سرود وه‌ک شێوازێکی تایبه‌تمه‌ندی گۆرانی ده‌رهاوێشته‌ی بۆنه نیشتمانی و سیاسیه‌کانه . خاوه‌ن ڕتم و ئارایشکاری هۆنراوه پڕ جۆش و خرۆشی هاندانه سهروهریهکانه .
تۆنی تایبه‌ت و ڕسته‌ی موزیکی خۆی هه‌یه لههاڕمۆنیهتیدا ماڕشی نیشتمانی و شار و ده‌سه‌ڵاته‌کانی لێده‌که‌وێته‌وه . هه‌موو گۆرانیبێژێک سرودبێژ نی یه هه‌روه‌ها هه‌موو شاعیر و موزیک زانێک سرودهێن نی یه !
کۆی وێژه و هونه‌ر بۆ خزمه‌تی کلتوره ..
له‌هه‌موو به‌رهه‌مێک په‌یامێک کاکڕهی داهێنانیه‌تی ئینجا په‌یامه‌که به‌وشه‌ی هه‌ستمه‌ندی شاعیرانه‌ی هاوتای ده‌ربڕ ده‌هۆندرێته‌وه ، ئاواز سۆزێکی ڕۆحی ده‌داتێ ئاسانتر ده‌یگه‌یه‌نێ ، بۆئارایشتی زیاتر موزیکی بۆدادهنرێ و دابه‌ش ده‌کرێ . له‌دوای ئه‌وانه‌ش ده‌نگێکی شیاوی بۆ هه‌ڵده‌بژێردرێ سروده‌که‌ی پێ بچڕێ . دواتر دێته سه‌ر تۆمار و کلیپ کردن و بڵاوکردنه‌وه‌ی ئینجا بهبانگهشهوه یا بێ بانگه‌شه ! به‌واتایه‌کی تر بڵاوکردنه‌وه و بانگه‌شه له‌خزمه‌تی ده‌نگ و ده‌نگیش له‌خزمه‌تی موزیک و ئاواز ، موزیک و ئاوازه‌که له‌خزمه‌تی شیعر ، شیعریش له‌خزمه‌ت په‌یامه‌که‌دایه . هه‌ر پێگه‌یه‌ک له‌وانه گرینگی پێنهدری به‌رهه‌مه‌که نیوه‌چڵ ده‌کا و ناوی نه‌مری پێنابه‌خشێ . جار هه‌یه ئاواز و موزیک زۆر خۆشه به‌ڵام شیعر به‌یت و بالۆره‌یه یان شیعر به‌هێزه موزیک لاوازه ، ئه‌گه‌ر ده‌نگیش باش بێ تۆمار خراپ هه‌مان ده‌رده‌سه‌ریه و به‌رهه‌مه‌که ده‌کوژێ .
مزهورهی سرود و گۆرانی کوردی ..
ناکرێ گۆرانی بکرێ به‌سرود یا پێچه‌وانه‌که‌ی سرود بکرێ به‌گۆرانی ! ئه‌گه‌ر کراش ئه‌وه کارامه‌یی و لێزانی ده‌وێ له‌شێوازێک بیسه‌ر ماندوو نه‌کا ، بتوانێ چێژێکی ڕۆحی لێ وه‌رگرێ به‌ڵام ئه‌و تێکههڵکێشیه به‌رهه‌مێکی نه‌مر دروست ناکا به‌ڵکو ته‌مه‌نی درێژنابێ هه‌رزوو گۆڕهه‌ڵکه‌نه دهیشێرێتهوه . ئێستا به‌هۆی هه‌ڵسانه‌وه‌ی کێرڤی نیشتمانپه‌روه‌ری له‌هێرشی داگیرکاران و تیرۆرستان بۆ سه‌ر کوردستان له‌هه‌ڵدان به‌سه‌ر کۆبانی و پێشمه‌رگه گوێمان کاس بووه بهههرزهفرۆشی کاره هونه‌ریه‌کان ! له‌وانه‌یه له‌چاوگی دڵسۆزیه‌وه هه‌ڵقوڵابێ ، هه‌ڵوێست و جوامێری نواندن بێ خواستی هه‌مووانیشه ئه‌گه‌ر نه‌بێته شاکار لانی که‌م جوانکاربێ به‌ڵام هه‌نده په‌له په‌لی پێوه‌دیاره کاره‌کان چروک و ساده و ئاستی هونه‌ریان دابه‌زیوه که نه‌ک هه‌رگیز جێ ی سروده‌کانی ئه‌ی ڕه‌قیب و ئه‌ی کوردینه و خوایه وه‌ته‌ن ئاواکه‌ی …..تاد ناگرنه‌وه هه‌ر شایه‌نی پێوانه‌کردن نین به‌وان ! که‌چی ئێستا سه‌رده‌م پێشکه‌وتووه ، که‌رسته‌ی به‌رهه‌مهێنان زۆرن به‌ڵام (خۆمه خۆمه) هه‌موو ڕه‌نگه جوانه‌کانی کاڵ کردووه ، بێ ڕاگۆڕکێ و هیچ لێکدانه‌وه‌یه‌کی هونه‌ریه .
