بورهان شێخ رەئوف
سه‌رژمێریی دانیشتوان له شارستانییه‌ته كۆنه‌كانه‌وه گرنگی پێدراوه، هه‌ر له عیراقی كۆن و سه‌رده‌می فیرعه‌ونه‌كانی میسر و له رۆما و چینه‌وه، ئامانج لێی به‌هێزكردنی لایه‌نی سه‌ربازیی و ئابووری بووه، سه‌رژمێری زیاتر بۆ مه‌به‌ستی سه‌ربازیی و ئابووریی و به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌تی تریش جه‌ختی له‌سه‌ر گه‌نجانی نێرینه و ته‌مه‌نی ناوه‌نجی و ئه‌وانه‌ی توانای هه‌ڵگرتنی چه‌كیان هه‌بووه كردووه، هه‌روه‌ها زانینی ژماره‌ی بازرگان و ماڵباته زه‌نگینه‌كان به ئامانجی كۆكردنه‌وه‌ی باج وخه‌راج. سه‌رچاوه مێژووییه‌كان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، سۆمه‌رییه‌كان بیرۆكه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی زانیاریان هه‌بووه له‌سه‌ر ژماره‌ی دانیشتوانی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سته‌ڵاتیان، بۆیه شارستانییه‌ته كۆنه‌كان سه‌رژمێریان له چوارچێوه‌یه‌كی ته‌سكدا به‌كارده‌هێنا، ته‌نها بۆ زانینی ژماره‌ی دانیشتوان، ئه‌ویش بۆ مه‌به‌ستی سه‌ربازیی و ئابووری، بۆیه ئامانجی سه‌رژمێری ئه‌وسا زۆر جیاواز بوو له‌گه‌ڵ سه‌رژمێری ئێستا، كه هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی دانیشتوان له رووی دیمۆگرافی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌وه ده‌گرێته‌وه، هه‌موو داتا‌و زانیاری پێویست ده‌خاته به‌رده‌ست كاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌ت، بۆ دانانی پلانی گه‌شه‌پێدانی ئابووریی و كۆمه‌ڵایه‌تی و بنیاتنان .
سه‌رژمێری نوێ بۆ یه‌كه‌مجار له وڵاتانی ئهسكهندنافیا سه‌ری هه‌ڵدا، به دیاریكراویش له وڵاتی ئیسله‌ندا كه له ساڵی 1703 سه‌رژمێری تیادا به‌ڕێوه‌چوو، دواتر له سوید له 1749 و ئینجا دانمارك و نه‌رویج له 1769، دوای ئه‌وانیش له ئه‌مریكا له 1790، له فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیاش، یه‌كه‌م سه‌رژمێری له 1801 به‌ڕێوه‌چوو، له وڵاتانی عه‌ره‌بیشدا، میسر یه‌كه‌م وڵات بوو له 1897 سه‌رژمێری گشتی كرد، ئینجا له تونس و مه‌غریب له 1921، وڵاتانی تری عه‌ره‌بی و وڵاته تازه پێگه‌یشتووه‌كان سه‌رژمێری تێیاندا دواكه‌وت بۆ دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌م، به‌ڵام سه‌ڵته‌نه‌ی عومان تا ساڵی 1993 هیچ سه‌رژمێرییه‌كی تێدا ئه‌نجام نه‌درا . فه‌رمانگه‌ی دانیشتوانی سه‌ر به‌نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، سه‌رژمێری نوێ به پرۆسه‌یه‌كی گشتگیر و تایبه‌تمه‌ند پێناسه ده‌كات، بۆ كۆكردنه‌وه و پۆلینكردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی داتا و زانیاری دیمۆگرافی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی، دانیشتووانی وڵاتێك یان به‌شێك یان هه‌رێمێك. سه‌رژمێرییه‌كانی دانیشتوان، به یه‌كێك له گرنگترین سه‌رچاوه‌كانی داتا هه‌ژمار ده‌كرێت، زۆرترین كه‌ڵكیشی هه‌یه بۆ توێژینه‌وه‌ی دانیشتوان، له‌به‌رئه‌وه سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كییه بۆ لێكۆڵینه‌وه له چۆنێتی دابه‌شبوونی دانیشتوان و قه‌باره‌ی بوونیان له ناوچه‌كان، جگه له خستنه‌ڕووی تایبه‌تمه‌ندیی پێكهاته و ته‌مه‌ن و ره‌گه‌ز و ژینگه و ئاستی خوێنده‌واری و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی . له عیراقدا له 1927 یه‌كه‌م سه‌رژمێری كراوه، دواتر له ساڵانی 1934 و 1947 و 1957 و 1965و 1977 و 1987 و 1997 كراوه، به‌ڵام جگه له سه‌رژمێر ساڵی 1957 ئه‌وانی تر زۆر پشتیان پێ نابه‌سترێت . بابه‌تی كه‌موكوڕییه‌كانی ئه‌و سه‌رژمێرییانه، قسه و باس زۆر هه‌ڵده‌گرێت، لێره‌دا بواری ئه‌وه نییه به درێژی باسی بكه‌ین، ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌مجاره سه‌رژمێرییه‌كی ورد و زانستی بكرێت، بۆ دیاریكردنی هه‌موو لایه‌نه‌كانی كۆمه‌ڵگای عیراقی هه‌رچه‌نده مه‌ترسی زۆر هه‌یه، بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچه جێناكۆكه‌كان، هیوادارین عیراق و هه‌رێمی كوردستان بگه‌نه میكانیزمێك كه سه‌رژمێری ئه‌مجاره بۆ ئه‌و مه‌به‌سته به‌كار نه‌یه‌ت .
Discussion about this post