ئامادەکردنی- توانا تەھا
بە پێی راگەیاندراوی یەکێتی پیاوانی کوردستان، لەماوەی یەک ساڵی رابردوو ١٦٣ پیاو لەلایەن ھاوسەرەکانیانەوە توندووتیژیان بەرامبەر کراوەو ٤٦ پیاویش لەوانە خۆیان کوشتووە”. توێژەرێکی کۆمەڵایەتیش ئەمە بە دیاریدەیەکی مەترسیدار دەزانێت و رایدەگەینێت کە “ئەمە شتێکی نەگونجاوەو کۆمەڵگە بەرەو ناھەمواری دەبات، چونکە گرفتەکانی خێزانی پەرەیان
سەندووە چ لەلایەن ژنەکانەوە بێت یاخود لەلایەن پیاوەکانەوە بێت”.
رەزا محەمەد – توێژەری کۆمەڵایەتی، لایوایە ئەم ئامارە ئەوە دەردەخات کە لە کوردستان رۆژ بەرۆژ دیاریدەکانی توندووتیژی پەردەستێنێت و حاڵەتەکیانیش جیاوازن کە کوشتن و جیابوونەوەشی زۆر تێدایە”. بەبڕوای ئەم توێژەرە ھەموو ئەم دیمەنانە پێمان دەڵێن کە ھۆکار گەلێک لەم کۆمەڵگەیە ھەن و وای کردووە خێزانەکان لێک ھەڵبوەشێنەوە، چونکە خێزان یەکێکە لەبنەماگرنگەکانی کۆمەڵگەو ئەگەر ئەم بنەمایە درزی تێبکەوێت ئەوا کۆمەڵگەش درزی تێدەکەوێت و بەرەو ناھەمواری ھەنگاو دەنێت”.
رەزا گووتیشی “ھۆکاری ئابووری و دەستێوەردانی خێزانی و خزم و کەسانی ژن، یا پیاوەکە، زۆرجار کێشەی وای بەدوا دێت، بەتایبەتی لایەنی ئابووری کە یەکێکە لە ھۆکارە سەرەکییەکانی ئێستای زۆربەی گرفتەکان، لەبەر ئەوە ئەگەر تاک لایەنی ئابووری باش نەبێت یان شوێنێک نەبێت بۆ ئەوەی بژێوی رۆژانەی تێدا پەیدا بکا گرفت سەرھەڵدەدات و کێشە دەکەوێتەوە لەنێوان ژن و پیاو”.
لەمیانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، کە رۆژی چوارشەممە، لە نووسینگەی سەرەکی رێکخراوی یەکێتی پیاوانی کوردستان، ئەنجامدرا بورھان عەلی- رایگەیاند “لەساڵی رابردوودا ١٦٣ پیاو لەلایەن ژنانەوە توندووتیژییان بەرامبەر کراوە”. ھەر لەم راگەیاندراوەدا ناو براو چەندین ئاماری جیاجیای لەبارەی توندووتیژی بەرامبەر پیاوان خستەڕوو کە تێیدا ھاتووە، “شەش پیاو لەلایەن ژنانەوە کوژراونو ٤٠ پیاوی تریش خۆیان کوشتووە”. ئەمەشی روونکردۆتەوە کە “٤١ ژن ناپاکی ھاوسەرییان لەپیاوەکانیان کردووەو ٢٧ پیاوی بەتەمەنیش لەلایەن خێزانەکانیانەوە دەست بەسەر ماڵو سەروەتیاندا گیراوەو لەماڵەکانیان دەرکراون”. ھەروەھا گووتیشی “بەھۆی دەستێوەردانی کەسوکاری ژنەوە ٤٨ حاڵەتی جیابونەوەی ژنو مێرد تۆمارکراوەو ١١ پیاو لەلایەن ژنەکانیانەوە روبەڕووی فشاری دەرونیو سێکسی بوونەتەوەو حەوت پیاویش لەلایەن ژنەکانیانەوە دەست بەسەر موچەکانیاندا گیراوە”.
سەبارەت بەئاماری جیابونەوەش رایگەیاند، “ساڵی رابردوو ٥٣٩٩ جیابونەوە تۆمارکراوە” رونیشکردەوە، “ھۆکارە سەرەکیەکانی جیابونەوەی ژنو مێرد ئابووریو دەستێوەردانی کەسانی ترو ھەستکردنی ژنو مێرد بەوەی بەرامبەرەکەی موڵکی تەنھا ئەوەو نەبوونی بەرنامەی ھۆشیاریو ھۆکارە سیاسیەکانو چەندانی تر..”.
