پەژارە ممند ساڵح
“مەسەلە دەوام و وەزیفە نیە خۆ هەر خوێندەواریشم نیە، بەڵام لەپاى چى زۆر و بۆرى منداڵ بەبێ هیچ ئیمکانیەتێکء پەروەردەیەکى باش شێتیە. داهێزانى هەموو بەدەنیشم لە وێ راِوەستێ”. ئەمە قسەى کەیبانویەکى ماڵەوەبو جێگەى دڵ خۆشیە ژنان ئەم چەشنە بیرکردنەوەیان لەمەڕ ژیانى داهاتوى خۆیان و منداڵەکانیان هەیە.
واقیعەکەى هەر ئەمەیە زۆرى وبۆرى منداڵ بۆ ئەم سەردەمەى ئێستاو بارودۆخى ژن هەرئەم دەردەسەریەیە، کەلەکۆندا زۆرمان دەمان چەشت و هەستمان پێنەدەکرد زیاتر لەبەرئەوەى کەئەوکاتە هاندەرێکى خێڵەکى ببوە هۆى زۆربونى منداڵ وەک بۆچونێکى کۆمەڵایەتى بۆ پاراستن و بەرفراوان بونى ئەندامانیان، هەروەکو چۆن دەگێرنەوە لەمەڕ ئەو ژنەى کە لەتاڵاوى ژیانى گوندداو بەئەستۆگرتنى ئەرکى زۆر منداڵ دوچار بەنەخۆشى هاتبوو کەلێى دەپرسن چەند منداڵت هەیە دەلێت بەخوا هەر هەشت منداڵم هەیە!.
ئەمڕۆ کەسەرەتاى هانگاو نانە بەرەو بەدیهێنانى ئەم خەونە لەمێژینەى ژن ڕیشە داکوتانى ئەم باسە لەناوباسە جیاجیاکاندا، ئەم وریابونەوەى لێ بەدى دێت کە لەبچوکترین نمونەدا کەم کرنەوەى جارەکانى سکپربونى ژنە بەشێوەیەکى تەندروست و بەچاودێرى پزیشک، وەک ئاتاجیەک بۆ بارى سروشتى و ئابورى و کۆمەڵایەتى پێگەى ژن، لەمەڕ ئەم باسە چەند ژنێک دەدوێنین.
پورە مریەمى خاوەن 11منداڵ سەرەتاو کۆتایى ژیانى خۆى لە منداڵ بەخێو کردندا دەبینى بەڕاشکاوانەدا گووتى “لەدواى باڵق بونم بەمێردیاندام کەوتمە سەر منداڵبونێ لێ ڕانەوەستام تاوەکو هێزم لەبەر بڕا بەشم هەر شردن و شۆرى و بەگەروێ داکرنى مندالان بوو. ئەوێ دەمێ دختۆر نەبو بچینە لاى کێ ئاقڵى بە مەنعى دەشکا ئێستاش دنیا وەک خۆى نەماوە بەحەزى خۆت منداڵ دروست دەکەى. زوو بەمێشکى کەس دانەدەهات لێ وەبڕێ لەمنداڵ بون”. ژاڵە خان کچێکە شووى نەکردووە هۆکارى ئەمەى گەڕاندەوە بۆ هۆشیارى ژن و خوێندەواریان لەئێستادا کە وایکردووە ژنان کەمتر دەرفەتیان هەبێ بۆ بەخێوکردنى منداڵى زۆر بۆیە ڕێگەوشوێن دەگرنە بەر بۆنەبونى منداڵ تابە کارەکانیان راِبگەن.
بێلان خانیش پێ وابوو لەکۆندا بۆ لەدایکبوونى کوڕ بەردەوام سکیان کردووە هیچ بەربەستێکیان نەکردووە هەروەها گووتى”ژنم بەرچاو کەوتووە حەوت سکى کردووە تا کوڕێکى ببێ، بەڵام کچ دەرچوە دوای سەرلەنوێ سکى کردۆتەوە بەڵکو کوڕێکى ببێ بەم شێوەیە بەردەوامبووە لە سک کردن، بەڵام ئێستا ژیان گۆڕاوە جیاوازى نێوان کوڕ وکچ کەمترە ئەوەندە گرنگى نادەن بە بوونى کوڕ، بۆیە زۆربەى خیزانەکان دوو تا سێ منداڵیان هەیە. هەر ئەم پلانەى ئێستا باشترە هەم دووسێ منداڵ پەروەردەى باشترە هەم لەڕووى مادییەوە باشتر دەتوانین خزمەتییان بکەین و بۆ ئیسراحەتى ژنیش وا باشترە”.
