له دیدارێکی تایبه‌تی چرا تیڤی له شاری ئامه‌د له یه‌کێک له ستۆدیۆکانی تۆمارکردن چاومان به گه‌نجێکی ڕووخۆش، چاڵاک، لێهاتوو که‌وت. دوای به خێرهاتنێکی گه‌رم له‌لایانه‌وه به ڕێزێکی زۆره‌وه پێشوازی لێ‌کردین، کاتێک که‌زانی له ستافی چراین ئاماده‌بوونی خۆی بۆ گفتوگۆ ده‌ربڕی و ده‌ستخۆشی له‌هه‌مووان کرد. سه‌رکان تانیک ی ته‌مه‌ن 26 ساڵ کورده و دانیشتووی شاری دیاربه‌کره، شاره‌زا و لێهاتووه له ژه‌نینی کیبۆرد وه هه‌ستێکی موزیکی جوانی له ئاماده‌و دابه‌شکردنی موزیک. له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک له هونه‌رمه‌نده گه‌نجه‌کانی باشووری کوردستان کاری کردووه، له‌مانه ( زانا جه‌به‌لی، هه‌ردی سه‌لاح، دانا عه‌بدولجه‌بار، بڵند عه‌بدولا ). به ده‌م خواردنه‌وه‌ی قاوه‌وه سهرکانمان دواند و پرسیارمان له چۆنێتی دروستبوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی باشووری کوردستان لێکرد !؟ له وه‌ڵامدا سه‌رکان ووتی :
“سه‌ره‌تا به خێر بێن سه‌رچاوان، سه‌ره‌تای دروستبوونی په‌یوه‌ندیم ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هاوڕێی گیتاریستم مه‌دیح ئه‌یاز که ئه‌وه‌یش خه‌ڵکی دیاربه‌کره، مه‌دیح ئێستا له هه‌ولێر وه‌ک گیتاریست له‌گه‌ڵ گروپه مۆسیقیه‌کان کار ده‌کات. هونه‌رمه‌ندی لاو زانا جه‌به‌لی ڕۆژێک له مه‌دیح پرسیار ده‌کات بۆ که‌سێک کاری دابه‌شکردن و ئاماده‌کردنی مۆسیقا بکات، ئه‌میش به منی ناساند، ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه دوو ساڵ به‌ر له ئێستا و یه‌که‌م په‌یوه‌ندیم بوو له‌گه‌ڵ زانا جه‌به‌لی. دوای ئه‌م هه‌ردی سه‌لاح په‌یوه‌ندی پێوه کردم و داوای لێکردم موزیکی ئه‌لبومه‌که‌ی بۆ دابه‌ش و تۆمار بکه‌م. دواتر دانا عه‌بدولجه‌بار له ڕێگای هه‌ردی سه‌لاحه‌وه په‌یوه‌ندی پێوه‌کردم و ئێستاکه‌ش له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند بڵند عه‌بدوڵا خه‌ریکم ئه‌لبومه‌که‌ی ته‌واوبووه و کۆمه‌ڵێک له گۆرانییه‌کانی لای من ئاماده‌و دابه‌ش کراوه. ئه‌مه کورته‌یه‌ک ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی باشوور تا ئه‌م ساته “.
ویستمان بۆ خۆمان و خوێنه‌رانی چرا بزانین سه‌رکان کاره‌کانی چۆن ده‌کات !؟ لێیمان پرسی و ئه‌میش به زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌که‌وه له وه‌ڵامدا ووتی : له ڕاستیدا زۆر گۆرانیبێژ په‌یوه‌ندیم پێوه ده‌که‌ن به تایبه‌تی له باشووری کوردستانه‌وه داوای ئاماده‌کردنم لێده‌که‌ن. من لێره‌وه شێوازی کارکردن به‌کورتی بۆتان باس ده‌که‌م تا هاوڕێیان بزانن کارکردن لای ئێمه چۆن ئه‌نجام ده‌درێت. هه‌ڵبه‌ته من یه‌که‌م جار گوێ له ده‌نگ و سه‌لیقه‌یان ده‌گرم بۆ ئه‌وه‌ی بزانم ئاستی هونه‌ری و مۆسیقیان چۆنه ؟ ئینجا من له دیاربه‌کر له ستۆدیۆکه‌ی خۆم و به پێی داواکاری هونه‌رمه‌نده‌که خۆی که دێت و لێره ئاماده‌ده‌بێت گۆرانیه‌کانی خۆیم بۆ ده‌ڵێ. من وه‌ک سه‌ره‌تایه‌ک ده‌نگه‌که لای خۆم تۆمار ده‌که‌م ئینجا کاری دابه‌شکردنی مۆسیقا لێره له دیاربه‌کر بۆی ئه‌نجام ده‌ده‌م. پاشان له ئیسته‌نبول له‌وێش ستۆدیۆی خۆم هه‌یه و کاری تۆمارکردنی ئامێره مۆسیقاکان ده‌که‌م وه‌ک ( گروپی که‌مان، سۆلۆی نای، زوڕنا، ساز، کلارنێت، که‌مان، قانون، عود، جۆمبوش، ئیقاع، بوزوکی، سهکسفۆن و هه‌روه‌ها ئه‌و ئامێرانه‌ی که گۆرانیبێژ خۆی داوای ده‌کات. ئینجا دووباره گۆرانیبێژه‌که دێت بۆ ئێره‌و به دروستی ده‌نگی تۆمار ده‌کاته‌وه له ستۆدیۆی دیاربه‌کر، دوای هاتنه‌وه‌م بۆ دیاربه‌کر و ئه‌نجامدانی کاری میکس، ئینجا بۆ کۆتایی کاری ماسته‌رینگ له ئیسته‌نبۆڵ ئه‌نجام ده‌درێت.
