هۆمه‌ر نۆریاوی
ئه‌وه‌ی ڕۆژێک له ڕۆژان یان به هه‌ڵکه‌وت تاقه یه‌ک گۆرانی(ته‌نێ گۆرانییه‌کی) “عه‌دنان که‌ریم”ی به‌رگوێ که‌وتبێت، ده‌زانێت ئه‌م هونه‌رمه‌نده تا چه‌نده شه‌یدای ستران و ئاوازی گه‌له‌که‌یه‌تی و سیحری له‌رزانه‌ی گۆرانییه‌کانی هه‌تا چه‌نده له‌سه‌ر دڵ و ناخی مرۆی کورد کاریگه‌رن.
“عه‌دنان که‌ریم”، هونه‌رمه‌ندێکی تا سه‌ر ئێسقان کورده و به وریایی و وشیارییه‌کی ته‌واوه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هونه‌ری میلله‌ته‌که‌ی ده‌کات و بووژێنه‌ره‌وه‌ی به‌شێکی فره‌ی سامانی ئاواز و مێلۆدی فۆلکلۆری گه‌له‌که‌یه‌تی و مامۆستایانه ده‌ست بۆ هه‌وا و شێعری گۆرانی یان به واتایه‌کی دی تێکستی شێعری ده‌بات. ڕاسته ڕۆژانێکه پارێکی وڵاته‌که‌ی “عه‌دنان”ی هونه‌رمه‌ند، خه‌مێکی بێده‌نگ دایگرتووه و هه‌ر دڵه و ئارام ئارام فرمێسکی ناخ هه‌ڵده‌وه‌رێنێت لێ، چریکه و نه‌غمه‌ی ڕۆح لاوێنی ئه‌م هونه‌رمه‌نده سوکنا به دڵه ماته‌مینه‌کان ده‌به‌خشێت و له ڕووبه‌ری هونه‌ری ئاواز و سترانی هه‌میشه ژینبه‌خشی گه‌له‌که‌یه‌وه ئۆقره بۆ ئه‌م جۆره گیانه حه‌زینانه ده‌گوێزێته‌وه. یه‌ک به یه‌کی گۆرانییه‌کانی ئه‌م هونه‌رمه‌نده به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر هزر و بیر و گیان و ناخی نه‌ته‌وه‌یی و شیاو نییه به بێ خوێندنه‌وه‌ی هونه‌رییانه‌ی ورد بۆ جیهانه بێگه‌رده هونه‌رییه‌که‌ی هونه‌رمه‌ند تاقه یه‌ک وشه‌یش به‌رانبه‌ر گه‌وره‌یی بێنینه زمان. عه‌دنان که‌ریم به هه‌موو ئازار و مه‌ینه‌تییه‌کانی میلله‌ته‌که‌ی ئاشنایه و بۆ یه‌ک به یه‌کی ساته مه‌ینه‌تباره‌کانی گه‌له‌که‌ی گۆرانی چڕیوه و فرمێسکی سترانی هه‌ڵوه‌راندووه.
ئه‌وه‌ی تۆسقاڵێک ئاشنا به شێوازی کۆنسێرتکردن له ئێستادا بێت، باش ده‌زانێت بۆ ئه‌م کاره پێویسته هه‌وڵ و خه‌باتێکی چه‌ندین هه‌یڤه ئه‌نجام بگرێت هه‌تا زه‌حمه‌ته‌که بچێته واری جێبه‌جێکرانه‌وه. چه‌ندین بنکه و سه‌نته‌ر و ده‌زگه و مه‌کۆ و که‌سایه‌تی گه‌ره‌ک(ده‌بێت) خۆ ماندوو بکه‌ن تا ئه‌رکه‌که سه‌رکه‌وتووانه جێبه‌جێ بکرێت. هه‌ر بۆیه پێویسته به ویژدانه‌وه له‌م پێوه‌ندییه‌دا بپه‌یڤین و بنووسین و ته‌مه‌نێک ڕاژه و خزمه‌تی هونه‌رمه‌ندێک به جارێ لێڵ نه‌که‌ین.
