به گۆڕستانی حه‌زی ماچه زینده به چاڵکراوهکانی
هه‌ڕه‌تی حه‌زه گه‌رمه‌کان.
له بێ تۆیی/
ڕۆژه‌کانم تفتترن له‌و هه‌نارانه‌ی
له‌تاو هه‌ڵوه‌رینی فرمێسکه سوێره‌کانی ته‌نیایی
گه‌وره کچانی وڵاتی خۆ کوشتن
هه‌ر گوڵ به‌ده‌م ده‌که‌وتنه ژێر پێی
ئه‌و پاسه‌وانانه‌ی کارمامزی باخچه‌کانی
ڕه‌هاییان ڕاو ده‌کرد.
وه‌ره‌وه ئه‌ی شیعر…
گوێیه‌کانم پڕ پڕ بکه
له ئاوازی نۆته‌ی نێو دێرهکانت /
با ده‌نگه کابووسییه‌کانی
ئه‌و دیو په‌نجه‌ره‌ی ماڵه‌که‌م
چیتر په‌رده‌ی گوێچکه‌ی دڵم ئازار نه‌ده‌ن /
بیناییشم لێوانلێوکه له ڕه‌نگه
هه‌ناری و وه‌نه‌وشه‌یی و
حاجیلهییهکانی نێو به‌هاری ڕۆحت،
باڕۆشناییم نه‌چێته سه‌ر جۆخینی
گه‌ڵا وه‌ریوه‌کانی پایزی بێ تۆیی.
ده‌وه‌ره‌وه ئه‌ی شیعر …..،
بێ پێکی تۆ گه‌رووم وشکه‌و
گۆرانییه‌کانی به‌یانیم بۆ ناوترێ.
به‌فرانباری2006