دیــــــــدار نانەکەلی…
ھەموو ئەو گۆرانکاریە سیاسیانەی لە ناوچەکە دروست بوون ، بە قەیران و ئارێشەکانیەوە دەچنە چوارچێوەی بەرنامەیەکی ستراتیژی ، بازنەی تێوەگلانی کارەکتەرانی ئەو شانۆیە تەم و مژاویە رۆژ بە رۆژ فراوانتر دەبێت ، بەڵام لە کۆتایدا ھەموو خۆیان لەسەر یەک تەختەی شانۆدا دەبیننەوە،
گەورەترین گۆرانکاریە سیاسیەکان لە ساڵی ٢٠١٤ دروست بوون
دیارترینیان خولقانی داعش بوو . کە رۆڵی جێبەجێکاری بەرنامەیەکی درێژخایەنی دژ بە بیرکردنەوەی کارەکتەرانیەتی.
چونکە ووڵاتانی ناوچەکە بێ ئیرادە و ویست، گەورەترین گۆرانکاری جوگرافی و مێژوویی و تەنانەت مرۆیشیان بەسەرداھات
کە بە دەیان ساڵی تر نە توانای تێفکرین و نە توانای چارەسەریشیان ھەیە،
ئێستا کورد لەو ھاوکێشەیە رۆڵی ھەیە و لە یاریکردن دایە
دارێژەرانی بەرنامەکە لەو زەمەنەی ئەمرۆ پێویستیان بەو دۆخەیە کە ئێستا ھەیە،
کە دواجار پێوەرە سیاسیەکان بۆ ئەمرۆ لە بەرژەوەندی کورد دەشکێنەوە، ناوی کورد ئەمرۆ ناسراوترین دەنگی مینبەرە نێودەوڵەتیەکانە ، وێنەیەکی بەھێزی بۆ دروستکراوە، کە ئەمە ھەر بۆخۆی ئاماژەیەکی روونە بۆ ئاراستە و ئایندەیەکی باش، بەڵام بێ گومان و بێ دڵە راوکێش نیە.
وجودی داعش زۆر شتی گۆڕی ، گۆڕانکاریەک کە پێویستی بە زەمەنێکی زۆر و ھیمەت و سیاسەتێکی کارامە بوو
بەڵام سەرئەنجام چارەنوسی گۆرانکاریەکان مایەی قسە لەسەر کردنن، کە ئاخۆ ئەو زەمەنەی لەو بەرنامەیە لەگەڵ کوردە تا کوێ بڕ دەکات و کوردیش چۆن دەتوانێت دەرفەتێکی وەھا بقۆزێتەوە و سیاسیانە کاری لەسەر بکات.
پەیوەندیە سیاسی و ئابوریەکانمان چەندە لە بەرژەوەندی ئایندەی کورد دادەبن، ئەو ئایندەیەی کە چارەنوسی ھەموو ئەو خوێن و بەرخودانەی ئەمڕۆ لە ئەستۆ دەگرێت،
ئاخۆ دەتوانین لە وەبەرھێنانی نەوت ، چ شوێن و پێگەیەکمان ھەبێت لە سەرچاوەی ووزەی جیھانی، ئەو بابەتە بۆ ئێمە دەبێتە ھۆی بەرەوپێشبردنی مەسەلە جەوھەریەکان؟
دەتوانین جودا لە ھەموو ترس و دڵەراوکێکان نەوت بۆمان ببێتە مایەی خۆشی.
یان پێویستمان بە تێروانینێکی باشترە بۆ ھەموو ئەو ئەگەرانەی بە مەسەلەی وەبەرھێنانی نەوتەوە بەستراونەتەوە.
دەکرێ پەیوەندیمان لەگەڵ ھاوسێکانمان ھەر بە گومان بمینێتەوە
پەیوەندیەک لەسەر بنەمای بەرژەوەندی تاک لایەنەی بەرامبەرەکانمان. دەکرێت بنەمای پەیوەندیەکان ھەر بەو شێوەی ئێستا کاتی و لە ئان و ساتی نارەحەتی دابێت، یاخود پێویستە کورد بە ھەقیقی کارتی فشار و خۆبەھێزکردنی ھەبێت.بە جۆرێک ترسمان لە داروخانی ھەموو ھەوڵەکانمان نەبێت
دەکرێ ھەوڵ بۆ ئەوە بدەین لەمەودوا بەھەر ھۆکارێک بێت فشاری ناوچەیی و نێودەوڵەتی لەسەر ھەرێم کەم بکەینەوە و وێنەی داھاتووی خۆمان نیشان بدەین بێ موساوەمە کردن لەسەر ھەر خاڵێک کە تا ئەمرۆش بوبێتە گرێ کوێرەی داواکاریەکانمان.
ھەر ھەولێک بۆ بە ئاکام گەیاندنی ئەو ھەنگاوانە پێویستی بە یەک ریزی کوردە، چونکە ھەموو پرسە چارەنوسسازەکان تا ئەمرۆ لە چاوەروانی دەنگ ھەڵبڕینی سەرکرایەتی سیاسی کوردە.
بەشێوەیەکی گشتی ،زۆرینەی ئەو بەرنامەیەی کە خوێندنەوەی سیاسی راستەقینەی بۆ کراوە گەیشتۆتە ئامانج، ئێستا کاتی جێبەجێکردنی مەبەستە سەرەکیەکەیە کە تا ئەمرۆ دیار نیە چەندە لە بەرژەوەندی کوردە ، چونکە ناتوانین نکۆڵی لەوە بکەین گۆرانکاریەکانی ئەو دوواییە سەلماندی کە کورد ھەرچی شانازی و سەرکەوتنی بەدەستھێنابێت لە ئازایەتی و بەرخودانی بەردەوامی پێشمەرگە بووە نەوەک لە لایەنە سیاسیەکەی.
ھەربۆیە ھەر گومانێکمان ھەبێت لە بەرێوەچوونی بەرنامەیەکی ستراتیژی دروستی ھەنوکەیی لە شوێنی خۆیەتی، چونکە گومانمان ھەیە لەوەی کە توانای روبەروبونەوەمان ھەبێت، بتوانین سیاسیانەی سەردەم لەبەری بوەستین، بەڵام لە کۆتایدا بروام وایە ٢٠١٥ ساڵی یەکلاکەرەوەی ھەموو ئەو ھاوکێشە و شیکردنەوە و دابەشکردنانەبێت، وەکو ھەمیشە جگە لە توانای لەبن نەھاتوی پێشمەرگە ، لە رووی سیاسیەوە بینەری ئەو شانۆیەین کە خۆمان تێدا رۆلمان پێدراوە، بەڵام بێ ئاگاین لە دەرەنجام و دیمەنی کۆتایی .