مێژووی هونه‌ر لای ئه‌م هونه‌رمه‌نده پێمان ده‌ڵێت که هه‌میشه وێڵ و عه‌وداڵی دوای په‌پووله شێعرییه‌کان بووه و له که‌ناری ده‌ربه‌ندی پهپوولاندا ستار ده‌گرێت و ئاوازی بن ناخی ئه‌م گیانله‌به‌ره دڵنهخشینه بۆ قووڵایی دڵان ده‌گوێزێته‌وه؛ هه‌ر بۆیه سۆزی ژێی ئه‌م ناخه ئه‌وه‌نده له‌سه‌ر گیان کاریگه‌ره. له یه‌که‌م ساته‌کانی ئاوێته‌بوونی ئه‌م ڕۆحه شهیدایهوه به گوڵجاڕی هونه‌ر، هه‌میشه به پارێزه‌وه ده‌ستی بۆ په‌پووله شێعرییه‌کان بردووه و تا ئێستایشی له‌گه‌ڵ بێت له‌و چوارچێوه زێڕینه نه‌ترازاوه. ئه‌م ده‌نگ و سیما هونه‌رییه هه‌میشه شنه‌ی نیشتمان له ناخیدایه و ده‌یه‌وێت له کوێی کوردستان بێت، فێنکایی بۆ دڵ و گیانی مرۆی کورد بگوێزێته‌وه. ئه‌رچی لای “بابه‌گوڕگوڕ”ه‌وه دێت لێ، هه‌موو ئاواز و هه‌وا ڕه‌سه‌ن و نیشتمانییه‌کانی له هه‌گبه‌دایه و له هه‌ر گه‌شتێکدا چه‌ند چڵێک له داری هونه‌ری گه‌ل ده‌کاته‌وه و به‌دیاری پێشکه‌ش به دڵستانه‌که‌ی هونه‌ری میلله‌ته‌که‌ی ده‌کات. ڕاسته به وتنه‌وه‌ی سترانی هونه‌رمه‌نده ڕاستینه‌کانی گه‌له‌که‌ی و لاساییکردنه‌وه، پێی به خه‌رمانی سترانی ڕه‌سه‌نی کوردی ده‌کرێته‌وه لێ، تا هه‌نووکه‌یشی له‌گه‌ڵ بێت، گه‌ر گۆرانی هه‌ر هونه‌رمه‌ندێک بچڕێت، ئه‌وه‌نده‌ی دی نازی پێ ده‌به‌خشێت و پتر ده‌یگوێزێته‌وه بۆ سه‌ر دڵان. وته‌کانی “عه‌بدولقادر عه‌لی مه‌ردان” کوڕی گه‌وره هونه‌رمه‌ندی کوردی “عه‌لی مه‌ردان”ی نه‌مر ڕه‌نگه باشترین به‌ڵگه و شایه‌ت بۆ سه‌لماندنی هه‌مان ڕاستی بن که له که‌ناڵی “کوردستان 24″ه‌وه له ساڵمه‌رگی باوکی‌دا ئه‌م په‌یڤه‌ی به زماندا هێنا و باسی هونه‌ره به‌رزه‌که‌ی لای عه‌دنان که‌ریم کرد . ئه‌م هونه‌رمه‌نده زۆر زوو دووی ڕێبازی هونه‌ریی خۆی ده‌که‌وێت و بۆ خۆی ده‌بێته خودانی ستایل و شێوازێکی تایبه‌ت. ئاشقانی ده‌نگه‌که‌ی شایه‌تی ئه‌وه ده‌ده‌ن تا چه‌نده به ناخی هونه‌ردا ڕۆ چووه؛ هه‌ر بۆیه سۆزی نێو دڵه‌که‌ی ئه‌وه‌ند له‌سه‌ر گیان ده‌نیشێت. بۆ پتر له 35 ساڵ ده‌چێت مه‌عنه‌وییه‌تی گۆرانیی کوردی بۆ ناخی مرۆی کورد ده‌گوێزێته‌وه. ئه‌و ده‌مه‌ی له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ به گۆرانی “ده‌سماڵێ” که لێوان‌لێو له ئاوازی فۆلکلۆری زه‌نگینی کوردییه پێی به دونیای سترانی کوردی کرایه‌وه، چاک ده‌یزانی