حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن
1
سلێمانی،
باژێڕێکه
له به‌خشین و دلۆڤانی،
ئه‌وی جارێ
چاوی به باڵای که‌وتبێ
ده‌موده‌ست عاشقی بووه،
ئه‌وی شه‌وێ
له ئامێزیدا خه‌وتبێ
خۆی به قوربانی کردووه.
2
ئه‌ی نیشتمان
بڵێی ئاسمان
له‌و گوناهه‌ی من ببوورێ
که چیم شک ده‌برد له ئه‌وین
هه‌موویم به‌خشی به زه‌وین!(*)
3
که تێکه‌ڵ بووی
له‌گه‌ڵ هه‌ست و نه‌ست و خوێنم،
ئینجا هاتووی
ده‌ڵێی وازت، لێ ده‌هێنم!
تهلارێکم له ئومێد و خۆشه‌ویستی
بنیات ناوه،
جێی مه‌هێڵه
مه‌ڕۆ مه‌یکه، به که‌لاوه.
4
که تۆم بینی
ده‌مگوت هاکا
دڵم وه‌کوو نارنجۆکێکی هه‌ڵدراو،
ته‌قییه‌وه،
که به ڕوومدا گه‌شایته‌وه،
هه‌ر چی ته‌می خه‌مم هه‌بوو
ڕه‌وییه‌وه.
5
ده‌زانی خه‌می دووریی تۆ
به چی ده‌کوژم؟
ستیانێکت لێ جێ ماوه
زوو زوو ده‌ینێم به ڕوومه‌وه،
تێر تێر بۆنه‌که‌ی هه‌ڵده‌مژم.
6
توو خوا ده‌روازه‌ی دڵی خۆت
به ڕووی مندا
قه‌ت دامه‌خه!
هیچ نه‌بێ ئه‌وه‌ت له بیر بێ
له‌به‌ر پێتا
پێڵووم هه‌میشه ڕایه‌خه.
7
خه‌ڵکی له گولله ده‌ترسن؟
من
له پرشنگی چاوی ژن.
8
سه‌د ساڵیش بژین،
ته‌نیا دوو په‌یڤی شیرین ده‌ژنه‌وین،
وڵات و ئه‌وین.
9
تاقه ماچێ
به هه‌وادا ده‌نێری،
ئیدی ده‌ڕۆی
به ته‌نیاییم ده‌سپێری!
10
ئه‌گه‌ر بڵێسه‌ی،
عیشقم خامۆش بێ
ڕه‌نگه بگلێم و
قه‌ت هه‌ڵنه‌سمه‌وه،
یان ده‌شێ نسکۆی واش تێپه‌ڕێنم
به سێبه‌ره‌که‌م خۆم بگرمه‌وه؟
11
شیعر چییه؟
شتێکه پێناسه‌ی نییه،
ئه‌وینیش له شیعر ده‌چێ
ڕووداوێکه
له خه‌یاڵ و سیحر پێک دێ.
22. 04. 2011
(*) کاریگه‌رییه‌تیی شیعرێکی شاعیری چیک (یارۆسلاڤ سیفێرت 1901_ 1986)ی که 1984 نۆبێلی وه‌رگرتووه، له‌سه‌ره