گۆرانیبێژی ..
گۆرانی له‌هه‌ستی تاکه‌وه بۆتاک ده‌رده‌بڕێ خاوه‌نی هه‌ر ناواخنێکی مرۆڤایه‌تی یا هه‌ڵگری خۆشه‌ویستی و شه‌یدایی بێ هه‌ر به‌گۆرانی ده‌مێنیته‌وه تایبه‌تیه بۆ هه‌وادارنی خۆی به‌ڵام سرود مۆرکی گشتی و نه‌ته‌وه‌یی وه‌رده‌گرێ ده‌بێته وێردی سه‌رزمانی پیر و گه‌نج له‌نیشتمانێکدا بۆیه جیاکاریان پێویستیه. هه‌رگیز ناکرێ سرودی ئه‌ی ڕه‌قیب به‌شێوازی گۆرانبێژانی وه‌ک حه‌سه‌ن زیره‌ک یان تایه‌ر تۆفیق ، عه‌لی مه‌ردان یا مامڵێ …..تاد بگۆترێ هه‌روه‌ها هۆنراوه‌ی سرودێکی وه‌ک : ئه‌م ڕۆژی ساڵی تازه‌یه نه‌ورۆزه هاته‌وه جه‌ژنێکی کۆنی کورده به‌خۆشی و به‌هاته‌وه .. به‌شێوازی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ک چڕیویه‌تی ناکرێ به‌سرود پێوانه بکرێ چونکه به‌شێوازی گۆرانی فه‌رموویه‌تی ! مه‌به‌ست لێره شیعری سرود بۆ سرود لێگه‌ڕێن هۆنراوه‌ی گۆرانیش بناسرێته‌وه .
زۆروبۆر یا که‌م و پوخت ؟
چه‌ندایه‌تی و چۆنایه‌تی له‌به‌رهه‌مه‌کان بێژینگی ده‌وێ ، له‌به‌رزۆری توانا و بواره‌کانی به‌رهه‌مهێنان یا فره‌یی چاوگه میدیایه‌کان بۆ بڵاوکردنه‌وه ئیدی هه‌رچی ڕاست ده‌بته‌وه به‌ڕه‌کی خۆی داوێته مزگه‌وتێ . کابرا نه‌ده‌نگی هه‌یه و نهبههرهی هونه‌ری بووه بهگۆرانبێژ ، جگه له‌و تێکست نوسانه‌ی به‌ئه‌مری خوای بووینه شاعیر و نه‌ک قسه‌ی ڕێکوپێک بگره حهلهمشایی بهناوکهوتیین ئه‌وه‌ی دهیرێن نایرێنهوه “ها ها ها ” ده‌ڵێن: پێکه‌نین له‌خۆشیان نایه هه‌نده‌ک جار له‌ناو که‌وانه‌ی ته‌وسه و له‌جێ چه‌ندین دڵۆپه فرمێسک گوزه‌رده‌که‌ن .
هۆنراوه یا تێکست ..
به‌کارهێنانی وشه‌کان لهسرود و گۆرانی دا جیاوازی له‌واتا و ده‌ربڕین هه‌یه وه‌ک وشه‌ی ( قوربانی ) له‌گۆرانی هه‌ستۆکی و سۆز و پاڕانه‌وه‌یه به‌هه‌ر پێشگر و پاشگرێک بگۆترێ به‌ڵام لهسرودا نیشانه و سیمبوله تۆنێکی ڕشت و ده‌ربڕێکی جوایه‌زه . ئه‌مڕۆ هه‌ربابایه وشه ڕێک ده‌خا ، ئاواز داده‌نێ ، خێرا خێرا موزیک ده‌ژه‌نێ ، تۆمارده‌کا بێ گوێدانه دێمدانی به‌رهه‌مه‌که به‌کرچ و کاڵی یا به‌سوتاوی هه‌ڵی ده‌ڕێژێ جاری واهه‌یه ته‌مه‌نی به‌رهه‌مه‌که لای گوێگر چه‌ند خوله‌کێک ناخایه‌نێ ببڕای ببڕ گوێ ی لێ ناگرێته‌وه که‌چی ئاماده‌کارانی سه‌دان کاتژمێریان بۆ ته‌رخان کردووه تا به‌رهه‌م هاتووه چ جای تێچوونی پاره و شه‌ونخونی ماندبوون . ده‌سخۆشی بۆ هه‌وڵه‌کان به‌ڵام به‌داخه‌وه به‌رهه‌مه‌کان له‌ئاستی هیوادانین پێداچوونه‌وه‌مان ده‌وێ .