سامانی مۆسیقای میلله‌ته‌که‌ی چه‌نده زه‌نگینه و پێویسته به‌رگی سه‌رده‌مییانه‌ی به‌وه‌ردا بکرێت. هونه‌رمه‌ندێک ئه‌م چه‌شنه تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی له ناخدا بێت، کوا ده‌توانین بۆ یه‌ک ساته‌وه‌ختیش به‌رانبه‌ر خۆی و هونه‌ره‌که‌ی دڕدۆنگ و به‌گومان بین! ڕاست‌بێژیی و خه‌بات له پێناو هونه‌ردا،شاره‌زابوون له‌سه‌ر موزیک(ژه‌نیاری عوود)،وشیاریی له هه‌ڵبژاردنی تێکست بۆ گۆرانی(مامه‌ڵه‌کردنی ژیرانه له‌گه‌ڵ شێعری فۆلکلۆر،کلاسیک و هاوچه‌رخی کوردی)،شاره‌زایه‌تی له‌سه‌ر مه‌قامی کوردی،ئاستی واڵای ڕۆشنبیری،فره‌ڕه‌نگیی له به‌رهه‌مه‌کانیدا، که ئه‌م خه‌سڵه‌ته به‌رز و واڵایانه له هونه‌رمه‌ندێکدا گلێر بێته‌وه، ئیدی کوا که‌س ئه‌و حه‌قه‌ی هه‌یه گومان له هه‌ڵوێستی واڵای نه‌ته‌وه‌یی بکات!
“مه‌زهه‌ر خالقی” گه‌وره سترانبێژ و هونه‌رمه‌ندی کورد سه‌باره‌ت به هونه‌ره واڵاکه‌ی ده‌ڵێت: ” تا هونه‌رمه‌ند عه‌دنان که‌ریم هه‌بێت، گوناهه بڵێین هونه‌ری کوردی له قه‌یراندایه”. که ئه‌مه په‌یڤی سه‌رزاری مه‌زهه‌ر خالقی به‌رانبه‌ر گیانه هونه‌رییه‌که‌ی ئه‌م هونه‌رمه‌نده بێت، ئیتر کوا ڕه‌وایه به له‌ونێکی دی و چه‌شنێکی تر زمان له هه‌مبه‌ر ئه‌م هونه‌رمه‌نده ڕاستینه‌دا بکرێته‌وه!
هه‌ر سه‌باره‌ت به هونه‌ره واڵاکه‌ی ئه‌م هونه‌رمه‌نده ، ژه‌نه‌راڵی پایز ،”محه‌ممه‌د عومه‌ر عوسمان” ده‌ڵێت: ” عه‌دنان که‌ریم جێگه‌ی به‌رچاو و کاریگه‌ری هه‌یه له گۆرانیی کوردی”.
ئه‌وه‌ی ڕوو له کۆنسێرته‌که‌ی عه‌دنان که‌ریم ده‌کات، له هه‌وای پاقژی سترانی کوردی هه‌ڵده‌مژێت. ئه‌وانه‌ی به‌ده‌م له‌رزانه‌ی ئاواز و گۆرانی کوردییه‌وه هه‌ڵده‌په‌ڕن، هه‌ڵگری دڵ و ناخێکی کوردانه‌ن و به دووری ده‌بینم که‌سێک که ئه‌وینداری مۆسیقای ڕه‌سه‌نی کوردی نه‌بێت، ڕوو له کۆنسێرته‌که‌ی ئه‌م هونه‌رمه‌نده بکات. ئه‌مانه هه‌موو شایه‌تی بۆ گه‌وره‌بوونی ئه‌م هونه‌رمه‌نده کورده ده‌ده‌ن و ده هێنده‌ی دی ژماری ئاشقانی موزیک و گۆرانی کوردی زێتر ده‌کات. هه‌ر لێره‌شه‌وه ڕێبوارانی مۆسیقای کوردی سات له‌دوای سات فره‌تر و زێتر ده‌بن. ئه‌وه‌ی ئه‌م هه‌موو ئه‌رکه نیشتمانییه ڕاده‌په‌ڕێنێت، ڕۆڵه‌ی تا سه‌ر ئێسقان شه‌یدای ئاو و خاک و دار و به‌ردی نیشتمانه‌که‌یه‌تی و گشت ته‌م و گومانه‌کان ده‌ڕه‌وێنێته‌وه.