ئاخاوتنمان له‌گه‌ڵ سه‌رکان بێجگه له کوردی به زمانی تریش ئه‌نجام دا به هۆی چاک قسه‌نه‌کردنی به زمانی دایک !؟ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئێستا هونه‌رمه‌ندانی باشووریش په‌یوه‌ندی باشیان له‌گه‌ڵیدا هه‌یه و ئه‌میش وورده وورده کوردیه‌که‌ی به‌ره‌و باشی ده‌چێت. لێمان پرسی هۆی نه‌زانینی زمانی کوردی لای سه‌رکان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆچێ ؟ سه‌رکان ووتی :
ڕاسته من کورد و له بنه‌ماڵه‌یه‌کی کورد په‌روه‌رم و دایکم و باوکیشم به کوردییه‌کی پاراو و شیرین قسه ده‌که‌ن. به‌ڵام به داخه‌وه ئێمه به هۆی قه‌ده‌غه‌کردنی زمانی کوردی له کاتی خۆیدا له تورکیا هه‌ر له منداڵییه‌وه گوێمان به زمانی تورکی ئاشنا بووه و به‌باشی فێری کوردی نه‌بووین. به‌ڵام خۆشبه‌ختانه ئێستاکه کوردیه‌که‌م وورده وورده به هۆی تێکه‌ڵێ و براده‌رانم که زۆر هاوکارمن له‌م ڕووه‌وه به‌ره‌و باشی ده‌چێت. هه‌رچه‌نده ئیستیفاده له براده‌ران ده‌که‌م له باره‌ی زمانه‌وه که ئه‌وان زۆر جار کاری تهرجوومهم بۆ ده‌که‌ن، بڵام به گشتی له ڕووی زمانه‌وه هیچ ئیشکالێکم نییه چونکه ئه‌گه‌ر هیچ نه‌بێ زمانی مۆسیقا له هه‌موو دونیا یه‌ک زمانه.
سه‌رکان سه‌ردانی باشووری کوردستانی کردووه و له‌م باره‌وه ووتی : من تا ئێستا دوو جار سه‌ردانی باشوورم کردووه، جاری یه‌که‌م بۆ گه‌شتوگوزار، جاری دووه‌م بۆ به‌شداریکردن له کۆنسێرتی هه‌ردی سه‌لاح له شاری هه‌ولێر. به‌ڕاستی پڕ به دڵ شاد بووم که بینیم باشوری کوردستان وا پێشکه‌وتوو بووه‌و سیمایه‌کی یه‌کجار جوانی به خۆیه‌وه بینیوه وه خه‌ونی هه‌موو کوردێکه کوردستانی گه‌وره‌ش ڕۆژێک له ڕۆژان ئازاد بێت و ئه‌م پێشکه‌وتنه به خۆیه‌وه ببینێت.
سه‌رکان له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی تورک و هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ندای باکوری کوردستان کاری کردووه. سه‌باره‌ت به جیاوازیه‌کانی کارکردن له‌گه‌ڵ ئه‌وان و هونه‌رمه‌ندانی باشووری کوردستان سه‌رکان ووتی : ڕاستی ئه‌وه‌ی تێبینیم کردبێت ئه‌وه‌یه که خه‌ڵکی باشووری کوردستان یه‌ک جار زۆر به خزمه‌ت و به ڕێزن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ئینسانی پاک و دڵ ڕاستن. ئیش کردن له‌گه‌ڵ ئه‌وان هه‌ڵبه‌ته فه‌رقی هه‌یه له ڕووی شێوازی مۆسیقا و وتنی گۆرانی و هه‌روه‌ها ئاوازه‌کانیش. بۆ نموونه هه‌ست ده‌که‌م گۆرانیبێژانی باشوور زۆر به هه‌ست و سۆز گۆرانیه‌کانیان ده‌ڵێن و دیاره که هه‌ستی ده‌روونی خۆیان له ڕێگای گۆرانی ووتن ده‌رده‌بڕن.
له دووا وته‌شی بۆ چرا سه‌رکان سوپاسی چرا تیڤی کرد بۆ ئه‌م به‌سه‌رکردنه‌وه‌یه و ڕایگه‌یاند که چرا سایتێکی هونه‌ری هه‌مه‌ڕه‌نگه و وه‌ک له هاوڕێێانیشی بیستووه که زۆر ڕه‌خنه‌ی هونه‌ری تێدا بڵاو ده‌کرێته‌وه ئه‌میش ئه‌وه‌ی به کارێکی پۆزه‌تیڤ وه‌سف کرد له دونیای هونه‌رو ووتی ئه‌مه به چاکه بۆ هونه‌رو پێشکه‌وتنی هونه‌ری کوردی ده‌گه‌ڕێته‌وه. هه‌روه‌ها سوپاسی هونه‌رمه‌ند بڵند عه‌بدوڵای کرد که ئاسانکاری زۆری کرد بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م دیداره ئه‌نجام بدات.
ماوه بڵێین سه‌رکان تانیک وه‌ک زۆربه‌ی هونه‌رمه‌ندان و خه‌ڵکانی تر پێگه‌ی تایبه‌تی خۆی له سایتی فه‌یسبووک هه‌یه و له ڕێگای ئه‌م لینکه‌وه ده‌توانن سه‌ردانی بکه‌ن :
http://www.facebook.com/?ref=logo#!/profile.php?id=1014585841&ref=ts