مەسعودى مەلا هەمزە :نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە ڕێکەوتى 4/1/2011 ستافی ئەنجوومەنى نوێی سەندیکاى هونەرمەندانى کوردستان لەگەڵ د.کاوە مەحمود شاکر وەزیرى رۆشنبیرى و لاوانى حکومەتى هەرێمى کوردستان کۆبوونەوەو لەلایەن وەزیری رۆشنبیری و لاوانەوە پێشوازییان لێکرا.
وەفدی سەندیکاى هونەرمەندانى کوردستان پێکهاتبوو لە”نیاز نورى-نەقیب، چەتۆ نەورۆز- سکرتێر، فەرهەنگ غەفوور- ب. کارگێڕی و دارایی، لالۆ رەنجدەر- ب. راگەیاندن و پەیوەندییەکان، قاسم نورى و تاریق ئاکرەیی- ئەندامى یەدەگ و ئەندامى لیژنەى دیسپلین”.
لەدانیشتنێکدا باس لە کارو چالاکییەکانى رێکخراوەکەو دوایین گۆڕانکارى کرا، نەقیبى سەندیکاى هونەرمەندانى کوردستان مەبەستى سەردانەکەى ڕوونکردەوە کە بۆ لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە چالاکییەکانى وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوان و چۆنییەتى هەماهەنگى نێوان هەردوولا رێکیانخستووە.
د.کاوە مەحمود وەزیرى رۆشنبیرى و لاوان تیشکى خستە سەر کارو ئامانجەکان و هێڵە سەرەکییەکانى وەزارەت و هەروەها باسى ئەوەى کرد کە ئەوان وەکو وەزارەت پەیوەندییەکى باش و چالاکیان هەیە و پێویستییان بەهەماهەنگى زیاترو کاراتر هەیە.
هەروەک ئاماژەشی بەوەکرد کە پێویستە ئەو ستافەى نوێیەى سەندیکا لەگەڵ وەزارەت هەماهەنگییەکى تەواویان هەبێ و مانگانە کۆبوونەوەى هاوبەش بکەن، هەروەک ستافی سەندیکاى هونەرمەندانى کوردستانیش ئاماژەیان بەوەکرد ئەوان دەیانەوێ پردێکى راستەقینەى پەیوەندى نێوان هونەرمەندان و وەزارەت و کاروچالاکییەکان بن، هەروەک خۆشیان بە داکۆکیکەرى راستەقینەى هونەرمەندان زانى.
شایانى باسە هەر لە هەمان رۆژدا ئەو وەفدەى سەندیکاى هونەرمەندانى کوردستان لەلایەن ئاریان فەرەج بەڕێوەبەرى گشتى دیوانى وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوان پێشوازییان لێکراو لەسەر چەندین پرسی گرنگ گفتوگۆیان کرد.