سبەی رۆژی ١٢/١/٢٠١٢ دەزگای راگەیاندنی ھونەری کوردفۆکس کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە ھوتێل “شازاد پلازا” نزیک “تەلاری ھونەر” بۆ ھونەرمەندان “نازێ عەزیزی، شەھێن تاڵەبانی، دڵنیا قەرەداخی، سالار مەحموود، شیلان عوسمان” ئەنجام دەدات، کە ژمارەیەکی زۆر لە کەناڵ و دەزگا راگەیاندنەکان ئامادەی دەبن و باس لەم کۆنسێرتە دەکرێ، کە رۆژی ھەینی ١٣/١/٢٠١٢ لە تەلاری ھونەر بۆ گەنجانی سلێمانی ئەنجام دەدرێت، لەژێر دروشمی “ساڵی نوی ئاشتبوونەوە و پێکەوەژیان”. جگە لەوەش شەش کەسایەتی گەورە لە بوارە جیاجیاکانی ھونەر لە کۆنسێرتەکە خەڵاتی رێزلێنانیان پێدەبەخشرێ و کەناڵێکی ئاسمانی راستەوخۆ کۆنسێرتەکە دەگوازێتەوە.
ئێستا ھەر پێنج ھونەرمەندەکە لە شاری سلێمانی ئامادەن و لە خۆئامادەکردندان بۆ کۆنسێرتەکە و زۆر خۆشحاڵن ئەم کۆنسێرتە بۆ گەنجانی سلێمانی ئەنجام دەدەن، دڵنیا قەرەداخی کە نزیکەی ١٥ ساڵ لە سلێمانی کۆنسێرتی نەکردووە لەوبارەیەوە دەڵێت “دوای پانزە ساڵ، زۆر خۆشحاڵم بۆ جارێکی دیکە لەڕێگەی ئەم کۆنسێرتەوە لە نزیکەوە جەماوەرەکەی خۆم دەبینم و گۆرانیان پێشکەش دەکەم”.
شەھێن تاڵەبانی لە وڵاتی کەنداوە بۆ کۆنسێرتەکە ھاتۆتەوە، نازێ عەزیزی لە ھۆڵەنداوە، دڵنیا قەرەداخی لەتورکیاوە ھاتەوە بۆ بەشداریکردنی لە کۆنسێرتەکەدا، سالار مەحمود کە خاوەن جەماوەرێکی تایبەتە لە شاری سلێمانی چەندین ساڵە کۆنسێرتی نەکردووە، لەم کۆنسێرتە بە گەنجەکانی سلێمانی شاد دەبێتەوە، شیلان عوسمان خۆشحاڵە گۆرانی بۆ گەنجانی سلێمانی دەڵێت.
دوای بڵاوبوونەوەی ریکلامی ئەنجامدانی کۆنسێرتێکی بەم شێوەیە و ھەڵواسینی پۆستەرەکان، دەنگدانەوەیەکی گەورەی لە شاری سلێمانی دروستکردووە، ئەوە یەکەمین کۆنسێرتی ساڵی ٢٠١٢یە لەشاری سلێمانی و پێشبینی دەکرێ گەورەترین کۆنسێرتی ئەمساڵ دەرچێت.
زانا دڵشاد دزەیی