هێشتا سترانی “شه‌وی تاریک و بێده‌نگی”ئه‌م سترانبێژه ئه‌وین به ناخ ده‌به‌خشێت. جاری وایه ده‌مانباته‌وه بۆ زیکره‌که‌ی لای مه‌حوی، بڕێکجار خه‌یاڵی وه‌فایی دێنیته ژووری دڵه‌وه، جاری وایشه له بن نسێی ئاسمانه ساماڵهکهی دڵی ڕه‌فیق سابیر، محه‌ممه‌د عومه‌ر عوسمان،ساڵح بێچار و … سۆزی ستران بۆ دڵ ده‌گوێزیته‌وه. ناسکیی و جوانیی ڕۆحه شێعرییه‌که‌ی سه‌یدیی هه‌ورامی، نالی،مه‌وله‌وی، سالم، کوردی، ئه‌حمه‌د موختار به‌گی جاف،وه‌لی دێوانه، بێخود، شێخ نووریی شێخ ساڵح،گۆران،کاکه‌ی فه‌لاح، حه‌سیب قه‌ره‌داغی،هێمن،عه‌بدوڵڵا په‌شێو، به‌ختیار عه‌لی، هیوا قادر، ئیسماعیل خورماڵی، مارف عومه‌ر گوڵ، نه‌جم هۆگر و… به دڵی هه‌رده‌م شه‌یدای گۆرانی مرۆی کورد ئاشنا و شاره‌زا ده‌کات.
شیاوی وتنه هونه‌رمه‌ندی هه‌ره ناسراو و ڕۆح په‌پووله‌یی “عه‌دنان که‌ریم”ساڵی 1963(خاکه‌لێوه‌ی 1342ی هه‌تاوی) له که‌رکووک له‌دایک ده‌بێت. له بنچینه‌دا خه‌ڵکی دێی “ژاژڵه”ی سه‌ر به ناوچه‌ی “شارباژێڕ”ه. بۆ خۆی سه‌باره‌ت به شوێنی له‌دایکبوونی ده‌ڵێت: ” خه‌ڵکی ناوچه‌ی شارباژێڕم له پارێزگای سلێمانی، کاتێک باوکم هاتۆته شاری سلێمانی و خێزانی پێک هێناوه، دواتر چووه‌ته شاری که‌رکووک و بۆ ماوه‌یه‌ک له کۆمپانیای نه‌وت بووه‌ته پۆلیس، من له‌و کاته‌دا و ساڵی 1963 (1341ی هه‌تاوی)له ته‌په‌ی “مه‌لا عه‌بدوڵڵا” له‌دایک بووم که ئه‌وه‌ش سه‌ره‌تایه‌ک بوو بۆ ژیانم”. عه‌دنان که‌ریم ژیانی مناڵیی و سه‌ره‌تای ژیانی هونه‌ری له شاری “سلێمانی” وه‌پشت سه‌ر ده‌نێت و له‌وێنده‌رێ گه‌شه ده‌کات و پێده‌گات . ساڵی 1985 (1364ی هه‌تاوی)به‌شی نیگارکێشان له په‌یمانگه‌ی هونه‌ره جوانه‌کانی سلێمانی کۆتایی پێ دێنێت. له ساڵی 1991(1370)ه‌وه کوردستان به‌جێ دێڵێت و ڕوو له وڵاتی سوێد و شاری ئۆپسالا ده‌نێت. عه‌دنان كه‌ریم له غوربه‌تدا پتر به ناخی خۆیدا شۆڕ ده‌بێته‌وه و ده‌ست ده‌داته کاری هونه‌ری و گه‌لێک ئه‌زموونی گرانبایی