لای خۆشیانەوە ئامانج عەزیز- پارێزەر لەبارەی ئەم پرسە گووتی “توندووتیژی، بووەتە بەشێک لە کولتوورو ھەڵس و کەوتی تاکی کورد بە بێ جیاوازی، بەڵام ئەوەی دیارەو ھەستی پێدەکرێت، زیاتر لە لایەن پیاوەوە بەکار دێت و زیاتریش ئەوە زەق دەکرێتەوە کە لای پیاو ئەنجام دەدرێت، ھەڵبەتە ئەوە راستییە کە رێژەی زیاتری لای پیاو بەکار دەھێندرێت، بەڵام راستییەکی حاشا ھەڵنەگرە، بەشێکی زۆری بەکارھێنانی ئەو توندووتیژییە، بەر ئافرەت کەوتووە، ھەم بەکارھێنانی لەبەرامبەر پیاو و ھەمیش بەکارھێنانی لەبەرامبەر منداڵ”.
ئەم پارێزەرە ئاماژەی بەوەشکردو کە “زۆرینەی منداڵەکان لە لایەن دایکانەوە ئازار دەدرێن، زۆر منداڵ بەرچاو دەکەون کە لە لایەن دایکانەوە ئازار دراون تەنانەت بە دڕندانە ترین شێوە داغ کراون. لە لایەکی ترەوە، ئەو راگەیاندنەی یەکێتی پیاوان، سەلمێنەری ئەو راستییەیە کە لێرەدا، ئافرەتیش توندووتیژی بەکار ئەھێنێت بەرامبەر پیاو و حەق وایە پەنجەی بخرێتە سەر، نەک چاوپۆشی لێ بکرێت”.
بەبڕوای ئامانج عەزیز- دەرکردن لەماڵەوەو بە زۆر ئیش پێککردن و سووکایەتی و ھەڕەشە لێکردنی پیاو و قسەی ناشیرین پێ وتن و تەنانەت خنکاندن بە رۆنی سوور کراوەوەو سەر لێکردنەوە بە چەقۆ و چەندان توندووتیژی تر، لەم وڵاتە بەرامبەر بە پیاو ئەنجام دەدرێت، بەڵام ھەم راگەیاندن و ھەمیش رۆژنامەڤانان و رێکخراوەکان و چالاکوانان نەپرژاونەتە سەر ئەم بابەتە ھەستیارە، ئەگەر باوەڕیشیان بە مەسەلەکە نییە با بێنە لای من چەندان توندوتیژیان پیشان بدەم، کە زۆر زیاترە لەو ئامارەی یەکێتی پیاوان”.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیشدا تیشکی خستە سەر رۆڵی راگەیاندن و گووتیشی “بەداخەوە راگەیاندنی کوردی و تەنانەت پەرلەمانیش، وەک پێویست یەکسانییان لەنێوان ئەم دوو بابەتە نەکردووەو ئەوەندەی گرنگییان بە توندووتیژی بەرامبەر ئافرەت داوەو کە راستییەو پێویستە بش گوترێت، ئەوەندە گرنگیان بە باسکردنی بابەتی توندووتیژی بەرامبەر پیا و منداڵ نەداوە. لە بڕی ئەوەی بەو شێوەیە بابەتەکە زەق بکرێتەوە، پێویستە راگەیاندن و پەروەردەو رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، رۆڵ ببینن لە چاندنی تۆو ی ھۆشیاری لەنێو ناخی تاکەکان، پێویستە لە پەروەردەوە دەست بە شۆڕشێکی ھۆشیاری بکرێت، نەک پیاو بکرێتە دژی ئافرەت و ببوێوێندرێ بەرامبەر بە بە ئافرەت و پێویستیش ناکات بەوەی کە ئافرەت ئاوا ببێزێندرێت، زەق کردنەوەی ئەم بابەتانە پێم وانییە کار بکاتە سەر کەمکردنەوەی توندووتیژی، بەڵکە پێویستە ھەوڵ بدرێت ناخەکان بگۆڕدرێن وا لە تاک بکرێت، رێزی یەکتری بگرن و وەک مرۆڤ رەفتار لەگەڵ یەکتری بکەن و ھەموو کەس یەکتری خۆش بوێت، پێویستە لە پەروەردەوە دەست بخەنە ناو ناخی تاک و کەناڵەکانی راگەیاندن زیاتر بەرنامەی ھۆشیارییان ھەبێت، نەک بەرنامەی رووخێنەری ناخ، پێویستە رێکخراوەکانی ئافرەتان، لە بڕی ئەوەی ببنە ئامێری ماستاو ساردکردنەوە بۆ حزب و دیوەخانی حزب و قسەی زل، پێویستە، وا بکەن ئافرەتی کورد ھۆشیار بکرێتەوەو لەو قەیرانە ھزرییەی تێی کەوتوون رزگار بکرێن، ئاخر لەم وڵاتە ئەوەی گرنگی پێ نەدرێت، تەنھا ناخە، ھەمووی بەدوای ئەوە وەیە بە فڕێدانی دوو وشەی زل، پارەیەکیان گیر بکەوێت. بەڵام پێم وایە تا ناخەکان نەگۆڕرێن، ئەم مەسەلانە ئاوا بە ئاسانی چارە نابن”.