-١-
ژنیکم دی
بە دەستی ڕاهیبەیی
مردووەکانی ئەشقی
زیندوو ئەکردەوە
-٢-
بە ژنێکم وت
وەک تۆ
شەڕی تەمەنم بۆ ناکرێت
کاتژمێر چەندە
لای کاتژمێر …؟
-٣-
حەز ئەکەم شیعرێکی پیر
بەدیار سیمای ژنێکی گەنج
بخوێنمەوە
تا خۆر سەیری
ڕۆژ ژمێری تەمەنی کا
-٤-
ژنێکی هەست پرتەقاڵی
لەسەر سنگی مانگ
ئەخەوێ
تا هەموو سپێدەیەک بانگی ئەشق بدا
-٥-
مانگ و خۆر بەیەکەوە دانیشتوون و
دەریایان لە من زەوت کردووە
بە ژنێکم وت
گەر کارت پاسەوانی کردنە لە زەوی
ئەم غەدرە قبوڵ مەکە
-٦-
ژنێک
گۆرانیەک بۆ گوڵێک ئەڵێ
گوڵێک ئۆرکسترای
بۆ ساز ئەکا
-٧-
ئەمەوێ ئاوازێکی
پیر بۆ
باڵای ژنێکی گەنج
بژەنم
تا کەمێک سەما بکا
-٨-
ژنێک
بە ئاسمانی وت
ئەمەوێ گیرفانەکانت
بگەڕێم
بۆ دۆزینەوەی مانگ
-٩-
سەدو یەک ساڵە
قەسیدەیەک بۆ باڵای ژنێک ئەنوسم
هێشتا نەگەیشتومەتە نیوەی
-١٠-
سبەی ژنێکی
ڕەنگ پەمەیی
خەڵاتی نۆبڵی ئەشق وەرئەگرێ
“” هاوڕێ ڕەش “”