ده‌ست ده‌خات. وه‌ک ئاماژه‌ی پێدرا ساڵی 1979 (1358ی هه‌تاوی)به گۆرانی “ده‌سماڵێ” له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی پێی به دونیای هونه‌ر ده‌کرێته‌وه. ساڵی 1980 (1359ی هه‌تاوی)گۆرانی “کازیوه” له‌گه‌ڵ هه‌مان تیپ تۆمار ده‌کات که گۆرانییه‌که بۆ به‌رهه‌مێکی شانۆیی ده‌بێت به نێوی “زه‌لکاو”. ئه‌مه سه‌ره‌تایه‌ک ده‌بێت بۆ ناسینه‌وه‌ی ده‌نگی خۆی و هه‌ڵبژاردنی ڕه‌وتی هونه‌ری. ساڵی 1983 (1362ی هه‌تاوی)گۆرانی “شه‌وی تاریک و بێده‌نگی” له ئاماده‌کردنی مامۆستا “ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی” تۆمار ده‌کات که هێشتاکه یه‌ک له گۆرانییه هه‌ره لهبهردڵانهکانه و چه‌ندین سترانبێژی دیی وه‌ک “تایه‌ر خه‌لیلی” چڕیویانه. هه‌مان ساڵ په‌یوه‌ندی به تیپی مۆسیقای “نه‌ورۆز”ه‌وه ده‌کات. ساڵی 1984 (1363ی هه‌تاوی)به هاوکاری تیپی مۆسیقای پیره‌مێرد که هونه‌رمه‌ند “سه‌لاح ڕه‌ئووف” سه‌رپه‌رشتی ده‌کات، بۆ زنجیره دراماکانی ژاڵه و گوڵاڵه چه‌ند گۆرانی تۆمار ده‌کات. ساڵی 1989(1368ی هه‌تاوی) له‌گه‌ڵ چه‌ند هونه‌رمه‌ندێک تیپی مۆسیقای “کۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره جوانه‌کان” داده‌مه‌زرێنن. ساڵی 1991 (1370)له‌گه‌ڵ کۆڕهوکهی باشوور، ڕوو له ڕۆژهه‌ڵات و شاری مه‌هاباد ده‌کات و له‌وێنده‌رێ چه‌ندین به‌رهه‌م بۆ هونه‌رمه‌ندانی وه‌ک ماملێ، حه‌مه‌ی دانیش، ئه‌حمه‌د ئیسلامی تۆمار ده‌کات. ساڵی 1992(1371ی هه‌تاوی) له سوێد کاسێتی “بیرتان ده‌که‌م”، پێشکه‌ش به نیشتمان ده‌کات که به‌رهه‌مه‌که له شاری “لیل”ی وڵاتی فه‌ره‌نسا تۆمار ده‌کرێت. له نێوان ساڵانی 1994-1995دا له‌سه‌ر ته‌کنیکی تۆمارکردنی ده‌نگ و مۆسیقا مژول و خه‌ریکی خوێندن ده‌بێت. ساڵی 1995 (1374ی هه‌تاوی)به‌رهه‌می “ڕاز” به کاسێت بڵاو ده‌کاته‌وه. ساڵی 1996 یه‌که‌م به‌رهه‌می له‌سه‌ر سێدی به ناوی “شه‌وی یه‌ڵدا” بڵاو ده‌کاته‌وه. ساڵی 1999 (1378ی هه‌تاوی)به‌رهه‌می “ئه‌ڕۆی ئۆغر” بڵاو ده‌کاته‌وه.