هەولێر 31 ئاب/ئۆگستس – خۆشەویستان، رۆژنامەنووسان، هونەردۆستان، ماوەیەکە چەند کەسێک بەناوی خوازراوەوە، یا بەهەڵگری ناوی “چاودێری هونەری” دەکەوێتە گیانی هونەرمەندان و ئەو کەسانەی لە بوارەکە کار دەکەن، بەبابەت و بڵاوکراوە کە هیچیان لە بەرژەوەندی وڵات و هونەری کوردیدا نییە بەهرە هونەرییەکان دەکوژن و تواناکان لەناو دەبەن.
بەبۆچونی من هەر کەسێک کاری تەنیا رەخنەگرتن بێت ئەوا لە ناخدا رووخاوەو هیچ توانایەکی نییە پیشانی بدات، بۆیە بەگژ توانای ئەو کەسانەدا دەچێت کە توانایان لەو زیاترە.
بێگومان مێژووی هونەری زۆری نەتەوەکان بۆ هونەری نەتەوەیەکی تر دەگەرێتەوە تر دەگەرێتەوە، کەم نەتەوە هەیە خاوەنی داهێنانی تایبەت بێت لە بواری هونەری گۆرانی و موزیکدا، بەبۆچونی من هەر ئاوازێک بێنی و بەوردی بۆی بگەرێیت ئاوازێکی تر دەدۆزیتەوە کە تا رادەیەک لێکچون هەبێت لە نێوانیدا، ئەمە بەبەڵگەش دەتوانم بسەلمێنم، کەوا بێت بۆچی تەنیا شەر بەخۆمان بفرۆشین و ئاراستەی تیرەکانمان بەرەو گیانی خۆمان بێت !؟!؟، ئەگەر هونەرمەندێکی کورد ئاوازەکەی کۆپی تورکێک بێت یا لەو بچێت بێگومان هی تورکەکەش لە هی نەتەوەیەکی تر دەچێت !
لەو ماوەیە چەندین بابەتم بۆ هاتووە تا لە بڵاوکراوەکەمدا واتە ماڵپەڕی (کوردمیلۆدی) یا لە هەفتەنامەی (باس) بەحوکمی ئەوەی کە بەرپرسی لاپەڕەی هونەری ئەو هەفتەنامەیەم بڵاویبکەمەوە، بەڵام بڵاوم نەکردوونەتەوە، چونکە هەستم کردووە نووسەری بابەتەکە کە نازناوی “چاودێری هونەری” هەڵگرتووە تا ئێستا بابەتێکی بڵاونەکردۆتەوە خزمەت بەخودی هونەری گۆرانی گوتن بکات، جگە لە شەرفرۆشتن بەفلان هونەرمەند و فیسار پێشکێشکار.
ئەوەی دەمەوێ لێرەوە بیگەیەنم، پێویستە بڵاوکراوە ئەلیکتڕۆنییەکان رەچاوی بکەن دانانی فلتەرێکە لە بەردەم بابەتەکان، من لەگەڵ دەربڕینی ئازادیم بەڵام شەرفرۆشتن بەناوی خوازراو و نووسینی بابەت، هاوکات بڵاوکردنەوەی لە ماڵپەڕە ئەلیکتڕۆنییەکان بەرپرسیارەتی بابەتەکە دەخاتە ئەستۆی ماڵپەڕەکە، دەبێ فێر بین لە دەڕبرینی بۆچونەکانمان بوێر بین، چاودێری هونەری نایەوێت شەرمەزاری ئەرشیفێکی رەش بخاتە کۆڵی بۆیە بەناوی خوازراوەوە دەنوسێت و دەوەشێنێت !
رەخنەگرتن پێویستە بەڵام تایبەتمەندی خۆی هەیە، من ئێستا ئەگەر لە کاکی رەخنەگر واتە چاودێری هونەری بپرسم بنەماکانی رەخنەگرێکی ئەکادیمی چییە؟، دڵنییام پرسیارەکەم بێ وەڵام دەمێنێتەوە، رەخنەگر بنەماو تایبەتمەندی خۆی هەیە، با رێگە بدەین ئەو کەسانەی لە بوارەکە شارەزان رەخنە بگرن.
دواتر ماوەیەکە شتێکی تر بەدی دەکەم لە ماڵپەڕەکان، ئەو رۆژە لە یەکێک لە ماڵپەڕەکان بابەتێکم خوێندەوە زۆر پێکەنیم، چونکە نووسەرەکەی کابرایەکی وێنەگرەو رەخنە ئاراستەی موزیکزانێک دەکات و چەندین وشەی تەشهیر و رەقی ئاراستە دەکات، وەک لە سەرەتاشەوە ئاماژەم پێکرد تیری کەوانەکەی هەڵگرتووەو رێک خستوویەتییە سەر دڵی هونەری نەتەوەیەکی کڵۆڵ، من پێم باشترە ئەو برادەرەو هاوخووەکانی ئەو خەریکی زووم و فۆکسی کامێراکانی خۆیان بن و وەک خۆیان ئاماژەی پێ دەدەن لە “رۆنگ دایرێکشنەکان” ـی خۆیان رەخنە بگرن!.
مێژوو هیچ کەسێک لە بیر ناکات، بۆیە هێندەی بەرامبەر یەک دەوەستین و شەر بەخۆمان دەفرۆشین چاکتە دەستی یەک بگرین و لەو قۆناغە ناسکەدا پاڵپشتی هونەری نەتەوەیەک بین و کار بکەین، لێرەش پەیامێک دەگەیەنم بۆ هەموو ماڵپەڕەکان و هاوکات نووسەری هەموو بابەتە بێ خاوەنەکان کە ئیتر بەسە، ئێستا قۆناغی پێگەشتنە، پێویستە دەستی یەکتر بگرین و هاوکاری و هاوخەمی بوارەکە بین، ئاخر کەسێک کە تەنیا کاری رەخنەگرتن بێت وەشاندنەکانی ناچنە قالبی خزمەتەوە!.
سەرەتای هەموو هونەرێک کەڵک وەرگرتنە لە هونەری نەتەوەیەکی تر، نموونەیەکی زیندوو هەر شاعیرێک لە دەستپێکدا کاریگەری شاعیرێکی پێش خۆی بەتەواوی بەسەرەوە دیارە، تا رێچکەیەکی تایبەت بەخۆی دەگرێت، ئێمەش نەتەوەیەکین لە هەموو بوارەکانی هونەردا سەرەتاین تا دێینە سەر سکەکە بێگومان کاریگەری نەتەوەکانی ترمان لەسەر دەبێت.
هیوادارم پەیامەکەم گەشتبێت و وام لێکردبن بیربکەنەوە.
دەرباز یونس
خاوەن و بەرێوەبەری گشتیی ماڵپەڕی (کوردمیلۆدی).
بەرپرسی لاپەڕەی هونەری هەفتەنامەی (باس).