شاناز ئەو ژنە رووح سوکەو منداڵ دۆستەیە کاتێ شودەکات بە نیازى لە دایک بوونى منداڵى زۆر لە دیدگاى ئەودا منداڵى زۆر پاشەڕۆژى خێزان گەشاوەو خۆش دەکات، بەڵام ئێستا خاوەنى قسەیەکى دیکەیەو دەڵێ “کە بینیم ژنێکى ڕەفیقم لە خەمو خەفەتى شەش منداڵى سەرو پێچکە کە بە دواى یەکدا بوون بەردەوام لە هۆش خۆى دەچوو دیقى کردبوو. لە خەفەتییان هەردەیگووت دەستم شکێ نەم زانى وەک من بێ ئەقڵ مەبە لە ئەوەوە تەمبێ بووم چوار ساڵە شوم کردووە یەک منداڵم هەیە ڕێگەش نادەم تائەم منداڵەم تەواو بە چاکەو خراپەى خۆى نەزانێ”. خاتوو شیرینیش سەبارەت بە ژنێکى دۆستى کە چوار منداڵى بەسەریەکدا بووە دەیگووت “دواین منداڵ کە بوى سەردانم کرد دڵم پڕببوو بۆ منداڵەکەى ترى تازە پێى گرتبو دەنوزایەوە لە دەورى دایکى دەسوڕایەوە بۆ دەقەیەکیش خۆى لە دایکى جودا نەدەکردەوە ئاخر ئەمە گوناه نییە؟ هەر هیچ نەبایە دەبوو دوو ساڵ نێوانییان با ئەو جار بۆ دایکەکەش خراپە ئەو کوا دەتوانێ لە یەک کاتدا بە چوار منداڵى ورد ڕابگات بەتایبەتى دوو مندالەَ بچوکەکەى کە زۆر پێویستیان بە پێڕاگەیشتنى دایکە بەڕاى من نەبۆ دایک باشە نەبۆ ژیانى منداڵیش.
بەڕاى نەدوا نەجمەدین سەرکەشی و یاخی و چاوکرانەوەى منداڵى ئێستاو بێ دەنگى و شەرمنى منداڵانى ئەوکاتە هۆکارى سەرەکى سنوردارکردنى منداڵ بونە لە ئێستادا هەروەها گووتى “هاروهاجى منداڵانى ئێستا زۆر زۆرە بۆیە کەم دایک هەیە تەحموولى ئەوەى هەبێت بتوانێ منداڵى زۆر هاروهاج بە خێو بکات”. شاناز خان هۆکارى زۆرى منداڵى گەڕاندەوە بۆ دیدگاى ئەم ژنە سادەو ساکارانە کە هەموو بیرکردنەوەکانییان لەچوارچێوەیەکى تەسکى وەک بە هەڵە تێگەیشتن لە ئاین قەتیس کردبوو ئەو باسى دایکى دەکرد کە بەردەوام سکى کردووەو ڕێگرینەکردووە لە منداڵبوون لەبەرئەوەى لەدیدگاى دایکیدا بە هەڵەو تاوان دەژمێردرێ بە ناشکوریکردن بە کارى خوداى زانیوە لە کاتێکدا بارودۆخى دایکى بۆ منداڵبوون نە دەشییا شاناز لە درێژەى قسەکانیدا ئەوەشى خستە پاڵ کە زۆرێک لە ژنان بەهۆى ئەم بیروبۆچونەیان درێژەیان بە سکپڕى خۆیان داوە هیچ رێگرێکیان نەکردووە، دوا قسەشى بەوە هێنا کە پورى 13 منداڵى هەیە کە لێماندەپرسى ئەم هەموو منداڵە چییە دەیگوت خوا دەیدات.
لە بۆچوونەکانى شانازدا هەستمان کرد پێویستمان بە تیشک خستنە سەر ئەم تەوەرەیە لە ڕوانگەى ئاینییەوە هەربۆیە ڕومانکردە مامۆستایەکى ئاینى مامۆستا محەمەد کەبەم چشنە بۆماندوا “کوشتنء لەناوبردنى هەر نەفسێک لە ڕوانگە ئایینیەوە قەتڵە خودا لە قورئاندا لە سوڕەتى [الاسراء] لەئایەتى (31)دەفەرموێ [ولاتقتلوا ڕولادکم خشیە من الرزق نحن نرزقهم وایاکم ان قتلهم کان خگا کبیرا] کەواتە حەرامە منداڵ لە ناو ببرێ بەهۆى بونى هەژارى، چونکە خودا ڕزق دەدات، بەڵام هەندێ حاڵەت هەیە بۆ نمونە کاتێ مرۆڤێ بەهۆى برسییەتى خەریکە لە ناودەچێ لەم حاڵەتەدا ئەگەر تەنیا گۆشتى منداربوو هەبوو ئەوا کە بیشیخوات حەرام نییە لە کاتێکدا گۆشتى منداربوو حەرامە خواردنى، بەم پێوەرە ئەوا دەتوانین بڵێن لە باربردنى منداڵ ئەگەر بێتوو ئەم منداڵە ببێتە هۆى لەناوچوونى دایکەکە یاخود دووچاربوونى بەنەخۆشییەکى سەخت و دژوار ئەوا لە ناوبردنى ئەم منداڵە تاوان نییە. پێش ئەوەى منداڵ درووست بێ ڕێگرى بکرێ ئەوا هیچ باس نییە، بەڵام کاتێ منداڵ درووست بوو لەناوبرا ئەوا درووست نییە ئیلا لەم حاڵەتە زەرورە نەبێ کە لە سەرەوە باسمانکرد.