دواتر چه‌ندین کۆنسێرت له سوێد به‌ڕێوه ده‌بات. ساڵی 2002 (1381ی هه‌تاوی)سێدی “شنه‌ی با” بڵاو ده‌کاته‌وه. 2004(1383ی هه‌تاوی) له له‌نده‌ن کۆنسێرت به‌ڕێوه ده‌بات. 2005 له سنه کۆنسێرت به‌ڕێوه ده‌بات. هه‌مان ساڵ “تاڤگه‌یه‌ک له عیشق” بڵاو ده‌کاته‌وه. دواتر له چه‌ندین فێستیڤاڵ به‌شدار ده‌بێت. ساڵی 2006 (1385ی هه‌تاوی)به هاوکاری گرووپی کامکاران سێدی “ئه‌مشه‌و” بڵاو ده‌کاته‌وه. له زۆربه‌ی وڵاتانی دونیا کۆنسێرت به‌ڕێوه ده‌بات. ساڵی 2010 (1389ی هه‌تاوی)به هاوکاری گرووپی کامکاران به‌رهه‌می “وه‌فایی” بڵاو ده‌کاته‌وه. 2011 له‌گه‌ڵ سه‌با کامکار و گرووپی کامکاران “خاتوون” ڕه‌وانه‌ی بازاڕی هونه‌ر ده‌کات. 2012 (1391ی هه‌تاوی)”باده‌ی گوڵڕه‌نگ” و پاشان “باده‌ی گوڕهنگ”ی 1 و 2 بڵاو ده‌کاته‌وه که هه‌ڵگری هه‌ڵبژارده‌ی مه‌قامی کوردییه. ساڵی 2013 (1392ی هه‌تاوی)”گوڵی نازدار” به خه‌رمانه‌ی گۆرانیی کوردی ده‌به‌خشێت. بۆ وتن ده‌شێت به‌رهه‌می “باده‌ی گوڵڕه‌نگی 1” و “باده‌ی گوڵڕه‌نگی 2” ساڵی 2015 ده‌که‌ونه نێو بازاڕی هونه‌ره‌وه. دواتر به‌رهه‌می “هێمن” پێشکه‌ش به ئاشقانی هونه‌ری ڕه‌سه‌نی کوردی ده‌کات. له ساڵی 2000ه‌وه (1379ی هه‌تاوی)ده‌ست به كۆنسێرتکردن ده‌کات و له وڵاتانی ئه‌ورووپا و ئه‌مریكا و كه‌نه‌دا و ئه‌فریقیا كۆنسێرت ده‌گێڕێت و له‌گه‌ڵ گرووپه جیاوازه‌كاندا زیاتر له 40 كۆنسێرت ساز ده‌کات. ساڵی 2006 ده‌گه‌ڕێته‌وه كوردستان و له‌گه‌ڵ گرووپی ئۆركێسترای به‌غدا و گرووپی ئۆركێسترای ژێداری كوردستان كۆنسێرتێک بۆ چامه‌كه‌ی نالی ئه‌نجام ده‌دات. له ساڵه‌كانی 2006 و 2007 و 2008 له‌گه‌ڵ گرووپی كامكاران چه‌ندین كۆنسێرت له شاره‌كانی سلێمانی و هه‌ولێر و دهۆك به‌ڕێوه ده‌بات. ساڵی 2008 (1385ی هه‌تاوی)بۆ ماوه‌ی سێ ڕۆژ سێ كۆنسێرت له شاری تاران ئه‌نجام ده‌دات که، ده‌بنه ئه‌زموون بۆ ژیانی ئه‌م هونه‌رمه‌نده.
عه‌دنان که‌ریم بۆ ڕۆژانێک ده‌چێت به گه‌شتێکی هونه‌ری له ڕۆژهه‌ڵاتی نیشتمانه و له شاره‌کانی سه‌قز، کرماشان، سنه و مه‌ریوان هاوڕێی گرووپی “مه‌حوی” چه‌ندین کۆنسێرتی ڕه‌نگاڵه‌یی به‌ڕێوه برد . سپۆنسه‌ری ئه‌م گه‌شته هونه‌رییه ،بنکه‌ی فه‌رهه‌نگیی هونه‌ریی “توره‌نج” له شاری سنه بوو. سیروان سدیقی،به‌ڕێوه‌به‌ری کۆنسێرته‌که ، سۆما ڕۆسته‌می ئاماده‌کار و ده‌رهێنه‌ر و سه‌رپه‌رشتیاری گرووپه‌که‌ش “ڕێبین سالار” بوون. گه‌شته هونه‌رییه‌که‌ی عه‌دنان که‌ریم و گرووپی مه‌حوی ڕۆژی 25ی پووشپه‌ڕ ڕووی له سه‌قز،28ی پووشپه‌ڕ کرماشان، 30،29 و 31ی پووشپه‌ڕ سنه و 2ی گه‌لاوێژیش مه‌ریوان بوو و بۆ شه‌یدایانی مۆسیقای ڕه‌سه‌نی کوردی کۆنسێرتی گێڕا. کۆنسێرته‌کانی ئه‌م گرووپه به‌ره‌و ڕووی پێشوازییه‌کی به‌رفره‌ی ئاشقانی ئاواز و گۆرانیی ڕه‌سه‌نی کوردی بووه‌وه. من وه‌ک به‌شدار و ئاماده‌بوویه‌ک بۆ شه‌وی سێیه‌می کۆنسێرته‌که‌ی ئه‌م گرووپه له شاری سنه ئه‌وه‌م به ڕوونی به‌رچاو که‌وت که چلۆن جه‌ماوه‌ری شه‌یدای گۆرانیی کوردی له شوێنێکی کراوه‌دا و به که‌ره‌سته‌یه‌کی گه‌لێک ئاساییه‌وه هه‌ر وه‌ک بڵێی له هۆڵێکی شازی کۆنسێرتکردندا بن، به گوێی دڵ تا دواساتی کۆڕه هونه‌رییه‌که، ناخیان به مۆسیقای ڕه‌سه‌نی سپارد بوو. شیاوی ئاماژه‌پێدانه که گرووپی مۆسیقای مه‌حوی ساڵی 2011 (1389ی هه‌تاوی)له لایه‌ن چه‌ند هونه‌رمه‌ندێکی موزیکزانی کورده‌وه له شاری سلێمانی دامه‌زراوه. ئامانجی ئه‌م گرووپه مۆسیقاییه خزمه‌تکردن به موزیکی ڕه‌سه‌نی کوردی و پێشکه‌شکردنی مۆسیقای کوردی له‌سه‌ر بنه‌مای زانستییه. هه‌روه‌ها پاراستنی ڕه‌سه‌نایه‌تی موزیک و کولتووری کوردستان له بواری فۆلکلۆر و زانستیدا یه‌کێکی دی له ئامانجه هه‌ره گرینگه‌کانی ئه‌م گرووپه دێته ئه‌ژمار.
3ی گه‌لاوێژی 2716(1395ی هه‌تاوی)
ژێده‌ر و سه‌رچاوه‌کان:
1 – له “ده‌سماڵێ”وه بۆ “وه‌فایی”، ئاراس عومه‌ر، 2010، کوردستانی نوێ
2 – سۆزێک بۆ هونه‌ری ده‌نگ و ئاوازی عه‌دنان که‌ریم، ئاراس وه‌لی
3 – عه‌دنان که‌ریم، وه‌ک سه‌روه‌تێکی نه‌ته‌وه‌یی،وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د، کوردستان نێت، 2010
4 – عه‌دنان که‌ریم و نغرۆبوون له نێو ڕه‌سه‌نایه‌تی دا، سالار جاف، گۆڤاری سڤیل،ساڵی دووه‌م، ژماره 55، 2010
5 – هونه‌رمه‌ند عه‌دنان که‌ریم و ڕه‌سه‌نایه‌تیی گۆرانیی کوردیمان، وریا ئه‌حمه‌د، ساڵی 2009
6 – کوردستان 24، به‌رنامه‌ی “باسی ڕۆژ “، عه‌بدولقادر عه‌لی مه‌ردان، 3ی گه‌لاوێژی 2716(24ی جۆلای 2016)
7 – ماڵپه‌ڕی هونه‌رمه‌ند عه‌دنان که‌ریم www.adnankarim.com